خۆرهەڵاتی کوردستان و ڕاگرتنی باڵانسی هێز. ئازاد مستۆفی

خۆرهەڵاتی کوردستان و ڕاگرتنی باڵانسی هێز
ئازاد مستۆفی

لە مێژووی بزووتنەوە ڕزگاریخوازەکاندا، مەرجی سەرکەوتن تەنها توانای سەربازیی، ژمارەی دانیشتووان، یان پشتیوانیی نێودەوڵەتی نییە بەڵکو وشیاری سیاسی بزووتنەوەکە بۆ ناسین و چۆنیەتی بەکارهێنانی ناکۆکییەکانی نێوان دەسەڵات و نەیار و هێزە بەرامبەرەکانیش کاریگەریی خۆی هەیە. لە ئەدەبیاتی ستراتیژی و پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکاندا، ئەو بیرۆکەیە زۆرجار بە چەمکەکانی balance of power، divide and rule، coalition politics، strategic leverage وexploitation of rivalries ڕوون دەکرێتەوە. بەم پێیە، ئەگەر بزووتنەوەی ڕزگاریخوازیی کورد لە خۆرهەڵاتی کوردستان بە ڕوانگەیەکی ستراتیژیک سەیری مێژووی خۆی بکات، پرسیارەکە تەنها ئەوە نییە کە داگیرکەر چۆن سەرکوتی کردووین؟ بەڵکو پرسیارێکی گرنگتریش هەیە ئایا بزووتنەوەکە توانیویەتی بەشێوەیەکی بەردەوام لە درز و ناکۆکییەکانی نێوان هێزە بەرامبەرەکان بۆ زیادکردنی دەسەڵاتی خۆی سوود وەربگرێت؟ ئەم پرسیارە بە مانای ئەوە نییە کە بزووتنەوەی کورد هیچ هەوڵێکی بۆ دیپلۆماسی، هاوپەیمانی و پەیوەندی لەگەڵ هێزە ئێرانی و دەرەکییەکان نەداوە. بەپێچەوانەوە، مێژووی بزووتنەوەکە پڕە لە پەیوەندیی نێوەدەوڵەتی و هاوبەشییە سیاسییەکان بەڵام کێشەکە لەوەدایە کە ئەم پەیوەندییە زۆرجار نەبووەتە ستراتیژییەکی بەردەوام بۆ گۆڕینی باڵانسی هێز.
ستراتیژیست لە وەها هەلومەرجێکدا پێویست ناکات ناکۆکی دروست بکات، تەنها پێویستی بەوەیە کە ناکۆکییەکان بناسێت و لە کاتی گونجاودا بەشێوەیەکی زیرەکانە بەکاریان بهێنێت. لە سیاسەتی نێودەوڵەتیدا، هیچ هاوپەیمانییەک بەتەواوی هاوپەیمانیی هەمیشەیی نییە و هیچ دوژمنێکیش لە هەموو بارودۆخێکدا دوژمنی هەمیشەیی نییە. بەرژەوەندییەکان دەگۆڕێن و ئەوەی گرنگە، توانای بزووتنەوەیەکە بۆ دروستکردنی پەیوەندییەکان بەپێی بەرژەوەندیی خۆی.
لەم ڕوانگەیەوە، بزووتنەوەیەکی نەتەوەیی نابێت خۆی بە یەک بلۆکی سیاسی ببەستێتەوە، دەبێت بتوانێت لە کاتی جیاوازدا لەگەڵ هێزە جیاوازەکان گفتوگۆ بکات، بەبێئەوەی بەرژەوەندیی سەرەکیی خۆی لەدەست بدات و ئامانجی نەتەوەیی خۆی لێ ون بێت.

