بە یادی پێشمەرگەی دێرین و قارەمان؛ نەمر ئەبووبەکر مەلا حەسەن

بە یادی پێشمەرگەی دێرین و قارەمان؛ نەمر ئەبووبەکر مەلا حەسەن
ئەبووبەکر مەلا حەسەن
لە ساڵی ١٣٣٧ی هەتاویدا لە گوندی «دەڵاوان»ی سەر بە شارستانی پیرانشار، لە بنەماڵەیەکی وەرزێر و نیشتمانپەروەردا لەدایک بووە. دوای سەرکەوتنی شۆڕشی گەلانی ئێران، حیزبی دێمۆکراتی کوردستانی ئێران، هەروەک سەردەمی کۆماری کوردستان، دیسانەوە درێژەی بەو ڕێچکە پیرۆزە دا بۆ بەدیهێنانی داوا ڕەواکانی گەلەکەی لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان. لە هەموو ناوچە، شار و گوندەکانی ڕۆژهەڵات، لاوان پۆل پۆل دەهاتنە ڕیزی تێکۆشەرانی حیزبی دێمۆکرا تەوە.
ئەبووبەکر ئەحمەدی، ناسراو بە « ئەبووبەکری مەلا حەسەن»، خەڵکی ئاوایی دەڵاوان، ڕووی لە ڕیزی پێشمەرگەکانی حیزب کرد و لە هێزی ئاوارەی « قەندیل»، لکی ٣، دەستەی شەهید مراد شیرێژ، بۆ پاراستن و بەرگریکردن لە خاکی نیشتمان چەکی شەڕەفی کردە شان. هەرچەندە گوندی دەڵاوان گوندێکی بچووکە، بەڵام لەو گوندە بچووکەدا پێشمەرگەی قارەمانی لێ هەڵکەوتووە؛ وەک شەهیدان: عەلی پیرچیانە، حاسڵ ڕەحمانی (ناسراو بە حاسڵ ریماس) و نەمر ئەبووبەکر مەلا حەسەن.


کاک ئەبووبەکر یەکێک لەو پێشمەرگە تێکۆشەر و قارەمانانە بوو کە لە سەرانسەری ناوچەکانی پیرانشار، بەتایبەت لە شەڕەکانی سەر ڕێگای سەردەشت – پیرانشار و سەردەشت – بانەدا، نموونە بووە و مێژوو شاهیدیی قارەمانێتیی ئەوی دەدات. کاتێک دوژمن لە ١٦ی پوشپەڕی ١٣٦٢ی هەتاویدا (١٦/٤/١٣٦٢)، لە کاتژمێر چواری بەیانی هێرشێکی گەورەی بۆ سەر بەشێک لە بەرزاییەکانی مەڵبەندی پیرانشار دەستی پێ کرد، لە هەندێک شوێن و بەرزایی، پێشمەرگە و پاسدار تێکەڵ بە یەکتر بوون. زیاتر لە هەشتا پێشمەرگەی حیزب لە لکی ٣، یەکێتیی لاوان و کۆمیتەی ناوچەی بەربنە لە لایەن دوژمنەوە ڕێگایان لێگیرا.
دوای چەند کاتژمێرێک لە « بستووی شێوران» لە نێوان ئاواییەکانی خەراپە و شێلمجاڕان، پێنج شه‌ش پێشمەرگە کە لەودیوی گەمارۆکەدا بوون، لە چەند میتریی دوژمنەوە بەسەر سینگ و بە ئانیشکەوە بۆ نێو دوژمن هاتن. ئەو پۆلە پێشمەرگەیە پێکهاتبوون لە: شەهید مراد کاڕەش، ئەبووبەکر مەلا حەسەن، کاوێس جەباریان، ڕەحمان و دوو پێشمەرگەی دیکە. ئەوان توانیان گەمارۆی دوژمن تێک بشکێنن و ڕێگەیەک بکەنەوە و هەرچی لەسەر ڕێگایان بوو لەناوی بەرن. قارەمانە ڕێگالێگیراوەکان تەنانەت شەهید و بریندارەکانیشیان بەجێ نەهێشت؛ بە شێوەیەک کە تەرمی پیرۆزی شەهید ڕەحمان دەوڵەت (لە لکی ٣) و چەند بریندارێک بە کۆڵ و شانی پێشمەرگەکان ڕزگار کران. بەشێکی شانازی و بوێریی ئەو سەرکەوتنە بۆ ئەو قارەمانانە دەگەڕێتەوە کە ئامادە بوون گیانی خۆیان وەپێش گیانی هاوسەنگەرانیان بخەن، کە یەکێک لەوان نەمر ئەبووبەکر مەلا حەسەن بوو.
گەنەدارێی مەنگوڕان و میشەدێ
دوای هێرشە یەک لە دوای یەکەکانی کۆماری ئیسلامی بۆ ناوچەی نەڵێن ـ گەدە، دوژمن جاڕێکی دیکەش لە ٢٦ی گەلاوێژی ١٣٦٢ی هەتاویدا هێرشی هێنایەوە بۆ دۆڵی میشەدێ، پشتی هەنگەوێ و کێوەکانی نێوان میشەدێ و تووژەڵێ. لەو کاتەدا بنکەکانی لکی ٣ لە ئاوایی گەنەدارێی مەنگوڕان بوون کە دەکەوتە نووکی هێرشی دوژمنەوە. لە هەموو لایەکەوە ڕووبەڕووی قارەمانانی دێموکرات بوونەوە. ئەو هێرشە ڕۆژێک دوای گرتنی جەژنی ٢٥ی گەلاوێژ بوو. لە ٢٦ی گەلاوێژدا، لە نێوان ئاواییەکانی گەنەدارێی مەنگوڕان و میشەدێ، لە لایەن پێشمەرگەکانی لکی ٣وە پێشیان پێ گیرا و لەو بەرگرییەشدا ئەبووبەکر مەلا حەسەن بریندار بوو.
کاک ئەبووبەکر دوای ساڵانێکی زۆر لە تێکۆشان و پێشمەرگایەتی، ڕووی لە هەندەران کرد و لە وڵاتی نۆروێژ جێگیر بوو. ناوبراو دوای بەرەنگاربوونەوەیەکی درێژخایەن لەگەڵ نەخۆشی، لە ڕۆژی ٥ی خەزەڵوەری ١٤٠٥ی هەتاویدا (٢٧/١٠/٢٠٢٦) بەهۆی نەخۆشییەوە لە وڵاتی نۆروێژ کۆچی دوایی کرد و ماڵئاوایی یەکجارەکی لە بنەماڵە و هاوسەنگەرانی کرد.
بەداخەوە کە بەشێک لە تێکۆشەرانی ڕێگای ئازادی، ڕزگاریی کوردستان و گەڕانەوەیان بۆ باوەشی نیشتمانەکەیان بە چاوی خۆیان نەدی، بەڵام دڵنیاین کە میراتگرانی ئەو ڕێبازە پیرۆزە، کاروانی خەبات دەگەیەننە لوتکەی ڕزگاری و ئازادی.
سڵاو لە گیانی پاکی نەمر ئەبووبەکر مەلا حەسەن و هەموو ئازادیخوازانی ڕێگای ڕزگاری.
سەید عەلی هاشمی ٢٨/١٠/٢٠٢٦