ڕاگه‌یاندراو سه‌باره‌ت به به‌ڕێوه‌چوونی پلینۆمی دەیەمی کۆمیته‌ی ناوه‌ندیی حیزبی دێـموكڕاتی کوردستان
کۆمیته‌ی ناوه‌ندیی حیزبی دێموکڕاتی کوردستان، هه‌ڵبژێراوی کۆنگره‌ی پازده‌هه‌م، له رۆژه‌کانی 17 تا 20ی جۆزه‌ردانی 1393ی هه‌تاوی (به‌رامبه‌ر به 7 تا 10 ی ژووئه‌نی 2014ی زایینی) ده‌هه‌مین پلینۆمی خۆی به به‌شداریی ئه‌ندامانی ئه‌سڵی و جێگران و راوێژکارانی کۆمیته‌ی ناوه‌ندی به‌ڕێوه برد.
له‌و پلینۆمه‌دا که به ساتێک بێده‌نگی بۆ رێزگرتن له گیانی پاکی شه‌هیدانی رێگای رزگاریی کوردستان ده‌ستی پێ کرد، پاش په‌سند کرانی ده‌ستووری کاری پلینۆم، سه‌ره‌تا هاوڕێ خالید عه‌زیزی سکرتێری گشتیی حیزبی دێموکڕات راپۆرتێکی سیاسیی که ئاوڕدانه‌وه له رووداو و ئاڵوگۆڕه سیاسییه‌کانی نێوان دوو پلینۆمی له ئاستی جیهان و ناوچه و ئێران و کوردستان و سیاسه‌ت و هه‌ڵوێسته‌کانی حیزب له‌و پێوه‌ندییه‌یدا له خۆ گرتبوو، پێشکه‌ش کرد. ئه‌م راپۆرته پاش هه‌ڵسه‌نگاندن و تاوتوێ کردن له‌لایه‌ن ئه‌ندامانی پلینۆم به‌مه‌به‌ستی به‌رچاوڕوونی به‌خشین به سیاسه‌ته‌کانی له‌مه‌ودوای حیزب به‌په‌سندی کۆمیته‌ی ناوه‌ندی گه‌یشت.
له ده‌سپێکی راپۆرته‌که‌دا که بۆ باسی ئاڵوگۆڕه‌کانی سه‌ر ئاستی نێونه‌ته‌وه‌یی ته‌رخان کرابوو، ئاماژه به ململانه‌ی نێوان زلهێزه‌کان به‌تایبه‌تی رۆژئاوا و رووسیه له‌پێوه‌ندی له‌گه‌ڵ قه‌یرانی ئۆکراین و پرسی کریمه‌دا کرابوو و کاریگه‌رییه‌کانی ئه‌و پله نوێیه له گرژیی نێوده‌وڵه‌تی له‌سه‌ر دۆسیه‌کانی دیکه‌ی ناوچه به‌تایبه‌تی قه‌یرانی سوریه و مامه‌ڵه له‌گه‌ڵ ئێران‌دا خرابوونه به‌ر باس. سه‌باره‌ت به کێشه‌ی ئێران و کۆمه‌ڵگای نێوده‌وڵه‌تی له‌سه‌ر پرسی ناو‌کی، پلینۆم له‌و باوه‌ڕه‌دا بووکه له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌دا که چاره‌سه‌رکردنی ئه‌و مه‌سه‌له‌یه به قازانجی کۆمه‌ڵانی خه‌ڵکی ئێرانه، تاقمی باڵاده‌ست له کۆماری ئیسلامی‌دا هێشتا وه‌ک کارتێکی گه‌مه ده‌ڕوانێته ئه‌و پرسه و به ئه‌نقه‌ست گرێوگۆڵ ده‌خاته نێو پرۆسه‌ی چاره‌سه‌ر کردنی هه‌تا وێڕای به‌رده‌وامی له‌سه‌ر گوتاری به‌ناو ئینقلابی و ئاڕمانگهرایانهی خۆی، هه‌م له خاڵی گه‌یشتن به مه‌رامه ستراتیژی و شاراوه‌کانی له‌بواری پیشه‌سازیی ناوکیدا نزیکتر بێته‌وه و هه‌م له بواره‌کانی تری ململانه و گرژی دروست کردن له ناوچه‌دا ئه‌م پرسه وه‌ک ئامرازێکی فشار به‌كار بێنێ. له‌لایه‌کی دیکه‌شه‌وه ئه‌مه ده‌بێته هۆی ئه‌وه که کۆمه‌ڵگای نێوده‌وڵه‌تی هه‌روا به‌و کێشه‌یه‌وه سه‌رقاڵ بێ و پرسی هه‌ره سه‌ره‌کی له کۆمه‌ڵگای ئێران‌دا که بریتیه له دێموکڕاسی و مافی مرۆڤ و ئازادییه‌کانی خه‌ڵک له په‌راوێزدا بمێنێته‌وه و به‌مجۆره رێژیم بتوانێ له‌سه‌ر پێشێلکارییه‌کانی خۆی له‌و بواره‌دا به‌رده‌وام بێ.
