چاره‌سه‌ری دێموکڕاتی بۆ مه‌سه‌له‌ی کورد. مسته‌فا شڵماشی
کێشه‌ی کورد له‌ڕاستیدا کێشه‌ی گه‌وره‌ترین نه‌ته‌وه‌ی ژێرده‌سته‌ی ئه‌م سه‌رده‌مه‌یه. چاره‌سه‌ر کردنی ئه‌م گرفته‌ش ئاڵۆزترین مه‌سه‌له‌ی رۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاسته. به باوه‌ری من ته‌نانه‌ت له مه‌سه‌له‌ی فه‌له‌ستینیش ئاڵۆزتره. چونکه له فه‌له‌ستین کێشه له‌سه‌ر به ڕه‌سمی ناسینی ناسنامه‌ی نه‌ته‌وه‌یی نییه. ئیسراییل بوونی فه‌له‌ستنیه‌کان به ڕه‌سمی داناسێ و ئاماده‌یه قسه له‌سه‌ر دامه‌زرانی ده‌وڵه‌تی سه‌ربه‌خۆی فه‌له‌ستین بکا. هه‌ر چه‌ند ساڵه‌هایه خاکه‌که‌ی داگیر کردوه.
له کوردستان به پێچه‌وانه‌وه، ده‌وڵه‌ته داگیرکه‌ره‌کان هه‌ول ده‌ده‌ن ناسنامه‌ی نه‌ته‌وه‌یی کورد بشێوێنن. له هه‌ر وڵاته‌ی به جۆرێک له‌سه‌ر کورد بیرده‌که‌نه‌وه و هه‌وڵ ده‌ده‌ن مه‌سه‌له‌که به گوێره ی قازانجه کانی خۆیان هه‌ڵسه‌نگێنن. له تورکییه تازه پاش ساڵه‌ها نکولی [ ئینکار ] کردنی بوونی کورد و به‌کار هێنانی پێناسه‌ی تورکی شاخی؛ له ژێر فشاری نێونه‌ته‌وه‌یی دا ئیقرار ده‌که‌ن کورد خاوه‌نی کولتورێکی جیاوازه و ڕێگا ده‌ده‌ن جێژنی نه‌ورۆز بگێرێ و هێندێک چالاکی زمانه‌وانی بکرێ. له ئێران هه‌رچه‌ند ناوی کورد ده‌هێنرێ؛ به‌ڵام به درێژایی میژووی ئه‌و وڵاته هه‌وڵ درواه کورد وه‌ک هۆزێک له نه‌ته‌وه‌ی فارس بناسێنرێ. فارسه‌کان هه‌وڵ ده‌ده‌ن به به‌کارهێنانی زاراوه‌ی نه‌ته‌وه‌ی ئێران! بوونی هه‌موو نه‌ته‌وه جیاوازه‌کانی ئێران نکولی [ ئینکار ] لی بکه‌ن.
به‌تایبه‌تی له به‌رمبه‌ر کورد دا ده‌وڵه‌ته‌یه‌ک له دوای یه‌که‌کانی ئێران هه‌میشه سیاسه‌تێکی دووڕوانه‌ی زۆر خائینانه و مه‌ترسییان به‌رێوه بردووه. له کاتێک دا که داوای بچوکترین مافی گه‌لی کورد له رۆژهه‌ڵاتی کوردستانیان به ئاگر و ئاسن وه‌ڵام داوه ته‌وه. هه‌وڵیان داوه خۆیان له جووڵانه‌وه‌ی کورد له پارچه‌کانی دیکه‌ی کوردستان نیزیک بکه‌نه‌وه و خۆیان وه‌ک دڵسۆزی ئه‌وان نیشان بده‌ن.
له عێراق کورد به شێوه‌یه‌کی جیاواز له گه‌ڵ عه‌ره‌ب که‌وتووه. هه‌ر له دامه‌زارنی ده‌وڵه‌تی عێراقه وه کورد له‌و وڵاته دا ناسراوه. هه‌ر بۆیه هه‌میشه توانیویه‌تی زمان و کلتوری خۆی به‌کار بێنێ. شۆوێنیزمی عه‌ره‌ب زۆرتر کاری ئه‌وه بووه که نه‌هێڵێ کورد له عێراق هه‌نگاوی گه‌وره‌تر باوێ و داوای مافی نه‌ته‌وه‌یی خۆی بکا. شۆوینیزمی عه‌ره‌ب به درێژایی ته‌مه‌نی ده‌وڵه‌تی عێراق ترسی له راپه‌رینی گه‌لی کورد له‌و وڵاته دا هه‌بووه و به دڕندانه‌ترین شێوه به‌گژ گه‌لی کورد دا چووته‌وه و له‌به‌ر ئه‌وه‌ی که ڕێگای چالاکی فه‌رهه‌نگی کوردی پێ نه‌گیراوه، هه‌وڵی له نێو بردنی فیزیکی کوردی داوه. چۆڵکردنی گو‌نده‌کان، شیمیابارانی و ئه‌نفاڵ وێنه‌ی به‌رچاوی ئه‌و سیاسه‌ته دڕندانه‌یه‌ی ده‌وڵه‌تی عێڕاقن.
