بە یادێ ١٦ شەهیدی رۆژی ١٧ی خەرمانانی ١٣٩٧… ئەحمەد مەکڵاویی
بەیادێ ١٦ شەهیدی رۆژی ١٧ی خەرمانانی ١٣٩٧
كۆتەرازوو،هەموو شەوێ لەسەرقەڵا ،لەنگەردەگرن
وەك بروسكە بەگوڕن ، تاركایی شەق دەكەن
هێندەگەش و جوانن، بە پۆل رووناكایی دەپڕژێنن
،لەجەمارانی تاران، خەولەچاوی دوژمن دەزڕێنن
بەیانی رۆژی حەڤدەی خەرمانانی ١٣٩٧ بوو، هەروەك هەموو رۆژانی رابردوومان، هەمووان بە دڵخۆشیەوە لە لە كامپەكان دەركەوتین و، بەرەو قەڵا رێمان گرتەبەر
هەركەس لە شوێنی كاری خۆیان دەست بەكار بوون، ئێمەش لە گەڵ كاك رەسووڵی مووسا پوور و ، دادە عیسمەت نستانی ،لە شوێنی كارمان، لە ژووری كاری تەشكیلاتی ئاشكرا دانیشتین و بێ خەبەرلەوكە: لە نێو قەڵادا كۆبوونەوەی كومیتە ناوەندیە و دەستمان بەكار كرد.
كاتژمێر دەورو بەری یازدەی بەیانی بوو، كاك رەسووڵ بۆ هێنانی ئاوی خواردنەوە ، چوو بۆ دیوی ئاشپەزخانە ، ئێستا گەڕابۆوە، لە بەر دەرگای دیوی خۆمان بوو ،
دادە عیسمەت لە سەر مێزو سەندەڵی دانیشتبوو ، لە نێو دەفتەری ئەندام گیریدا ، خەریكی یاداشت كردنی چەند ناوێك بوو.
ئەمن لە دەم پەنجەرەی دیوی كارمان دانیشتبووم، لەو كاتەدا، لە پڕ زرمبێكی یەكجار تووند هات، دەتگووت بە دووهەزار كەڵاشینکۆف لە ژوورەكەی ئێمە دەدەن و، هەر خرمەی دارو، بەردو ، شووشەو، ئاسن دەهات.
دادەعیسمەت خۆی هاویشتە بن مێزو سەندڵی ،كاك رەسووڵ لە هاڵەكەدا راكشا، كەوشەكانی كاك رەسوول بە سەوتی مووشەك چووبوونە دەرێ، خێرایەك كەوشەكانم بۆ هاویشتوو، گوتم وەرنە دەرێ.
هەرسێكمان لە ژوور هاتینە دەرێ، دوو هەنگاومان هەڵگرت بوون، مووشەكێكی تری لێدایەوە، بەرە و بن قادرمەكان رۆیشتین، ئیستا نەگەیشتبووینە بن قادرمەكان ، موشەكی سێهەمی لیدایەوە. لەوكاتەدا، دیتم كاك خالید عەزیزی و سۆران نووری، لە بەری سكرتاریاوە، بەرەو لای ئێمە دێن.
كاك سۆران نووری ، قۆڵی كاك خالیدی گرتبوو، كە ئاوام دیتن، بەرەو پیریان چووم، كە نزیك بووم لێیان ، دیتم كاك خالید دەستی خۆی گرتووە، كەمێك بریندار بوو، بەڵام چونكە لیباسی رەش بوون ، خوێنیان پێوە دیار نەبوو.
لەوكاتەدا خالیدی زاوای مام رەحمان ئاخكەندی، لەوێ پەیدابوو، لە گەڵ كاك سۆران نووری ، كاك خالیدیان بەرەو دەرەوەی قەڵا برد.
