جیاوازی ئێمە و ئەوان، ئەحمەد شێربەگی
جیاوازی ئێمە و ئەوان، ئەحمەد شێربەگی
هونەر لە هەر کولتوور و نەتەوەیەکدا، بەردی بناغەی ناسنامە و دەنگی زیندووی کۆمەڵگەیە. ئەگەر هونەری فەڕانسە وەک نموونە بێنینەوە و باسی «ئیدیت پیاف» و «جۆنی هالیدەی» بکەین، تەنیا باسی دوو گۆرانیبێژ ناکەین، بەڵکوو باسی دوو کۆڵەکەی مۆسیقای فەڕانسە دەکەین کە بە دەنگ و ئاوازەکانیان، ڕۆحی فەڕانسەیان نەخشاندووە. ئەگەر بلاگەرێکی فەڕانسەوی لە بەرنامەیەکی تەلەڤیزیۆنیی وڵاتەکەیدا، قسەیەکی بەو دوو هونەرمەندە مەزنە بگوتبایە کە ئەو کچە بلاگەرە کوردە بە «مامۆستا ماملێ»ی گوتووە، ئایا کاردانەوەی فەڕانسەوییەکان هەر ئەوە دەبوو کە بەرامبەر بەو کچە کراوە؟ بێگومان وەڵامی ئەوان نەک جنێودان و نەک فتوای کوشتن ، بەڵکوو پێکەنین دەبوو؛ چونکە هونەرمەندێکی وەک پیاف یان هالیدەی، لە لووتکەدان و قسەی گاڵتەجاری لەم بابەتە هەرگیز ناتوانێت پەڵە بخاتە سەر شکۆی هونەرەکەیان .

ئایا شکۆی هونەرمەندێکی وەک مامۆستا محەمەد ماملێ، کە بە دەنگە زوڵاڵ و ئاڵتوونییەکەی، بەشێکی گەورەی یادەوەریی نەتەوەیەکی تێکۆشەری پاراستووە، بە قسەی بلاگەرێکی گەنجی بێئەزموون کە مەبەستی بێڕێزی نەبووە، دەشکێت؟ ئەگەر وابێت، ئەوا دەبێ بپرسین: ئایا ماملێ هونەرەکەی لە خزمەتی خاک و نەتەوەکەیدا بووە، یان تەنیا بووەتە کەرەستەیەک بۆ قسەی هەرزە؟ بێگومان ماملێ لەو پلەیە بەرزترە کە بە ڕەخنەی نادروست و گاڵتەجاڕیی بێبەها، بایەخی لەدەست بدات. هونەری ڕەسەن، ئەو هونەرەیە کە لەگەڵ کاتدا گەشە دەکات و هەمیشە زیندوو دەمێنێتەوە، نەک بە با و بۆرانی قسەی بێسەروبەر بلەرزێت.
بەداخەوە، ئەوەی لەم ڕووداوەی ئەم دواییانەدا لە فەزای سۆشیاڵمیدیای کوردیدا بینیمان، نیشانەی قوڵایی گرفتێکی کۆمەڵایەتی و فەرهەنگییە. ئەو هەڕەشە و زمانە زبر و جنێوە سێکسیستییانەی ئاراستەی ئەو کچە بلاگەرە کران، نیشاندەری ئەوەن کە بەشێک لە کۆمەڵگەی ئێمە هێشتا لە زیندانی عەقڵییەتی سەدەی ڕابردوو و کەلتووری «تۆڵەسەندنەوەی بەدڕەوشتانە»دا دەژین. کاتێک کەسێک لەبەر دیدی هەزاران بینەردا، بە زمانی جنێو و سووکایەتیی سێکسیستی وەڵامی وتەیەکی بێمەبەست دەداتەوە، ئایا ئەو کەسە خۆی لەو بلاگەرە ژیرترە؟ نەخێر! بە پێچەوانەوە، ئەو دەنگانە تەنیا دەبنە بەڵگەی ئەوەی کە ئێمە هێشتا نەمانتوانیوە فێری دیالۆگ و ڕێزگرتن لە جیاوازیی بیرو ڕا ببین.
ئەو کەسانەی لە پشتی مۆبایلەکانیانەوە بە ناوی «بەرگری لە هونەرمەند»، بێباکانە وشەی زبر بەکار دەهێنن، لە ڕاستیدا گەورەترین سووکایەتی بە ماملێ و بە هەموو هونەری ڕەسەنی کوردی دەکەن؛ چونکە هونەری ماملێ، هونەری مرۆڤایەتی، هونەری جوانی و شکۆیە. ئەو زمانەی بەکارهێنرا، زمانی تێکشکانی بەهای مرۆیی و نەخۆشییەکی دەروونییە کە لە جیهانی مۆدێرن و کراوەدا هیچ جێگەیەکی نابێتەوە
مرۆڤ بێبەری لە هەڵە نییە، بەڵام ئازایەتی و بوێریی ئەو مرۆڤە ئەوکاتە دەردەکەوێت کە پێ لە هەڵەکەی خۆی دەنێت و داوای لێبووردن دەکات. «سەیران» ی کەم تەمەن لەبەر ئەوەی مەبەستی سووکایەتی نەبوو، ئەو کارەی کرد. لە کۆتاییشدا، ئایا داگیرکەر لە کەیەوە دۆستی کورد و مامۆستا ماملێ بووە کە وەدوای شکۆی ماملێ بکەوێ و ئەم کچە بلاگەرە بگرێ ،مەگەر ئەوداگیرکەرە هەمان ئەو دڕندە دژە کوردە نیە داخی بە جەرگی ماملێ وە نا و ڕۆڵەی لە باوەشی ڕفاندو پشتی شکاند؟
پاڕانەوەی نزا
لاپەڕەی فەیسبووکی ئەحمەد شێربەگی