له‌ شۆڕشی ئه‌مه‌ر حه‌مه‌‌ سووری (ئه‌مه‌ر پاشا) قه‌له‌ڕەشێ له‌ ساڵی ١٣١٧ هه‌تاوی تا شۆڕشی نوێی کوڕ و نه‌وە قارەمانه‌کانی! به‌شی ٢

خوێنه‌ری به‌ڕێز! ئه‌و بابه‌ته‌ی له‌ به‌رده‌ست داییه‌ درێژه‌ی ئه‌و بابه‌ته‌یه‌ که‌ له‌ ڕۆژی ٢٧. ٥. ٢٠١٣دا بڵاو بۆته‌وه‌ له‌ ماڵپه‌ڕه‌ی “گیاڕه‌نگ و پێشمه‌رگه‌کان” دا. له‌ گه‌ڵ داوای لێبوورن که‌ له‌ کاتی خۆی دا نه‌متوانی بڵاوی که‌مه‌وه‌. ئه‌بوبه‌کر سێوه‌تاڵی.

به‌ڵێ خه‌بات و تێکۆشان و به‌ربه‌رەکانی ئه‌مه‌ر حه‌مه‌ سوور و نه‌وەکانی به‌ دژی ڕێژیمه‌ دژی گه‌لی و سه‌رەڕۆ و دیکتاتۆرەکانی زاڵ به‌ سه‌ر خاک و گه‌ل دا لێرە کۆتای نایه‌، ئه‌و نۆرە به‌ شێوازێکی نوێ و سه‌ردەمیانه‌ و ڕێکخراوتر و پێشکه‌وتوو و نه‌پساوەو پێشه‌نگ سه‌رهه‌ڵدەداته‌وە و تا گه‌ل به‌ ڕزگاری و سه‌ربه‌خۆی و ئاواته‌کانی نه‌گێنێ ڕاناوەستێ و کۆتای نایه‌. شۆڕشی کورد بۆ ڕزگاری گه‌ل له‌ کوردستان له‌ خاکی کورد له‌ ماڵی کورد وه‌ک ئه‌مرێکی واقعه‌، وه‌کو نان و ئاو بۆ ژیان پێویسته‌، گه‌لی کورد یه‌کێک له‌و نه‌ته‌وه‌ ده‌گمه‌ن و ژیر و وریا و ئارامانه‌یه‌ که‌ به‌ فریشته‌ی ئاشتی و ژیان پێناسه‌ ده‌کرێ. مێژووی سه‌دان ساڵه‌ی کورد به‌ند به‌ند و خاڵ خاڵ بخوێنه‌وه‌ سه‌ره‌ڕای به‌ کۆیله‌ بوو‌نکراوی خۆێی به‌ر چاوت ناکه‌وێ له‌ هیچ نه‌ته‌وه‌یه‌کی بادابێ یا هه‌ڵقولینجی بێ، په‌لاماری که‌سی دابێ، خاکی که‌سی داگیر کردبێ، به‌ڵێ ئه‌وه‌ دوژمنانی گه‌لی کورد بوون له‌ هه‌ر چوار لاوه‌ گازیان له‌ جه‌سته‌ی کورد گرت و برینداریان کردوە، هیممه‌تی فریشته‌ ئاسا و ڕوحی ئاشتی و ئارامیان له‌ خوێن گه‌وزاند، دوژمنان له‌ هه‌ر چوار لاوه‌ تۆوی ناڕێکی و ئاژاوه‌ و دووبه‌ره‌کی و کوشت و بڕیان له‌ ناو جه‌سته‌ی کورد دا ناشت، کلتووری سه‌قه‌ت و نامۆی جیاوازی ژن و پیاو نێر و مێ و توند و تیژیان هاویشته‌ ناو ده‌رک و بان و ناو ماڵی کورده‌وه‌، خه‌یاڵی قێزه‌ونی چاو له‌ ماڵی یه‌کتر بڕین و حه‌سوودی و دزی و تاڵانی و سوڵکه‌ریان خسته‌ ناو ماڵی کورده‌وه‌، کوردیان به‌ ئێرانی و عێراقی و تورکی و سووری پێناسه‌ کرد و تۆوی ناکۆکی و په‌رته‌وازه‌یی و له‌ ێه‌ک دابڕانی کوردیان چاند، هه‌وڵی تێکه‌ڵ کردن و یه‌ک ڕه‌نگ کردنیان داین! به‌ڵام به‌ خۆشیه‌وه‌ له‌ ئاست ئه‌و سیاسه‌ته‌ وێرانکارییه‌ی ئه‌وان‌ وه‌ک شه‌و و ڕۆژ له‌ یه‌ک جیاواز بووین. ئه‌و هه‌موو دابه‌ش کردن و ماڵ و حال داگیر کردنه‌ سه‌روه‌ت سامان به‌ تاڵان بردنه‌، په‌لامار دان و خواردن و کۆشت و ئێسقان کرۆشتنه‌ بوو، کوردی له‌ خه‌و ڕاپه‌ڕاند و هه‌ر کورده‌ له‌ پێش ماڵی خۆی سه‌نگه‌ری له‌ دوژمن گڕت تا ژیان و مان بۆ خۆی بگێڕێته‌وه‌، ئه‌مرۆ کورد باوشکه‌کانی