گوندی قوڵەسوێروێ لە ناوچەی سەردەشت و کۆچی دوایی کەسایەتی خۆشناو مام برایمی حەمەجۆڵای

گوندی قوڵەسوێروێ لە ناوچەی سەردەشت و کۆچی دوایی کەسایەتی خۆشناو مام برایمی حەمەجۆڵای

بە پێی هەواڵی گەیشتوو کەسایەتی خۆشناو و کوردپەروەر و پێشمەرگە خۆشەویست، مام برایم ئەسپەندار ناسراو بە برایمی حەمەجۆڵای قوڵەسوێروێ، بە هۆی بەساڵاچوویی و دوای ماوەیەک بەربەرەکانی لەگەڵ نەخۆشی کۆچی دوایی کرد.

گوندی قوڵەسوێروێ گوندێکی بچووک و دانیشتوانەکەی هەموویان بە یەکەوە خزمی نزیکی یەکترن، هەڵکەوتەی جوغرافیایی ئەو گوندە وای کردووە کە هەمیشە لە نێو سرووشتی جوانی دار بەڕوو و لێرەوارەکانی دەوروبەری و لە بناری کێوی بەردلیس و لە نێوان گوندەکانی ئەسپەمێزە، دۆڵەگەرم، شێبانە، فەقێ سێمان، خڕێ ئاغەڵان و قازان دا جێگەی سرنجی هەموو لایەک بێ، دانیشتووانی ئەو گوندە و گوندەکانی دەوروبەری مرۆڤگەلێکی کاسب، وەرزێر و لە هەمان کاتدا نیشتمانپەروەر و خاوەن چەند شەهیدی پایەبەرزی نێو بزووتنەوەی ڕزگاریخوازی گەلەکەمانن، لە نێو ئەو هەڵکەوتە جوغرافیاییە دا چەندین گەورە کەسایەتی شۆڕشگێر خزمەتیان بە گەل و نیشتمان کردووە،

لەگەڵ ئەوەدا گوندی قوڵوسوێروێ گوندێکی بچووکە، بەڵام لەمێژ ساڵە و لە سەردەمی کۆماری کوردستانەوە بە هۆی بوونی مرۆڤی وەک کوێخا مەحموود کوڕی مام کوێخا مستەفا و چەند کەسایەتی دیکە، شۆڕشگێرانی هەر دوو بەشی باشوور و ڕۆژهەڵات، متمانەیەکی زۆریان بە دانیشتوانی ئەو ناوچەیە هەبووە، جێگەی ئاماژەیە کە مام کوێخا مەحموود، پێشمەرگەی کۆماری کودستان بووە و لە کاتی هێرشی ئارتەشی حەمەرەزاشا، لە ڕێکەوتی١٢-٠٤-١٣٢٥ی هەتاویدا بۆ سەر پێشمەرگەکانی کۆماری کوردستان لە نێوان گوندەکانی هەورازە و دارساوێن دا، کوێخا مەحموود مەحموودزادە لە بەرگرییەکی قارەمانانە دا شەهید دەبێ و ئەو بەرەنگارییە، دەبێتە بەردی بناغەی شۆڕشگێری خەڵکی قوڵەسوێروێ و گوندەکانی دەوروبەری و هەر لەم شەڕەدا کەسایەتی شۆڕشگێر و تێکۆشەری نەمر مام حەسەن حەکیمزادە بە سەختی بریندار دەبێ.