باجە شنۆ، هاوسەری شەهید جەعفەر زەمانی، ئاشپەز بوو، ئاگاداری پلینۆم بوو، پێیان گوتبوو بۆ نیوەڕۆ چی سازكات ، هەر بۆیە لە ئاشپەزخانە هاتبووەدەرێ ، رووبەرووی سكرتاریا راوەستابوو، دەگریاو دەیگوت: دەك كوێربم ، هەموویان شەهید بوون
كە ئەوەم لە دادە شنۆ بیست، لە تاوان بەرەو سكرتاریا رۆیشتم، لە رێدا ، تووشی كاك فەتاحی ئیلخانی زادەبووم، لە ژووری پلینۆم دەهاتەدەر، نارەحەت ، كزو خۆڵاوی و غەمبار بە پرتاو رۆیشتم، جەوێكی یەكجار زۆر ناخۆش بوو، شەهید و بریندارلەوێ كەوتبوون
حەسەن خۆشكەلام ، حەسەن جەزایرچی، فەتحووڵا، سەلاح خزری، هێمن شێخ ئاغایی ،، رەحیم مەحموودی دوكاندار، عەبدووڵا سادقی ، خالید شەمۆلەیی و، دواتریش وریا عوسمان لەوێ پەیدا بوون
بۆ دیتنەوەی شەهید و برینداركان دەستكرا بە گەڕان ، پۆلێك شەهید كەتبوونە بن دیوارە رووخاوەكان ، جەنازەكان دەرهێندران، لە نێو پەتوان نران و ، بەرەو نەخۆشخانەی كۆیە بەڕێ كران

بۆ بە دواداچوونی زیاتر لە گەڵ خۆشكەلام چووینە ژووری پلینۆمە، كە وەژوور گەوتین ، دیتم گلۆپی میكرۆفۆنەكە هەردایسێ
خۆشكەلام گوتی: ئەحمەد، لەو كاتەدا كە لێیان داین، راست كاك مستەفای مەولوودی قسەی دەكرد، ئەو میكرۆڤۆنە لە بەر دەمی ئەو بوو، كاك مستەفا بەسەخت بریندار بوو
بەلگەو مەداركی سكرتاری زۆر پڕش و بڵاو ببوون، دەستمان دایەو ئەوە لە توانامان دا بوو كۆكرانەوە، لە گەڵ گاوسندووقەكان بەرەو شوێنی ئەمن راگوێزران
لەو هیرشە ناڕەوایە دا ، بە داخەوە هەر لە نێو قەڵادا ١٤ پێشمەرگە شەهید بوون ، لە دەرەوەی قەڵاش دوو پێشمەرگە شەهید بوەن ، سەرجەم شەهیدەكان بوون بە شازدە كادرو پێشمەرگە ، حەودانەیان ئەندامی رێبەری بوون
جیا لە شەهیدەكان، بە داخەوە زیاتر لە ٤٥ كادرو پیشمەرگەو ژن و منداڵ بریندا بوون ، كە برینی زۆرێكیان سەخت بوو. كارەساتێكی گەورە ودڵ تەزێن بوو، رووداوێكی زۆرگران و ناخۆش و پڕ ئازار بوو
لەوكاتەدا كە خەریكی كۆكردنەوەی بریندار و تەرمی شەهیدەكان بووین ، تازەش تەرمی سوور و شەپرزەی سوهیلا قادری دۆزرابۆوە، لە نێو پەتوو دا بوو، كاك مەنسووری هاوسەری و سلێمان پركاڵ، لە لای دیوی تەلەفیزیۆنەوە، بۆلای ئێمە هاتن، كاك منسوور گوتی: كاك ئەحمەد، ئەرێ سوهیلاو نەدیتوو؟
خەمێكی گران ئەوكی گرتم، دڵم پڕ لە خەم داوەستا ، بەڵام دانم بە جەرگم داگرتوو گوتم : دەڵێن لە قەڵا چۆتەدەرێ.
