“ژیلا، ناوێک لە جەرگەی ژیانەوە تا پەراوێزی مەرگ” نووسینی: ناهید حوسێنی

“ژیلا،
ناوێک لە جەرگەی ژیانەوە تا پەراوێزی مەرگ”
ئەم وتارە هەوڵێکە بۆ سەرلەنوێ خوێندنەوەی ژیان و شێعری ژیلا حسەینی، ئەو شاعیرەی کە دەنگی لە سنووری نێوان ئەزموونی کەسی و دیرۆکی کۆمەڵایەتی سەریهەڵدا. ژیلا لە بەستێنی ئاڵوگۆڕە فەرهەنگیییەکانی کوردستاندا، ژیانی بە زبانی شێعر نەخشاند و شێعری کردە شێوازێک لە ژیان. ئەمە گێڕانەوەیەکە لە ژیان و شێعری ژیلا، ئەو هەناسە شێعرییەی لە ناخی ئەزموون، ئازار و ژیانی ڕۆژانە هەڵقوڵا و لە سنووری نێوان ژیان و ئەدەبدا بیچمی گرت، بەبێ ئەوەی خۆی بە هەرکام لەو چەمکانەوە ببەستێتەوە.
سی ساڵ بەسەر کۆچەکەیدا تێپەڕ بووە، بەڵام هەندێک دەنگ هەرگیز پیر نابن. هێشتاش کاتێک ناوی ژیلا دەبیسم، بەرلەهەر شتێك بزەی هێمنی لە زەینمدا زیندوو دەبێتەوە. هەرگیز بیرم لەوە نەدەکردەوە تامەزرۆیی دیدارێک، لە سەفەرێکدا دوا وەرزی ژیانی ژیلا بێت.
هەندێ لە مرۆڤەکان، پاش کۆچیش لە ماڵەکەدا دەمێننەوە. لە جیڕەی درگادا، لە بۆنی جلوبەرگیاندا، لە بێدەنگیی ئێواراندا. ژیلا بۆ ئێمە لەو مرۆڤانە بوو. خوشکێک کە سی ساڵ پێش، دوا سەفەری کرد، بەڵام هەرگیز بەجێی نە‌هێشتین.
ناوی ژیلا ساڵانێکە لە بیرگەی ئەدەبی هاوچەرخی کوردستاندا بوونی هەیە، بوونێک کە هەندێجار تێکەڵ بە لێکدانەوە و بەراورد کردن بووەتەوە کە نەک هەر دەرخەری پێگەی ئەو نەبووە، بەڵکوو زۆرجار شوناسی سەربەخۆی ژیلاشی خستۆتە پەراوێز و سێبەرەوە. جاروبار ناویان لەگەڵ کەسایەتیی ئەدەبی دیکە هێناوە، وەکوو “فروغی کوردستان”، ڕەنگە لەبەر وێکچوویی تەمەنیان، دەنگی ژنانە و پڕ لە ئازاری شێعرەکانیان و ئازاری دابڕان لە جگەرگۆشە و دواجار هەردووکیان بە کارەساتی ئۆتۆمبیل و هەردووکیشیان مەرگێکی گوماناوی و تەمومژاوییان هەبوو… هەندێجاریش ناوبانگی شاعیرانە و هەستۆکییان پێداوە، بەڵام ئەوەی کەمتر بەرچاوکەوتووە، خودی ژیلا بووە، مرۆڤێک کە لە قووڵایی بەستێنێکی ئاڵۆزی کۆمەڵایەتی، کولتووری و سیاسی بوو بە خاوەنی دەنگی خۆی. ژیلا بۆ من و بۆ ئەدەبی کوردی پێویستی بەوە نەبوو لە کەسی دیکە بچێت. ئەو خاوەنی دەنگی خۆی بوو، دەنگێکی سەربەخۆ و بریندار کە هەڵینجاوی قووڵایی ژیان و ئازارەکانی ژنانی ئەم نیشتمانە بوو.