که‌متر بۆته‌وه‌و له‌ هه‌موو کاته‌کان به‌ خه‌به‌رتره‌ بۆیه‌ جێگای هیوایه‌ و ئاسۆی ڕوونتره‌. هه‌ر وه‌ک بینیمان له‌ هه‌ڵوه‌رین داته‌پین و دابه‌زینی ده‌سه‌ڵاتی بێزراوی شای ڕوخاو له‌ به‌هاری ساڵی ١٣٥٧ هه‌تاوی گه‌ڵی کورد له‌و به‌شه‌ی خاکی پیرۆزی ڕۆژهه‌ڵاتی کوردستان دا سینگی بوون و مانی خۆی له‌ مه‌یدانی خه‌بات و تێکۆشانی نه‌بڕاوه‌ی گه‌ڵدا چه‌قاند و نیشانی دا که‌ ئه‌و هزر و بیره‌ گه‌شه‌ستێنه‌ و مه‌حاله‌ لاواز و نسکۆ ببێ، هه‌رچه‌ند ئه‌وکات حیزب و ڕێکخراوه‌کان جارێ ساوا بوون و نه‌یانتوانیبوو وه‌ک پێویست خۆیان بۆ ڕووداو و پیشهاته‌ چاوه‌ڕوان نه‌کراوه‌کانی دوای شۆڕش ئاماده‌ بکه‌ن به‌لام به‌ هیمه‌ت و له‌ خۆبوردوی گشتی گیانی کورد، ڕێچکه‌ی خه‌بات و تێکۆشان بۆ گه‌یشتن به‌ مافه‌ڕه‌واکانی گه‌لی کورد مسۆگه‌ر بوو. به‌ دوای فتوای جیهادی خومه‌ینی له‌ ڕۆژی ۲٨ی گه‌لاوێژی ساڵی ١٣٥٨ هه‌تاوی، به‌ دژی گه‌لی کورد له‌ ڕۆژهه‌ڵاتی کوردستان، سه‌نگه‌ری خه‌بات و به‌ربه‌ره‌کانی به‌ دژی هێرشی ده‌جاڵ و مه‌غول ئاسای ڕێژیمی ئاخوندی ئێران ئاوه‌دان بوونه‌وه‌، له‌و سه‌نگه‌ر قایم و له‌شکاننه‌هاتوانه‌ی گه‌ل دا که‌سانێکت ده‌بینی له‌ کوڕ و نه‌وه‌کانی ئه‌مه‌ر پاشای قه‌له‌ڕه‌شێ که‌ وه‌ک کێو و هیوا سینگیان به‌ سه‌نگه‌ره‌وه‌ نابوو و  ڕه‌گی خیره‌تیان به‌ خاک داچوو بوو. ئه‌وان پشت ئه‌ستوور به‌ مێژووی پڕ له‌ شانازی جوڵانه‌وه‌ی مافخوازانه‌ی ئه‌مه‌ر پاشای باوکیان، شۆرش و به‌رخۆدانی نوێی گه‌له‌که‌یان به‌ ڕێبه‌رایه‌تی حیزبی دێمۆکڕاتی کوردستان به‌ هی خۆ ده‌زانی و هه‌وڵیان ده‌دا نه‌قش و جێ په‌نجه‌یان له‌ ناو شۆڕشێ نوێی گه‌له‌که‌یاندا دیار و به‌رچاو بێ، له‌و پێناوه‌شدا زۆر سه‌خاوه‌تمه‌ندانه و بێ چاوه‌ڕوانی هیچ پاداشتێک ‌تێده‌کۆشان و هه‌میشه‌ خۆیان به‌ مڵک و ماڵی پێشمه‌رگه‌ ده‌زانی. پێش ئه‌وه‌ی ڕێژیم هیڕش کاته‌ سه‌ر ناوچه‌که‌ بنه‌ماڵه‌ی ئه‌مه‌ر پاشا به‌ تێکڕا تفه‌نگی هێزی به‌رگریان پێبوو، ئه‌وان له‌ به‌ر کار و باری کشتوکاڵ جارێ مه‌جالیان نه‌بوو ببنه‌ پێشمه‌رگه‌، شه‌هید حو‌سێن و شه‌هید ساڵح جارێ مێر مناڵ بوون و ته‌مه‌نی شاخیان نه‌بوو، ئه‌وان عاده‌تیان بوو، له‌ گه‌ڵ هه‌ر جوڵه‌یه‌کی دوژمن سه‌نگه‌ریان ده‌گرت و پشت و په‌نای هێزی پیشمه‌رگه‌ بوون، تا سه‌ره‌‌نجام شه‌وی ۲٧ی خه‌زه‌ڵوه‌ری ساڵی ١٣۶۲ هه‌تاوی ڕێژیم هێرشیکی پان و به‌رینی کرده‌ سه‌ر ناوچه‌ی سوێسنایه‌تی و ئاڵان و دوای چه‌ند ڕۆژ شه‌ڕی سه‌نگه‌ر به‌ سه‌نگه‌ر و به‌ربه‌رکانیێه‌‌کی سه‌خت له‌ گه‌ڵ هێزی پێشمه‌رگه،‌ سه‌ره‌نجام  رێژیم ناوچه‌که‌ی داگیر کرت، ئه‌وکات خاڵه‌ حه‌مه‌ی‌ خۆشه‌ویست و قاره‌مان وێڕای خدری برای و مه‌حموودی برازای و چه‌ند که‌سی تریان له‌ ڕیزی پێشه‌وه‌ی شه‌ڕگه‌‌کاندا بوون، خاڵه‌ حه‌مه‌ تفه‌نگێکی “سیمینۆفی” پێ بوو، مه‌حموودی برازای تفه‌نگێکی “پێنج تیری” کۆنی پێ بوو، که‌ فیشه‌کی قه‌نناسه‌ی ده‌ته‌قاند!