بە دوای ئەوەشدا ، زۆری پێ نەچوو، لە كاتێكدا تازە تەرمی سووری شەهید هاشم بەرەو نەخۆشخانە بەڕێ كرا بوو. دادەسووری پەیرەوان، هاوسەری شەهید هاشم ، لە قەڵا پەیدا بوو، دەگریا ، بە گریانەوە گوتی: كوڕینە هاشمتان نەدیتوە؟
كاك حەسەن جەزایرچی، لە غەمناكی دوور راوەسا بوو ، بۆ ئەوەی دادە سووری نەزانێ كە هاشم شەهید بووە ، زۆرلە سەرخۆ ، بانگی خۆشكەلامی كردو :گوتی : خۆشكەلام خۆشكەلام، زەنگێك بۆ كاك هاشم لێدە، با زوو ماشینان بنێرێ، كە لەوكاتدا ، شەهید هاشم بەر پرسی بەشی خدمات بوو
كاك عوسمان ئەفشین و چەند پێشمەڕگری تر و ، كارۆ رەسووڵی، لە كاتێكدا هاوسەركە یەكێك لە بریندارە سەختەكان بوو ، لە بن قادرمەكانی قەڵا راوەستابوون ، چاویان لە وەزعی ناخۆشی قەڵا دەكردو چاوەدێڕی بەكەڵكی قەڵایان دەكرد
زۆر رۆژێكی ناخۆش بوو ، دونیا لە بەر چاوان تەم وغار بوو، بەڵام، تاقمێك كوڕی بە ئەزموون ، خۆڕاگرو چاو نەترسی دێموكرات ، بە جەرگ و خۆڕاگر وەك شێر ، قەڵایان جێنەهێشت وپارێزگاریان لە ئەبووهەت و ئاڕشێڤ و كەرامەت و سەربەخۆیی حیزبی دێموكراتی كوردستان كرد ، وەك قەڵا راوستان ، نەترسانە شەهید و بریندارەكانیان راگواست
، لێرەدا نابێ خەمخۆری و بە پیرهاتنی خەڵكی دڵسۆزی كۆیەو، ماندووبوونی كادرو دوكتور و بە گشتی پرسنێلی نەخۆشخانەكانی هەولێر و سلێمان، بە تایبەت دوكتور و كارمەندەكانی نەخۆشخانەی دوكتور خالید ، لە كۆیە ، لە بیر بكەین، چونكە دڵسۆزانە خۆیان گەیاندە نێو قەڵا
لە كۆتایی ئەو وەزعە ناخۆشەدا بووین، كارۆ رەسووڵی بەرەو روم هات ، گوتی:ئەوە بۆ ناڕۆی بۆ نەخۆشخانە، گوتم بۆ? گوتی ئەوەنیە برینداری، لە غەمگینیم هەستم بە برینداری خۆم نەكرد بوو
چومەلای دوكتوورە گەرۆكەكانی نێو قەڵا، چاویان لە برینەكەم كرد، گوتیان : بڕۆ بۆ خەستەخانە، لێرە ناتوانیی دەستكاری برینەكەت بكەین
ماشێنیان هێناو سوار بووم، بەرەو نەخۆشخانە وەڕێ كەەتم ، ئاخرین بریندار نێو قەڵا بوەم، شۆفیری لانكرۆزێر وادەڕۆیشت، پەشیمان بووم لەوە كە لە گەڵی سوار بووم
چوومە خەستەخانە، لە بەردەرگای خەستەخانە، نزاری شەهید هاشم بەرەو پیرم هات ، گوتی: كاك ئەحمەد، بابم دیارنیە، نەتدیتوە؟
دیسان زیاتر لە دونیایەك غەم دەوریان لێ گرتمەوە ، چوومە ژووری نەخۆشخانە، ویستیان سەرپێیی تیكەكە لە برینەكەم دەربێنن، بەڵام كە زانیان قوڵە و ئازاری زۆرە، سڕیان كردو ، ئەمجار تیكەیان دەرهێنا
دوای چەند سەعات مانەوە لە قوژبنێكی خەستەخانە، یەك دوو دۆستی خەڵكی كۆیە، لە گەڵ منداڵەكان هاتنە نەخۆشخانە، بەرەو ماڵی ئەو دۆستە وەڕێ كەوتین شەهید و بریندار لە نەخۆشخانە بوون، شەهیدەكان هەموو شۆردران ، تا رۆژی دوایی لە ساردخانە داندران،
رۆژی دوایی ، بەرەو مزگەوتی خێرخوازنی كویە بەڕێ كران، لەوێ بە جەماعەت نوێژی مردوویان لە سەركرا، ئەمجار لە نێو خەم و پەژارەدا، بەرەو قەبرستانی دێموكراتەكان بەڕێ كران ، لەنێو شینی كادرو پێشمەرگەو خەڵكی حیزبی و ، كەس و كاریان دا، بە ڕیز بە خاكی پاكی كوردستان سپاردران
