کۆچی دوایی پێشمەرگەی دێرین و خۆشناو کاک مەولان نستانی
کۆچی دوایی پێشمەرگەی دێرین و خۆشناو کاک مەولان نستانی
بەداخ و پەژارەیەکی زۆرەوە کاک مەولان مەولانی ناسراو بە مەولان نستانی لە تەمەنی ٧٨ ساڵی دا و بە هۆی نەخۆشی لە شاری قەڵادزێ کۆچی دوایی کرد.
کاک مەولان نستانی خەڵکی گوندی نستان لە ناوچەی رەبەت بوو، کاک مەولان مرۆڤێکی خاکی و مێهرەبان و خۆشەویست بوو، بە هۆی ئەوە کە هەر دوو براکانی شەهید محەممەد نستانی و کاک ئەحمەد نستانی پێشمەرگە بوون ، قورسایی ژیانی هەموو بنەماڵەکەیان کەوتە سەر شانی کاک مەولان و ئەویش بە حەق هەموو هێز و توانای خۆی بۆ بژیوی ژیانی بنەماڵەکەی تەرخان کرد بوو.
کاک مەولان گەرمێن و کوێستانی دەکرد بۆ ئەوەی بتوانێ بە هەموو ئەندامانی بنەماڵەکەی ڕابگات و بتوانێ ژیانێکی ئاسوودەیان بۆ دابین بکا.
بە هۆی ئەوە کە دوو برای پێشمەرگەی حیزبی دێموکرات بوون، بۆ خۆشی لە کەسە دیارەکانی نێو ڕێکخراوی نەهێنی حیزب بوو، مرۆڤێکی جێگەی متمانەی هەموو لایەک بوو، لەگەڵ ڕووخانی ڕژێمی شا ڕاستەوخۆ چەکی پێشمەرگایەتی لە شان دەکا و دواتر وەک پێشمەرگە و ئەندام ڕوو لە چیا دەکا و دوای شەهید بوونی کاک محەممەد نستانی ئەرکی ژیانی قورستر دەبێ.
لەگەڵ پاشەکشەی هێزی پێشمەرگە بۆ سنوور و باشووری کوردستان کاک مەولان بە ماڵ و منداڵەوە ئاوارەی بەشی باشوور دەبێ و بە ناچار لە قەڵادزێ دەگیرسێتەوە و سەرپەرەستی دایکی و هەموو منداڵەکان وەئەستۆی خۆی دەگرێ و هاوکاتیش لەگەڵ کۆمیتەی قەڵادزێ کاری حیزبی خۆی رادەپەڕێنێ.
کاک مەولان مرۆڤێکی دڵپاک، میواندۆست و کوردپەروەر بوو، لە هەموو تەنگژە و ناخۆشیەکان دا لە تەنیشت حیزب ئامادە دەبوو، زۆر جار بریندارەکانی حیزبی لە لای خۆی رادەگرتن و خزمەتی دەکردن و بەشێکی بەرچاو لە کادر و پێشمەرگەکانی حیزبیش پێداویستیەکانی خۆیان لە ڕێگەی کاک مەولانەوە دابین دەکرد.
بەداخەوە کاک مەولان ماوەیەکی زۆر تووشی نەخۆشی درێژخایەن ببوو، لەگەڵ ئەوە دا لە ژێر چاوەدێری پزیشکی دابوو، بەڵام بەداخەوە نەخۆشی بە سەر جەستەی کاک مەولان دا زاڵ بوو و لە ڕێکەوتی ١١-١٠-٢٠٢٦ی زائینی لە شاری قەڵادزێ ماڵئاوایی لە ژیان کرد.
بە بۆنەی کۆچی دوایی کاک مەولان، سەرەخۆشی لە بنەماڵەی تێکۆشەری نستانی و هەموو ئەندامانی بنەمالەکەیان، کاک ئەحمەد نستانی و کوڕ و کچەکانی و هاوسەری ژیانی و تێکرای خزمانیان لە نێوخۆی کوردستان و دەرەوەی وڵات دەکەم و خۆم بە شەریکی خەمیان دەزانم.
ڕووحی شاد و جێگەی بەهەشت بێ.
حەمەڕەسووڵ کەریمی
ماڵپەڕی گیاڕەنگ
١١-١٠-٢٠٢٦ی زائینی