دارستان و لێرەوار و مووچە و مەزرا و کانییەکانی گوندی قوڵەسوێروێ، جێ حەشارەگەی شەهید مەلا ئاوارە و دەیان و سەدان کادر و پێشمەرگەی هەموو قۆناخەکانی ئەو بزووتنەوەیە بووە و ئەوەش جێگەی شانازییە کە گوندێکی بچووک لەگەڵ ئەوەدا هەمیشە چاوی دوژمنی بە سەرەوە بووە، بەڵام هیچ کات دانیشتووانەکەی لە زەبر و زەنگی جاش و سوپای پاسداران و ئیتلاعات نەترساون و هەڕەشەکانی حکوومەت نەیتوانیوە چۆک بە خەڵکی ئەو گوندە بچووکە و گوندەکانی دەوربەری دا بدا، بە خۆشیەوە هەنووکەش چەندین کەسی ئەو گوندە و گوندەکانی دەوروبەری، لە ڕیزەکانی حیزبی دێموکرات دا بە سەخاوەتەوە پێشمەرگە و ئەندامی حیزبن و لە کۆمیتەکانی دەرەوەی وڵات خزمەت بە گەل و نیشتمان دەکەن.

مام برایم ئەسپەندار یەکێک لە کەسە دیار و خۆشناوەکانی گوندی قوڵەسوێروێ و شاری سەردەشت بوو، لە ساڵەکانی ١٣٤٧ و ١٣٤٦ی هەتاوی دا دەبێتە ئەندامی حیزبی دێموکرات و لە ژێر هێژموونی کادری تێکۆشەری گەلەکەمان، مامۆستا مەلا خالەق حەفیدی ناسراو بە مەلا سیروان دا کاری حیزبی دەکا، هەر بۆیەش دوای ڕووخانی پاشایاتی، بە دڵەوە وەک پێشمەرگەی کوردستان لە هێزی بەرگری دەبێتە پێشمەرگە و لە سەفی پێشەوەی شۆڕش دا لە تەنیشت مام کوێخا حوسێنی کوێخا مەحموودی، کە فەرماندەری هێزی بەرگری کوردستان بوو، خزمەت بە گەل و نیشتمان دەکا و لەو پێناوەش دا چەند کەس لە ئەندامانی بنەماڵەی دەبنە پێشمەرگە و لە ئەرکی پێشمەرگانە دا شەهید و بریندار و کەم ئەندام دەبن، جیا لە برا و برازاکانی، دوو لە کچەکانی ڕاستەوخۆ لە ڕیزی پێشمەرگایەتی دا وێرای هاوژینە پێشمەرگە تێکۆشەرەکانیان خزمەت بە گەل و نیشتمان دەکەن.

شایانی باسە کە برای مام برایم واتە شەهید فەقێ هەمزە ئەسپەندار لە جووڵانەوەی ساڵەکانی ١٣٤٧ و ١٣٤٦ی هەتاوی دا دەبێتە پێشمەرگەی حیزبی دێموکراتی کوردستان و لە شەڕی “سیتی” لە ناوچەی سەردەشت، لە تەنیشت شەهید حەسەن ئەلیاس و تێکرای پێشمەرگەکان، بەرامبەر بە هێزی ئارتەشی ئێران دەوەستێتەوە و دواتر ساڵانێک لە تەنیشت زۆرێک لە تێکۆشەرانی ئەو سەردەم ئەرکی پێشمەرگایەتی بەرێوە دەبا.

دوای ڕووخانی ڕژێمی شا و خۆداسەپاندنی ڕژێمی نگریسی ئاخوندی فەقێ هەمزە، وەک بەرپرسی بەشێک لە ئەندامانی نەهێنی حیزب لە نێو شاری سەردەشت و گوندەکانی ناوچەدا ئەرکی حیزبی خۆی ڕادەپەڕێنێ، زۆر بەداخەوە بە دەستی پڕتاوان و جەلادانی ئەو ڕژێمە، لە ڕێکەوتی ٢٠-٠٧-١٣٦٥ی هەتاوی لە نێو شاری سەردەشت شەهید دەکرێ.