له سوورییه‌ش لاسایی ده‌وڵه‌تی تورک کراوه‌ته‌وه و هه‌ر به گشتیی بوونی کورد له‌و وڵاته دا نکولی [ ئینکار ] لێ کراوه. شؤوێنیستانی عه‌ره‌ب له سوورییه له‌وه‌ش زۆرتر ڕۆێشتوون و ته‌نانه‌ت مافی هاووڵاتی بۆونیشیان له به‌شێکی زۆر له کورده‌کان وه‌رگرتووته‌وه.
به‌گشتی هه‌ر چه‌ند له دنیا دا کێشه‌ی کورد وه‌کو دووهه‌م کێشه‌ی ڕؤژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست ناسراوه، به‌ڵام له لایه‌ن ئه‌و وڵاتانه‌وه که کوردستانیان به‌سه‌ردا دابه‌ش کراوه نکولی [ ئینکار ] لێ کراوه و به‌شێوه‌یه‌کی دڕندانه به‌ربه‌ره‌کانی له گه‌ڵ کراوه. هه‌ڵوێستی دڕندانه‌ی شۆوێنیزمی فارس و تورک و عه‌ره‌ب ئه‌وه ده‌رده‌خا که چاره‌سه‌ری مه‌سه‌له‌ی کورد ته‌نیا له دامه‌زرانی سیستمی دێموکڕاسی له رۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕست دا ئیمکانی هه‌یه. ئه‌وه‌ش نه‌ک دێموکڕاسییه‌کی ڕواڵه‌تی که له‌سه‌ر بناغه‌ی زۆرینه‌ی نه‌ته‌وه‌ی فه‌رمانڕه‌وا دامه‌زرابێ، به‌ڵکوو دێموکڕاسییه‌کی ڕاسته‌قینه که یه‌کسانی دابین بکا بۆ هه‌موو نه‌ته‌وه و پێکهاته‌کانی ناو ئه‌و وڵاتانه. رۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست چ له باری ستراتێژی نیزامی و چ له‌باری ئابووری و سیاسییه‌وه گرنگترین ناوچه‌ی جیهانه. دابین کردنی ئاسایش له‌و ناوچه‌یه دا بۆ وڵاته زلهێز و پێشه‌سازیه‌کان گرنگی ستراتێژی هه‌یه. تا سیستمی دێموکڕاسی دانه‌مه‌زرێ و مافی نه‌ته‌وایه‌تی گه‌لانی ژێرده‌ست، به تایبه‌تی گه‌لی کورد و گه‌لی فه‌له‌ستین دابین نه‌کرێ، ئه‌و ناوچه‌یه ڕووی ئاسایش به‌خۆیه‌وه نابینێ.
ئه‌گه‌ر به‌باشی سه‌رنج بده‌ینه ئه‌و ستراتیژیه تازه‌یه‌ی که ئه‌مریکا و هاوپمانه‌کانی بۆ رۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست گرتوویانه‌ته پێش، بۆمان ده‌رده‌که‌وێ که ئه‌وان سیاسه‌تی لایه‌نگریی سست یان له‌به‌رامبه‌ر مه‌سه‌له‌ی کورد دا گرتووه‌ته به‌ر. واته؛ نایان هه‌وێ مه‌سه‌له‌که بهاروژێنن، به‌ڵام ئه‌گه‌ر کێشه‌یه‌کی زۆر گه‌وره‌یان بۆ پێک نه‌هێنێ و له‌چوارچێوه‌ی خه‌باتی دێموکڕاتیک دا ئیمکانی چاره‌سه‌ر کردنی هه‌بێ، ئه‌وان پشتیوانی لێ ده‌که‌ن. بۆیه هه‌ر چه‌ند مه‌سه‌له‌ی چاره‌سه‌ر کردنی دۆزی کورد به شێوه‌ی بناغه‌یی له به‌رنامه‌ی کاری ڕؤژانه‌ی ئه‌وان دا نییه، به‌ڵام له چوارچێوه‌ی پڕۆسه‌ی دێموکڕاسی دا گرنگی پێ ده‌ده‌ن.
له ناوچه‌ی ڕۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاستیش دا کورد له گه‌ڵ زۆر هێزی دژ به چاره‌سه‌ری به‌ره‌و ڕوویه.ئه‌و ده‌وڵه‌تانه‌ی که کوردستانیان به‌سه‌ر دا دابه‌ش کراوه نه‌ک ته‌نیا نایان هه‌وێ مافی ڕه‌وای کورده‌کانی ژیر ده‌سه‌ڵاتی خۆیان به‌ڕه‌سمی بناسن، به‌ڵکوو دژی چاره‌سه‌ر کردنی مه‌سه‌له‌ی کورد له وڵاته‌کانی تریش ڕاده‌وه‌ستن. له هه‌ر چوارپارچه‌ی کوردستان هه‌ستی نه‌ته‌وایه‌تی به‌هێز و جووڵانه‌وه‌ی رزگاریخوازی درێژه‌ی هه‌یه. به‌ڵام له‌باری پێشکه‌وتنی کۆمه‌ڵایه‌تی و زانستییه‌وه، هێندێک جیاوازی که‌وتووه‌ته نێوان پارچه‌کانی کوردستان. هه‌ر بۆیه‌ش هه‌ڵس و که‌وتی جیاواز له باری فه‌رهه‌نگی و کۆمه‌ڵاتیه‌وه به‌دی ده‌کرێ.