هه‌ر له‌م پێوه‌ندییه‌دا پلینۆمی کۆمیته‌ی ناوه‌ندی له‌و باوه‌ڕه‌دا بوو که سه‌ره‌ڕای ئه‌وه که کۆماری ئیسلامی به دنه‌دانی کۆمه‌ڵێک کێشه و قه‌یران بۆ دراوسێکانی و وڵاتانی نزیک هه‌وڵ ده‌دا رۆڵی هێزێکی ده‌ستڕۆیشتوو له ناوچه‌که‌دا بگێڕێ، به‌ڵام هاوکات بۆخۆی به‌ده‌ست کۆمه‌ڵێک کێشه‌ی جیددی له‌بواری ململانه‌ی نێوان باڵ و ژێرباڵهکانی خودی حاکمییه‌ت، قه‌یرانی دارایی و ئابووری به‌تایبه‌تی له‌ژێر کاریگه‌ریی گه‌مارۆ نێوده‌وڵه‌تییه‌کاندا، قووڵبوونه‌وه‌ی گیروگرفته مرۆیی و کۆمه‌ڵایه‌تییه‌کانی نێو کۆمه‌ڵگای ئێران و له هه‌مووشی گرینگتر سووربوونی چین و توێژه جۆراوجۆره‌کانی ئه‌و کۆمه‌ڵگایه له‌سه‌ر خه‌بات بۆ وه‌دیهێنانی مافه مرۆیی و دێموکراتییهکانیاندا به‌رۆکی ئه‌و رێژیمه‌یان گرتووه و رێژیم تا ئێستاش که سێ ده‌یه و نیو له حاکمییه‌تی راده‌برێ هه‌روا له چاره‌سه‌ی ئه‌م کێشانه و له کپ کردنی ده‌نگی خه‌ڵکدا داماو و ده‌سته‌وه‌ستان ماوه‌ته‌وه.
