هەفتەی بەرەنگار بونەوە یان ١٢ مانگەی خەبات لەدژی توندوتیژی ؟ مەهدی خالید خەمبار
خانمانی کورد وەک بەشێکی دانەبڕاو لە ژنانی دونیا بە گشتی و ڕۆژهەڵاتی ناوین بە تایبەتی ڕوبەڕوی دەیان شێوازی جۆراوجۆر لە توندوتیژی و ئەشکەنجە بونەتەوە و دەبنەوە .توندوتیژی و خنکان ، سوتاندن و ناچاربەخۆسوتاندن ، لە سێدارەدان و دەستدرێژی و هەتک کردنی خانمانی کورد بە ئاستێکی مەترسیداری ئەوتۆ گەیشتوە کە ناکرێ چیدی لەدەرەوەی دیاردە هەرە ترسناکەکانی کۆمەڵگە بیهێڵینەوە ، خەریکە وەک ناسنامەیەکیش لە وڵاتاندا کوردی پێ بناسرێتەوە ، ئەم دیاردەیە ساڵ ١٢ مانگ بەردەوامە و لە هەر جێگا و وڵاتێکیش خێزانی کورد بونی هەبێت ئەم توندوتیژی و مەترسیانەی خانمان بونیان هەیە، هەر بۆیەش لە قاڵبدانی ئەم پرسە بڤەیە لە چوارچێوەی ( هەفتەی بەرەنگاربونەوەی توندوتیژی دژ بە خانمان) ڕەنگە لە قەبارە و گرینگێتی ئەم دیاردەیە کەم بکاتەوە ، ئەم بەردەئاشەی هاڕینی ژنان ڕۆژانە چەندین ( ژیان و بەناز و فاتیمە و پێڵا دەهاڕن و دەیانی تر بە بیانوی ئاینەوە وەک دوعا بلۆک کوژ دەکرێن و لە سێدارە دەدرێن )
ماوەیەکە باس و خواسی ژنان گەرمیەکی باشی بەخۆوە بینیوە و زۆرێک لە میدیا و ناوەند و ڕێکخراوە مەدەنیەکانی کوردستانی سەرقاڵکردوە ، بەڵام بە دڵنیاییەوە ئەم کەف و کوڵە دوای هەفتەیەک و دوان ئێدی دەنیشێتەوە !
کەم نین ئەو قەیرانانەی کە کوردستانیان دوچاری جۆرێک لە سستی و کەمهیوایی و ناجێگیری کردوە ، نەبونی دەستور و یاسا و دەستوەردان لە سەربەخۆیی دادگا و دابەشکردنی دادگاکان مەترسی گەورەن بۆ کۆمەڵگا و ئایندەی نیشتمان !
ئەو بۆشاییە دەستوریەی وڵاتی ئێمە ، زەمینەخۆشکەرە بۆ ئەوەی نەک تەنها گورزی تیرۆر و کوشتن و سوتان و تێکشکان بەر خانمان کەوتبێت و ژیان و چارەنوسی ئەوانی بەتەنها خستبێتە بەر ڕەشەبای مەترسیەکان، ئەو جیاوازیەی خانمان لە پیاوان جیا دەکاتەوە ئەو ڕێژەی توندو تیژیەکانە کە خانمان پشکی شێریان بەرکەوتوە .