ئای چ رۆژێكی ناخۆش بوو، ئەو هەموو كادرو پێشمەرگە شەهید و بریندار بوون، هەورێكی رەشی غەماوی لە ئاسمانی سەر كامپەكان و قەڵا لەنگەری گرتبوو، بارانی غەمی بە سەردا دەباراندین
سوهیلای قادری، جێگری كومیتەی ناوەندی ، بێژەرە شۆخ و شەنگەكەی كوردكاناڵ و بووكە جوانەكەی نێو قەڵای بە جێی هێشتین
مامۆستا نەسرین ، ئەندامی كومیتە ناوەندی ، نەسرین حەدادی دەم بە پێكەنیین ، چۆپی كێشەكەی گەڕی شایی كوڕانی پێشمەرگە ، وانە بێژەكەی نێو قوتابخانەكانی دێموكرات، ماڵاوایی لێ نەكردین
محەممەد حەسەن پوور، كادرە بە ئەزموونەكەی سكرتاریەت، كوڕە شۆخ و شەنگ و تەنز بیژ و، دەم بە پێكەنینەكەی دەفتەری سیاسی و، هاوسەری شەهید نەسرین حەدداد ، لێمان هەڵبڕا
كەریم مهدەوی، ئەندامی كومیتەی ناوەندی ، ناسراو بە كەریم سەقزی، كوڕە چاو سوورو ئازاكەی سەقز، فەرماندە روح سووكەكەی دێموكرات، لێمان ون بوو
رەحما ن پیرۆتی، ئەندامی كومیتەی ناوەندی ، پیاوە سەنگین و كادرە بە ئەموونەكەی دەورانی نهێنی كاری، فەرماندەی ئازاكەی دەیەیی شەست ، رویی بۆ سەفەر و نەگەڕایەوە
هاشم عەزیزی، جێگری كومیتەی ناوەندی و بەڕپرسی خەدەمات ، كوڕە دەم بە پێكەنیین و قسە خۆشەی نێو ریزەكانی حیزبی دێموكرات، خۆی لێ شاردینەوە
برایم زێوەیی، ئەندامی كومیتەی ناوەندی ،كادرە جوانچاكەكەی ناوچەی سەردەشتی سەرسەوز، رووخۆش و هێدوهێمنەكەی نیو ریزەكانی حیزبی دێموكرات،وەك باڵدار بەرەو ئاسمان فڕی و نەهاتەوە
كەریم رەسووڵ زادە، ناسراو بە مام شێركۆ، كادری دەرەجە دوو ، كوڕە زیرەك و ناتقەكەی شاری خۆر( رەبەت) هێد و هێمنەكەی هیزی زمزیران، كوڕە بە ئەزموون و نەدۆڕاوەكەی كومیتە شارستانی رەبەت ، بەرەو ئەركی حیزبی رۆیشت و نەگەڕایەوە
عوسمان عوسمانی، كادر، كوڕێ مامۆستا مەلا محەممەد ، كادری سكرتاریەت، كوڕە بە شەخسیەت و ماندوو نەناسەكەی دێموكرات ، كە لە ماڵ دەركەوت، ماڵاوایی یەكجاری لە خۆشەویستانی كردو نەیان دیتەوە
قادر عێزەتی، ناسراو بە قالە ریشە، بالا جوان ، ئازاو چاو نەترس ، سەرچۆپی كێشی جوانی گشت زەماوەندو بۆنەخۆشەكانی نێو حیزبی دێموكراتی، شایی و خۆشی لێ كردین بە شین
هاوڕێ كارساز، فەرماندە دەستە، جوانچاك، خوێن شیرین، تێگەیشتتوو وخۆشناو، خۆشەویستی هاوڕێ وهاوسەنگەرانی، رۆیی رۆیی ، ئاخ بۆچی نەهاتەوە، كۆرپەڵەكەی لە باوەشی بگرێتەوە
جەماڵ ئەكبەڕی، پێشمەرگە، خۆش دوێ ، خوشەویستی كادرو پێشمەرگەكان، بە ئیمان و خۆڕاگر، بۆ دیار نما ، ئەویش رۆیشت لە گەڵ كاروان
مەنسوور ئەكبەڕ پوور، پزشكی ددان، ددان پزشك، پێشمەرگە، خەڵكی مەهاباد ، جوانچاك و هیدی و هێمن، رۆیشت ، بەڵام هەر چاوەڕێیە تازەلاوەكەی
پێشەوا عەزیز پوور، پیشمەرگە ، پارتیزانی جەوان، خەڵكی بانە، جوانچاك و رووح سووك ، خۆشەویست، زەردەخەنەكانت لە گەڵ خۆت باریان كرد، دڵی هەموانت داخ كرد
لە دەرەوەی قەڵا ، دوو پێشمەرگەی قارەمان ، دوو دڵسۆزی نیشتمان ، پێشمەرگەو مامۆستای فێرگە ، بە ناوەكان : فارووق حەسەن خەیات و، موختار قادرپوور، فێرگەیان لێ چۆل كردین، بەڵام هەزار وانەی خۆڕاگریان گوتەوە
رووحی هەموو شەهیدان شاد و ، مردن و رووڕەشی بۆ كۆماری ئیسلامی ئێران
ئەحمەد مەكڵاوریی، ١٦-٠٦-١٤٠٥ی هەتاوی