له گۆشه‌نیگای تایبه‌ت به کوردستانیشه‌وه، پلینۆم له‌و باوه‌ڕه‌دا بوو که سه‌ره‌ڕای به‌رده‌وامیی سیاسه‌تی دژه مرۆیی و دژه‌گه‌لییانه‌ی رێژیم و فشار و زه‌بر و زه‌نگی دام و ده‌زگاکانی سه‌رکوت ده‌رهه‌ق به گه‌لی کورد له رۆژهه‌ڵاتی کوردستان –پاش هاتنه‌سه‌رکاری سه‌رکۆماری نوێش-، ویستی ئازادی و ئیراده‌ی خه‌باتگێڕانه‌ی خه‌ڵکی کوردستان هه‌ر له جێی خۆیه‌تی. چالاکی و تێکۆشانی رۆڵه‌کانی کورد له‌نێوخۆ بۆ به‌ربه‌ره‌کانی و خۆڕاگری له به‌رامبه‌ر سیاسه‌ته‌کانی رێژیم‌دا و بۆ هێنانه‌گۆڕێی مافه نه‌ته‌وایه‌تی و دێموکراتیکه‌کانیان هه‌روا به‌رده‌وام و به‌شێوه‌گه‌لی نوێ له په‌ره‌ئه‌ستاندن دایه. هه‌ربۆیه‌شه کۆمیته‌ی ناوه‌ندی کار و تێكۆشانی چالاکانی سیاسی و مه‌ده‌نیی کورد له به‌ستێنه جۆربهجۆرهکانیدا به‌رز نرخاند و له‌و باوه‌ڕه‌دا بوو که به‌ده‌ر له بابه‌تی بێ باوه‌ڕی و بێ ئیراده‌یی کۆماری ئیسلامی‌یش بۆ که‌مکردنه‌وه‌ی فشار له‌سه‌ر خه‌ڵك و رێگه‌دان به دروستبوونی بواری جموجۆڵ و تێکۆشانی سیاسی و مه‌ده‌نی، جێی خۆیه‌تی بژارده‌کانی کۆمه‌ڵگای مه‌ده‌نیی کورد له نێوخۆی وڵات له هه‌ر ده‌رفه‌تێک بۆ به مه‌سه‌له هێشتنه‌وه‌ی پرسی کوردستان که‌ڵک وه‌ربگرن. حیزبی دێموکراتی کوردستان و سه‌رجه‌م هێزه سیاسییه تێکۆشه‌ره‌کانی کورد له رۆژهه‌ڵاتی کوردستانیش پێویسته به‌رده‌وام ئه‌و راستییه‌یان له‌به‌رچاو بمێنێ که ده‌بێ مه‌یدان و مه‌به‌ستی سه‌ره‌کیی کار و خه‌باتی ئێمه نێوخۆی وڵات و روو به نێوخۆی وڵات بێ و پێویسته له‌مه‌وبه‌دواش به رێکاری گونجاو بایه‌خ و گرینگیی زۆرتری پێ بدرێ.
هه‌ر له‌و چوارچێوه‌یه‌دا، پلینۆمی کۆمیته‌ی ناوه‌ندی له‌و باوه‌ڕه‌دا بوو که فره‌چه‌شنییه‌کانی نێو کۆمه‌ڵگای رۆژهه‌ڵاتی کوردستان به‌تایبه‌تی له‌بواری ئایین و ئایینزاکاندا پێویسته وه‌ک ده‌وڵه‌مه‌ندییه‌ک و به چاوی رێز و حورمه‌ته‌وه سه‌یر بکرێن. هه‌ر له‌و کاته‌دا به‌ڵام پێویسته هه‌موو چین و توێژه‌کانی کۆمه‌ڵگای رۆژهه‌ڵاتی کوردستان به سوننی و شیعه و یارسان و هی تره‌وه له خه‌بات و تێکۆشانی خۆیان بۆ وه‌ده‌ستهێنانی مافه ره‌واکانیاندا یه‌كگرتوویی نه‌ته‌وه‌یی کورد بپارێزن و رێگه به کۆماری ئیسلامی نه‌ده‌ن که به مانۆڕه فێڵکارییهکانی خۆی له‌و جۆره فرهچهشنییانه بۆ درز خستنه‌وه له‌نێوریزه‌کانی خه‌ڵکی کوردستان و به لاڕێدا بردن و گۆڕینی سروشت و جه‌وهه‌ری مه‌سه‌له‌ی کورد له ئێران که‌ڵكی خراپ وه‌ربگرێ.