من لە دەرەوەی ژیلاوە باسی ناکەم. من لە ناخی ژیانێکی هاوبەشەوە دەنووسم، باسی ئەو ساتەوەختانە دەکەم کە دواتر بوونە شێعر. سەبارەت بە ژیلا، شێعر نەک هەر چالاکییەکی ئەدەبیی جیا لە ژیان، بەڵکوو بەردەوامیی ڕاستەوخۆی ژیان بوو، درێژەپێدانی ئەزموون، ڕەنج، خۆشەویستی و ڕووبەڕووبوونەوەی جیهان. من شاهێدی زیندووی لەدایکبوونی هەموو شێعرەکانی ژیلام. ئەو شێعرانەی پێش لەوەی بێنە سەر لاپەڕەکان، لە ژیانی ڕۆژانەیدا چێ دەبوون، لە ڕوانینیا، لە بێدەنگییە درێژخایەنەکانیدا و لەو ساتەوەختانەدا کە دونیایەکی جیاوازتر لە خەڵکانی دیکەی دەبینی. ژیلا بۆ من هەر ناوێک نیە لە مێژووی ئەدەبی کوردیدا، بەڵکوو ئەزموونێکی ژیاوە، ئامادە بوونێک کە لە ژوورەکانی ماڵەوە دەستی پێدەکرد و دەبووە وشە.
نووسین سەبارەت بە ژیلا بۆ من گەڕانەوەیە بۆ ئەو ساتەوەختانەی هەرگیز کۆتاییان نەهاتووە. هەرجار لێی نزیک دەبمەوە هەموو سنوورەکانی نێوان بیرەوەریی و برین کاڵ دەبنەوە و نامێنن.
ژیلا سێ ساڵ لە من گەورەتر بوو، ساڵی ١٣٤٣ لە شاری سەقز لەدایک بوو. مەودای نێوان من و ژیلا تەنیا تەمەن نەبوو. زۆربەی خەڵک ژیلا وەکوو ژنە شاعیرێکی نوێگەرای کورد دەناسن کە هەناسەیەکی نوێی وەبەر شێعری ژنانی کورد لە ڕۆژهەڵاتی کوردستاندا هێناوەتەوە، ژنێک کە وشەکانی ئاوێتەی ئازار و ئەوین و ئازادی دەکرد، بەڵام بۆ من سەرەڕای هەموو ئەوانە، پێش لەوەی شاعیر بێت، خوشک بوو. خوشکێک کە بوونی لە ماڵدا بوونێکی ئاسایی نەبوو، لەگەڵ خۆی ڕووناکی دەهێنا، هیوا و متمانەی دەهێنا. هێشتاش پاش سی ساڵ کاتێک ناوی دەبیسمەوە، پێش لە شێعرەکانی، دەنگی پێکەنینەکانی لە زەینمدا زیندوو دەبێتەوە. هەر لە سەردەمی منداڵییەوە، ئامادەبوونێکی هێمن، چاوەدێر و دەروونگەرای هەبوو. مێهرەبانییەکانی ئارام و هێمن بوو، بە سانایی هەستی خۆی دەرنەدەبڕی. لە سەردەمی لاوێتیدا کەمتر پێدەکەنی، نەک تاڵ و تفت بێ، بەڵکوو چەشنێک قووڵ بوونەوە لە نیگایدا بەدی دەکرا کە ژیلای زۆر پێشتر لە هاوتەمەنەکانی لەگەڵ ئاڵۆزییەکانی ژیان و لایەنە شاراوەکانی ژیان ڕووبەڕوو کردبووەوە. زۆربەی هاوڕێکانی لە توێژی کەم‌دەسەڵات و کەم‌داهاتی کۆمەڵگە هەڵدەبژارد. کەسانێک کە ڕەنگە هاوتەمەنەکانی ئەو زۆر بەسانایی بەلایاندا تێدەپەڕین، بەڵام ژیلا ئازار و برینەکانیانی دەبینی. بژاردەیەک کە دەتوانین وەکوو چەشنێک هەستیاریی کۆمەڵایەتی لێکی بدەینەوە، نەک تەنیا وەکوو حەز و ئۆگرییەکی خۆی.
