مەهابادی پڕ ڕەمز و ڕاز. کەماڵ گروێسی

مەهابادی پڕ ڕەمز و ڕاز

کەماڵ گروێسی
لە نێوان ساڵەکانی ١٣٤١ تا ١٣٤٧ی کۆچیی هەتاویی ماڵمان لە گەڕەکی مزگەوتی سووری مەهاباد بوو. دوانیوەڕۆیان ژنانی گەڕەکێ لە حەساری ماڵە میرزا حەمەرەسوڵی ئەیازی کۆ دەبوونەوە و لەبن سێبەری دار بووزەکانی حەسارێ‌ دادەنیشتن. ماڵەکە دووبەش بوو، بەشی لای سەرەوە هی میرزا حەمەڕەسوڵی خاوەن ماڵ و بنەماڵەکەی بوو.

بۆ چوون بۆ ئەو حەسارەی دەبوو بە داڵانێکی تەسک دا بڕۆی و بگەیە ئەوێ. حەوشەکەی دیکە کە هی کرێچییەکان بوو، زۆر گەورە بوو، خانووەکان دوو نهۆم بوون و لە سێ لای حەوشەکە سازکرابوون و دە، بۆ دوازدە ماڵی کرێچییان تێدابوون،تاقە مەبالێک لە لایەکی حەسارێ و بە لای دیواری ماڵە سیسەواریدا ساز کرابوو.

ئەوجیرانانەی ناوەکانیانم لە بیرماوە ئەوانە بوون، ماڵە خەفافی، غەریب‌نەواز،سەید نەعمە،گروبانەڕەشە،… میرزا حەمەرەسوڵی ئەیازی بۆخۆی دوو ژنی هەبوو، لەوانیش یازدە کوڕ و کچێکی هەبوو. ژنەکانی حەسارێ هەرکامەیان خەریکی کاری خۆیان دەبوون، یەک تەشی دەڕست، یەک کڵاوی میلی دەچنی، یەکی دیکە رێشووی پێچی بۆ مێردەکەی بادەدا،یەک گوڵدۆزی دەکرد، هی واش هەبوو سەری قسە و باسی دەکردەوە و هێدی هێدی هەموانی لە باسەکە وەردەدا.

ئەو سەردەم هێشتا ئاوی شار بۆ هەموو شوێنێک لوولەکێشی نەکرابوو، ژنانی گەڕەکی ئێمە بۆ ئاوی خواردنەوە دەچوونە گەڕەکی باغی سیسەی ئاویان دەهێنا، حەساری تەکیەی بابە خەلیفەی ترومپای تێدا بوو دەیانگووت ئاوەکەشی متفەڕکە، ئەو ماڵانەی چاڵاویان لە حەسارێدا هەبوو بەشەو و ڕۆژ دەرگایان دانەدەخست، سەتڵی جیر یان تەنەکەیان لە قەراغ بیرەئاوەکان دادەنا، سەتڵەکان تەناف یان گوریسیان لێ گرێدرابوون و بۆ هەڵکێشانی ئاو دەبوو ڕۆیهێڵنە خوارێ و ئاوەکەی هەڵێنجن. گەورەکچەکانی گەڕەکێ بە پۆل دەچوونە ئاو هێنانێ و بەدم قسە و باس و تریقانەوە و حیلکانەوە، جاروباریش قاقالێدان ژیانیان دەخستە ناو کۆڵانەکان. هێندێک لەوان بە جلی رازاوەی کوردی، بە رەنگی ئاڵ و واڵ و گەش وەک پۆلە پەری ئەفسانان ڕێیان دەبڕی و ژینیان بڵاو دەکردەوە. هێندیکیشیان هەڵکێشیان هەڵدەکێشا بۆ ئەوەی لە ڕێگایە گورجتر بڕۆن و تەشک و داوێنیان تەڕ و پیس نەبێ. لە یەکێک لەو ڕۆژانەی کچان دەچنە ئاو هێنانێ، یەکێک لە کچەکان چاوی بە کوڕێکی باڵابەرزی قیت و قۆز دەکەوێ و بە تیری ئەوینی دەئەنگوێ. کوڕەش گرفتاری کەمەندی بسکی کیژی نەشمیل و بەژن رێک دەبێ و لەو ڕۆژەوە ئۆقرەی لێ هەڵدەگیرێ و کاری دەبێتە راوەستان لە سەرڕێی ئەو کیژە خۆش رەوتە رەزا شیرنە. شەرم و حەیای کیژ و کوڕی ئەو سەردەم وەها بوو کە کوڕە بۆی نەدەلوا سەرڕێی کچە بگرێ و رازی دڵی دەگەڵ باس بکا.

کوڕەکە خوشکێکی هەیە و ئەویش جار و بار بۆ ئاوهێنانێ رەگەڵ ئەو کچانە دەکەوێ و بناغەی دەستە خۆشکایەتییان دەگەڵ دادەمەزرێنێ. دوای ماوەیەک کوڕە خوشکی ڕادەسپێرێ کە قسە دەگەڵ ئەو کچەی بکا کە دڵی ڕفاندووە و هۆشی لەسەر تاراندووە. کچەش کە بە هەمان شێوە گرفتارە و دیلی دەستی دڵییەتی ڕازی دەبێ قسە دەگەڵ کوڕە بکا.

