کۆچی دوایی کەسایەتی خۆشناوی ناوچەی ڕەبەت و سەڕدەشت هەمزە ئاغای خدری
کۆچی دوایی کەسایەتی خۆشناوی ناوچەی ڕەبەت و سەڕدەشت هەمزە ئاغای خدری
حەمەڕەسووڵ کەریمی
بە پێی هەواڵی گەیشتوو لە شاری سەردەشت بەڕێز هەمزە ئاغا خدری خەڵکی گوندی گەنمان لە ناوچەی ڕەبەت، بەهۆی بە ساڵاچوویی و هەڵکشانی تەمەن لە ڕێکەوتی ٠٤-٠٩-٢٠٢٦ی زائینی لە ئامێزی بنەماڵەکەی دا لە شاری سەردەشت کۆچی دوایی کرد.
هەمزە ئاغا خدری خەڵکی گوندی گەنمان لە ناوچەی گەورکایەتی ڕەبەت بوو، هەر لە هەڕەتی لاوەتی را خولیای ئازادی گەلەکەی بوو، دوای نسکۆی کۆماری کوردستان، گوندی گەنمان بە هۆی هەڵکەوتەی جوغرافیایی شوێنی حاوانەوەی بەشێک لەو تێکۆشەرانە بوو کە لەبەر زەبرو زەنگی پاشایاتی ڕوویان لە شاخ و ئاواییە دوور دەستەکان کرد بوو، بنەماڵەی هەمزە ئاغا لە گوندی گەنمان و کوێستانەکانی کەپری ، مەیدان چۆغە ، سێوەسوورێ و شاخە ڕەش دا میوانداری پۆلێک لە تێکۆشەرانی ئەو سەردەمەیان کرد و ئەوەش بوو بە هۆی ئەوە کە هەمزە ئاغا لەو سەردەم را ئاشنا بە دۆزی ڕەوای گەلەکەی ببێ.
هەمزە ئاغا مرۆڤێکی خۆشەویست و جێگەی متمانەی خەڵکی گەنمان، برایم خەسار و سیسێر و نستان و گوندەکانی دەوروبەری بوو، لە ساڵەکانی ١٣٤٧ و ١٣٤٦ی هەتاوی دا یەکێک لەو کەسانە بوو کە یارمەتیدەری کادر و پێشمەرگەکانی وەک موعینییەکان، مینەشەم، حوسێن خاتوون و نستانییەکان بوو و ئەوەندەی لە توانای دابوو خزمەتی ئەو تێکۆشەرانەی کرد.

هەمزە ئاغا مرۆڤێکی نیشتمانپەروەر، سەخی و دەستگرەوە و میواندۆست بوو، لە چارەسەر کردنی کێشە کۆمەڵایەتییەکان دا ڕۆلێکی خێرخوازانەی هەبوو، هەر بۆیەش خەڵکی ئەو دەڤەرە و گەورکایەتی زۆریان ڕێز لێدەگرت.
لەگەڵ ڕووخانی حکوومەتی پاشایاتی و خەباتی ئاشکرای حیزبی دێموکرات، هەمزە ئاغا بە هەست کردن بە بەرپرسایەتی و هاوکات وەک خولیای دێرینی سەردەمی ساڵەکانی پێشوو، دەبێتە پێشمەرگەی حیزبی دێموکرات و لە هێزی موعینی دا سازمان دەدرێ. لە سازماندەیی دا وەک سەرپەلی پەلێک لە پێشمەرگەکان دیاری دەکرێ و لە مەقەڕ و بنکەی گوندەکانی گۆڵی و ماوەڵۆیە دا لەگەڵ پۆلێک لە پێشمەرگەکان خزمەت بە گەلی کورد و حیزبی دێموکرات دەکا.
هەمزە ئاغا لە چەند شەری ناوچەدا دژ بە ڕژێمی سەرەڕۆی پەت و سێدارەی ئێران دا بەشداری دەکا و ئەوەندەی لە توانای دابوو خزمەتی پێشمەرگانەی کرد، لە کۆتاییەکانی ساڵی ١٣٦١ی هەتاوی لە سەر ئیزنی حیزب چەکی پێشمەرگایەتی دانا و خەریکی ژیانی ئاسایی خۆی بوو.
هەمزە ئاغا تا ساڵی ١٣٦٣ی هەتاوی و تا گیرانەوەی گوندی گەنمان و گوندەکانی دەوروبەری لە لایەن ڕژێمی ئێرانەوە، بەردەوام ماڵ و مووچە و مەزرا و دیواخانی بۆ خزمەتی پێشمەرگە و ڕێبوارانێک تەرخان کرد کە دەچوونە گوندی گەنمان، لەگەڵ ئەوەدا گوندی گەنمان بۆ هەمزە ئاغا وەک شوێنی ژیانی گرینگی تایبەت بە خۆی هەبوو، بەڵام بە ناچار بنەماڵەی هەمزەئاغا، ماڵیان بۆ شاری ڕەبەت بار کرد و بارگە و بنەی ژیانیان لە ڕەبەت دانا، هەمزە ئاغا لەوێش هەمیشە وەک دڵسۆزێک بیر و فکری هەر لە لای هێزی پێشمەرگە بوو، لە هاوکاری کردنی پێشمەرگە و دیدار لەگەڵ پێشمەرگەکان دا هیچ کات دریغی نەکرد و بە گشتی تا کاتی ماڵئاوایی و کۆچی دوایی بەردەوام خەمخۆری گەلەکەی و حیزبی دێموکرات و دۆزی ڕەوای گەلەکەی بوو.
هەمزە ئاغا لە ماوەی چەند ساڵی رابردوو دا بە هۆی ناسازی و نەخۆشی و بە ساڵاچوویی کەمتر هاتووچۆی دەکرد، بەڵام هەموو ئەو کەسانەی کە سەردانیان کردووە و لەگەڵی لە هاتووچۆ دا بوون شاهیدی بۆ ئەوە دەدەن کە تا کۆتایی ژیانی گەورەترین ئاواتی ڕووخانی ئەو ڕژێمە نگریسەی ئاخوندی بوو.
بە بۆنەی کۆچی دوایی کەسایەتی دیاری ناوچەکانی ڕەبەت و سەردەشت، لە ناخی دڵەوە سەرەخۆشی لە کوڕ و کچەکانی بەڕێزان ” ڕەسووڵ، سەعید، سەلیم، کۆچکردوو جەعفەر، عەلی و زێنەب، نەجیب و جەمیلە” و لە نەوەکانی و خوشک و برا و گشت خزم و ناسیاوانیان لە نێوخۆی کوردستان و دەرەوەی وڵات و بە تایبەت خەڵکی ناوچەی ڕەبەت و سەردەشت و گوندی گەنمانی هەمیشە خەمخۆری پێشمەرگە دەکەم و هاوکاتیش سەرەخۆشی لە کادری دێرینی حیزبەکەمان کاک سمکۆ عیسازادە و هاوسەری ژیانی زێنەب خان کچی نەمر هەمزە ئاغا و منداڵەکانیان دەکەم و خۆم بە شەریکی خەمیان خەزانم.
ڕووح و ڕەوانی شاد و یاد و ناوی لە دڵان دا هەردەم زیندوو بێ.
ماڵپەڕی گیاڕەنگ
حەمەڕەسووڵ کەریمی
٠٤ – ٠٩ – ٢٠٢٦ی زائینی