چاره‌سه‌ری گشتی :
چاره‌سه‌ری گشتی و یه‌کجاره‌کی بۆ مه‌سه‌له‌ی کورد ئه‌وه‌یه که ڕێگای پێ بدرێ بۆخۆی چاره نووسی خۆی دیاری بکا. مافی دیاریکردنی چاره نووس، مافی ڕه‌وای هه‌ر گه‌لێکه. کوردیش به‌بێ ئه‌ملاو ئه‌ولا ئه‌و مافه‌ی هه‌یه. که وابوو کورده‌کان ده‌توانن هه‌ر له چوارچێوه‌ی داوا کردنی ئه‌و مافه له ده‌وری یه‌کتر کۆبنه‌وه. به‌ڵام ده‌بێ ئه‌وه‌مان له‌به‌ر چاو بێ که هه‌لومه‌رج له هه‌ر پارچه‌یه‌ی کوردستان جیاوازه و ڕێگای وه‌ده‌ست هێنانی مافی دیاریکردنی چاره‌نووس به قوناغی جیاواز دا تێ ده‌په‌ڕێ.
ئه‌وه‌ی که مافی دیارکردنی چاره‌نووس ده‌بێ ببێته دروشمی هه‌ر کوردیک هێچ شکی تیدا نییه، به‌ڵام قۆناغه‌کانی تێپه‌ر بوون به‌ره‌و ئه‌و مافه و شێوه‌ی وه‌ده‌ست هێنانی ده‌کرێ له‌هه‌ر پارچه‌ی کوردستان دا جیاواز بێ. ئه‌وه‌ی گومانی تێدا نییه ئه‌وه‌یه که پێویسته بیر و ڕای گه‌لی کورد ڕێزی لێ بگێڕێ و پڕس کردن به کۆمه‌ڵانی خه‌ڵکی کوردستان بخرێته ناو به‌رنامه‌ی کاری ڕۆژانه‌ی هێز و پارته سیاسیه‌کانی کوردستانه‌وه. که وابوو به‌کار هێنانی ئامڕازی ڕیفراندۆم ده‌کرێ ببێته یه‌کێک له خاڵه‌کانی کاری هاوبه‌ش له نێوان هه‌موو پارت و ڕێکخراوه سیاسییه‌کانی کوردستان دا.
ڕه‌نگه له‌سه‌ر پێویستی به‌کارهێنانی ده‌نگی کۆمه‌ڵانی خه‌ڵکی کوردستان هه‌موو ڕێکخراوه کوردستانییه‌کانیش یه‌ک بن، به‌ڵام له‌سه‌رکاتی به‌کار هێنانی ئه‌و مافه بێگومان جیاوازی بیر‌و بۆچوونیان هه‌یه.
جێگای خۆیه‌تی که هه‌وڵ بدرێ له‌سه‌ر قۆناغه‌کانی به‌ده‌ست هێنانی مافی سه‌ره‌کی گه‌لی کورد ڕێککه‌وتن به‌ده‌ست بهێنرێ. باس کردن له مه‌سه‌له‌ی مافی سه‌ربه‌خۆیی نابێ هه‌تا هه‌تایه ببێته تابۆ. ئه‌و ترسه له لایه‌ن شۆوینیزمی نه‌ته‌وه‌ی فه‌رمانڕه‌واوه خراوه‌ته نێو دڵ و ده‌رونی خه‌باتگێڕانی کورده‌وه. بۆیه جێگای خۆیه‌تی زۆر به‌ڕاشکاوی باس بکرێ که کوردیش وه‌کو هه‌موو گه‌لانی دیکه‌ی دنیا مافی ئه‌وه‌ی هه‌یه که سه‌ربه‌خۆ بێ. هه‌ر چه‌ند کورد له هه‌ڵ و مه‌رجی ئێستا دا دروشمی سه‌ربه‌خۆیی هه‌ڵنه‌گرتووه، به‌ڵکوو ئێستا زۆربه‌ی پارت و ڕێکخراوه سیاسییه‌کان له‌سه‌رانسه‌ی کوردستان دا فیدرالیزم وه‌ک جاره‌سه‌ری گونجاو بۆ ئه‌و سه‌رده‌مه ده‌بینن.
هه‌ر چه‌ند فیدرالیزم بۆ سه‌رده‌می ئێستا وه‌ک چاره‌سه‌رێکی گونجاو ده‌بینرێ، به‌ڵام حه‌ق وایه بۆ چاره‌سه‌ری یه‌کجاره‌کی مه‌سه‌له‌ی کورد له هه‌ر چوارپارچه‌ی کوردستان په‌نا ببرێ بۆ ویستی کۆمه‌ڵانی خه‌ڵکی کوردستان و ڕیفراندۆم بکرێ.
قۆناغی پڕۆسه‌ی چاره‌سه‌ری له هه‌ر پارچه‌ی کوردستان جیاوازه .
