مەحکووم کردنی تاوان و جینایەتێکی مەترسیدار و نامرۆڤانە”
مەحکووم کردنی تاوان و جینایەتێکی مەترسیدار و نامرۆڤانە”
بەداخەوە هەر ڕۆژە گوێبیستی هەواڵی گیان لە دەستدانی کچ و ژنانی کورد بەدەست بنەماڵە، مێرد یا کەسانی ناوشیار لە کۆمەڵگە داین.
مخابن ئەو جارە لە شاری پیرانشار (خانێ)
ڕێکەوتی ٠٣-٠٩-٢٠٢٦ی زائینی خاتوو “نیلووفەر موجاوری” دانیشتووی شاری پیرانشار بە جەستەیەکی شین و ڕەش هەڵگەڕاو و تێکشکاو دەگەیێندرێتە نەخۆشخانەی شاری پیرانشار.
لە یەکەم پشکنینی پزشکی دا دەردەکەوێ کە نیلووفەر لە لایەن تاوانبارێکەوە ئازاری جەستە دراوە بە دڕندانەترین شێوە دەستدرێژی کراوەتە سەر و ئەشکەنجە دراوە.
“نیلووفەر موجاوری” بە هۆی لێدان و ئەشکەنجە و برسی ڕاگرتن و دەستدرێژی کرانە سەری تووشی بێهۆشی و لە هۆش خۆچوون دەبێ و لەلایەن بکەری ئەو تاوانە “عزەدین سەید تاهیری” دەگەیندرێتە بنکەی تەندرووستی لە دەرەوەی شاری پیرانشار و لەوێ بەدرۆ ڕادەگەیەنێ کە تووشی ڕووداوی هاتووچۆ بوون، دوای پشکنینی سەرەتای نیلووفەر، دەسبەجێ بەڕێ دەکرێ بۆ نەخۆشخانەی پیرانشار و تاوانبار بەبیانووی هێنانی مەدارک (ناسنامە) ڕا دەکا.
لە نەخۆشخانە دوایی پشکنین و هەوڵی دوکتور و پێرسێنەێلەکان دەردەکەوێ کە بەداخەوە نیلووفەر بەهۆی ئەشکەنجەی دڕندانەوە تووشی ڕاوەستانی مێشک بووە و لە ئاکام دا دوکتورەکان بە بنەماڵەکەی ڕادەگەیێنن کە ناتوانن ژیانی بۆ بگەرێننەوە.
لە دوای بێ هیوابوونی دوکتورەکان، بنەماڵەی نیلووفەر موجاوری لەسەر داواکاری دوکتورەکان، دایک و کەس و کاری نیلووفەر بڕیاریان دا کە پێش ئەوەی کچەکەیان بە یەکجاری دڵی لە لێدان بکەوێ چەند بەش لە جەستەی نیلووفەر بەو کەسانە ببەخشن کە پێویستیان هەیە، ئەوەش لە باری ئینسانییەوە گەورەترین خزمەتە، هەر بۆیە لەگەڵ ئەوەدا کە نیلووفەری دڵ پڕ لە هیوا بۆ خۆی نەیتوانی بە هیوا و ئاواتەکانی بگا، بەڵام بە بەخشینی چەند بەش لە جەستەی توانی هیوای ژیان بۆ چەند مرۆڤی دیکە بگەڕێنێتەوە.
وەک دایکی نیلووفەر ئاماژەی پێدەکا:
“نیلووفەر لە جەستەی ئەو کەسانە دا بەزیندووی دەمێنێتەوە”
ئەوەی کە لە سەردەمی ئێستا دا و لە نێو کۆمەڵگەی ڕۆژهەڵات لە ئاست بەشێک لە کچ و ژنانی کورد ڕوو دەدات جێگەی نیگەرانییە و پێویستە کە ڕێکخراوە مەدەنییەکان و ڕێکخراوەکانی ژنان و مافی مرۆڤ وێرای مەحکووم کردنی تووندوتیژییەکان، هاوکات زۆر بە لێبڕاونە و بوێرانە هەڵوێست و بەرنامەیان بۆ بەگژداچوونەوەی ئەو جۆرە کردەوە قێزەونانە کە لە لایەن بەشێک لە پیاوانی ناوشیار لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان ڕوودەدات هەبێ.
ئێمە وەک یەکیەتیی ژنانی دێموکرات لە وڵاتی سوئێد بەتووندی ئەو جنایەتە مەحکووم دەکەین و داواکارین کە خەڵکی کوردستان بەگشتی و بەتایبەتی دانیشتوانی شاری پیرانشار لە ئاست ئەو جنایەتە دا بێدەنگ نەبن، بێدەنگ بوون لە ئاست ڕووداوی ئاوا دڵتەزێن دەبێتە هۆی دووبارە بوونەوەی ئەو تاوانە و لە ئاکام دا کۆمەڵگەکەمان و بنەماڵەکان تووشی زیان و دڵپەرێشانی زیاتر دەبن کە قەرەبوو ناکرێتەوە!
کۆمیتەی بەڕێوەبەری یەکیەتیی ژنانی دێموکرات بە نوێنەرایەتی هەموو ئەندامانی کۆمیتەی سوئێد هاوخەمی لەگەڵ بنەماڵەی نیلووفەر و هاوکات لەگەڵ هاوڕێمان “خاتوو سوهەیلا مەهدیزادە” ئەندامی کۆمیتەی بەڕزێوەبەری یەکیەتیی ژنانی دێموکرات لە سوئێد دەردەبڕین و هیوای سێبووریان لە ئاست ئەو کردەوەیە قێزەون و نامرۆڤانەیە دا بۆ بەئاوات دەخوازین.
یەکیەتیی ژنانی دێموکراتی کوردستانی ئێران کۆمیتەی سوئێد
٠٥-٠٩-٢٠٢٦ی زائینی