‌ به‌ قه‌ولی خۆی هی سه‌رده‌می ئه‌مه‌ر پاشای ڕه‌حمه‌تی بوو، ئه‌وان تا کۆتای شه‌ڕ و داکیرکردنی ناوچه‌که‌ له‌ لایه‌ن ڕێژیمه‌وه‌ شاخه‌و شاخ و دۆڵاو دۆڵ و سه‌نگه‌ر سه‌نگه‌ر شه‌ڕیال له‌ گه‌ڵ دوژمن کرد و زه‌ربه‌ی به‌ ژانیان له په‌یکه‌ری‌ هێزی زۆر و بۆری ڕێژیم وه‌شاند. له‌ کۆتای شه‌ڕه‌که‌ دا خاڵه‌ حه‌مه،‌ وێڕای خدری برای و برازاکانی تێکه‌ل به‌ شۆڕشی به‌رهه‌ق و ڕه‌وای گه‌له‌که‌مان بوون و له‌ ڕیزی پێشمه‌رگه‌کانی لکی ٣ی شه‌هید سمایلی سه‌لیمی له‌ هێزی شه‌هید موعێنی ئه‌وکات تێکۆشانی بوێرانه‌ و قاره‌مانانه‌ی خۆیان ده‌ست پێکرد. لکی ٣ و ده‌سته‌کانی دوای به‌ جێ هێشتنی گونده‌کان له‌ سه‌ر سنووری کوردستانی باشوور شوێنک به‌ ناوی “باوزه‌” گریسانه‌وه‌، ڕێکخڕاوی”باژاڕ” و پیشمه‌رگه‌کانی چوونه‌ دۆڵی باوزێ، ده‌سته‌ی ٤ی شه‌هید کاوه‌ ماره‌غانی به‌ سه‌رپشتی‌ شه‌هید حه‌مه‌ عه‌زیزی عه‌زیزی و کاک ڕه‌حمان ماره‌غانی چوونه‌ ‌دۆلێک له‌‌ خوار “گرده‌بێناسی” ده‌سته‌ی ٣ی لکی٣ به‌ سه‌رپشتی کاک برایمی مه‌ڵا عزیزی که‌وتنه‌ دۆڵی “‌هێرۆیێ”، ده‌سته‌ی ۲ی لکی ۳ به‌ سه‌رپه‌رشتی کاک سمکۆ و کاک حه‌مه‌ ده‌مین بناوه‌ی، چوونه‌ گوندی “هه‌رزنێ” دسته‌ی ١ی شه‌هیدانی ٨ی گه‌لاوێژی لکی ٣ و بنکه‌ی لک چووینه‌ پشتی باوزێ شوێنێک به‌ ناوی “باوه‌ڵۆ”، هه‌ر دسته‌ و په‌له‌ له‌ شوێنی نیشته‌جێ بوونی خۆی بۆ ماوه‌ی زیاتر له‌ مانگێک بێ ڕاوه‌ستان سه‌رگه‌رمی چاک کردنه‌وه‌ و پاك كڕدنه‌وه‌ی کاوله‌ ڕوخاوه‌کانی ئه‌وێنده‌رێ بوون. ئه‌وکات مه‌رحومان خاڵه‌ حه‌مه‌ و خدری برای له‌ سه‌ر ئیشتیای خۆیان چوونه‌ ده‌سته‌ی ٤ی شه‌هید کاوه‌ ماره‌غانی، مه‌حموودی عه‌وڵای ئه‌مه‌ری و جه‌عفه‌ر که‌ برازایان بوون له‌ ده‌سته‌ی ١ی شه‌هیدانی ٨ی گه‌ڵاوێژ مانه‌وه‌‌. خاڵه‌ حه‌مه‌ و مام خدر سه‌ره‌ڕای ئه‌وه‌ی ته‌مه‌نێکیان هه‌بوو زۆر توند تۆڵ و به‌ جوڵه‌ بوون، له‌و ماوه‌ که‌ له‌ ڕێزی پێشمه‌رگه‌کان دابوون له‌ ته‌واوی مه‌ئموریه‌ته‌کانی هێزی پێشمه‌رگه‌ دا به‌شداریان کرد، له‌ ڕێگا سه‌خت و ئه‌سته‌مه‌کانیش دا گه‌لێک ئازا و سه‌رکه‌وتوو بوون به‌ تایبه‌تی خاڵه‌ حه‌مه‌ هه‌میشه‌ کێ به‌رکێی ڕێگا رۆشتنی ده‌کرد! له‌ ناو بنکه‌کانی پێشمه‌رگه‌ دا ئه‌وان مایه‌ی شانازی و خۆشه‌ویستی هه‌مووان بوون، ئه‌وان ئاوه‌دانی بوون، هێز و توانا و وره‌ بوون بۆ هێزی‌ پێشمه‌رگه‌، پاشخانی مێژوویان پاک و خاوێن، وه‌ک ئاوی حه‌یات ڕوون بوو.