باکوری کوردستان:
له باکووری کوردستان ڕێژیمی تورک پاش ساڵه‌ها نکولی [ ئینکار ] کردن، سه‌رئه‌نجام پێکی ژه‌هری نۆشی و بوونی کوردی له تورکیه به‌ڕه‌سمی ناسی. ته‌نانه‌ت تاڕاده‌یه‌ک به‌کارهێنانی زمانی کوردی و گرتنی جێژنی نه‌ورۆزیشی قه‌بووڵ کردوه، دان پێدانان [ئیقرار ] ی ده‌وڵه‌تی تورک به بوونی کورد، له‌داهاتوو دا ڕێگا خۆش ده‌کا بۆ به‌کارهێنانی مافی ڕفیراندۆم له تورکیه دا، چونکه شک له‌وه دانییه که ئه‌گه‌ر هێندێک ئاڵ و گۆڕ به‌سه‌ر سیاسه‌تی ده‌وڵه‌تی تورک دا بێ له به‌رامبه‌ر مه‌سه‌له‌ی دێموکڕاسی، مه‌سه‌له‌ی مافی مرۆڤ و مه‌سه‌له‌ی کورد دا، ئه‌وا ڕێگا خۆش ده‌بێ که تورکیه بێته نێو یه‌کیه‌تی ئه‌وروپا. به‌هاتنی تورکیه بۆ ناو یه‌کیه‌تی ئه‌وروپا مه‌سه‌له‌ی کورد له تورکیه پێ ده‌نیته نێو قۆناغێکی تازه‌وه.
ئێتر هه‌ڵوێستی که‌ماڵیزم و شۆوێنیزمی تورک نییه که په‌ێوه‌ندیه‌کانی نێوان کورد و تورک له تورکیه دا دیاری ده‌کا. به‌ڵکوو قانوونه‌کانی یه‌کیه‌تی ئه‌وروپا ده‌بن که ئه‌و په‌ێوه‌ندیانه ڕێک ده‌خه‌ن. من به‌ش به‌حاڵی خۆم به چوونی تورکیه بۆ نێو یه‌کیه‌تی ئه‌وروپا خۆش بینم. ده‌وڵه‌تی تورک هیچ ڕێگا چاره‌یه‌کی تری نییه، یان ده‌بێ شه‌رته‌کانی یه‌کیه‌تی ئه‌وروپا قه‌بووڵ بکا و بێته نێو ئه‌و یه‌کیه‌تیه، یان ده‌بێ چاره‌نووسی خۆی ببه‌ستیته‌وه به ده‌وڵه‌ته کۆنه‌په‌رسته‌کانی ناوچه‌وه. وه‌ک کۆماری ئیسلامی و ده‌وڵه‌تی سوورییه. که ئه‌وه‌ش به‌واتای له نیو بردنی هه‌موو ئه‌و ده‌سکه‌وتانه‌یه که ده‌وڵه‌تی تورک به گرتنه به‌ری ڕێبازی عیلمانی تاکوو ئێستا به‌ده‌ستی هێناوه. بۆیه من به‌ش به‌حاڵی خۆم به داهاتووی کورد له تورکیه دا خۆش بینم.
ئه‌مه به‌و ئه‌نجامه‌مان ده‌گه‌یه‌نێ که کورد له تورکیه پێویسته زۆر کار بکا له‌سه‌ر په‌ێوه‌ندیه‌کانی نێوان تورکیه و ئه‌وروپا . ئه‌وه‌ی زۆر جێگای سه‌رنجه ئه‌وه‌یه که هێزه کوردیه‌کان بۆ دژایه‌تی له گه‌ڵ شۆوێنیزمی تورک، نابی بکه‌ونه داوی ئه‌وه‌ی که دژایه‌تی له گه‌ڵ هاوپه‌یمانه سیاسی و نیزامیه‌کانی تورکیه بکه‌ن، به‌ڵکوو پێویسته لێیان نیزیک بنه‌وه و مه‌سه‌له‌کانی خۆیانیان تێ بگه‌یه‌نن.
یه‌کێکی تر له خاڵه گرنکه‌کانی ڕێگای تێکۆشانی کورده‌کان له باکووری کوردستان پێکهێنانی به‌ره‌یه‌کی کوردستانیه له نێوان پارت و ڕێکخراوه جۆر به‌جۆره‌کانی باکووری کوردستان دا. پێویسته ڕێکخراوه سیاسیه‌کان له‌و به‌شه له کوردستان دا یه‌کتر به ره‌سمی بناسن و ددان به گرنگی و پایه‌گای یه‌کتر دا بنێن.
مه‌سه‌له‌یه‌کی دیکه‌ی جێگای سه‌رنج له باکووری کوردستان ئه‌وه‌یه که هێزه کوردیه‌کان وا بیرنه‌که‌نه‌وه که دۆستی دژبه‌رمان، دژبه‌ره. زۆر وڵات له دنیا دا قازنجی ئابووری، سیاسی و نیزامیان له گه‌ڵ تورکیه هه‌یه. به‌ڵام مه‌رج نییه هه‌موویان له گه‌ڵ ده‌وڵه‌تی تورک یه‌ک هه‌ڵوێست بن.