لە بەستێنی بنەماڵەدا، زۆر تاقەتی هاروهاژی و هەراوزەنای هاوتەمەنەکانی خۆی نەبوو. لە کەشێکدا گەشەی کرد کە کتێب و خوێندنەوە پێگەیەکی گرینگی هەبوو. خوێندنەوە بەشێکی دانەبڕاوی ژیانی بوو. بەگشتی لە بنەماڵەکەماندا کتێب و کتێبخانە و خوێندنەوە زۆر بایەخی پێ دەدرا. باوکمان حاکم بوو و کەسێکی خوێندەوار و ئۆگر بە کتێب و خوێندنەوە و زانست بوو. ئەم کەشە چەشنێک بناخە یان ژێرخانی هزری بۆ ژیلا چێ کردبوو. زۆرجار ژیلا بە پێکەنینەوە دەیگوت” بابە تۆ دایەرەتولمەعارفی منی، لەکوێ دامێنم، لاپەڕەیەکت لێ هەڵدەدەمەوە”، ڕەنگە ئەمە ڕستەیەکی ئاسایی بێتەپێش چاو، بەڵام لەودیوی ئەم ڕستەوە، پەیوەندییەکی قووڵی نێوان ژیلا و جیهانی دانایی بەرچاودەکەوێ. کاریگەریی باوکم نەک هەر لەسەر ژیلا بەڵکوو لەسەر هەموو کچەکانی بنەماڵەکەمان بوو. تەنیا هەستیاریی و زانایی وەها باوکێک کە بەداخەوە کەم ژیا، بەڵام پڕبەهرە ژیا، بەرانبەر منداڵەکانی و بەتایبەتی کچەکانی دەتوانێ وەها بکات چوار کچ لە بنەماڵەکەیدا ئۆگری ئەدەب و نووسین بن.
لە کاتی خوێندنی مامناوەندیدا، دەفتەرێکی هەبوو کە تێیدا وێنەی شاعیران و نووسەرانی بە کورتەیەک لە ژیان و نمموونەیەک لە بەرهەمەکانیان ڕادەگرت. ئەگەر ئەمڕۆکە لە گۆشەنیگای لێکدانەوە و شرۆڤەوە سەیری بکرێت، زیاتر لە سەرقاڵیی کچێک لە تەمەنێکی مامناوەندیی لێ بەدی دەکرێت، بگرە چەشنێک لە بیچم گرتنی ئارشیڤی زەینیی شاعیرێک بەرجەستە دەبێتەوە. وەکوو بڵێی لەو تەمەنەوە هەنگاو بە هەنگاو جیهانبینیی ئەدەبیی خۆی بنیات دەنا، جیهانبینییەک کە دواتر بنچینەی دەنگی سەربەخۆی خۆی لەسەر هەڵچنی.
لە خوێندنگە زۆربەی جار دەرەجەی تەواوی لە وانەی ئینشا وەردەگرت. هەر لە تەمەنی لاوێتییەوە دەستی قەڵەمی گرتبوو و دەیزانی چۆن ئەسپی وشەی تاو بدات کە ئاماژەیەکی ڕوون بوو بۆ بەهرەی داهێنان لای ژیلا.
بنەماڵەی ئێمە ئاستیێکی مامناوەندی هەبوو، بەڵام ئەوە ڕێگر نەبوو لەوەی ژیلا ئازار و هەژاریی ئاقاری خۆی نەبینێ، هەمیشە گۆشەنیگای بەرەولای ئەو کەسانە بوو کە کەمتر دەبینران و پەراوێز دەخران. جلوبەرگی سادەی لەبەردەکرد و لە خۆڕادان بەسەر خەڵکدا دووری دەکرد. بوێرییەک لە پشت بێدەنگیی ڕوخساریەوە خۆی حەشار دابوو، ئازایەتییەک کە دواتر لە شێعرەکانیدا ڕەنگی دایەوە. ئازارەکانی ژنان، بەربەستەکان و هەڵاواردنەکان و….هتد. شێعر بۆ ژیلا کوتوپڕ و لە ناخی ئارامییەوە سەری هەڵنەدابوو، بەڵکوو لە قووڵایی قەیرانەکان، شکست و تەنیاییەوە سەری هەڵدا.
هاوکات لەگەڵ ئاڵوگۆڕە سیاسییەکانی ساڵانی شۆڕشی گەلانی ئێران و کەشی تەژی لە گرژیی کوردستان کە زۆر زوو شوێنی بە ژیانێکی ئاسایی تەنگ کرد و شەڕ و نائەمنی و داخرانی قوتابخانەکان بوونە بەشێکی ڕاستییە تاڵەکانی ئەو سەردەمە. ژیانی کەسیی ژیلاش پێی نایە قۆناغێکی ئاڵۆزەوە. لە تەمەنی پازدە ساڵدا ژیانی هاوبەشی پێکهێنا، بڕیارێک کە باشترە لە بەستێنی کۆمەڵایەتیی ئەو سەردەمەدا بیبینین، بەڵام لە ئاستی کەسیی خۆیدا سەرەتای قۆناغێکی ئاڵۆز لە ژیانی بوو کە دواجار دابڕانی لێ کەوتەوە. بەرهەمی ئەو ژیانە کرچ و کاڵە کچێک بوو بە ناوی “بەهار” کە لە ئێستادا لە وڵاتی ئاڵمان دەژی و شاعیرێکی کارامەیە و جێ‌پەنجەی بە ئەدەبی کوردییەوە دیارە.
