مافی مرۆڤ لای ئێمه‌و، لای ئه‌وان! کوێستان فتووحی
ماوه‌یه‌ک له‌مه‌وبه‌ر هاووڵاتییه‌کی ره‌شپێستی ئه‌مریکایی له تێک‌هه‌ڵچوونێک له گه‌ڵ پۆلیسێکی وڵاته‌که‌ی‌دا کوژرا. دوای ئه‌و ڕووداوه، خه‌ڵکی زۆربه‌ی شاره‌گه‌وره‌کانی ئه‌مریکا دژی ره‌فتاری توندوتیژئامێزی پۆلیس، ناڕه‌زایه‌تییان ده‌ربڕی‌و ئه‌و کردوه‌وه‌ی پۆلیسیان شه‌رمه‌زار کرد.
لووتکه‌ی خۆپیشاندان و ناڕه‌زایه‌تییه‌کانی خه‌ڵکی ئه‌مریکا ئه‌و کاته بوو که دادگا بڕیاری بێتاوانیی پۆلیسه‌که‌ی دا و حوکمی ئازادیی درا.
لێره‌دا من ناچمه سه‌ر ورده‌کاری ئه‌م ڕووداوه که له ئه‌مریکا ڕووی داوه و بووه هۆی ئاڵۆزی له شاره‌کانی ئه‌مریکا و دواتریش لێکدانه‌وه و ته‌فسیری جۆراوجۆری لێکه‌وته‌وه. ئه‌وه‌ی له‌م به‌شه‌ی‌دا جێی سه‌رسووڕمان بوو میدیا و ڕا‌گه‌یه‌نه‌کانی ڕێژیمی ئێران بوون که به جۆرێک مه‌سه‌له‌که‌یان باس ده‌کرد و گه‌وره کردبووه‌وه، ده‌تگوت له وڵاته‌که‌ی خۆیان دا هه‌رگیز تاوانی له‌م‌چه‌شنه به ده‌ستی به‌رپرسان و مه‌ئموورینی ڕێژیمه‌که‌یان ڕووی نه‌داوه!
بۆ ئێمه‌ی باوه‌ڕمه‌ند به ماڤی مرۆڤ سه‌رنجڕاکێشه و هه‌میش جێی خۆشحاڵییه که ده‌بینین مافی مرۆڤ له نێو کۆمه‌ڵگه جۆراوجۆره‌کان‌دا چ گرنگییه‌کی هه‌یه‌و کوژرانی مرۆڤێک ده‌توانێ کاریگه‌ری گه‌وره له‌سه‌ر ئه‌منییه‌تی وڵاتێک دابنێ. له زۆر وڵات‌دا خه‌ڵک ئه‌و مافه‌یان هه‌یه دژی توندوتیژییه‌کانی پۆلیس‌و به‌رپرسانی ئه‌منییه‌تیی وڵاته‌که‌یان به هه‌ر بیانوویه‌ک بێ ئازاری خه‌ڵک بده‌ن، یان بکوژن، بێ ترس بێنه شه‌قام‌و خۆپیشاندان بکه‌ن و له به‌رابه‌ر ئه‌و هێزه‌ی که پارێزه‌ری گیان‌و ماڵی خه‌ڵکی وڵاته‌که‌یانن، ڕاده‌وه‌ستن و بۆ دیفاع له مافی ئینسانه‌کان هیچ بیانوویه‌ک قه‌بووڵ ناکه‌ن. زۆر جار خه‌ڵکانی باوه‌ڕمه‌ند به‌ماڤی مرۆڤ، ده‌سه‌ڵاتی وڵاته‌که‌یان ناچار کردوه داوای لێبورن له خه‌ڵک بکه‌ن یان وا هه‌بووه به‌رپرس یان به‌رپرسانێکی پایه‌به‌رز ناچار بوون ده‌ست له پۆسته‌که‌یان بکێشنه‌وه.