بیسمارک نموونەی کلاسیکی بەڕێوەبردنی ناکۆکی (بازی در شکاف)
یەکێک لە باشترین نموونەکانی بەکارهێنانی ناکۆکییە نێودەوڵەتییەکان لە ئاستی حکوومیدا، سیاسەتی ئۆتۆ ڤۆن بیسمارکە. دوای یەکگرتنی ئەڵمانیا لە ١٨٧١ز، بیسمارک تێگەیشت کە ئەڵمانیای نوێ بەهێزە بەڵام ئەگەر چەند هێزی ئەورووپی بە دژی یەک کۆببنەوە، ئەو بەهێزییە دەتوانێت ببێتە خاڵی لاوازیی. بۆیە ئامانجی سەرەکیی سیاسەتی دەرەوەی بیسمارک دوای ١٨٧١ز ئەوە بوو کە ئەڵمانیا لە هەموو هاوپەیمانییەکی دوژمنانەی دژی خۆی دابڕێت. یەکێک لە هەوڵەکانی بۆ ئەمە “هاوپەیمانیی سێ ئیمپراتۆر” بوو کە ئەڵمانیا، ڕووسیا و ئاستریا-هەنگاریا لەخۆگرت. ئەم هاوپەیمانییە هەوڵێکی بیسمارک بۆ ڕزگاربوون لەو کێشەیە بوو کە چۆن لە یەک کاتدا پەیوەندییەکانی لەگەڵ ڕووسیا و ئاستریا بپارێزێت و فەڕەنسا تەنیا بمێنێتەوە. لەڕاستیدا بیسمارک، درزی دروست نەکرد بەڵکو لە درزەکانی نێوان ڕووسیا و ئاستریا-هەنگاریا بەباشترین شێوە کەڵکی وەرگرت.کێشەی سەرەکی لە بالکان بوو. ڕووسیا و ئاستریا-هەنگاریا بەرژەوەندیی جیاوازییان هەبوو، بەتایبەتی لەسەر نفووز لە ناوچەکانی دەریای ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاست و بالکان. بیسمارک هەوڵی دا ئەو ناکۆکییە بەشێوەیەک سەرپەرشتی بکات کە ڕووسیا و ئاستریا نەبنە دوژمنی ئەڵمانیا.
لە ساڵی ١٨٧٦دا نموونەیەک لە دیپلۆماسیی ئەو سەردەمە لە Berlin Memorandum دا دەبینین کە ئەڵمانیا، ڕووسیا و ئاستریا-هەنگاریا هەوڵیان دا لەسەر کێشەکانی ئیمپراتۆریی عوسمانی ڕێککەوتنێک دروست بکەن بەڵام بەریتانیا بەتەواوی لەگەڵ پڕۆژەکەدا نەچوو. ئەمە نموونەیەکی گرنگە هێزی زیرەک پێویستی بەوە نییە کە هەموو کێشەکان چارەسەر بکات، پێویستی بەوەیە کە کێشەکان بەشێوەیەک سەرپەرشتی بکات کە بەرژەوەندیی خۆی لەناو نەچێت.

ئەریتریا و دروستکردنی باڵانسی سیاسی
نموونەی ئەریتریا گرنگە چونکە بزووتنەوەی ڕزگاریخوازیی ئەریتریا تەنها لە جەنگدا سەرکەوتوو نەبوو بەڵکو توانای ئەوەشی هەبوو باڵانسی سیاسی و ناوچەیی بە قازانجی خۆی بەکاربهێنێت. بزووتنەوەی ڕزگاریخوازی ئەریتریا لە دۆخێکدا بەرەنگاری ئەتیۆپیا بۆوە کە ئەتیۆپیا لە جەنگی سارددا پشتیوانییەکی گرنگی لە یەکێتیی سۆڤیەت و کوبا وەردەگرت بەڵام EPLF (بەرەی ڕزگاری گەلی ئەریتریا) توانای دروستکردنی پەیوەندییە سیاسی و سەربازییە جیاوازەکان و بەکارهێنانی گۆڕانکارییە ناوچەیی و نێودەوڵەتییەکانی بوو. “دیپلۆماسیی ڕزگاری” بۆ بزووتنەوەی ئەریتریا گرنگ بوو و بزووتنەوەکە توانای دروستکردنی هاوپەیمانیی سیاسی-سەربازیی لەگەڵ بزووتنەوەکانی نێو ئەتیۆپیادا هەبوو. لە ١٩٩١دا EPLF کۆنترۆڵی ئەریتریای بەدەستهێنا و دوو ساڵ دواتر لە ڕێگەی ڕاپرسییەوە بۆ سەربەخۆیی ئەریتریا متمانەی خۆی وەرگرت.