له‌سه‌ر ئاستی کوردستاندا به‌گشتی، پلینۆمی کۆمیته‌ی ناوه‌ندی وێڕای سه‌رنجدان به دوایین ئاڵوگۆڕه سیاسییه‌کانی پارچه‌کانی دیکه‌ی کوردستان، له‌و باوه‌ڕه‌دا بوو که له هه‌مان کاتدا که به به‌راورد له‌گه‌ڵ ساڵانی پێشووتر هه‌ل و ده‌رفه‌تی له‌بار بۆ بردنه پێشی پرسی کورد له‌و پارچانه‌ی کوردستاندا له‌گۆڕێدایه، به‌ڵام نیگه‌رانیی خۆیشی له دابه‌شبوونی هێز و لایه‌نه کوردییه‌کان له په‌راوێزی ململانه‌ی نێوان هێزه ناوچه‌ییه‌کاندا و به‌رده‌وامیی زێهنیه‌تی یه‌كتر قبووڵ نه‌کردن ده‌ربڕی و ده‌فته‌ری سیاسیی حیزبی راسپارد که په‌یامی حیزبی دێموکڕات له‌مه‌ڕ پێشگیری له به‌رده‌وامی و قووڵبوونه‌وه‌ی ئه‌و دابه‌شبوونانه به چه‌شنێک که که‌لێن بخاته یه‌كڕیزیی نه‌ته‌وه‌ی کورد به ئه‌کته‌ره گرینگه‌کانی گۆڕه‌پانی سیاسه‌تی کوردی بگه‌یه‌نێ.
له‌پێوه‌ندی له‌گه‌ڵ باشووری کوردستاندا پلینۆمی ده‌هه‌می کۆمیته‌ی ناوه‌ندی وێڕای پێداگرتنه‌وه له‌سه‌ر گرینگیی یه‌کگرتوویی سه‌رکردایه‌تیی سیاسیی کورد له مامه‌ڵه له‌گه‌ڵ کێشه‌کانی نێوان هه‌رێم و به‌غدا و رووبه‌ڕووبوونه‌وه‌ی سیناریۆ و ئه‌گه‌ره‌کانی سه‌ر ڕێ، ناڕه‌زایه‌تیی خۆی له‌پێوه‌ندی له‌گه‌ڵ ئه‌و به‌شه له وته‌کانی نوێنه‌ری حکومه‌تی هه‌رێمی کوردستان له تاران ده‌ربڕی که بۆته مایه‌ی دڵگرانی و بریندار بوونی هه‌ستی تێکۆشه‌رانی کورد له رۆژهه‌ڵاتی کوردستان. کۆمیته‌ی ناوه‌ندی وێڕای وه‌بیرهێنانه‌وه‌ی رابردووی برایه‌تی و هاوپێوه‌ندی و هه‌ستی به‌رپرسایه‌تیی کورده‌کانی رۆژهه‌ڵات ده‌رهه‌ق به باشووری کوردستان و کارنامه‌ی سه‌ربه‌رزانه‌ی حیزبی دێموکڕات له‌بواری پێوه‌ندی له‌گه‌ڵ ده‌وڵه‌تانی حاکم به‌سه‌ر کوردستاندا، وێڕای ده‌رک کردنی هه‌لومه‌رجی ئه‌مڕۆی پێوه‌ندی و بهرژهوهندیییهکانی حکومه‌ت و لایه‌نه‌کانی هه‌رێمی کوردستان، له‌و باوه‌ڕه‌دا بوو که هه‌م زه‌رووره‌ت و ریساڵهتی یه‌کێتی و رووحی نه‌ته‌وه‌یی کورد و هه‌م ته‌نانه‌ت به‌رژه‌وه‌ندیی جێگه و پێگه‌ی هێزه‌کانی کورد له باشووری کوردستان له زه‌ینی کورده‌کانی رۆژهه‌ڵاتدا ئه‌وه ده‌خوازێ که به‌رپرسانی ئه‌م پارچه‌یه‌ی کوردستان به چاوی حورمه‌ته‌وه بڕواننه رابردووی پڕشنگداری کورده‌کانی رۆژهه‌ڵات هه‌م له‌بواری خه‌بات و فیداکاری بۆ مافه ره‌واکانی خۆیان و هه‌م له‌بواری هاوپێوه‌ندی له‌گه‌ڵ پارچه‌کانی دیکه‌ی کوردستاندا و له هه‌ڵوێست و لێدوانه‌کانی خۆیاندا هه‌ستی رۆڵه‌کانی کورد له رۆژهه‌ڵات و له پارچه‌کانی دیکه‌ی کوردستاندا به‌گشتی خه‌وشدار نه‌که‌ن.