ته‌نیا ده‌وڵه‌تانی داگیرکه‌ری کوردستان له دژی کورد یه‌کگرتوون. به‌ڵام له وڵاتانی ئه‌وروپا یی و ئه‌مریکا ده‌کرێ وه‌ک ئامرازی فشار له دژی کرده‌وه دژی مرۆڤییه‌کانی ده‌وڵه‌تی تورک که‌ڵک وه‌رگیرێ. به تایبه‌ت که ئه‌وانه زۆر باس له لایه‌نگری له مافی مرۆڤ ده‌که‌ن.
به گشتی له باکووری کوردستان ئیمکانی کاری دیپڵۆماسی و جووڵانه‌وه‌ی مه‌ده‌نی زۆره و کوردیش به خۆشیه‌وه خه‌ریکه فێر بێ له چۆن که‌ڵی لێ وه‌رگرێ. به‌ڵام نابێ به هێچ شێوه‌یه‌ک بیر له‌وه بکرێته‌وه که ئێتر له‌و به‌شه له کوردستان پێوێستیمان به پێشمه‌رگه نه‌ماوه. به‌ڵکوو ته‌نیا به‌و ئه‌نجامه گه‌یشتووین که ده‌بێ له هه‌موو شێوه‌کانی خه‌بات که‌ڵک وه‌رگیرێ.
ته‌نانه‌ت له کاتێک دا که مافه‌کانمان ده‌سته به‌ریش بووبن. پێویستمان به پێشمه‌رگه هه‌یه بۆ پاراستنیان.
ڕۆژهه‌ڵاتی کوردستان:
چاره سه‌رکردنی مه‌سه‌له‌ی کورد له ئێران به هۆی دوو ڕاستییه‌وه زۆر دژواره و ته‌نانه‌ت له چاره‌سه‌ری کێشه‌که له پارچه‌کانی تری کوردستانیش دژوارتره.
یه‌که‌م ترسی شؤووێنیسته‌کانی نه‌ته‌وه‌ی فه‌رمانڕه‌وا :
له‌چوارچێوه‌ی ئه‌و سنووره سیاسیه دا که پێی ده‌وترێ ئێران شه‌ش نه‌ته‌وه‌ی گه‌وره و چه‌ندین که‌مه نه‌ته‌وه، دین و مه‌زهه‌بی جیاواز ده‌ژین. ئه‌م ڕاستییه تا کوو ئێستا له لایه‌ن نه‌ته‌وه‌ی فه‌رمانره‌واوه نه‌ک ته‌نیا قبووڵ نه‌کراوه، به‌ڵکوو هه‌وڵیش دراوه بشاردرێته‌وه و که‌م ڕه‌نگ بکرێ.
حکوومه‌ته یه‌ک له دوای یه‌که‌کانی ئێران که تاکوو ئێستاشی له گه‌ڵ بێ هه‌میشه نوێنه‌ری شۆونێزمی فارس بوون، هه‌وڵیان داوه ئه‌م ڕاستی یه له ژێر په‌رده‌ی [ نه‌ته‌وه‌ی گه‌وره‌ی ئێران ] دا، که له ڕاستی دا بوونی نییه بشارنه‌وه. ئه‌م بۆچوونه شۆوێنیستانه یه به‌درێژایی سه‌دان ساڵ کاری بۆ کراوه و هه‌وڵ دراوه ببێته فه‌رهه‌نگ. به‌داخێکی گرانه‌وه له نێو نه‌ته‌وه‌ی فارسیش دا ئه‌م فه‌رهه‌نگه تا ڕاده‌یه‌کی ترسێنه‌ر رێشه‌ی داکووتاوه. ئێزۆله کردنی ئێران له باری فه‌رهه‌نگیه‌وه، کارێکی ئه‌وتۆی کردووه که له تاقیکردنه‌وه‌ی وڵاتانی فره نه‌ته‌وه‌ی دیکه‌ی دنیا که‌ڵک وه‌ر نه‌گیرێ و ته‌نانه‌ت له لایه‌ن تاکی نه‌ته‌وه‌ی فه‌رمانڕه‌واشه‌وه وه‌ک مه‌ترسییه‌ک بۆ سه‌ر قازانجه‌کانی نه‌ته‌وه‌ی خۆی چاوی لێ بکرێ.
بۆیه تا ئێستاش هه‌ر باسێک له سه‌رچاره سه‌رکردنی مه‌سه‌له‌ی نه‌ته‌وایه‌تی گه‌لانی ژێرده‌سته‌ی ئێران بکرێ، فه‌وره‌ن به پارچه کردنی ئێران له قه‌ڵه‌م ده‌درێ و ته‌نانه‌ت له لایه‌ن رۆناکبیره‌کانی فارسیشه‌وه به خه‌تی سوور داده‌نرێ و به توندی ڕه‌ت ده‌کرێته‌وه. ئه‌گه‌ر سه‌رنج بدرێته بۆچوونی ئه‌و ڕوناکبیره فارسا‌نه‌ی که ساڵه‌هایه له ئه و‌روپا و ئه‌مریکاش ده‌ژین و له باری زانستی و حقووقیشه‌وه [ مافی دیاریکردنی چاره نووس ]یان قه‌بووڵه. که ده‌گاته سه‌ر نه‌ته‌وه‌کانی ئێران دژڕاده‌وه‌ستن. بێ ئه‌وه‌ی ئه‌و حه‌قه بۆ گه‌لانی ئێران قایل بن که بۆ خۆیان ده‌بێ بڕیار له‌سه‌ر چاره نووسی خۆیان بده‌ن و بێ ئه‌وه‌ی ئه‌و ڕاستیه له‌به‌ر چاو بگرن که یه‌کپارچه‌یی ئێران پێویسته به شێوه‌ی داوته‌ڵه‌بانه بپارێزرێ نه‌ک به زۆر.