دابران و دووری لە بەهار، یەکێک لە قووڵترین ئازارەکان و بەسوێترینی برینەکانی ژیلا بوو. دواتر خۆی لە دیمانەیەکدا دەڵێت: “دووری لە بەهار دەروازەی جیهانی شێعری بەڕوودا کردمەوە”. لێرەدا چیدیکە شێعر تەنیا هونەر نییە، بەڵکوو دەبێتە ئالییەتی مانەوە لە بەرانبەر نەماندا. ئێستا تێدەگەم کە شێعر بۆ ئەو تەنیا داهێنانی ئەدەبی نەبوو، چەشنێک لە پەنا بۆبردن بوو، چەشنێک لە ویستی بەردەوام بوون و ڕەنگە ڕێگایەک بۆ مان.
پێش لە دەسپێکی ڕەوتی شێعری، ژیلا بە نووسینی چیرۆک و نۆڤلێت دەستی پێکرد، لەوانە نووسینی نۆڤلێتی “برفنارفتە” بوو. هەرچەند خۆی وەکوو دەسپێکێکی کرچ و کاڵ سەیری ئەو قۆناغەی خۆی دەکرد، بەڵام لە سۆنگەی ئاڵوگۆڕی ئەدەبییەوە، ئەم قۆناغە بەشێکە لە ڕەوتی پوخت بوونی زمانی شاعیرانەی ئەو و تەنانەت لەو داهێنانەشدا هەست بە دڵەڕاوکێی دەروونی، هەستیاری و ڕوانینی جیاوازی ژیلا بۆ دونیای دەرەوەی خۆی دەکرێت.
ساتەوەختی نووسینی یەکەمین دێڕە شێعری ژیلا، لە ڕۆژێکی تەواو ئاسایی ژیانیدا ڕووی دا. لەبەردەم شووشەی دووکانێکی زێڕنگەریدا وەستابووین و سەیری زێڕەکانمان دەکرد. شوێنێک کە هاوکات بەدەم پێکەنین و گاڵتەوە یەکەم دێڕە شێعری ژیانی بیچمی گرت:
” زر در کف آن زرگر چون زر ندرخشید
زر مە بود و زرگر من پرتو خورشید”
ئەم ساتەوەختە، لە ڕوانگەی لێکدانەوەی داهێنانەوە، نموونەیەکە بۆ پشکوتنی کوتوپڕی زمانی شاعیرانە، لە بەستێنی ئەزموونێکی تێدا ژیاودا.
ژیلا بە زمانی فارسی دەستی پێکرد، بە شێعری کلاسیک و زیاتر لە قاڵبی چوارینەدا دەینووسی، بەڵام دواتر لە رادیۆ سنە بووە ئامادەکار و پێشکەشکاری بەرنامەیەک بە ناوی “ئێمە و گوێگرەکان”. زمانی دایکی بوو بە خولیای و دوای کەوت، ئەم ئاڵوگۆڕە تەنیا ئاڵوگۆڕێکی ئاسایی زمانەوانی نەبوو، بەڵکوو گەڕانەوە بوو بۆ شوناسێکی ڕاستەقینەی کولتوری و زمانی. لەوەبەوا هەتا دواچرکەساتی ژیانی، زمانی کوردی بووە بەستێنی سەرەکیی داهێنانە ئەدەبییەکانی.
لەم قۆناغەدا، شێعر بۆ ژیلا هەم پەنا بوو هەم خەبات. پەنایەک بەرانبەر ئازارە کەسییەکانی، گوشارە کۆمەڵایەتییەکان و هەموو نەبوونەکان و خەباتێکی هێمن بەڵام قووڵ بەرانبەر هەڵاواردن لە پێکهاتە ڕەگەزیی، کۆمەڵایەتی و سیاسییەکاندا. لە شرۆڤەکردنی ئەدەبی هاوچەرخی کوردستانی ڕۆژهەڵاتدا، دەتوانین ژیلا لە پێرستی یەکەمین ژنەکاندا بگونجێنین کە بە شێوەیەکی جیددی پێی ناوەتە گۆڕەپانی داهێنان و بڵاوکردنەوەی ئەدەبی بە زمانی کوردی.