ئه‌وه‌نده‌ی ده‌گه‌ڕێته‌وه سه‌ر باکووری کوردستان، کۆمیته‌ی ناوه‌ندی له‌و باوه‌ڕه‌دا بوو که تا ئه‌و جێگایه‌ی له به‌رژه‌وه‌ندی درێژخایه‌نی دابینکردنی مافه نهتهوایهتییهکانی کورد له تورکیه‌دایه، پێویسته هه‌موو هه‌وڵێک بدرێ که به‌ستێنێک که بۆ بردنه پێشی پرسی کورد له‌رێگای سیاسی و دیالۆگه‌وه له‌و وڵاته‌دا هاتۆته پێش له‌بار نه‌چێ. سه‌باره‌ت به رۆژئاوای کوردستانیش، پلینۆمی کۆمیته‌ی ناوه‌ندی وێڕای دووپاتکردنه‌وه‌ی ئامانجییهکڕیزیی هێزه‌کانی کورد له‌و پارچه‌یه‌ی کوردستاندا و پێویستیی پێکهێنانی به‌ستێنێکی ئاوه‌ڵا و هه‌مه‌لاگیر بۆ به‌شداری و بڕیاردانی هاوبه‌شی هه‌موو هێزه‌کان له چاره‌نووسی ئه‌م پارچه‌یه‌ی کوردستاندا، به‌شداری نه‌کردنی کانتۆنه‌کانی کورد له رۆژئاوای کوردستان له شانۆسازییههڵبژاردنی سه‌رۆک کۆماریدا که رێژیمی به‌شار ئه‌سه‌د له جه‌رگه‌ی قه‌یرانی خوێناوی و ماڵوێرانکه‌ری ئه‌و وڵاته‌دا به‌ڕێوه‌ی برد به هه‌ڵوێستێکی دروست و له‌جێی خۆیدا زانی.
له‌سه‌ر ئاستی ئۆپۆزیسیۆنی ئێرانی‌دا، پلینۆمی کۆمیته‌ی ناوه‌ندی له‌گه‌ڵ وه‌بیرهێنانه‌وه و به‌داخبوونی له هه‌موو ئه‌و په‌رش و بڵاوی و که‌موکوڕییانه‌ی ئۆپۆزیسیۆنی ئێرانی به‌رده‌وام به‌ده‌ستیه‌وه ده‌ناڵێنێ، پێویستیی درێژه‌دانی پێوه‌ندی و دیالۆگ له‌گه‌ڵ هێز و لایه‌نه سیاسییه‌کانی ئێران به‌مه‌به‌ستی دروستکردنی تێگه‌یشتنی هاوبه‌ش سه‌باره‌ت به دواڕۆژی سیاسیی ئێران و دابینبوونی مافه ره‌واکانی نه‌ته‌وەکانی ئه‌و وڵاته‌ی دووپات کرده‌وه.
تا ئه‌و جێگایه‌ی ده‌گه‌ڕێته‌وه سه‌ر ئۆپۆزیسیۆنی کورد له رۆژهه‌ڵاتی کوردستانیش، پلینۆمی کۆمیته‌ی ناوه‌ندی له‌و باوه‌ڕه‌دا بوو که له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌دا که که‌شی ئێستای نێوان هێز و لایه‌نه‌کان به به‌راورد له‌گه‌ڵ رابردوودا مایه‌ی خۆشحاڵی و دڵگه‌رمییه، به‌ڵام هه‌ر له‌و کاته‌دا پێویسته ئه‌و که‌شه گونجاوه له پێوه‌ندییه‌کانی نێوان لایه‌نه‌کانی رۆژهه‌ڵاتی کوردستان چوارچێوه و رێکاری به‌کرده‌وه‌ی له‌بواری خه‌بات و تێکۆشانی هاوبه‌ش و دروستکردنی ئیراده‌ی تۆکمه‌تری نه‌ته‌وه‌یی و گڕوتین به‌خشین به خۆڕاگری و خۆڕێکخستنی کۆمه‌ڵانی خه‌ڵکی کوردستاندا لێ بکه‌وێته‌وه.
