نامە و دەرد دەڵی یەکێک لە گیراوەکانی خۆپێشاندانەکەی بەردەم پارکی شانەدەر لە هولێر

خولیاکانی خوێندکارێک لە تاراوگە

هەر مرۆڤێک لە ژیانیدا کۆمەڵێک خولیا و خۆزگە و ئامانجی هەیە و لە پێناوئەم ئامانجانەدا دەژیت و هەوڵی ئەوە دەدات کە لە رەوتی ژیاندا بە باشترین شێوە لە هەلەکان کەڵک وەرگرێت و بۆ گەیشتن بەم ئاوات و خۆزیاگەلە.

لەو کاتەوەی کە بیرم دێت ژیانم بە ئاقارێکی مەینەت بار و ناخۆشدا تێپەریوە، گیران و دوورخستنەوەی باوکم لە زێدەکەی، ئەرکی ژیانمی قورستر کرد. وە ئەستۆ گرتنی سەرپەرشتی بنەماڵەیەک بۆ منداڵێکی ٩ ساڵە قورسە، بەڵام بۆ من کە لە باوکم ڕا دەرسی ئازایەتی و ئازاد ژیان و خۆراگری فێر ببووم، زۆر سەخت نەبوو.

هەر لە منداڵییەوە فێری زمانی زگماکی بووم و بەدەرکی ئەوکاتم دەرد و مەینەتییەکانی نەتەوەکەمم هەست پێکرد و حەزم کرد لەمبارەوە زیاتر پەروەردە بم. تەمەنم ١٨ ساڵە بوو کە باوکم بە یەکجاری گەڕایەوە زێدەکەی خۆی و بە دیداری یەک شاد بووینەوە، دوای ساڵانێک بنەماڵەمان لە دەوری یەک کۆببۆوە کە من بڕیارمدا بۆ گەیشتن بە ئاواتەکانم دەست بکەم بە هەوڵێکی بێ وچان و بە گژ هەموو ئەم کۆسپانەشدا بچمەوە کە رێگرن لە گەیشتن بەم ئامانجانەم. تەمەنم گەیشتبووە ئەوەی کە بتوانم بڕیار لەسەر ژیانم بدەم.

بارودۆخی ئەوکاتی ئێران لە هەموو کاتێک بۆ کاری سیاسی ناخۆشتر بوو ، بۆیە بڕیارمدا بۆ خوێندن و کاری سیاسی بچمە باشووری ولات، هەر بۆ ئەم مەبەستە ئەم ساڵە ٢٠٠٨، هاتمە باشوور و هەوڵمدا دەست بکەم بە خوێندنی ئەکادیمی و خۆم پێ بگەیەنم و لە دهاتوودا ببمە خزمەتکاری خاک ونەتەوەکەم ، بەڵام بۆ خوێندنی ئەکادیمی تووشی زۆر کۆسپ و چەڵەمە بووم. بەڵام بۆ منی تینووی فێربوون کۆسپ و تەنگەژە نەیانتوانی ببنە هۆکاری وەستانم. بۆیە بڕیارمدا خوێندنی ناحکوومی دەست پێ بکەم و بۆ ئەو مەبەستە پێویستیم بە پوڵ بوو و منیش بە کەڵک وەرگرتن لە بەهرەو توانایی خۆم لە بواری مۆنتاژو دیزایندا، توانیم لە هەولێر پارەیەک پەیدا بکەم و دواتر لە ناوەندێکی نێودەوڵەتی بەشداری لە خولی CCNA دا بکەم.

زۆر دڵم بە خوێندنی خۆش بوو و دەمتوانی لە تاقیکردنەوەی نێودەوڵەتی لە زانکۆی کوردستان یان زانکۆی ئامریکی بەشداری بکەم، لەگەڵ ئەمەش لە کاروچالاکی سیاسیم بەردەوام بووم.

لە ئێران شەپۆلێکی نوێی لەسێدارەدان دوای هاتنە سەرکاری روحانی دەستی پێکرد، ئەرکی من و هاورێیانم لە وەها دۆخێکدا وەک چالاکانی سیاسی و مەدەنی ئەوەبوو کە پشتیوانی بەرین کۆبکەینەوە و نەهێڵین چیدی لاوانی کورد لە ئێران لە ژێر دروشمە ناراستەکانی روحانی ببنە قوربانی، جارێکیان بەرەو بارەگای UN لە هەولێر چووین و رێپێوانێکی مەدەنیمان بەرێوەبرد. بەڵام دوای ئەوە ئێران وازی لە جینایەتەکانی نەهێنا، بۆیە بریارماندا لە ئاستێکی بەرینتردا رۆژی هەینی ٨/١١/٢٠١٣ لەبەردەم پارکی شانەدەر، بە ئامادەبوونی جەماوەرێکی زۆر، جارێکی تر نارەزایەتی خۆمان بە لەسێدارەدانی لاوانی کورد دەربڕین.