لە لایەکی دیکەشەوە، ژیلا لە ئاستی کاریگەریی کۆمەڵایەتیشدا ڕۆڵێکی گرینگی گێڕا. لەو ساڵانەدا و لەو سەردەمەدا ئامادەبوونی ژنان لە کۆڕوکۆبوونەوە ئەدەبی و کولتوورییەکاندا سنووردار، بەرتەسک و کاڵ بوو، ژیلا وردە وردە بوو بە ناوێکی کاریگەر، نەک هەر وەکوو ژنە شاعرێک، بەڵکوو بوو بە دەرەتان. دەرەتانی بینین، نووسین و بوون.
لە تەنشت ئەو چالاکییانەدا، چالاکیی بەرچاوی دیکەشی هەبوو. ژیلا یەکەم کەس بوو، یەکەم ژن بوو کە فێرکاری و ڕاهێنانی زمانی کوردی بردە نێو ماڵەکەی خۆی و ئاستەنگە سیاسی و کۆمەڵایەتییەکانی بەزاند و بەشێوەی نافەرمی دەستی بە راهێنان و فێرکاریی زمانی کوردی کرد و ژنانێکی زۆری لە ماڵەکەی خۆیدا فێری خوێندن و نووسینی زمانی کوردی کرد. ئەم بەشە لە چالاکیی ژیلا کەمتر باسی کراوە و خراوەتە بەر دید، بەڵام لە باری زمانەوانی و کولتوورییەوە هەنگاوێکی گەلێ مەزن بوو، چوونکە سنوورەکانی قەدەغە بوونی فێرکاریی زمانی کوردیی بەزاندبوو.
ڕۆژ لەدوای ڕۆژ، ئامادەبوونی ژیلا لە کۆڕوکۆبوونەوە ئەدەبییەکان جیددیتر و تۆختر دەبووەوە. بەشێکی بەرچاوی ژیانی ببووە بەشداری کردن لە کۆڕی شێعری و سمینارە جۆراوجۆرەکان و پەیوەندی دروست کردن لەگەڵ شاعیران و هونەرمەندان. لە ڕۆژنامەکان و رادیۆکان چاوپێکەوتنی دەکرد و بیر و بۆچوونی خۆی راشکاوانە باس دەکرد. لەگەڵ جەلال مەلەکشا هاوڕێیەتی قووڵی هەبوو، عەباسی کەمەندی هاوڕێی نزیکی بوو، سەردانی ماڵی مامۆستا حەقیقی و مامۆستا ئاوات و مامۆستا هەردی دەکرد. لەهەر کوێیەک سۆراخی وشەی کوردی هەڵکردایە، بە تامەزرۆییەوە ڕووی تێدەکرد.
لە ژیانی کەسیی خۆیدا، لەنێوان ڕۆڵە جیاوازەکاندا دەژیا، ژیانی هاوبەشی پێکهێنابووەوە و ببووە خاوەنی دوو منداڵی دیکە، رامین و ژینا. دایک بوو، هاوسەر و شاعیر بوو و دووری لە بەهار بەردەوام برینێکی بەسوێ بوو بۆی و ساڕێژ نەدەبوو و بە ئازارەکەیەوە گێنگڵی دەدا.
دوا ساڵەکانی تەمەنی، ژیلا ئارامتر و پوختەتر ببوو. دایکێکی مێهرەبان بوو و لە تەنشت ژیانی بنەماڵەییەوە لە نووسین و داهێنان بەردەوام بوو. دەستی لە دەست شێعر بەرنەببوو، تەنیا شێوازی دەستەملانێکەی گۆڕدرابوو، پەیوەندییەکانی زیاتر لە ڕێی نامەگۆڕینەوە بوو. لە نێوان جەلال مەلەکشا و ژیلادا کۆمەڵێک نامەی ئەدەبیی پڕبایەخ و جێی سەرنج ئاڵوگۆڕ کراوە. مامۆستا حەقیقی لە نامەیەکدا، پاش هەڵسەنگاندنی شێعرەکەی ژیلا بۆی نووسیوە: “تۆ مسکیت. مسکیش هەتا بیسوێیتەوە بۆنخۆشتر دەبێت”. هەرجار کە دەمبینی، شێعرێکی تازەی پێبوو و بۆی دەخوێندمەوە. ئەو منی فێری خوێندنەوە و نووسینی کوردی کرد.