دووهه‌م دوو ڕوویی شۆوێنیسته‌کانی نه‌ته‌وه ی فه‌رمانڕه وا:
سیاسه‌تی ڕێژیمه‌کانی ئێران هه‌میشه سیاسه‌تێکی دوو ڕوویانه‌ی پشت به‌ستوو به فێڵ و ته‌ڵه‌که بووه. ئه‌و سیاسه‌ته تا کوو ئێستا هێزی مانۆڕدانی زۆر بووه و توانیویه‌تی له هه‌موو ڕادده‌کان دا ده‌سکه‌وت بۆ دارێژه‌رانی به‌ده‌ست بێنێ. تا ئێستا حکوومه‌ته یه‌ک له دوای یه‌که‌کانی ئێران توانیوایانه هه‌م له راده‌ی نێوخۆ دا، هه‌م له ڕاده‌ی ناوچه دا و هه‌م له ڕاده‌ی نێو نه‌ته‌وه‌یی دا سیاسه‌تی فریو به کار بێنن و زۆر به باشیش نه‌خشی فریو ده‌رانه‌یان یاری بکه‌ن. ئه‌وان به‌ڕاستی له‌و کاره دا سه‌رکه‌وتوون و ته‌نانه‌ت توانیویانه ئه‌و هێزانه‌ش که باشیان ده‌ناسن چه‌ندین جار فریو ده‌ن.
ده‌وڵه‌تی ئێران زۆر باش ده‌زانی که بێڕه‌حمانه له پشته‌وه ڕا به توندترین شێوه هێرش بکا، بکوژێ و دوایه‌ش له گه‌ڵ که‌س و کاری قوربانییه‌کان له شێنگه دانیشێ و فرمێسک هه‌ڵوه‌رێنێ.
ئه‌و دوو هۆیه‌ی سه‌ره‌وه کارێکی ئه‌وتۆیان کرددوه که خه‌بات بۆ وه‌ده‌ست هێنانی مافه‌کانی گه‌لی کورد له رۆژهه‌ڵاتی کوردستان زۆر له‌وه دژوارتر بێ که به زاهیر دیاری ده‌کا.
به‌له‌به‌ر چاو گرتنی ئه‌و دوو نوخته‌ی باسکران و به پێی ئه‌و تاقیکردنه‌وانه‌ی که له‌به‌ر ده‌ست دان، پێویسته له پێش هه‌موو شتێک دا باری ته‌بلیغاتی جووڵانه‌وه‌ی ڕزگاریخوازی گه‌لی کورد له رۆژهه‌ڵاتی کوردستان به‌هێز بکرێ. پێویسته دوو ڕوویی کاربه‌ده‌ستانی ئێران بۆ هه‌موو لایه‌ک ڕوون بکرێته‌وه. له ڕادده‌ی نێونه‌ته‌وه‌یی دا کادری به‌ئه‌زمون، زمان زان و دیپڵۆمات وه‌کار بخرێن. چیدی له‌سه‌ر بناغه‌ی دۆست بازی و نان به‌یه‌کتر به قه‌رزدان و وه‌ک ئیمتیازێک پۆستی کاری دیپڵۆماسی نه‌درێ به که‌س.
کاتی ئه‌وه هاتووه که له هه‌ر پاشه‌کشه‌یه‌کی کۆماری ئیسلامی که‌ڵکی ته‌واو وه‌رگیرێ و خه‌باتی نێوخۆی کوردستان تین و ته‌وژمی زۆرتری پێ بدرێ و به شێوه‌یه‌کی به‌رده‌وام ڕێک بخرێ، به دنیا ڕابگه‌یه‌نرێ و پشتیوانی لێ بکرێ. خه‌باتی مه‌ده‌نی و دێموکڕاتیک وه‌ڕێ بخرێ و دروشمی قۆناغیی بۆ پله به پله پاشه‌کشه کردن به دوژمن داڕێژرێن و له ناو کۆمه‌ڵانی به‌رینی خه‌ڵک دا بڵاو بکرێته‌وه. تا خه‌ڵک قۆناغ به قۆناغ مافه‌ره‌واکانی خۆیان بێننه گۆڕێ و به ده‌ستیان بێنن. با چیدی خۆپێشاندانه‌کان بێ دروشمی قۆناغی خۆیان نه‌بن.
