نامەیەکی سەر ئاواڵا بۆ سەرۆکی هەرێمی کوردستان (کوردستانی باشوور)! هاشم ڕۆستەمی

نامەیەکی سەر ئاواڵا بۆ سەرۆکی هەرێمی کوردستان (کوردستانی باشوور)!
زۆر بەڕێز کاک نێچیرڤان بارزانی!
هەر وەک ئاگادارن لێدوانەکانی بەڕێزتان لە “دیداری میری” دا سەبارەت بە پارتە سیاسیەکانی کوردستانی خۆرهەڵات، هەم لە دونیای مەجازی و هەم لە دونیای واقعیەتی سیاسی و نەتەوەیدا کۆمەڵیک نیگەرانی لێکەوتۆتەوە کە بێ گومان پشت گوێ خستن و بە هێند نەگرتنیان، ستراتیژی نەتەوەییمان توشی زیانی قەرەبوو نەکراوە دەکات.
لەم هەل و مەرجەدا کە جەنابتان لە بواری ئیدارییەوە گەورەترین بەرپرسایەتی هەرێمتان لە سەر شانە و لە بواری تەشکیلاتی و سیاسیشەوە، کەسی دووهەمی گەورەترین پارتی هەرێمی کوردستانن، بێ گومان هەر جۆرە لێدوانێکی بەڕێزتان، ئەویش بە تایبەت بە لای بواری مەنفیدا، کاریگەریەکی بەرفراوان لە گوڕەپانی خەباتی نەتەوایەتیدا لە دوای خۆیدا بە جێ دێڵێ. جێی خۆیەتی لێرەدا ئاماژە بە وتەیەکی گرینگی سیاسی بکەم کە دەڵێ: ” پیاوی سیاسی دەبێ بزانێ چ نەڵێ”.
لە ماوەی دەیان ساڵ بەرپرسایەتی گرینگی سیاسی و ئیداریدا کە لە سەر شانی جەنابت بووە و بە وەبەر چاو گرتنی هەل و مەرجەکە، ئەلحەق باشیش بەڕێوت بردوون، بەڕێزتان وەک کەسێکی دەوڵەتمەدار و دۆزەرەوەی ڕێگە چارەسەرەکان ناسراوی. بە پێی ئەو پاشخانە و بە پێی ئەو بەرپرسایەتیە سیاسی و نەتەویییە کە لە سەر شانی بەڕێزتانە، ئەو جۆرە لێدوانانە دژ بە تێکۆشەرانی کوردستان خۆر هەڵات، ئەویش لە مێدیای ئازاددا لە بەڕێزتان چاوەڕوان کراو نەبوون.
ئەو رەخنەیەی کە لەم بوارەدا لە بەڕێزتان دەگیردرێ نابێ هەمووی لە ڕوانگەی هەست و سۆزی نەتەوەییەوە سەیر بکرێت، بەڵکو باشتر وایە بە شیوەیەکی زانستی هەڵسەنگاندن بۆ لێدوانەکەی بەرێزتان بکرێ. جەنابت گلەیی دەکەی و دەفەرمووی کە “هێزە بەرهەڵستکارەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان” لە گەرمەی شەڕی ئەمریکا و ئێراندا زۆر نابەرپرسانە جووڵانەوە و هەرێمی کوردستانیان خستە بەردەم مەترسییەکی گەورە.
بۆ ئەوەی واقعبینانە هەڵسەندگاندن بۆ ئەم ئیددعایەی بەڕێزتان بکەین با بە چەند پرسیار دەست پێ بکەین!
1- ئایا ئەگەر هیچ کام لە حیزب و رێکخراوەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان لە نێو خاکی هەرێمدا نەبایەن، لە گەرمەی ئەم شەڕەدا کە بە تایبەت هێزەکانی ئەمریکا بە ئاشکرایی حزوری بەرچاویان لە هەرێم هەبوو، هیچ مەترسیەکی لە سەر هەرێم نەدەبوو؟!