بانه‌مه‌ڕی ساڵی ١٣۶٣هه‌تاوییه‌‌ سه‌حه‌ره‌‌ زوێکه‌ تیشکی خۆڕ له‌ چیای زه‌نگه‌دۆڵه‌وه‌ په‌خشانه به‌ سه‌ر ناوچه‌که‌دا و سروشتی به‌هاری و سه‌حه‌ری له‌ سه‌مایه‌کی ده‌روێشانه‌ دایه‌ و ئاوه‌نگی سه‌ر په‌ڕی گوڵ نمه‌ نمه‌ به‌ سه‌ر لێوی خاک دا شۆڕ ئه‌بێته‌وه‌ و تینوه‌یه‌تی ده‌شکێنێ،

له‌ سه‌ر گابه‌ردی چیا که‌و ده‌خوێنێ،

بانگ له‌ یار ده‌کا بیدوێنێ.

جریوه‌ی چۆله‌که‌ له‌و بژوێنه‌،

وه‌ک موسیقا هه‌ست بزوێنه‌.

هاژه‌ی ئاوی سارد دێ له‌و دۆڵه‌،

کوڕه‌ له‌ باوه‌شیه‌تی کچۆڵه‌.

له‌ سه‌ر دۆشه‌کی سه‌وزه‌ی به‌هارێ،

تاوێک دانیشین با‌ له‌گه‌ڵ یارێ.

که‌ تێکه‌ڵ بوو بزه‌ و نازی له‌ شه‌رمان،

وه‌ک بارانه‌ عه‌تر باری له‌ گه‌رمان.

 له‌و دامێنه‌ که‌ پێشمه‌رگه‌ بوێره‌‌،

دوژمن نایوێرێ قه‌ت بێته‌ ئێره.