خۆپێشدانەکە کۆتایی هات و دواتر کۆمەلێک کەسی ناڕازی و بێزار لە رژێمی ئێران، بە شێوازێکی دیکە نارەزایەتی خۆیان دەربڕی. ئەوان هەڵیانکوتایە سەر کونسوڵگەری ئێران لە هەولێر، هێرشکردنە سەر کونسوڵگەری هەر وڵاتێک لەگەڵ عورفی نێودەوڵەتی ناگونجێت، بەڵام کوشتن و لەسێدارەدانی لاوانی کورد لە ئێران، پێشێلکاری ئاشکرای مافی مرۆڤە و پێم وایە ئەمە هۆکارێکی نامەنتقی نییە بۆ هوڵکوتانەسەر کونسوڵگەری ئێران و وتنەوەی دروشم لەلایەن کۆمەلێک کەس کە رژێمی ئێران تەنگی پێ هەڵچنیون و سەرەتاییترین مافەکانیان پێشێل دەکات.

کۆماری ئیسلامی تا ئێستا سێ جار لە وڵاتی خۆی هێرشی کردووەتە سەر باڵیۆزخانەی وڵاتان و بە ئاشکرا هێڵ و سنوورەکانی نێودەوڵەتی بەزاندووە و گوێبیستی یاسا نێودەوڵەتییەکان نەبووە، هێرش کردنە سەر باڵلیۆزخانەی ئامریکا و بریتانیا نمونەی زەقی ئەم پێشلکارییانەی کۆماری ئیسلامین و نمونەی تریش لەم پێشێلکارییانە دوای ئەوە بوو کە رژێمی تیرۆریست پەروەری کۆماری ئیسلامی لە دادگای میکۆنۆس بە تاوانبار ناسرام رژێمی ئێران وەک کاردانەوەیەک بەرامبەر بەم بڕیارە عادلانە، لەبەردەم باڵیۆزخانەی ئاڵمان لە خاکی خۆیدا بەرامبەر بە وڵاتی ئاڵمان هەموو هێڵ و سنورەکانی نێودەوڵەتی بەزاند و یاسا و ڕێسا نێودەوڵەتییەکانی بە ئاشکرا پێشێل کرد.

نازانم رێژیمێک کە پێبەندی هیچ رێککەوتنێکی نێودەوڵەتی نەبووە و بە ئاشکرا مافە مرۆییەکان پێشێل دەکات، بۆ لێرەش بۆتە مۆتەکە لەسەر ژیانم و هەموو رۆژێ ژیانم لێ ئاڵۆزتر دەکات؟

ئێستا کە ئەم نامەیە دەنووسم سەعات ٩.٣٠ خولەکی رۆژی یەکشەممە ٢٤/١١/٢٠١٣یە، رێک ١٦ رۆژ بەسەر گیرانی خۆم و هاورێیانم تێپەڕیوە. لە ئاکامی بڕیارێکی سیاسیدا و بە بێ تاوان خراوینە بەندیخانەی محەتە لە شاری هەولێر، بێ ئەوەی هیچ یاسا و رێسایەکمان پێشێل کردبێت، تەنیا بە تاوانی رێکخستنی خۆپێشاندانی مەدەنی لە دژی رێژێمی ئێران دەستبەسەرکراوین و ئەوە ١٦ رۆژە لە ژوورێکی ١٢٠ کەسیدا کە حەوانەوە تێیدا زەحمەتە، بە بریارێکی نایاسایی و سیاسی کە روون نییە چارەنووسمان چ دەبێت و چەندە لەم زیندانە دەمێنینەوە، خولیاکانی خوێندنی ئاکادیمی و ئاواتەکانم خەریکە بەرەو سوتمان دەچێت و هەوڵەکانم بۆ وەدیهێنانی ئامانجەکانم بێ ئاکام دەبێت.
گەلۆ کێ بەرپرسیارە لە گیان و ژیانی چەند پەنابەری سیاسی کە ساڵانێکە کۆماری ئیسلامی بۆتە مۆتەکە لەسەرژیان و ئاواتەکانیان؟

پێشەوا عەلیپوور

٢٤/١١/٢٠١٣
زیندانی محەتە