به‌ڵام له هه‌مان کاتیش دا که بیر له خۆمان‌و خه‌ڵکی وڵاتی ئێران ده‌که‌مه‌وه دڵته‌نگ ده‌بم که له سه‌ده‌ی بیست‌و یه‌ک‌دا‌و له ژێر سێبه‌ری جاڕنامه‌ی مافی مرۆڤ‌دا، ده‌بینین ڕۆژانه له لایه‌ن ئه‌و هێزانه‌ی به‌و ناوه‌ی ئه‌منییه‌تی وڵات ده‌پارێزن! کوشتنی ئینسانه‌کان وه‌ک ئاو خواردنه‌وه وایه! و خه‌ڵک نه‌ک پێی داناچڵه‌کن، به‌ڵکوو بۆشیان پرسیار نیه تا بێنه شه‌قام و ئێعتڕاز ده‌ربڕن‌و بڵێن بۆ و به چ تاوانێک؟ زۆرجار پێچه‌وانه‌که‌یمان دیوه، زۆرن ئه‌و خه‌ڵکانه‌ی له شاره‌کانی ئێران شاڵاو ده‌به‌ن بۆ شه‌قامه‌کان نه‌ک بۆ ناڕه‌زایه‌تی ده‌ربڕین له کوشتاری مرۆڤه‌کان، به‌ڵکوو به‌داخه‌وه ده‌چن بۆ سه‌یری گیان لێسه‌ندنی ئینسانه‌کان له لایه‌ن ده‌سه‌ڵاته‌وه! (بڕواننه وێنه‌ی “اعدامهای خیابانی”)
له وڵاته‌که‌ی ئێمه بۆ که‌س ده‌نگی ئه‌و که‌سانه نابیسێ که خوازیاری به ئازدیی ژیانن، به‌ڵام له لایه‌ن ده‌سه‌ڵاته‌وه ئازادییان لێ سه‌ندراوه؟ زۆر ئازاراوییه له سه‌روبه‌ندی ڕۆژی جیهانیی مافی مرۆڤ دا زیاتر له 25 زیندانیی سیاسیی کورد له‌ده‌ست بێمافییه‌کانیان له نێو زیندانه‌کان مان له خواردن ده‌گرن، به‌ڵام که‌س ده‌نگی مافخوازییان نابیسێ و بێن هاواریان تێکه‌ڵ به هاواری ئه‌م ئینسانانه بکه‌ن! له حاڵێک‌دا سه‌رۆک‌کۆماری ده‌وڵه‌تی به‌ناو “تدبیر” زۆر بێشه‌رمانه ڕووبه هه‌واڵنێره خاریجییه‌کان ده‌ڵێ، “ئێمه له ئێران زیندانیی سیاسیمان نیه”! ده‌سه‌ڵات دیاره چ ده‌سه‌ڵاتێکه! به‌ڵام خه‌ڵک ئه‌گه‌ر هه‌ستیان به بوونی ڕۆڵه زیندانییه سیاسییه‌کانیان بکردایه‌و ئازایه‌تی و شه‌هامه‌تی ده‌نگ هه‌ڵبڕینیان هه‌بوایه، ده‌بوو له‌م قسه‌یه‌ی حه‌سه‌ن رووحانی وه‌ده‌نگ بهاتنایه بیانگوتایه به‌ڵگه‌مان هه‌یه بۆ ئه‌م درۆیه!
بۆ که‌س تراژیدیای کوشتاری ئه‌و کۆڵبه‌رانه نابینێ که بۆ په‌یداکردنی بژیوی ژیانی خاو وخێزانیان ڕێگای مردن ده‌گرنه‌به‌ر و به‌بێده‌نگی له‌سه‌ر سنووره‌کان به تفه‌نگی به‌ناو پارێزه‌رانی سنووری وڵاته‌که‌یان، گیانیان لێ ده‌سه‌ندرێ؟ ئه‌ی ئه‌گه‌ر ئه‌مه تراژیدی پێشێل کردنی مافی مرۆڤ نیه چی دیکه ده‌توانێ له‌وه تراژیدیاتر بێ؟ ….
بۆ که‌س گوێی له ده‌نگی به‌ژانی ئه‌و ژنانه نیه که به‌تاوانی “بێ‌حیجابی” ئه‌سید باران کراون؟ له‌هه‌مووی ترسناکتر به‌رپرسانی پایه‌به‌رزی ڕێژێمی ئێران دیسان بێشه‌رمانه ده‌لێن له هه‌موو کۆمه‌ڵگه‌یه‌ک‌دا ئه‌م ڕووداوانه ڕووده‌ده‌ن، به‌ڵام عه‌واملی ئیستکبار! له ئێمه‌ی گه‌وره ده‌که‌نه‌وه!