ئا له‌و به‌هاره‌ی‌ هه‌ستی شێعر و عشقه‌ دابوو، که‌ پۆلێک گه‌نجی جوان جوان و شای به‌خۆ شه‌رم به‌خۆ ئازا و بوێر به‌ دنیایه‌ک ئاره‌زۆوه‌ خۆیان به‌ بنکه‌ی پێشمه‌رگه‌کانی لکی٣ی شه‌هید سمایلی سه‌لیمی داکردو چه‌کی دیفاع له‌ گه‌ل و خاکیان له‌ شان کرد، یه‌کێک له‌و گه‌نجه‌ جوانانه‌ حوسێنی کوڕی خاڵه‌ حه‌مه‌ی ئه‌مه‌ر پاشای بوو، که‌ باوکیشی پێشمه‌رگه‌ێه‌کی خۆشه‌ویستی ده‌سته‌ی ٤ی شه‌هید کاوه‌ ماره‌غانی بوو، حوسێن چۆ لای باوکی و له‌ ته‌نیشت ئه‌و سه‌نگه‌ری گرت و بۆ به‌ پاڵپشتێکی به‌ هێز و وره‌به‌خش بۆ باوکی و هاوسه‌نگه‌رانی، حوسێن له‌ دایک بووی ساڵی ١٣٤٨ هه‌تاوی بوو، کاتێک هاته‌ ناو ڕیزی پێشمه‌رگایه‌تی ته‌مه‌نی ١٥ساڵ بوو، ئه‌و چوو بوو بۆ قوتابخانه‌ و پۆلی پێنجی سه‌ره‌تای ته‌واو کردبوو و خوێندنه‌وه‌ و نووسینی ده‌زانی، گه‌نجێکی جوان و خوێن شیرین و ده‌م به‌ پێکه‌نین ده‌روونی وه‌ک ئاوی حه‌یات پاک بوو. به‌هاری ساڵی ١٣۶٤هه‌تاوی هێزه‌کانی به‌عسی عێراق به‌ بیانۆی هه‌بوونی پێشمه‌رگه‌کانی تیپی جوتیارانی یه‌کیه‌تی نیشتیمانی کوردستان له‌ ناوچه‌که‌ و به‌ڕێوه‌بردنی چه‌ند حه‌مه‌لیاتێک له‌ سه‌ر موڵگه‌کانی حکومه‌تی به‌عس له‌وێنده‌رێ واداریان کردین ناوچه‌که‌ چۆڵ که‌ین، سه‌ره‌نجام‌ ١٣ی جۆزه‌ردانی ساڵی ١٣۶٤هه‌تاوی دۆڵی باوزێمان چۆڵ کرد و به‌ره‌و دۆڵی “سه‌فره‌ و زه‌رونان” که‌وتینه‌ ڕێ، له‌وێ له‌‌ دۆڵێک به‌ ناو “گه‌ڵاڵه‌” نیشته‌جێ بووین، هه‌ر په‌له‌ و ده‌سته‌ له‌ به‌رخۆیه‌وه‌ نوایه‌کی به‌ گه‌ڵا و دار بۆ پشوودان و حه‌وانه‌وه‌ دروست کرد. له‌وێ ماینه‌وه‌ هه‌تا ١۶ی ڕه‌زبه‌ری ساڵی ١٣۶٤ هه‌تاوی به‌ره‌به‌یانی ڕۆژی ١۶ ڕه‌زبه‌ر بنه‌ماڵه‌ی پێشمه‌رگه‌کانیان له‌ عه‌ره‌بانه‌ی تراکتۆره‌کان بار کرد و به‌ خه‌تی سلێمانیه‌ دا به‌ڕێیان کردن بۆ دۆڵی “سوونێ” باقی تر‌ پیشمه‌رگه‌کان به‌ دۆڵی زه‌رونێ دا هاتینه‌ سه‌ر چاده‌ی “هی سێو و چه‌کوانان” له‌وێ عه‌ڕه‌به‌کان ماوه‌یه‌کی زۆر