لە سەرەتای پاییزی سی و دووهەمین ساڵی تەمەنیدا بووین، بە سەردان چووبووینەوە بۆ ماڵی باوکمان لە سەقز. ئاگادار کراینەوە کە کاک شێرکۆ سەفەری ڕۆژهەڵاتی کردووە و لە سنەیە. بە پەلە گەڕاینەوە. بەداخەوە پاش ئەوەی ئیدارەی ئیتڵاعاتی سنە گوشارێکی زۆریان بۆ کاک شێرکۆ هێنابوو، کوردستانی بەرەو تاران بەجێهێشتبوو.
ژیلا و بنەماڵەکەی بە مەبەستی بینینی کاک شێرکۆ بەرەو تاران بەڕێکەوتن. سەرلەبەیانیی شەشی ڕەزبەری ١٣٧٥ی هەتاوی. هەواڵێک وەکوو برووسکەیەکی تیژ و گڕاوی گەییشت…ئۆتۆمبیلەکەیان ستۆپی بڕیوە و وەرگەڕاوە. ژیلا و کچە دە مانگانەکەی “ژینا” ئەستێرەی ژیانیان کشا.
ئەو دیدارە بۆ ژیلا تەنیا دیداریکی ئەدەبی نەبوو، چەشنێک ڕووبەڕوو بوونەوە بوو لەگەڵ لووتکەی شێعری کوردیدا، بڕگەیەک کە زمان سنووری تاکەکەسی دەبڕێت و دەبێتە بیرگەی نەتەوەیەک، بۆ ژیلا شێرکۆ تەنیا شاعیرێک نەبوو، بەڵکوو هێمای هەبوون و نوقم بوون بوو لە زمانی دایکیدا، دەرەتانێک کە ساڵانێک بوو لە شێعری خۆیدا بیچمی دەگرت. دەتگوت شێعر بۆ ئەو لەو مەودا کورتەی نێوان بوون و نەبووندا، لە نێوان مەودا و چاوەڕوانیدا مانایەکی تۆکمەتری هەبوو. نوقم بوونێک بوو لە دەریەیەکدا کە خۆی وەکوو دڵۆپێک لەو دەریایە پێناسە دەکرد.
سەرەڕای ئەوەش، لە دونیای ئەدەبدا، کۆتایی هەمیشە کۆتایی نییە. ژیلا خۆی گوتی: “ڕۆژێک ئەبم بە مرواری”. ژیلا ئەمڕۆکە نەک هەر وەکوو ژنە شاعیرێک، بەڵکوو وەکوو بەشێک لە مێژووی ئەدەبی ژنانی کوردستان پێناسە دەکرێت. دەنگێک کە ئەزموونە ژنانەکانی لە پەراوێزەوە گواستەوە بۆ ناوەند و دەرەتانی نوێی بۆ ئامادەبوونی ژنان لە ئەدەبدا ڕەخساند.
ناتوانین پێناسەیەکی ئاسایی بۆ ژیلا بکەین، چوونکە ئەو کۆی کۆمەڵێک ئەزموون، ئازار، خۆڕاگری و خەبات و ساتەوەختە داهێنەرانەکان بوو کە پاڵ بە پاڵی یەکتر دەنگێکی ڕەسەنی سەربەخۆیان خولقاند. دەنگێک بوو کە تەنانەت پاش بێدەنگ کردنی، لە بیرگەی ئەدەبیی کۆمەڵگەیەکدا بەردەوام مایەوە.
وەها مەرگێک ناتوانێ کۆتایی گێڕانەوەیەک بێت، سەرەتای چەشنێکی جیاواز لە بوونە. پێگەی ژیلا لە بەرهەمەکانیدا بەرتەسک ناکرێتەوە، بەڵکوو لەو ئاڵوگۆڕانەدا پێناسە دەکرێت کە لە ئاسۆی فەرهەنگیی سەردەمی خۆیدا پێکیهێنا. ئەو سەلماندی کە زمانی دایکی دەتوانێت سەرچاوەی بەرهەمهێنانی هزری و شێعری بێت و ئەزموونە ژنانەکان نەک لە پەراوێزدا، بەڵکوو لە ناوەندی بەرهەمهێنانی واتاکاندا جێگیر دەبن.
ناهید حسەینی
سوید. 13/5/2026

لاپەرەی فەیسبووک: ناهید حوسێنی