ئایا ئوپۆزیسیۆنی ئێرانیی خاریجنشین که ته‌حه‌مولی پێشێلکردنی مافی مرۆڤ له هیچ وڵاتێکیان نیه‌و بۆ قسه‌کردن له‌سه‌ر مافی مرۆڤی وڵاتانی دیکه وه‌پێش خه‌ڵکانی مافخوازی جیهان که‌وتوونه‌وه! ناتوانن ده‌نگی بێمافییه‌کانی خه‌ڵکی وڵاته‌که‌ی خۆیان به گوێی ته‌واوی بنه‌ماڵه‌ی ڕێکخراوی نه‌ته‌وه‌یه‌کگرتووه‌کان بگه‌یه‌ن‌و هاوار بکه‌ن ئایا جاڕنامه‌ی جیهانیی مافی مرۆڤ ته‌نیا نووسراوه‌یه‌کی سه‌ر کاغه‌زه؟! یان خه‌ڵکانی وڵاتی ئێمه شایسته‌ی ئه‌و مافه نین که پێی ده‌ڵێن مافی مرۆڤ؟
هه‌موو ساڵێک له لایه‌ن ڕێکخراوی مافی مرۆڤی نه‌ته‌وه یه‌کگرتووه‌کانه‌وه، یه‌کێک له‌و وڵاتانه‌ی به پێشێل کردنی مافی مرۆڤ تاوانبار ده‌کرێ، ڕێژیمی کۆماری ئیسلامیی ئێرانه. به‌ڵام هیچکات به‌هۆی پێشێل کردنی مافی مرۆڤه‌وه ئه‌و ڕێژیمه ته‌حریمی نه‌خراوه‌ته‌سه‌ر‌و ئه‌و باسه نه‌بۆته باسێکی جیددی له نێوان ئێران و دنیای ڕۆژئاوا‌دا. وتووێژه‌کانیش له نێوان ئێران‌و وڵاتانی رۆژاوا‌دا ته‌نیا پێوه‌ندیی به مه‌سه‌له‌ی ناو‌کی ئێرانه‌وه بووه‌و پرسی مافی مرۆڤ که‌وتۆته بن هه‌موو پرسه‌کانی دیکه‌وه. هه‌ر بۆیه ئه‌و ڕێژیمه بۆ مانه‌وه‌ی خۆی له ده‌سه‌ڵات‌دا زۆر بێباکانه له نێو وڵاته‌که‌ی خۆی‌دا درێژی به جینایه‌ت‌و کردوه دژی ئینسانییه‌کانی داوه له دژی ئازادیخوازن‌و نه‌ته‌وه جۆراوجۆره‌کانی ئێران به‌تایبه‌تی نه‌ته‌وه‌ی کورد له ئێران.
10ی دیسامبر ڕۆژێکه که له ڕۆژمێری ڕێکخراوی نه‌ته‌وه یه‌کگرتووه‌کان‌دا به ڕۆژی جیهانیی مافی مرۆڤ ناوی لێ‌نراوه. 66 ساڵ له‌مه‌وبه‌ر له‌و ڕۆژه‌دا به‌یاننامه‌ی جیهانیی مافی مرۆڤ به په‌سندی وڵاتانی ئه‌ندامی رێکخراوی نه‌ته‌وه یه‌کگرتووه‌کان گه‌یشت تاکوو ببێته بنه‌مایه‌کی جیهانی بۆ رێزگرتن له مافی ئینسانه‌کان، به‌ڵام به‌داخه‌وه به‌رژه‌وه‌ندییه ئابوورییه‌کانی زلهێزه‌کانی ڕۆژاوا ئه‌م په‌سه‌ندکراوه جیهانییه‌ی هیچکات وه‌ک کارتێکی فشار بۆ سه‌ر ڕێژیمی ئێران به‌کار نه‌هێناوه. ئه‌مساڵێش وه‌ک ساڵانی ڕابردوو، له کاتێک دا یادی ئه‌و ڕۆژه کرایه‌وه، که به‌رپرسان‌و ده‌سه‌ڵاتدارانی ئێران تاوانبارن به پێشێل کردنی مافه‌کانی مرۆڤ به‌ڵام وتوێژه‌ناوکییه‌کان له گه‌ڵ ڕۆژئاوا که‌یسی مافی مرۆڤی له ئێران سپاردوه به مێژوو!