مه‌حته‌لیان کردین و نه‌یان ده‌هێشت بڕۆین دوای ماوه‌یه‌کی یه‌ک سه‌عاته‌ حاڵی کران و ئیزنیان داین بڕۆین. ئه‌وجا له‌وێوه‌ تا سوونێ به‌شی زۆری ڕێگاکه‌ به‌ پێیان ڕۆیشتین و به‌شی که‌میش به‌ ماشێن، ئه‌وێ ڕۆژێ‌ سێبه‌ر شۆڕان گه‌یشتینه‌ سوونێ. له‌ سوونێ به‌وشێوه‌ ته‌قسیم بووین: ده‌ستی ١ی لکی ٣ چووینه‌ “بێده‌لان” له‌وێ کاوله‌ خانوێکی لێ بوو ئاوه‌دانمان کرده‌وه‌ و تێیدا حه‌واینه‌وه‌، ده‌سته‌ی ۲ی لکی ٣و بنکه‌ی لک له‌ سوونێ مانه‌وه‌ چه‌ند شوێنێکیان بۆ حه‌وانه‌وه‌ی خۆیان دروست کرد، ده‌سته‌ی ٣ی لکی ٣ چوونه‌ “گه‌ڵوه‌ڕه‌زێ” ئه‌وانیش له‌وێ شوێنێكیان بۆ خۆیان ڕێک خست، ده‌سته‌ی ٤ی لکی٣ چوونه‌ “قه‌ڵاتێ داره‌به‌نێ” ئه‌وانیش له‌وێ جێگاو ڕێگایه‌کیان بۆ خۆیان پێکه‌وه‌ نا، به‌و شێوه‌ توانیمان به‌ هه‌وڵی هه‌موو لایه‌ک شوێنێک بۆ حه‌وانه‌وه‌ی خۆمان دابین که‌ین. دۆڵی بێده‌لان، پشتکاوێ، کونه‌ مارێ، زێوکه‌، قه‌ڵاتی داره‌به‌نێ، به‌رقسڵ، سوونێ، گه‌ڵوه‌ڕه‌زێ، ئه‌و شوێنانه‌ هه‌ر چه‌ند شوێنی حه‌وانه‌وه‌ی کۆمیته‌ی شارستانی سه‌رده‌شت و هێزی گیاڕه‌نگ بوون به‌ڵام زۆر نائه‌من ئارام بوون، که‌م ڕۆژ هه‌بوو له‌ لایه‌ن تۆبخانه‌کانی کۆماری ئیسلامیه‌وه‌ تۆباران نه‌کرێین، هه‌تا شه‌هید و برینداریشمان هه‌بوو به‌ هۆی تۆپبارانی دوژمنه‌وه‌ وه‌ک: شه‌هید عه‌لی به‌رده‌سووری، برینداره‌کانیش: شه‌هید له‌تیف نه‌قشبه‌ندی، مه‌رحوم خدری کوێخا ئه‌حمه‌دی، عه‌لیه‌ چکۆڵ، ڕه‌سوڵی عه‌لی چاپه‌زی، هه‌رچه‌ند هێزی پێشمه‌رگه‌ زۆر وریا بوون به‌ڵام  زۆر به‌داخه‌وه‌ جێ پێو و نه‌فووزی دوژمن له‌ ناو ڕیزی پێشمه‌رگه‌کان جار و بار ئه‌دۆزرایه‌وه‌! که‌ هه‌تا ئاشکرابوونی چه‌ند پێشمه‌رگه‌یه‌کی قاره‌مان و خۆشه‌ویست له‌قه‌کانیان له‌ ده‌ست دا، وه‌ک: کاک عه‌لی حاجی، کاک محه‌ممه‌د خه‌مبار، کاک عومه‌ر کانیه‌ڕه‌شی، کاک ڕه‌سوڵ نه‌ڵاسی، کاک سڵێمان خه‌بات پێشمه‌رگه‌ی یه‌کیه‌تی نیشتیمانی کوردستان و هه‌روه‌ها کاک حه‌مه‌خانی