جینایەتەکانی ڕژێمی نگریسی ئاخووندی ئەوەندە زۆرن کە لە نووسین و گووتن نایەن، لە درێژەی ئەو جینایەتانەدا، کاتێک ڕژێم لە شەڕی ڕووبەڕوو لەگەڵ پێشمەرگەکانی هێزی موعینی (گیاڕەنگ) دا، لە ڕێکەوتی ١٦-٠٣-١٣٦٤ی هەتاوی لە قەراخ گوندی قوڵەسوێروێ، دەستەوەستان دەمێنێتەوە، ڕژێم بۆ قەرەبوو کردنەوەی شکستی خۆی دوو کەس لە ئەندامە تێکۆشەرەکانی ئەو گوندە بە ناوەکانی شەهید سەلیم محەممەدپوور و شەهید محەممەد مەحموودزادە بە دڕندانەترین شیوە شەهید دەکا، جەلادانی ئەو ڕژێمە، شەهید محەممەد لە تەنیشت مۆڵگەکەیان گوللەباران دەکەن و بەم شێوەیە شەهیدی دەکەن، هەر لەم ڕۆژەدا بە داخەوە شەهید شاباز ئیسماعیلی پێشمەرگەی دەستەی یەکی شەهیدانی ٨ی گەلاوێژ شەهید بوو و هاوڕێ کاک محەممەد بایزیدی بریندار دەبێ.

یەکێکی دیکە لە شەهیدەکانی گوندی قوڵەسوێوێ شەهید سمایل محەممەدپوور ناسراو بە سمایلە چکۆڵ، کادر و پێشمەرگەی هێزی گیاەنگ بوو کە لە ڕێکەوتی ١٢-١١-١٣٧١ی هەتاوی لە تەفر و تونا کردن و گرتنی گوردانی بێژوێ لەگەڵ شەهید خدر زێنی لە کاتی هەڵمەت بردن دا، شەهید دەبن و ئەوەش کاروانی شەهیدانی گوندی قوڵەسوێروێ درێژتر و سوورتر دەکا، لە درێژەی جینایەتکانی ژێمی ئیسلامی ئێران دا چەند کەسی دیکەش بە هۆی لە کەمین کەوتن و چوونە سەر مین لە کاتی کاسبی دا گیانیان لە دەستداوە و چەندین کەسیشیان ئاوارەی دوورە وڵات بوون.

مخابن مام برایم بە ئاواتی دڵی خۆی کە ئازادی کوردستان و گەرانەوەی سەربەرزانەی برا و برازا و کچ و نەوە و پێشمەرگەکانی کودستان بوو نەگەیشت، زۆر بەداخەوە مام برایم بە هۆی بە ساڵاچوویی و نەخۆشی و بێ تاقەتی نەیدەتوانی هاتووچۆ بکات و ڕۆژ بە ڕۆژ لاوازتر دەبوو، ئەمرۆ ڕێکەوتی ٠٧-١٠-٢٠٢٦ی زائینی لە ئامێزی گەرمی بنەماڵەکەی دا کۆچی دوایی کرد.

بە بۆنەی کۆچی دوایی مام برایمی حەمەجۆڵای قوڵەسوێروێ، کەسایەتی دیار و خۆشناوی ناوچەی سەردەشت، لە ناخی دڵەوە سەرەخۆشی لە تێکرای ئەندامانی بنەماڵەکەیان، خوشک و برا و کەس و کاری و ئەندامانی بنەماڵەی بەرێز و شۆڕشگێری مام برایم لە نێوخۆی وڵات و دەرەوەی وڵات دەکەم و خۆم بە شەریکی خەمی لە دەستدانی مام برایم دەزانم.

بەداخەوە بە هۆی لەبەر دەست دانەبوونی وێنەی شەهیدان کوێخا مەحموود و سەلیم محەممەدپوور نەتواندرا  لەگەڵ وێنەی سێ شەهیدەکانی‌تر دایان بنێم و هەر هاورێیەک وێنەی ئەو شەهیدانەی هەیە سوپاسی دەکەین بۆمان بنێرێ.

حەمەڕەسووڵ کەریمی

ماڵپەڕی گیاڕەنگ

٠٧-١٠-٢٠٢٦ی زائینی