هه‌روه‌ها له بچوکترین ئیمکانی ئازادی پێویسته که‌ڵکی فه‌وری وه‌رگیرێ و کۆمه‌ڵانی خه‌ڵک له‌وه ئاگادار بکرێته‌وه که گه‌وره‌ترین هێزی چاره نووس ساز هه‌ر بۆ خۆیانن و هێزه ده‌ره‌کیه‌کان ته‌نیا ده‌توانن یارمه‌تیده‌رێک بن.
حیزب و ڕێکخراوه سیاسیه‌کان و که‌سایه‌تیه‌کانی سیاسی، هونه‌ری و فه‌رهه‌نگی ده‌ره‌وه‌ی وڵاتیش پێویسته ده‌نگی هاواری حه‌قخوازانه‌ی کۆمه‌ڵانی خه‌ڵک له ناوخۆی کوردستان بن و به شێوه‌یه‌کی چالاک بێنه مه‌یدان. بۆ ئه‌وه‌ی ئه‌و ئه‌رکه مێژووییه به باشی بتوانن به‌رێوه به‌رن، ده‌بێ نوێنه‌رایه‌تیه‌کی هاوبه‌ش له ده‌ره‌وه‌ی وڵات پێک بهێنرێ.
خه‌بات له رۆژهه‌ڵاتی کوردستان پێویستی به ته‌کانێکی هه‌موو لایه‌نه و به گشتی ویستی چاره‌سه‌ری هه‌یه. ده‌بێ مافخوازی بچێته سه‌رشه‌قامه‌کان و نێو ڕێکخراوه مه‌ده‌نیه‌کان. بۆ گه‌یشتن به ئامانجه نه‌ته‌وه‌ییه‌کانمان و پته‌و کردنی ڕیزه‌کانمان به کارهێنانی هه‌موو تواناکان پێویسته. ده‌بی کارێکی وا بکرێ که کۆمه‌ڵانی خه‌ڵک بتوانن به‌سه‌پاندنی ڕیفراندۆمێکی کوردستانی مافه‌ڕه‌واکانیان به‌ده‌ست بێنن.
به‌بێ یه‌کخستن و به کارهێنانی هه‌موو تواناکان، چاره‌سه‌ری مه‌سه‌له‌ی گه‌لی کورد له رۆژهه‌ڵاتی کوردستان زۆر دژواره، چونکه هاوکێشه‌ی هێز له ئێران دا به هیچ شێوه‌یه‌ک به قازانجی گه‌لی کورد نییه.
دوو مه‌سه‌له‌ی تریش زۆر یارمه‌تی به چاره‌سه‌ری مه‌سه‌له‌ی کورد ده‌که‌ن. یه‌که‌م چالاک بوونی نه‌ته‌وه به‌شخوراوه‌کانی دیکه‌ی ئێران و دووهه‌م خه‌باتی دێموکڕتیخوازانه‌ی سه‌راسه‌ریی له ئێران دا. به‌ڵام پێویسته هه‌وڵ بدا په‌ێوه‌ندی هاو خه‌باتی له گه‌ڵ ئه‌و دوو جووڵانه‌وه‌یه هه‌بی نه‌ک ببێته پرده‌بازی ئه‌و دوو جووڵانه‌وه‌یه.
باشووری کوردستان:
به‌خۆشیه‌وه له باشووری کوردستان هه‌ل و مه‌رجه‌که زۆر گۆڕاوه و گه‌لی کورد به به‌شێک له ئاواته‌کانی خۆی گه‌یوه. به‌و حاڵه‌ش ئه‌گه‌ر کورد وشیارنه بێ و هه‌موو هێزه‌کانی خۆی به کار نه‌هێنێ، ئێستاش خه‌ته‌ری ئه‌وه هه‌یه که له‌سه‌ر مێزی وتووێژ بیدۆرێنی.
سه‌رکه‌وتنی یه‌کجاره‌کی کورد له‌و به‌شه‌ی کوردستان به‌ستراوه‌ته‌وه به سه‌رکه‌وتنی کورد له جێگیر کردنی فیدراڵی و دیاری کردنی سنووری جوغرافیایی کوردستان، له قانوونی بناغه‌یی عێڕاق دا. ئه‌و ئامانجه‌ش نایه‌نه‌دێ مه‌گه‌ر به یه‌کگرتنی پته‌وی هه‌موو هێزه کوردییه‌کان و پێ داگرتنی ڕێبه‌رایه‌تی کورد له‌سه‌ر هه‌رچی زووتر هێنانه‌وه‌ی که‌رکوک و شاره‌کانی دیکه‌ی دابڕاو له کوردستان بۆ سه‌ر هه‌ریمی کوردستان. ئه‌گه‌ر کورد له‌م وه‌خته هه‌ستیاره دا سازشی زیادیی بکا و و ڕازی بێ به به‌هانه‌ی پرۆسه‌ی دێموکڕاسی و مه‌سه‌له‌ی تیرۆر ئه‌م مه‌سه‌له گرینگانه دوا بخرێن ئه‌وا ده‌بێ بڵێین دیسانه‌وه ده‌دۆڕینێن.