عه‌زیزی که هاوڕێیه‌که‌ی خۆی شه‌هیدی کرد له‌ “دۆڵه‌کۆگێ” بێجگه‌ له‌ فێڵ و ته‌ڵی جوڕاوجۆر وه‌ک: هێنانی دوربینی بۆمب ڕێژ کراو و بۆمبی ته‌له‌فیزیۆنی به‌هێز له‌ لایه‌ن کوردێکی خه‌ڵکی که‌رکوکه‌وه‌ که‌ له‌ ئێران ده‌گه‌ڕانه‌وه خۆشی ماوه‌یه‌کی زۆر ده‌وره‌ی له‌ سه‌ر بینیبوو به‌ڵام به‌ خۆشیه‌وه‌ زاتی نه‌بوو داینێته‌وه‌ و ئاشکرای کرد! یان ئه‌و کتێبه‌ بۆمب ڕێژکراوه‌ی که‌ بۆ ماموستا مه‌لا حه‌سه‌ن سێوه‌سه‌ڵیان هێنا که‌ به‌ داخه‌وه‌ به‌ڕویدا ته‌قیه‌وه‌و ده‌ست و چاوه‌کانی له‌ ده‌ست دا. هێرشی شه‌وانه‌ی ده‌سته‌ و تاقمی به‌کرێگیراوی ڕێژیم که‌ هه‌موو جارێ به‌ لوت شکاوی ده‌گه‌ڕانه‌وه ناو مۆڵگه‌کانیان‌. ۲۹ی خاکه‌لێوه‌ی ساڵی ١٣۶٥هه‌تاوی پێشمه‌رگه‌کانی ده‌سته‌ی ٤ی لکی ٣ی شه‌هید سمایلی سه‌لیمی به‌ تۆڵه‌ی شه‌هید حه‌مه‌ عه‌زیزی عه‌زیزی به‌ پێی به‌رنامه‌یه‌کی له‌ پێشدا داڕژاو خۆیان ده‌گێنه‌ مۆڵگه‌ی دوژمن هه‌ڵکه‌وتوو له‌ نزیک گوندی “کۆڕبناوێ” شه‌وێکی ته‌ڕ و تاریکی به‌هاری و باراناوی زۆر چه‌موش ده‌بێ، پێشمه‌رگه‌ قاره‌مانه‌کان له‌ سه‌نگه‌ری دوژمن نزیک ده‌بنه‌وه‌‌ و له‌ گه‌ڵ یه‌که‌م مو‌شه‌کی ئارپێجی شه‌ڕ ده‌ست پێده‌کا، له‌و شه‌ڕه‌ دا زه‌ربه‌ی به‌ژان له‌ هێزه‌کانی دوژمن ده‌درێ و مۆڵگه‌که‌ وێران ده‌کرێ، دوژمن کوشته‌ و برینداری زۆری ده‌بێ، هه‌زار حه‌یف و مه‌خابن حوسێن له‌و شه‌ڕه‌ دا شه‌هید ده‌بێ و ده‌چێته‌ ناو کاروانی پڕ له‌ شانازی و سه‌روه‌ری شه‌هیدانه‌وه‌. له‌ کۆتای شه‌ڕه‌که‌ دا هاوسه‌نگه‌رانی شه‌هید حوسێن، ته‌رمی پیرۆزی شه‌هید حوسێن ده‌گوێزنه‌وه‌ دۆڵی “بووبانه‌” و له‌وێ له‌ داوێنی چیای به‌رزی گیاڕه‌نگ به‌ خاکی پیرۆزی کوردستانی ده‌سپێرن. به‌ داخه‌وه‌ وه‌ک بینیمان حوسێن زۆر نه‌ژیا تا بتوانی زیاتر خزمه‌ت به‌ گه‌له‌ به‌شخوراوه‌که‌ی بکات. حوسێن کاتێک شه‌هید بوو ته‌مه‌نی ١٧ ساڵ بوو، گه‌نجێکی سوور و سپی چاونه‌ترس و به‌ وره‌ بوو، ئه‌و گه‌لێک ئاره‌زۆ ئاواتی