سمکۆی شکاك هەر وەک شۆڕشگێر دەمێنێتەوە! محەممەد سولێمانی

سمکۆی شکاك بە داهێنەر و ڕێبەری بزووتنەوەیەکی مۆدێڕینی ناسیونالیستی سیاسی کورد لە ڕۆژهەلاتی کوردستان دادەنرێ و کەم سەرکردەی سیاسی هەن کە بە شێوەیەک لە شێوەکان هەڵەی مێژوویان لە رەوتی خەبات و تێکۆشانی سیاسیدا لەسەر تۆمارنەکرابێت. من دەڵێـم خۆزگە ئێمەش وەك کورد و ڕۆشنبیرانی زۆر سەربەستانە و دوور لە هۆگری تایبەتیمان لێکدانەوەی زانستیانەی هەل‌ومەرج و ژیان و خەباتی ڕێبەرانی بزووتنەوەی نیشتیمانی کوردستانمان لە هەر چوار بەشی کوردستان کردبا و دەست نیشانی کەموکورتیەکانمان بەگوێرەی ئیمکان کرابا  هەتا نەسلی نوێ ئەزموونی سیاسی و تێکۆشانیان  لێوەربگرن. بە هۆی هەژاری سەرچاوە مێژوویەکان و ئەو دیکۆمێنتانەی کە لەسەر جووڵانەی کورد نوسراوە ن، شەرت نیە هەموویان  دروست بن و کورد بە مڵکی خۆی بزانێت. من دەڵێـم ئەو روداوانەی بەسەر کورد داهاتوون و کەوتوونەتە سەر زاروبوون بە نێوئاخنی پەرتوکە مێژوویەکان، زۆر جاران شێواندنی پێوە دیار بووە و غەدری گەورە لە کورد و ڕێبەرانی کراوە بە هۆی دەزگای جاسووسی داگیرکەرانی کوردستان و ئەو زلهیزانەی جیهان کە بەرژەوەندیان لەگەل کورد و سەرکەوتنی خەباتیدانەبووە.

هەژاری سەرچاوە مێژوویەکان زۆر جار بەئاشکرا زیانی گەورەی بە  کورد و ئەزموونی سیاسی گەیاندوە و بووە بە هۆی لێک دوورخستنەوە و پەرتەوازی کورد لە هەر چوار بەشی کوردستاندا.

ئەوەی پەیوەندی بە ڕاپەڕینی سمکۆی شکاك لە کوردستاندا هەیە، تاڵانکردنی شاری مەهاباد بە یەکێک لە هەڵەکان دادەنرێت، بەڵام کوشتنی ڕێبەری ئاشوریەکان ناکرێت بخرێتە گردنی سمکۆ، چوونکی دوور نیە رووسەکان و هەتا کاربەدەستانی ئەوسای تاران دەستیان لەو پیلان گێڕیەدا هەبووبێت و بە هەڵە سمکۆ لە هەڵوێستی ئاشووریەکان تێگەیاندرابێت و پەرەیان بە بارگرژی دوولایەندا بێت و خۆشیان پیلانی کوشتنەکەیان ئەنجامدابێت. ڕاپەڕینی سمکۆی شکاك بەدژی حکوومەتی پاشایەتی و تێکۆشان بۆ ئەستاندنی مافی سیاسی کورد و ڕێکخستنی جوولانەوە و هێنانە ئارای فۆرمی نوێی خواستی سیاسی گەلی کورد و سەردانی شێخی نەمر لەسلیمانی نیشانەی هۆگری سمکۆ بووە بەمەبەستی چارەسەرکردنی کێشەی سیاسی کورد لە هەردوو بەشی کوردستاندا.

من بە چاوی ڕەخنەوە نووسینەکەی ڕێزدار فەرید ئەسەسارد لەسەر مێژووی سمکۆی شکاك هەڵدەسەنگێنم و پێم باشتر بوو بەڕیزیان کە کەسایەتیەکی دیاری سیاسی و ڕۆشنبیری کوردە هەموولایەنە سیاسی و سەردەمیەکانی ئەو سای لێکدابایەوە و لێکۆڵێنەوەی وەرتری لەو بارەوەکردبا. زۆر ڕاست نیە چارەسەری هەڵەیەک بە هەڵەیەکی گەورەتر بکرێت و خۆمان ببین بە هۆکاری شێواندنی ڕاستی و دروستی روداوە مێژوویەکان. هەر بۆیە دەبێت لێکۆڵینەوەی شیاتر لەو بارەوە ئەنجام بدرێ و  سمکۆش وەک ڕێبەری جووڵانەوەی کورد بەرێز و شکۆوە  خەباتەکەی بنەرخێندریت.

محمد سلێمانی

03.11.2013