2- لەو سەردەمدا کە هەموو چاوەکان لە سەر ئاڵ و گؤڕی گەورە لە ئێراندا بوون، ئەگەر هێزەکانی خۆرهەڵاتی کوردستان ئامادەکارییان بۆ هەموو ئەگەرەکان نەکردبایە، دواتر هەر لە لایان کەسانی وەک بەڕێزتانەوە، بە بێ پلان و بەرنامە وەسف نەدەکران؟
3- ئایا لێدان لە ماڵێ جەنابت، لێدان لە بارەگای بارزانی، لێدان لە ماڵی شێخ باز، لێدان لە پاڵاوگە نەوتیەکان، لێدان لە فڕۆکەخانەکان کە هەموویان پێش شەڕی چل ڕۆژە بوون، خەتای ئامادەکاریی هێزەکانی خۆرهەڵاتی کوردستان بوون؟
بۆ خۆ بواردن لە دوور و درێژ بوونی نووسینەکەم خۆ لە بەڵگە هێنانەوەی زیاتر دەپارێزم، ئەگینا دەیان پرسیاری تری لەم چەشنە هەن کە وەڵام دانەوەی دروست پێێان، بەو ئاکامەمان دەگەیەنێت کە گلەیی و تۆمەتەکەی بەرێزتان لە حیزبەکانی خۆرهەڵاتی نیشتیمان بنەمای زانستییان نەبوو. جا کارەساتەکەش لێردایە کە گلەیی و لێدوانی لەم چەشنە، لێکەوتە و کارەساتی نازانستیش بەدوای خۆیدا دێنێت.
کاک نێچیرڤانی بەڕێز!
هێزەکانی خۆرهەڵاتی کوردستان لە هەرێم بونیان هەبێ یا نەبێ، دەبێ ئەم ڕاستیە لای هەموانمان ڕوون بێت کە بە دوو هۆکاری زۆر سەرەکی، هەرێمی کوردستان لە بەردەم پەلامار و هەڕەشەی چەند لایەنە دایە. یەکەم: چوونکە هیچ کام لەو داگیرکەرانەی کە کوردستانیان بەسەردا دابەش کراوە، چاویان بەو ” حکومەتی هەرێمە” هەڵنایە و بە مەترسی بۆ سەر داهاتووی خۆیانی دەزانن.
دووهەم: ئێمە بمانهەوێ یا نەمانهەوێ، ئێستا خۆرهەڵاتی نێوەڕاست بەسەر دووبەرەی دژ بەیەکدا دابەش بووە. بەرەیەک کۆماری ئیسلامی و حیزب و رێکخراوە تیرۆریستیەکانی ناوچەکەن کە لە یەمەن ڕا تا دەگاتە لوبنان و فەلەستین و… عێراق بونیان هەیە و بە بەرەی موقاومە ناسراون و سەرجەمیان دژایەتییان لەگەڵ ویستە نەتەوایەتییەکانی گەلی کورد هەیە و دانی خێری پێدا ناهێنن.
بەریەکیش ویلایەتە یەکگرتوەکانی ئەمریکا، ئیسرائیل و وەڵاتانی غەربی و وڵاتانی کەنداون، کە بە حەق هەرێمی کوردستانیش بە شێوەیەکی بەرچاو لە نێو ئەم بازنەیە دایە.
ئەوەی هەرێمی کوردستان لە ڕوانگەی کۆماری ئیسلامییەوە وەک هەڕەشە و مەترسی حیساب دەکرێت، بۆ ئەو دوو هۆکارە دەگەڕێتەوە نەک بۆ ئامادەکاری هێزەکانی کوردستانی خۆرهەڵات.
لە کۆتاییدا لازمە ئاماژە بەوەش بکەم کە نە ڕاگەیەندراوەکەی بارەگای بارزانی و نە لێدوانەکانی ڕاوێژکاری سەرۆکی هەرێم لە ڕووداو، تا ئێستاش نەیانتوانیوە زیانەکانی ئەو لێدوانەی بەرێزتان قەرەبوو بکەنەوە. بە تایبەت وتەکانی بەڕێز ڕاوێژکاری سەرۆکئ هەرێم لە رووداو کە لێدوانەکانی جەنابتی پەیوەست کرد بە هێندێک باس و خواسی سەر تؤڕە کۆمەڵایەتیەکانی دونیا مەجازی لەو سەردەمدا. لە وڵامی ئەم بەڕێزەشدا دەکرێ بڵێن: لێی گەڕێ بەڕێزم. چاکی مەکە با خراپتر نەبێ.
بەڕێز سەرۆکی هەرێم!
جوودا لەم باسانە، ئەوەی نزیکەی سی ساڵە هەرێمی کوردستانی لەبەر دەم مەترسی گەورەدا داناوە، ناتەبایی و دژایەتی کردنی خۆبەخۆی حیزب و رێکخراوەکانی ئەم بەشەی کوردستانە کە زۆر جار بۆتە هۆکاری دانی ئیمتیازی گەورە بە داگیرکەرانی کوردستان.
لەگەڵ هەموو ئەو گلەیی و سەرنجانە، پاراستی قەوارەی هەرێمی کوردستان ئەرکی سەرشانی هەموو تاکێکی نیشتمانپەروەری کوردستانە.
هاشم ڕۆستەمی
١٥،١٠.٢٠٢٦