چیتان لە ڕۆژهەڵاتییەکان دەوێ؟ عەزیز ڕەئووف
چیتان لە ڕۆژهەڵاتییەکان دەوێ؟
لە بەرگری مەردایەتی کوردانی ڕۆژهەڵاتدا
عەزیز ڕەئووف
یەکەم: کوردانی ڕۆژهەڵات بە هێز و بە خەڵک و بە هونەر و ئەدەبیاتیانەوە بەشێکی دانەبڕاوی کوردی ڕەسەن بوون. بەبێ ڕۆژهەڵات خەلەلی گەورە لە کوردبوون و لە جوانییەکانی کورد و رەسەنایەتیدا هەیە. بەبێ ڕۆژهەڵات بۆشاییەکی گەورە لە کوردبووندا دروست دەبێت.
دووەم: بەدرێژایی خەباتی چەکداری کوردانی باشور، ڕۆژهەڵات بە هێز و بە خەڵک و بە گوند و شارەکانیانەوە پشتیوانی سەرسەختی باشوور بوون. ئەوپەڕی نامەردییە جوانیەکانی ڕۆژهەڵات نەنینین و ئەو هەموو پشتیوانییەی ئەوان بەهەند وەرنەگرین.
سێیەم: سێ دەیە زیاترە هێزە کوردییەکانی ڕۆژهەڵات لە کوردستانی باشور رێزی ئەم ئەزموونە پڕ لە کەم و کوڕییەی ئێمەیان گرتووە و لە سەر سنورەکانەوە سەریەشەیان بۆ دروست نەکردوین و بەردەوام وەک خۆمان چاویان لەسەر ئەوە بووە کە ئەم ئەزموونە لەسەرپای خۆی بووەستێ و هەرگیز نەبوون بە داردەستی هیچ دەسەڵاتێکی ناوچەیی.
چوارەم: هیزەکانی کوردستانی باشوور سەریەشەی گەورەیان بۆ ڕۆژهەڵات دروست کردووە و سەرکردەیان بەدەستی خەباتی چەکداری باشور تیرۆر کراوە و بە دەیان پیشمەرگەی ڕۆژهەڵات تەسلیم بە ئێران کراونەتەوە و لە باشووریش لەماوەی سی ساڵی ڕابردوو چەندین سەرکردە و پێشمەرگەی ڕۆژهەڵات شەهید بوون و لانی کەم ئەم دەسەڵاتە پڕ لە کەم و کوڕییەی باشور بێدەنگی هەڵبژاردووە. بەڵام هەرگیز نەمانبینی بەدەستی پێشمەرگەی حزبەکانی ڕۆژهەڵات خوێن لە لوتی منداڵێکی باشور بێت و هەم کۆمەڵە و هەم دیموکراتی دکتۆر قاسملو ئامادە نەبوون بچنە بەرەی دوژمن بەرامبەر بە کوردانی باشور وەک ئەوەی هێزی کوردی هەبووە لە باشور بۆتە چاوساخی پاسداران و خوێنی چەندین کوردیان لە ڕۆژهەڵات ڕشتووە.
پێنجەم: ئەوپەڕی هەستکردنە بە نابەرپرسیاری کە گوێبیستی گوتەی بەرپرسانی باشور دەبین کە حزبە شۆڕشگێرەکانی ڕۆژهەڵات بە ئەنجامدانی کردەی نامەسئولانە تاوانبار دەکەن و بەرامبەر ئەم هەموو ئاگربارانەی کۆماری ئیسلامی بۆ کەمپەکانی ڕۆژهەڵات بێدەنگ بوون و هەڵوێستیان وەرنەگرت و بەرامبەر بە ڕژانی خوێنی کچ و کوڕە شۆڕشگێڕەکانی ڕۆژهەڵات گوێی خۆیان لێ کەڕکرد.
شەشەم: هەر لەم باشورە شەهیدانی ڕۆژهەڵات بە ترسەوە دەنێژران و بەرپرسانی ئەم هەرێمە تەنانەت نەیاندەوێرا ناڕەزاییەک دەربڕن، بەڵام هەموو سەرەیان گرتبوو بۆ پرسەی خامنەیی و قاسمی سولەیمانی و بە پیاوی ئاشتی جیهانی وەسفیان دەکردن. هەموو ئەم کردەوە قێزەونانەی بەرپرسانی باشور و خاترگرتنی کۆماری ئیسلامی پەڵەیەکی ڕەشە بە نێوچەوانی ئەم بەرپرسانەوە بە خۆیان و پارت و پۆستەکانیانەوە.
حەوتەم: کوردانی ڕۆژهەڵات بەشێکی دانەبراوی هەم کوردبوون و هەم مرۆڤبوونن لە دنیای ئێمەدا و بەشێکن لە ڕۆحی ئێمە و کردەی نابەرپرسیارانەی بەرپرسانی باشور ناتوانێ تۆزقاڵێک لەم پەیوەندییە ڕۆحیەی باشور و ڕۆژهەڵات کەم بکاتەوە و خەباتی کوردانی ڕۆژهەڵات خەباتێکی ڕەوایە و لە پێشەوا و قاسملو، لە کاک فواد و دکتۆر جەعفەری شەفیعیی و شەهید غەزاڵ مەولانەوە بەردەوامە و تا بە گەیشتن بە ئامانجە رەواکانی بەردەوام دەبێت و ئەرکی هەموو کوردێکی باشوورە بەرگری پشتیوانی لەم خەباتە ڕەوایە بکات بە هیوای هەڵهاتنی خۆری ئازادی لە ڕۆژهەڵات.