نووسەر و ڕۆژنامەوانی بەناوبانگی ئیتالیایی ئوریانا فالاچی و ڕوحوڵڵا خومەینی

نووسەر و ڕۆژنامەوانی بەناوبانگی ئیتالیایی ئوریانا فالاچی و ڕوحوڵڵا خومەینی
مەبەستی ئەم کورتە نووسینە تەنیا ئاماژە کردنە بە بوێری خاتوونێکی ڕۆژنامەنووس لە کەش و هەوایێکی تەواو نەگونجاوی ئەو کاتی شۆڕشی گەلانی ئێران دا.
ئوریانا فالاچی رۆژنامەنووسی ئیتالیایی “کوریر دلاسرا”، یەکێک لەو ڕۆژنامەنووسە جیهانیانەیە کە لەگەڵ زۆربەی ڕێبەران و سیاسەتڤانانی بەناوبانگی جیهانی وتووێژی کردووە و هاوکاتیش لەگەڵ ئایەتووڵڵا خومەینی ڕێبەری ئەو کاتی کۆماری ئیسلامی ئێران، وتوویژێکی زۆر تایبەت و دەگمەنی مێژوویی و سیاسی پێکهێناوە.
نووسەر و ڕۆژنامەوانی بەناوبانگی ئیتالیایی ئوریانا فالاچی، لە وتووێژێکی تایبەت دا لەگەڵ ئایەتووڵڵا خومەینی لە ساڵی ١٩٧٩ی زائینی لە شاری قوم لە ئێران، سەرپۆش و لێچکەی سەری خۆی لە ڕووبەروو و بەرامبەر خومەینی لابرد.

ئوریانا فالاچی و ڕوحوڵڵا خومەینی

لە مانگی ئۆکتۆبری ١٩٧٩ی زائینی دا، ئوریانا فالاچی، نووسەر و ڕۆژنامەوانی ئیتالیایی بۆ وتووێژێکی سرنج ڕاکێش و تایبەت لەگەڵ ڕێبەری شۆڕشی ئیسلامی ئێران سەردانی شاری قۆمی کرد و بۆ چوونە ژوورەوە بۆ لای خومەینی ناچاریان کرد کە دەبێ لە چارشێوی دڕێژ و ڕەش، سەرپۆش و لێچک، کە تەنیا دەم و چاوی دیار بێ کەڵک وەربگرێ و فالاچی بە پێی ڕێنوماییەکان سەردان و دیداری خومەینی کرد.
وتووێژی نێوان فالاچی و خومەینی لە کەشێکی تەواو ئاڵۆز و پڕ لە پرسیار دا بەڕێوە چوو، فالاچی هەوڵی دەدا بە بێ ئەوەی هیچ دوودڵی و ترسێک لە خۆی نیشان بدا، پرسیارەکانی ئاراستەی خومەینی بکات. پاشان فالاچی بە گشتی پرسیارەکانی خۆی لە سەر ئێعدامە سیاسییەکان، داخستن و تەعتیلی کوت‌وپری ڕۆژنامە سەربەخۆکان و بەربەستە نوێیەکانی تایبەت بە مافی ژنان لە ئێرانی، ئاراستەی خومەینی کردن.
فالاچی کاتێک پرسی لێچک و حیجابی زۆرەملی لەگەڵ خومەینی باس کرد، خومەینی لە وەڵام دا گووتی: هیچ جێگەی نیگەرانی نییە و پۆشینی جل‌وبەرگی ئیسلامی و لێچک و حیجاب بۆ پارێزگاری لە کچ و ژنانی گەنج و ڕێزدارە و دواتر گووتی:
« ئەگەر پێتخۆش نییە جل‌وبەرگی ئیسلامی بپۆشی، ناچار نی کە ئەو جل‌وبەرگە بپۆشی.»
فالاچی ووتەکانی خومەینی بە هێند وەرگرت و هەلەکەی قۆزتەوە لە وڵام دا گووتی:
« سوپاست دەکەم جەنابی ئیمام خومەینی. چۆن جەنابت ئەوەت فەرموو، هەر ئێستا ئەوانە لە سەرم دەکەمەوە.»
دواتر فالاچی چارشێو و سەرپۆشەکەی لابرد و موو و قژەکانی لە بەرامبەر خومەینی دەرخستن.

خومەینی توڕە بوو، بە بێ ئەوەی وشەیەک بڵێ، لە جێگای خۆی راست بۆوە و لە ژوورەکە ڕۆیشتە دەر.
وتووێژی نێوان فالاچی و خومەینی ڕاوەستا، بەو حاڵەشەوە فالاچی حازر نەبوو شوێنەکە بەجێ بێڵێ و دواتریش لە ئێران بچێتە دەر، لە ئاکام دا ڕۆژی دواتر خومەینی هاتەوە و درێژەی بە وتووێژەکەی لەگەڵ فالاچی دا.
بە گشتی هەڵویستی فالاچی لە بەرامبەر خومەینی دا، بوو بە یەکێک لە بەناوبانگترین لاپەرەکانی مێژووی وتووێژی ڕۆژنامەگەری و هەروەها ناوی ئوریانا فالاچی زیاتر لە پێشوو لە بەشی ڕۆژنامەگەری دا درەوشایەوە و ناوی لە بەشی وتووێژە تایبەتەکانی پرسیاری و وەڵامی نەترسانەدا سەپت بوو.
وتووێژی نێوان فالاچی و خومەینی یەکێک لە بەناوبانگترین وتووێژەکانی سەردەمی خۆی بوو، ئەم وتووێژە دەنگدانەوەی زۆری لە ڕۆژنامەکان و مێدیای ئەو کات دا هەبوو و بە چەندین زمانی جیهانی وەرگێردراوەتەوە، شایانی باسە کە چەند ساڵ پێشتر فالاچی لەگەڵ حەمەڕەزا شای ئێران وتووێژێکی پێک هێنابوو.
ئامادەکردنی: حەمەڕەسووڵ کەریمی
ماڵپەڕی گیاڕەنگ
١٦ – ٠٩ – ٢٠٢٦ی زائینی