ئەم نموونەیە وانەیەکی گرنگی بۆ کورد هەیە پشتیوانیی دەرەکی خۆی بەخۆی سەرکەوتن نییە بەڵکو توانای بزووتنەوەکە بۆ گۆڕینی پشتیوانییە دەرەکییەکان بۆ سەرمایەی سیاسیی خۆی گرنگە.

ناکۆکیی نێوان ئۆپۆزیسیۆنی ئێرانی
ئۆپۆزیسیۆنی ئێران یەک جەستەی یەکگرتوو نییە. جیاوازییەکانیان لەسەر شێوازی حکوومەت، ناوەندگەرایی یان فیدراڵیزم، ڕەچاوکردن یا نەکردنی مافە نەتەوەییەکان، پەیوەندیی نێوان دین و دەوڵەت، پەیوەندی لەگەڵ وڵاتانی زلهێز و ناوچەیی و تەنانەت پێناسەی «ئێران» زۆرن. لە ڕوانگەی کوردەوە، ئەم جیاوازییانە دەتوانن ببنە سەرمایەی سیاسی نەک تەنها کێشە. بۆ نموونە ئەگەر هێزێکی ئۆپۆزیسیۆن باوەڕی بە دیموکراسی و پلۆرالیزمی سیاسی هەبێت، کورد دەتوانێت پرسیاری ڕوون لەو هێزە بکات کە ئایا دیموکراسی تەنها گۆڕینی حکوومەتە یان گۆڕینی شێوازی پەیوەندیی نێوان ناوەند و پێکهاتە نەتەوەییەکانیشە؟ ئەگەر وەڵامەکە دیموکراسییە، ئەوە مافی زمانی، کولتووری، سیاسی و خۆبەڕێوەبردنی کورد دەبێ ببێتە بەشێک لە پڕۆژەی دیموکراتیک. بەم شێوەیە کورد لە داواکارەوە دەگۆڕێت بۆ هاوبەشی پێکهێنانی نەخشەی داهاتووی ئێران بەڵام بۆچی ئەمە نەکراوە؟ یەکەم هۆکار، دوورکەوتنەوەی نێوان ستراتیژیی و تاکتیکە. بزووتنەوەیەک دەتوانێت تاکتیکی زۆر هەبێت بەڵام ئەگەر ئەو تاکتیکانە لە نێو ستراتیژییەکی گشتیدا نەبن، دەبنە کۆمەڵێک هەنگاوی جیاواز. دووەم، پەیوەستبوونی زۆر بە یەک هێز، دەتوانێت توانای مانۆڕ کەم بکات. ئەگەر بزووتنەوەیەک لە دۆخێکدا خۆی بەتەواوی بە یەک دەوڵەت یان یەک بلۆکی سیاسی ببەستێتەوە، لەکاتی گۆڕینی بەرژەوەندیی ئەو هاوپەیمانەدا، خۆی دەکەوێتە دۆخی لاوازیی. سێیەم، ناکۆکینانەوەی هەندێ لایەنی کۆنەمارکسی و لقی پارچەکانیتر لە خۆرهەڵاتی کوردستان بۆ پرسی نەتەوەیی و خۆبەستنەوەیان بە نوخبە و حزبەلاوازە ئێرانچییەکان. بێگومان بزووتنەوەی کورد لە خۆرهەڵاتی کوردستان بەتایبەت لە پاش ١٩٧٩ز تەنها یەک ڕێبازی فیکری و سیاسی نەبووە، جیاوازیی نەتەوەیی، چینایەتی و ئایدیۆلۆژیکیش لە ناویدا هەبووە. ئەم جیاوازییانە ئەگەر بە دامەزراوە و دیالۆگ بەڕێوە نەبرێن، دەبنە هۆی ئەوەی هێزە دەرەکییەکان بتوانن لە یەکنەگرتووییان سوود وەربگرن کە گرتوویانە و هەروەها ئەو هێزانەش کە پرۆکسی بەرژەوەندیی پارچەیەکی تری کوردستانن یاخود باوەڕیان بە بەرژەوەندییەکان و قەڵەمڕەوی خۆرهەڵاتی کوردستان نییە هۆکارن بۆ دروستکردنی درزی نێوان هێزەکان.

