کۆدار. جەماڵ عەڵیاڵی

ڕۆژی دووشەمێ بووری، بانگەشەی دامەزراندنی کۆمەلگای دێمۆکراتی و ئازادی ڕۆژهەڵات، بۆ ڕۆژهەڵاتی کوردستان لە سەر تۆری مێدیاکان دەنگی دایەوە. نەتەوەی کورد زۆر تایبەتمەندی باش و بە وەجی هەیە بەڵام بێ تایبەتمەندی خراپ و بێ کەلکیش نیە. دوو لەو تایبەتمەندییانەی کە هەرکات زەرەری لەو نەتەوەیە داوە زوو هەڵچوون لە لایەک و کێچی خەڵک پێ بەگا بوون لە لایەکیترە! ئەو کورتە بابەتەدا هەوڵێکە بۆ لێکدانەوەیەکی خێرا لە سەر هەلومەرجی دەورانپشتی نەک هەر ئەو بانگەشەیە بەڵکوو گشت چەشنە ئاڵوگۆڕێکی نامۆ.

کاتێک “شتیک”ی نۆێ، واتە ئاڵوگۆڕێکی نامۆ دێتە ئاراوە، دڵەڕاوکە دەخاتە ناو خەڵکەوە. هۆکاری ئەو  دڵەڕاوکێیە بە زۆری دەگەڕێتەوە سەر نەبوونی زانیاری لە سەر ئاڵوگۆڕە نامۆیەکە. ئەوە ئەسڵێکی ناسراوی تاک و کۆمەڵگایە. هەر ئەو ڕۆژانە بە دوای ئەو بانگەشەیەدا خولیای بابەت و نووسراوەی تایبەت بووم مخابن چم دەست نەکەوت جگە لە دوو بابەت، یەکیان هەواڵ و پرسیار، ئەوی تریان شیکارێکی بە ڕواڵەت زانستییانە. پرسیار و رەخنە بۆ چاکسازی زۆر بە جێیە و پێویستی حورمەتە. کاتێک باسی شیکاری زانستییانە دەکەین پێویستە بنەمای زانیاری تێر و تەسەلی بۆ بخەیەنە بەر چاو. هەرچی دەگەڕێم چ زانیارێکی ئەوتۆ لە سەر ئەو بانگەشەیە دەست ناکەوێ. هۆکاری ئەوەی کە هیچ یەک لە ڕژیمەکانی داگیرکەر تا ئێستا هەڵوێستیان لەسەر ئەو بانگەشەیە نەگرتووە دەگەڕێتەوە سەر نەبوونی زانیاری تێر و تەسەل و پێم وایە ئەگەر ئێمە لە ڕژیمەکانی داگیرکەر عاقڵتر باین، ڕۆژمان بۆ ئەوڕۆ نەدەگەیشت. هەر بۆیە ناکرێ بابەتێکی زانستییانە لە سەر ئەو ئاڵوگۆڕە بنووسرێ. نامۆیی گشت چەشنە ئاڵوگۆڕێکی نەناسراو بە زانیارییەوە دەسڕێتەوە. بەڵام بە خۆشییەوە ئەوە خەریکە وردە وردە زانیاری لە سەر ئەو بانگەشەیە دیتە بەرچاو و ڕێگە بۆ شیکاری دەکاتەوە.

لە مێژووی خەباتی نەتەوەی کورد زۆر ڕێگە و شۆین پێ هەیە کە کوردی پێدا ڕۆیشتووە، زۆربەی هەرە زۆری ئەو ڕێگە چارانە دووپات و چەند پات بوونەتەوە بەڵام بە چ ئاکامێک نەگەیشتوون. ساویلکەیی سیاسەتی کورد دەوەدایە کە ئەو ڕێگە تاقیکراوەانەی بێ ئاکام، هەر دێت و تاقی دەکرێتەوە. کەم کەس هەیە کە بوێری ئەوەی هەبێ پێ بخاتە شۆێنێک کە کەسی پێدا نەڕۆیشتبێ بەو هیوایەی کە ڕێچکەیەک بۆ نەوەکانی داهاتوو بەجێ هێڵێ. ئەوەش ئەسڵێکی فەرهەنگی خەباتکاری و شۆڕشگێرییە کە کەم کەس هەیە بوێری رەت کردنەوەی هەبێ. لەو پەراویزەدا بە ڕای من پێویستە کەسایەتی بیرمەند و ڕۆناکبیر لە سەر ئاڵوگۆڕەکە هەڵویست بگرن و جاریکیتر بیسەلمێنن کە توانایی لێکدانەوەیان لە سەر دۆخی نادیاردا هەیە.

مەسەلەکە وانیە کە بڵێین “یان خانی خانان یان تۆزی بانان” بەڵام ڕاستە کە “شتێکی” نۆێیە، زوورنای کۆن و لە کەڵک کەوتوو نیە کە هەر تێی تووڕێنی و دەنگی نەیە، بانگەشەکە کرا و خەریکە دەنگ دەداتەوە. کەواتە با ئەو پرسیارە لە خۆمان بکەین ئاخۆ خێرێکی بۆ نەتەوەکەمان تێدایە یان نا؟ پێم وایە هەڵسەنگاندنێکی بە دوور لە ڕەشبینی بۆ ولامێکی سەرزارەکی بۆ ئەو پرسیارە پێویستە. هەڵسەنگاندنێک کە بە شۆین دۆزینەوەی خێرو بێری “کۆدار” بێت. بەو پێوەرە، هەڵسەنگاندنی نووسەر لە دۆخی هەنووکەییدا و بە پێی کەم بوونی زانیارییەوە، بە چەشنێک، یەک لاکەرەوەیە. بۆچی؟ لە لایەک بە هۆی ئەوەکە ئاڵوگۆڕێکی نۆێیە و لە لایەکیترەوە ئایا سیاسەتی کۆن مرادی نەتەوەی کوردی بە حاسل گەیاندوە؟ کە واتە چ عەیبێکی هەیە ئەگەر سیاسەتێکی نۆی تەجرەبە کەین؟ بەتایبەت کاتێک سەیر دەکەین هیچ داگیرکەرێک ورەی هەڵوێستی پەیدا نەکردوە، دەکرێ بە گەشبینییەوە بڕوانینە ئەو ئاڵوگۆڕە نۆێیە کە دەتوانێ بە هاودەنگی لایەنەکانی سیاسی قورساییەکی تایبەت پەیدا بکات.

جەماڵی عەڵیاڵی ١١/٠/٢٠١٤