تەکیەی بابەخەڵیفەی دەبێتە یەکەم جێژوانیان و لەوێ قسەی دڵی خۆیان پێک دەڵێن و هەر لەو تەکیەیەش سوێند بۆ یەکتر دەخۆن. رۆژ دێن و تێدەپەڕن، حەوتوو و مانگ و ساڵ ڕادەبرن و نەمامی ئەوینی ئەو دوو دڵدارەش هەر دێ و ئەستوورتر و بەهێزتر دەبێ. گەڕەکی مزگەوتی سوور و باغی سیسەی دەبێتە ڕێڕەوکەی ئەو لاوە دڵدارە و بەردەرکی خوارووی مزگەوتی سوور دەکاتە مزڵی رۆژانەی خۆی و کچەش دوای ئاوهێنانی بەیانیان، بەردەرکی ماڵێ دەکاتە جێی حەسانەوە و رۆژگار لەوێ تێدەپەڕێنێ. دەستەخوشکەکانی هەموویان لە کەین و بەینی ئەو و کوڕە گەیشتوون، بۆخۆی بۆی باسکردوون.

چەند ساڵێک ئاوا دەرباز دەبێ،کوڕە ناوی بۆ سەربازیی دێتەوە و دەبێ بڕواتە ئیجباری. کیژ و لاوی دڵدار تەمی خەم ئاسمانی ژینیان دادەگرێ، کیژە دەڵەڕاوکەیەتی و نیگەرانی شتێکە کە نازانێ چییە، کوڕە دڵپڕە و هەنگاوی قورسن، هەردووکیان دەستەویەخەی هەستێکی نامۆن، نازانن چۆنی بڕەوێنن. کوڕە دڵخۆشیی کیژە دەداتەوە و دەڵێ چاولێکنێی دوو ساڵ تەواو دەبێ و دێمەوە، کێژە بەو قسەیە ترووسکایی هومێد دەدڵی دەگەڕی و دڵی خۆی پێ هێوڕ دەکاتەوە. ڕۆژەکان درێژن، حەوتووەکان بوونە مانگ و مانگەکان بوونە ساڵ و ساڵیش تەواو نابێ. دوو ساڵەکە تەواو بوو، دوو ساڵێک کە بۆ کیژە وەک دەیان ساڵ تێپەڕی. کوڕە نەهاتەوە، هیچ سۆڕاغێکی نەبوو.

چەند جارێک خوشکی کوڕەکە بۆ دڵدانەوەی کچە قسەی دەگەڵ ( کوبڕا) کردبوو. دڵنیای کردبۆوە کە هیچ شتێک نەبووە و کاکی هەر لەسەر ئەو بەڵێن و پەیمانەیە کە بە کیژەی داوە. چەند ساڵ تێپەڕی، هیچ هەواڵێک لە کوڕە نەبوو، ئیدی خوشکی کوڕەش نەدەهاتە لای کیژە تا بەڵکوو هەواڵێکی خۆشی بداتێ. کوبڕا ڕۆژانە لەبەر دەرکەی ماڵێ دادەنیشت و بەدەم کڵاوچنینەوە لەبەر خۆیەوە دەیگووت: ئەو قورعانە بتگرێ هێنات لێکت کردەوە،سێ جارت دەست پێدادا بۆ مزگەوتت بردەوە…

هێدی هێدی خەم و بەڵێن شکێنی شەقڵی خۆی لە رووخساری وەک پەلکە گوڵی کوبڕا دەرخست، تاڵی سپی قژی ڕەشی قەترانییان بۆز کرد، پرچی ڕەشی پەخشانی بوونە پەلکەی هۆندراوەی ماش و برینجی. کوڵمەکانی ژاکان و لۆچی کەوتە تەوێڵی.

بەردەرکەی چۆلکرد و گۆشەی ژوورەکەی کردە مزڵی هەمیشەیی و کەمتر لە دەرک و بان دەردەکەوت. ئەوینی کوبڕا و محەممەد کۆتایی هات و ئەمیان بێ بەڵێن دەرچوو،ئەویان بووە پەیکەرەی ئەوین و بەڵێن و بووە هێمای ئەوینداری وخەڵک دەیانگووت ئەوینی ئەو کچە وەها بوو کە پرچی سپی لە ماڵە بابی هۆندەوە بەڵام شەرت و بەڵێنی بەتاڵ نەکرد.

چەند ساڵێک دواتر دەرکەوت کوڕەی بێ بەلێنیش لە عەجەمستانێ ژنی هێناوە و هەر لەوێش گیرساوەتەوە.

ئێستا کە ئەو بەسەرهاتە دەنووسم نازانم کوبڕا ماوە یا نا، ئەگەر ماوە یادی بەخێر و ئەگریش نەماوە رووحی شاد بێ.

کەماڵ گروێسی

سەرچاوە: لاپەرەی فەیسبووک