نەبوونی ستراتیژی باڵانسسازی لە بزووتنەوەی کورد
بزووتنەوەی کورد لە خۆرهەڵاتی کوردستان لە ماوەی سەدەی ڕابردوودا لەگەڵ هێزە جیاوازەکان پەیوەندیی هەبووە. لە کۆماری کوردستانی مەهابادەوە تا شۆڕشەکانی دوای ١٩٧٩ز، حزبەکانی ئەو پارچەیە بەتایبەت حزبی دیموکراتی کوردستان پەیوەندی لەگەڵ هێزە دەرەکییەکان و پارتەکان لە بەشەکانی تری کوردستان بە بەربڵاوی هەبووە. لە ساڵانی دوای شۆڕشی ١٩٧٩، خواستی ئۆتۆنۆمی و دواتر فیدڕاڵی یەکێک بووە لە خاڵە سەرەکییەکانی شەڕی نێوان کورد و دەسەڵاتی ناوەندی و هەروەها خاڵی ناکۆکیش لەگەڵ هێزە ئوپۆزیسیۆنە ناوەندگەراکان بەڵام دەسەڵاتی نوێ لە تاران وەکو ڕابردوو ئەو داواکارییەی بە هەڕەشەیەک بۆ یەکپارچەیی خاکی ئێران دەزانێ و کێشەکە بەرەو میلیتاریزەکردنی کوردستان و سەرکوتی دیموکراسیخوازانی کورد بردرا چونکە تاران نایەوێت دەسەڵاتی خۆی دابەش بکات. لێرەدا پرسیارێکی ستراتیژیک دێتەئاراوە ئەویش ئەوەیە کە نێوخۆی دەسەڵاتی ئێران و هەروەها هێزەکانی ئوپۆزیسیۆنی ئێرانی لە دەرەوەی وڵات، لێوانلێون لە ناکۆکیی سیاسی، ئایدیۆلۆژیک و کۆمەڵایەتی، بۆچی ئەو ناکۆکییە نەکرایە leverage ـێکی بەهێزتر بۆ کورد؟

دیپلۆماسیی نەرم بەرامبەر ئوپۆزیسیۆن
یەکێک لە گەورەترین هەڵە ستراتیژییەکان بۆ هەر بزووتنەوەیەکی نەتەوەیی ئەوەیە کە وا بزانێت پێویستە لەگەڵ هەموو هێزەکان لە یەک کاتدا بە یەک شێواز هاوڕا بێت. بەپێچەوانەوە دیپلۆماسییەکی کارا دەڵێت لەگەڵ هیچ هێزێک، هاوپەیمانیی بێمەرج مەکە. لەگەڵ هەر هێزێک بەپێی بەرژەوەندیی هاوبەش، کار بکە. ئەگەر هێزێکی سیاسی لەگەڵ کورد لەسەر مافی زمان هاوڕابێت، دەکرێت لەو بوارەدا هاوکاریی بکرێت، تەنانەت ئەگەر لە بابەتێکی تردا جیاوازییەکی بنەڕەتی هەبێت. ئەگەر هێزێکیتر لەگەڵ کورد لەسەر فیدراڵیزم هاوڕا بێت، دەکرێت ئەو بەرژەوەندییە هاوبەشە بەکاربهێنرێت. ئەمە بە مانای پشتگوێخستنی بنەماکانی کورد نییەو بەمانای پاراستنی ئامانجە سەرەکییەکان بە دیپلۆماسییەکی flexible ـە. ئەگەر مێژوو بە وردی بخوێنینەوە، دەبینین کە زۆرجار ئەو هێزانەی لە درزەکان سوودیان وەرگرتووە، بزووتنەوەی کورد نەبووە بەڵکو دەسەڵاتە ناوەندییەکان و هێزە سیاسییەکانی بەرامبەر بوون.