هەردو ڕەگەز ، لە نێویاندا (ژنانی ماڵ ، کچ ، چالاکوانانی ژن ، ڕۆژنامەنوس ، میدیاکار، پیاوانی حکومەت و حیزب ، دادوەر ، دادگا ، سیاسەتکار، خاوەنی ئارایشگا ، دەوڵەمەند ، خوێدکار ، مامۆستا ، شاعیر ، ڕۆماننوس ، مناڵ ، پەیکەر ، سومبوڵ ) کەسیان لە بەرکەوتنی پریشکی ئەم ئاگری توندوتیژیانە بەدور نین و ژیان و چارەنوسی زۆرینەش لە هەڕەشەی ئەم مەترسیانە پارێزراو نین ، بەشێک لە کچان هەر لەمنداڵیەوە ڕوبەڕوی ترساندن و شیواندنی جەستەیی دەبنەوە ، ڕۆژنامەنوس و میدیاکاران لە پای درکاندنی ڕاستیەکان دوچاری هەڕەشەی زمانبڕین و قەڵەم شکاندن و کوشتن دەبنەوە ، ئافرەتان بە بیانوی خۆشەویستی و ناموسپارێزیەوە سەردەبڕین و ئەنجنئەنجن دەکرێن ودەسوتێنرێن و بەرد و بلۆکباراندەکرێن و هەڵدەواسرێن و ڕبەڕوی دەیان شێوازی ئازار و ئەشکەنجەی دژە مرۆیی دەبنەوە و خۆیان و جوانیەکانیان زیندەچاڵدەکرێن . نابێت ئەوەشمان بیر بچێت کە بەشی هەرە زۆری ئەم تاوانانە لە کۆمەڵگایەکی باوک و پیاو سالاریدا کە دژ بە تاکەکانی ئەنجامدەدرێن ئێمەی پیاوان لێیان بەرپرسین و شەرواڵپیسی و دەست و فیشەکی ئێمەیە بڕیار لە سەر شەهیدکردنیان دەدەین .
لە وڵاتانی خاوەرمیانە و لە کوردستانی وڵاتی ئێمەدا کە کرۆکی باسەکەمە سەرباری ئەو داهاتە زۆروزەوەند و زەمینەخۆشیەی کە هەیەتی وە بەبەراورد بە هەندێ لە وڵاتانی ئەوروپی دەستکورت و پێشکەوتو، نەتوانراوە سود لەم گڵۆبالیزم و تەکنەلۆژیایە وەربگیرێت و بخرێتە خزمەتی کۆمەڵگا ، کۆمەڵگایەکی مەدەنی ئەوتۆ بنیات بنێت کە زامنی دەستەبەرکردنی تەواوی مافەکانی خەڵک بێت و ڕێز لە هەمو چینوتوێژەکانی کۆمەڵگا بگرێت بێئەوەی گوێبدرێتە جیاوازی ڕەگەزی ، ئاینی ، مەزهەبی ، ئەتنیکی و کولتوری و بیروڕا ، کۆمەڵگایەک کە نەهێڵێ چیتر ئاین و دەوڵەت تێکەڵ بەیەکبکرێن و لەو درزانەوە دژ بە دیمکراسی و یەکسانیبونی ژن و پیاو بوەستنەوە ، دەبێت لە ڕێگەی یاساوە سنورێکی تۆکمە بۆ هەمو جۆرەکانی توندوتیژی و تیرۆر و دەستدرێژیکردنە سەر ژنان و خاتوان و تاکەکان دابڕێژێت ، کۆمەڵگایەک سەرو ماڵی هاووڵاتیان تیا پارێزراو بێت و دابەشبون و کارکردن لە تەواوی کایە و جومگەکانیدا لە سەر بنەمای توانا و شارەزایی و لێهاتویی بێت نەک حیزبیبون و خزمخزمێنە و ناوچەگەری . کۆمەڵگایەک کە هەموان لە داهاتەکەیدا پشکمان هەبێت و چیتر دانیشتوانەکەی بەدەست هەژاری و نەداریەوە نەناڵێنن و لە ڕێگەی بیمەی بێکاریەوە بژێو و سەرچاوەی ژیانی تاکەکان دابین بکرێ .
بەڵام ئەفسوس زۆرینەی ئەمانە بونەتە خەونی شاعیرانەی ئێمەمانان و قوتی هەموانیش دەچێتە چەند گیرفانێکی کونەوە ! ژنکوشتن و سوکایەتی و کوشتنی تاکەکان بۆتە ئاوخواردنەوە و بەڕۆژی ڕوناک تیرۆریان دەکەن و کەسیش مافی هاتنە دەنگی نیە و هیچ دادوەرێکیش توانای لێکۆڵینەوە لە کەیسەکەی نیە ، یان دەبێت لە ملی نەگبەتێکیتری قایم بکەن ( با هەر بڵێ من مالە نیم ) یان ئەوەتا کەیسەکە دەکرێتە بەردێک و فڕێدەدرێتە ناو گۆمێکی قوڵەوە .