هه‌ر له‌و چوارچێوه‌یه‌دا و سه‌باره‌ت به پرسی نێوان دێموکراته‌كان و وه‌ستانی دانیشتنه‌کانی نێوان دوو لایه‌ن، ئه‌گه‌ر چی حیزبی دیموکراتی کوردستان، لێکدانه‌وه و خوێندنه‌وه‌ی خۆی بۆ هۆکاره‌کانی وه‌ستانی ئه‌م دانیشتنانه هه‌یه، به‌و حاله‌ش،کۆمیته‌ی ناوه‌ندی، ده‌فته‌ری سیاسیی حیزبیراسپارد که تا ئه‌و جێگایه‌ی بۆ حیزبی دێموکڕاتی کوردستان ده‌گه‌ڕێته‌وه، بۆ ده‌سپێکردنه‌وه‌ی ئه‌و وتووێژانه و له‌پێناوی دۆزینه‌وه‌ی رێگاچارهسهرهیهکی هاوبه‌ش بۆ ئه‌م کێشه‌یه یارمه‌تیده‌ر بێ.
له بڕگه‌یه‌کی دیکه‌ی کاره‌کانی پلینۆمی ده‌یه‌می کۆمیته‌ی ناوه‌ندیدا، هه‌ر کام له کۆمیسیۆن و ئۆرگانه سه‌ره‌کییه‌کانی کاروباری حیزب له کوردستان و ده‌ره‌وه‌ی وڵات راپۆرتی کار و تێکۆشانی یه‌کساڵی رابردووی خۆیان پێشکه‌ش کرد که له‌لایه‌ن رێبه‌ریی حیزبه‌وه ئه‌و راپۆرتانه هه‌ڵسه‌نگێندران و وێڕای ده‌ستنیشانکردنی خاڵه به‌هێز و لاوازه‌کانی کار و تێکۆشانی به‌شه کارییه جۆراوجۆره‌کانی حیزب رێنوێنی و بڕیاری پێویست له‌و پێوه‌ندییه‌دا به‌په‌سند گه‌یشت.
له به‌شێکی دیکه‌ی کاره‌کانی پلینۆم‌دا، ئاییننامه‌یه‌ک که ده‌فته‌ری سیاسی سه‌باره‌ت به بنه‌ما و چوارچێوه‌ی ئه‌رک و رۆڵی راوێژکارانی ده‌فته‌ری سیاسی ئاماده‌ی کردبوو، له‌لایه‌ن کۆمیته‌ی ناوه‌ندیی حیزبه‌وه که‌وته به‌ر باس و په‌سند کرا.
پێویسته بگوترێ که له دوایین به‌شی کاره‌کانی پلینۆمی ده‌یه‌مدا،دوو که‌س له ئه‌ندامانی جێگری کۆمیته‌ی ناوه‌ندی وه‌ک ئه‌ندامی ئه‌سڵیی کۆمیته‌ی ناوه‌ندی هه‌ڵبژێردران و سه‌ره‌نجام پاش چوار رۆژ کار و گفتوگۆی به‌رده‌وام پلینۆم کۆتایی به‌کاره‌کانی خۆی هێنا.
حیزبی دێموکڕاتی کوردستان
ده‌فته‌ری سیاسی
21 ی جۆزه‌ردانی 1393 (11 ی ژووئه‌نی 2014)