دەسەڵاتی ناوەندی لە ئێران بەردەوام هەوڵی داوە کێشەی کورد لە چوارچێوەی “پاراستنی یەکپارچەیی خاک” بخاتەڕوو و بەمشێوەیە هێزە جیاوازەکانی نێو کۆمەڵگەی ئێران لە دەوری مەترسیی “دابەشبوونی ئێران” کۆبکاتەوە. تۆمەتێک کە لە ڕاستیدا لە درێژایی مێژووی ئێران لە سەفەوی و قاجارەوە هەتا پەهلەوی و ئێستە خودی حکوومەتی ناوەندی هۆکاری دابەشبوونی ئێرانە. هەروەها هێزە ئۆپۆزیسیۆنە ئێرانییەکانیش هەندێک جار کێشەی کوردیان بە کێشەی لاوەکی و دواتر داناوە. واتە سەرەتا گۆڕینی رژێم دواتر چارەسەرکردنی کێشەکانیتر کە بەمانای داننەنانە بە پرس و شووناسی نەتەوە نافارسەکان.
ئەم لۆژیکە لە ڕوانگەی کوردەوە کێشەیەکی ستراتیژیکە چونکە ئەگەر کورد لە قۆناغی گۆڕینی سیستەمدا نەبێتە بەشێک لە ڕێکخستنی سیستەمی نوێ، لە قۆناغی دوای گۆڕاندا دەکرێت دووبارە بگەڕێتەوە بۆ خاڵی سیفر بۆیە پێویستە درز بکرێتە دەرفەت. واتە بابەتەکە بەو ئاراستەیەدا نییە کورد بتوانێت خولقێنەری درزی نێوان کۆتلەکانی داگیرکەر یاخود هێزە ئێرانچییەکان بێت یان نا، کورد پێویستە بتوانێت درزی هەبوو بگۆڕێت بۆ دەرفەتی سیاسی و ئیمتیازوەرگرتن بۆ پرسی نەتەوەیی و قەڵەمڕەوی کوردستان. زۆر گرنە بزووتنەوەی ڕزگاریخوازیی کورد لە خۆرهەڵاتی کوردستان و لەسەروویانەوە حزبی دیموکرات کە هەڵگری پرسی نەتەوەیی و خاوەنی دیپلۆماسییەکی بەرین و بەردەنگی زلهێزەکانە، چۆن دەتوانێت بەرژەوەندیی خۆی لە نێو ئەم ناکۆکییەکانەی نێوان باڵەکانی حکوومەتی تاران و ئوپۆزیسیۆنی ڕەنگاوڕەنگدا بەشێوەیەک دابین بکات کە هیچ هاوپەیمانێک نەیتوانێت بەبێ هێزەکانی سیاسی کوردستان و لەسەرووی هەموویانەوە حزبی دیموکرات بڕیار لەسەر داهاتووی کوردستان بدات. ئێرانی داهاتوو بەرەو بۆشایی دەسەڵات و هێز و تەناهییە، پێویستە ئامانجی بزووتنەوەی نەتەوەیی کورد ڕاگرتنی باڵانسی هێز بەقازانجی پرسی کورد بێت.