ڕۆژی ١٧ی خەرمانان و شەهیدانی دێموکرات. حەمەڕەسووڵ کەریمی

ڕۆژی ١٧ی خەرمانان و شەهیدانی دێموکرات

لە ماوەی چەند ساڵی ڕابردوو دا لە سەر شەهیدانی قەڵای دێموکرات و ١٧ی خەرمانان “٨ی سپتامبری ٢٠١٨ی زائینی” زۆر نووسراوەی بە پێز و جوان نووسراون و هاوکات ژیان و بە سەرهاتی شەهیدەکان وەرد دراوەتەوە و بە بەرزی یادیان کراوەتەوە.

کاتی خۆی چەند بابەتم لە سەر ئەو شەهیدانە نووسیووە کە لەگەڵ هەر کام لەو شەهیدانە، بیرەوەری خۆش و ناخۆشمان بە یەکەوە هەبوون و دەکرێ بڵێم کە لەگەڵ چەند کەس لەو مەزنەشەهیدانە بە دڵ و بە گیان یەک جەستە بووین.

پێشمەرگە شەهیدەکان نەسرین حەدداد و سوهەیلا قادری بە خوێنی خۆیان، ڕووباری شۆڕش بە خوڕتر و بە تەوژم‌تر دەکەن، ئەوان گیانی خۆیان بەخشی، بەڵام خەون و ئامانجەکانیان لە دڵی نەتەوەکەیان دا لە لای شەهید ژینا ئەمینی و بزووتنەوەی “ژن ژیان ئازادی” دا بە زیندوویی ماوەتەوە و دەمێنێتەوە.

شەهیدان کەریم سەقزی، هاشم عەزیزی و ڕەحمان پیرۆتی تەنیا جەستەیان بە خاکی پیرۆزی نیشتمان سپارد، بەڵام بیر و هزر و ڕووناکیان لە دڵی بە مێلیۆنان کورد دا ڕیشەی داکوتاوە، شەهیدان برایم زێوەیی و محەممەد حەسەنپوور و مام شێرکۆ وەک پێشمەرگە و ڕێبەر خزمەتیان کرد بۆ ئەوەی ژیانێکی باشتر و ئازادتر و سەربەرزانە بۆ نەتەوە و گەلەکەیان بە دیاری بێنن، شەهیدان عوسمان، فاروق حەسەن خەبات، قالە ڕیشە، هاوڕێ کارساز لە سەنگەر بەرگری دا خۆیان کردە قوربانی بۆ ئەوەی منداڵانی کورد لە ژێر ئاڵای بەرزی کوردستان دا بە سەربەرزی بژین و ببنە ئەستۆندەکی تاوڵی مورادی کوردان.

ئێستا شەهیدان موختار قادرپوور، پێشەوا سەید عومەر، مەنسوو ئەکبەرپوور و جەماڵ ئەکبەری بەشێکن لە ڕووحی نەتەوەی کورد، چوونکە شەهیدەکان بوونە ڕەمز و سیمبوولی خۆڕاگری و بوونە چرای ڕووناکی دەری ڕێگەی خەبات و تێکۆشان.

ئەو کات کە گەلەگورگی هاری دەوڵەتانی داگیرکەر، گورگی پیری جەماران، کەڵپی گڕ و خوێناویان نیشانی منداڵی کورد دەدا و پۆل پۆل کیژ و لاوی کورد و ٥٩ لاوی مەهاباد و زیندانیانی سیاسی “ڕامین حوسەین پەناهی” و، “لوقمان مورادی” و “زانیار مورادی” لە زیندان و گرتووخانەکان دا لە سێدارە دەدا، ئەوە پێشمەرگەی کوردستان بوو کە بە هەڵمەتی خۆیان، بە بیر و هزری شۆڕشگێریان خەویان لە چاوی دوژمنان تاراند بوو، پێشمەرگەکانی کوردستان بە خوێن و خەبات و خۆراگری خۆیان، دوژمنیان زراو تۆقێن کرد بوو، هەر بۆیەش دوژمنانی گەلی کورد لە ماوەی چەندین ساڵی ڕابردوو دا لە هیچ چەشنە جینایەتێک دەستیان لە گەلی کورد و هێزی پێشمەرگەی کوردستان و حیزبی دێموکرات نەپاراستوە و تەنانەت لەبەر چاوی دونیای دەرەوە و ڕێکخراوی بەناو نەتەوە یەکگرتووەکان و لە خاکی هەرێمی کوردستان بە مووشەکی بالستیکی هێرش بکەنە سەر پلنۆمی کۆمیتەی ناوەندی و پۆلێک کادر و پێشمەرگەی قارەمان و شۆڕشگێڕ و ڕێبەر شەهید بکەن.

ئەگەر ئەو کات ڕێکخراوەی نەتەوە یەکگرتووەکان و ڕێکخراوەکانی مافی مرۆڤ و زلهێزەکان هەڵویستێکی جیددی و بوێرانەیان لە ئاست جینایەتی ١٧ی خەرمانان لە خۆیان نیشان دابا، ئەوە بە دڵنیایەوە ئێستا ڕژێمی ئێران ئاوا نەدەبوو بە مەترسییەکی جیهانی و گرانی و ماڵوێرانی و شەڕی چەندین دەوڵەتی ناوچەکەی لێ نەدەکەوتەوە، بەڵام مخابن جیهانی سەرمایەداری و کاپیتالیستی دەبێ زەڕبە  و زەرەر لە خۆیان بکەوێ جا ئەوجار بە درەنگەوە خەریکی قەرەبوو کردنەوەی کاتی لە دەستچوویان دەبن.

ڕووڕەشی بۆ ڕژێمی پەت و سێدارەی ئێران

ڕووحی شەهیدان شاد و یاد و ناویان لە دڵان دا هەردەم زیندوو بێ.

حەمەڕەسووڵ کەریمی

٠٧-٠٩-٢٠٢٦ی زائینی