له پێناو وه‌ده‌ست هێنانی هه‌موو مافه ره‌واکانی گه‌له‌که‌مان له‌و به‌شه له کوردستان دا پێویسته هه‌رچی زووتر پارڵه‌مان و حکوومه‌تی کوردستان پێ دا بگرن له‌سه‌ر جێ به جی کردنی مادده‌ی سه‌ت و چل له قانوونی بنه‌ڕه‌تی عێڕاق. وه‌دوا خستنی ئه‌و مادده‌یه ، گه‌وره‌ترین زه‌ڕبه له داهاتووی کورد ده‌دا و ده‌بێ به هێچ شێوه‌یه‌ک قه‌بووڵ نه‌کرێ.
پێداگرتن له‌سه‌ر دیاری کردنی جوغرافیای کوردستان و جێگیر بوونی فیدراڵی و سنووری کوردستان له قانوونی بنچینه‌یی دا پێویسته گرنگی یه که‌میان بدرێتێ و ته‌نانه‌ت به‌شی کورد له ده‌وڵه‌تی سه‌راسه‌ری عێڕاق دا فیدای ئه‌و بکرێ.
کورده‌کانی هه‌ر چوارپارچه‌ی کوردستانیش ده‌بێ گر نگی زۆر بده‌ن به پاراستنی ده‌سکه‌وته‌کانی کورد له باشووری کوردستان و به هه‌موو توانایه‌نه‌وه پشتیوانی لێ بکه‌ن.
باشووری بچووک له کوردستان:
مه‌سه‌له‌ی کورد له سوورییه تا ڕاده‌یه‌کی زۆر له ژێر شوێنکاری باکوور و باشووری کوردستان دایه. له لایه‌ن ده‌وڵه‌تی سوورییه‌شه‌وه هه‌وڵ دراوه که په‌رده‌ی به‌سه‌ر دابکێشرێ و وون بکرێ. جێگای داخه که تا ئێستا ته‌نانه‌ت له لایه‌ن هێزه کوردیه‌کانیشه‌وه زۆر وه‌پاش گوێ خراوه.
گه‌وره‌ترین پێداویستیی ئه‌وڕۆی باشووری بچووک یه‌کگرتنی هێزه کوردیه‌کانه. به‌داخه‌وه له‌و پارچه‌یه حیزبی زۆر هه‌ن که بوونه‌ته هۆی دابه‌ش بوونی هێزی کورد له‌و پارچه‌یه دا. به یه‌کگرتنی هێزه کوردیه‌کان ئیمکانی ئه‌وه پێک دێ که باسی ڕێگای چاره‌سه‌ریی بۆ مه‌سه‌له‌ی کورد له‌و به‌شه له کوردستان بکرێ.کاتی ئه‌وه هاتووه که باشووری بچووک مه‌سه‌له‌ی نه‌ته‌ویی خۆی بێنێته گۆڕێ و ته‌نیا به داوای مافی هاووڵاتی ڕازی نه‌بێ. دیاره ئه‌وه‌ش به کۆکردنه‌وه‌ی هێزه‌کان و هاتنه مه‌یدانی جه‌ماوه‌ری گه‌ل دێته دی.له ڕادده‌ی کوردستانی نیش دا پێویسته مه‌سه‌له‌ی باشووری ڕۆأئاوی کوردستان بهێنرێته نێو رۆژه وی سیاسی و به‌رگری لێ بکرێ
به‌رئه‌نجامی گشتی :
مه‌سه‌له‌ی کورد به قۆناغێکی زۆر مێژوویی گرنگ دا تێده‌په‌ڕێ. خه‌باتی گه‌لی کورد له هه‌ر چوار پارچه‌ی کوردستان پێویسته به پێی ئه‌م قۆناغه تازه‌یه ڕێک بخرێته‌وه. هێزه‌کانی گه‌لی کورد ده‌بێ یه‌کبگرن و خه‌باتی ڕێکخراوه‌یی خۆیان له گه‌ڵ خه‌باتی جه‌ماوه‌ری لێک گرێ ده‌ن.
له پرۆسه‌ی بڵاو بوونه‌وه‌ی دێموکراسی له ناوچه دا که‌ڵک وه‌رگرن و به شێوه‌یه‌کی دێموکڕاتیک که بریتییه له گه‌رانه‌وه بۆ ویستی زۆربه‌ی کۆمه‌ڵانی خه‌ڵک هه‌نگاو هه‌ڵینن. بۆیه باشترین شێوه بۆ وه‌ده‌ست هێنانی مافی ڕه‌وای گه‌له‌که‌مان. پێکهێنانی زه‌مینه‌ی هه‌موو پرسی یه له ژێر چاوه‌دێری ڕێکخراوی نێو نه‌ته‌وه‌یی دا. که له‌وێ دا ده‌کرێ دوو پرسیار ڕوو به ڕووی کۆمه‌ڵانی خه‌ڵک بکرێته‌وه، ئه‌و دوو پرسیاره‌ش بریتین له فیدراڵی و سه‌ربه‌خۆیی. با گه‌لی کوردیش وه‌کوو هه‌موو گه‌لانی دیکه‌ی دنیا به ئاوا ته له مێژینه‌کانی خۆی بگات.
تایپ و ئاماده کردنی : ره‌حمان نه‌قشی