هه‌بوون، یه‌کێک له‌ ئاواته‌ به‌رزه‌کانی ڕزگاری گه‌له‌ به‌شخوراوه‌که‌ی بوو، بۆ حوسێن بنکه‌ی پێشمه‌رگه‌ و سه‌نگه‌ری گه‌ڵ خۆشترین شوێن بوو! خاڵه‌ حه‌مه‌ی باوکی له‌وێ بوو، مام خدری له‌وێ بوو، خوشکه‌ فاتیمه‌ی له‌وێ بوو، ئامۆزاکانی هه‌موو له‌وێ بوون، کاک خدری سه‌داقه‌ت که‌ زاوای بوو له‌ گه‌ڵ برازاکانی هه‌ر هه‌موو له‌وێ بوون، کۆبوونه‌وه‌ی ئه‌و بنه‌ماڵه‌ شۆڕشگێره‌ به‌ تێکڕا له‌ ده‌وره‌ی یه‌ک بۆ خۆی ببۆ به‌ هێزو تواناو وره‌یه‌کی له‌شکان نه‌هاتوو بۆ شه‌هیدحوسێن هه‌ر بۆیه‌ زۆر دڵی به‌ پێشمه‌رگایه‌تی خۆش بوو، شانازی به‌ ڕێبازه‌که‌یه‌وه‌ ده‌کرد. کاتێک حوسێن شه‌هید بوو خاڵه‌ حه‌مه‌ی باوکی هه‌رگیز دانه‌ما و نه‌ڕوخا به‌ڵکو وره‌ی به‌ پێشمه‌رگه‌ به‌خشی و گووتی: ئه‌وه‌ ڕێبازی هه‌موومانه‌ یان سه‌رده‌که‌وین یان به‌ شانازیه‌وه‌ وه‌ک حوسێن سه‌رده‌نێنه‌وه‌، خاڵه‌ حه‌مه‌ گووتی: حوسێن تۆ به‌ری داری خۆشه‌ویستی بووی، کاتێک چاوت به‌ ژیان هه‌ڵێنا بوویه‌ هیمای خۆشی و شادی بۆمان ئارامیت به‌ ژیانی ئێمه‌ بخشی، یادگاریه‌کانی مناڵیت فیلمێکن پڕ له‌ خۆشه‌ویستی که‌ له‌ ناخمدا هه‌ڵیان ده‌گرم تا مردن، کوڕم تا ئێره‌ له‌ گه‌ڵمان بووی به‌داخه‌وه‌ قه‌ده‌ر لێکی دابڕین قه‌بووڵی که‌ و ئارام بگره‌، دابڕانت بۆ من ناسۆڕه‌یه‌که‌ برینێکی پڕ له‌ ئازارو بێ هه‌توانه، ده‌بێ هه‌ڵگرم و له‌ گه‌ڵیدا ڕابێم، سروشتی ژیان وا دێ و ده‌ڕواو ئه‌وه‌ش نه‌سیبی ژیانه‌. له‌ کۆتای دا خاله‌ حه‌مه‌ گووتی:‌‌ بریا سه‌د کوڕ و کچم ده‌بوو، هه‌ر هه‌مووشیان پێشمه‌رگه‌ ده‌بوون. پاییری ساڵی ١٣۶٥ خاڵه‌ حه‌مه‌ و مام خدری برای به‌ هۆی به‌ ساڵداچوون و بێ تاقه‌تی یه‌ک ته‌نیه‌وه‌‌ به‌ ناچاری گه‌ڕانه‌وه‌ ناوخۆی وڵات، له‌گه‌ڵ ماڵئاوی کردن دا فرمێسکه‌کانی هه‌ڵده‌وه‌راندو به‌ڵێنی دا که‌ سه‌نگه‌ری شه‌هید حوسێن چۆڵ ناکات و توند و قایم وه‌فادار به‌ ڕووحی پاکی ئه‌مێنێته‌وه‌،

ئه‌بوبه‌کر سێوه‌تاڵی٢٣٫١١٫٢٠١٣

 فینلاند