هەڵوەستەیەک لەسەر کتێبی “گوڵبژێرێک لە ژیان و خەباتی مامۆستا مەلا ساڵح ڕەحیمی”
هەڵوەستەیەک لەسەر کتێبی
“گوڵبژێرێک لە ژیان و خەباتی مامۆستا مەلا ساڵح ڕەحیمی”
قادر وریا ٢٠٢٦/٨/٧
بەهاری ڕابردوو، کاتێک لەسەر دیواری کاک سوڵتان خوسرەوی، هەواڵی چاپ و بڵاوبوونەوەی کتێبی”گوڵبژێرێک لە ژیان و خەباتی مامۆستا مەلا ساڵح ڕەحیمی”م خوێندەوە، لە کۆمێنتێکدا ئەم چەند ڕستەیەم نووسی:
“یادی مامۆستا مەلا ساڵەح بەڕێز بێت. دەکرێ بڵێم گەورەترین هیوای کوردە زۆرلێکراوەکان لە شاری نەغەدە بوو، ڕۆڵێکی باشی لە ڕاگرتنی تەبایی نێوان کوردەکان و تورکەکاندا هەبوو. دیارە کورد لە نەغەدە ژێردەست بوو، بەڵام کەسایەتییەکی وەک مامۆستا مەلا ساڵەح، لەبەردەم زێدەڕۆییەکانی کاربەدەستانی نەتەوەی باڵادەستدا کۆسپێک بوو. ڕۆڵێکی کۆمەڵایەتیی شیاوی پێزانینی لە شاری نەغەدە و ناوچەکەدا هەبوو. لە قسەخۆشییشدا ناوبانگی هەبوو. حەیفە ئەم جۆرە کەسایەتییانە بە نەوەکانی دوای خۆیان نەناسێندرێن. نووسینەوەی ژیان و بەسەرهات و بیرەوەرییەکانی و بڵاوکردنەوەیان لە توێی کتێبدا، جێگای دەستخۆشی و ماندوونەبوونییە. پیرۆزە.”
*
حەوتووی ڕابردوو، نوسخەیەک لەم کتێبە کە نووسەر و ئامادەکارەکەی، بەڕێز د.محەمەد ڕەحیمی، کوڕی گەورەی مامۆستا مەلا ساڵح بۆی نووسیبووم، بە زەحمەتی بەڕێزان کاک سوڵتان خوسرەوی و کاک مستەفا خوسرەوی Mostafa Khosrawi ، گەیشتە دەستم و هەر دەستبەجێش دەستم کرد بە خوێندنەوەی. چەند ڕۆژێکە لە خوێندنەوەی بوومەوە، پێم باشە بەم کورتە نووسینە هەڵسەنگاندن و ڕا و سەرنجی خۆمی لەسەر دەرببڕم:
(١)
لە پێشدا سپاسی بەڕێز د.محەمەد ڕەحیمی دەکەم کە منیشی لە بیر بووە و نوسخەیەک لە کتێبەکەی پێشکەش کردووم.
لەدوای خوێندنەوەی ئەم کتێبەش ئەگەر بگەڕێمەوە سەر کەسایەتیی زیندەیاد مامۆستا مەلا ساڵح، لە ڕاستیدا دەبێ هەر ئەو ڕستە و وشانەی کاتی خۆی لەو کۆمێنتەدا نووسیومن، دووپات بکەمەوە. بابەتەکانی ئەم کتێبە و لێدوانی هەموو ئەو کەسانەی لەم کتێبەدا لەسەر ژیان و تێکۆشانی مامۆستا و ڕووداوە پێوەندیدارەکان دواون، زیاتر دڵنیایان کردم کە ئەو ڕستانەی لەو کۆمێنتەدا نووسیومن، لەجێی خۆێدابووە.
خوێندنەوەی ئەم کتێبە وێڕای ئەوەی ژیان و کەسایەتیی ئەو مامۆستا پڕ خزمەت و شوێندانەرەی باشتر پێ ناساندم، لەسەر هێندێک لە پرس و ڕووداوەکان، بە نموونە هاوژیانیی کورد و تورک لە نەغەدە، لافاوە ماڵوێرانکەرەکەی ساڵی ١٣٤٨(١٩٦٩ی زایینی)ی نەغەدە و هاتنی حەمەڕەزاشا بۆ ئەم شارە، ڕێگربوونی ساواک لە هەڵبژێرانی زیندەیاد”یووسف کوردنەژاد” بە نوێنەری شنۆ و نەغەدە و دانانی “زەرگەرزادە”ناوێک لە جێگاکەی، نیشتەجێبوونی کوردەکانی باشوورلە نەغەدە بە دوای ڕێککەوتنی ئەلجەزاییر و شکانی شۆرشی ئەیلوول و ڕۆڵی مامۆستا لە فریاکەوتن و پێڕاگەیشتنیان، هەوڵەکانی مامۆستا لە دوای شۆڕشی ئێران بۆ ئاشتکردنەوەی سەرکردایەتیی پارتی دیموکرات و یەکیەتیی نیشتمانی، شەڕی خوێناویی نەغەدە، دانیشتن و وتووێژەکانی نێوان نوێنەرانی کورد و تورک و کاربەدەستانی دەوڵەت لە پێوەندی لەگەڵ شەڕی نەغەدە، ژیانی تاڵی کوردەکان لە دوای ئەو شەڕە، نیشتەجێکردنی کوردە باشوورییە ئاوارەکانی یەزد و کرمان و…هتد لە ماڵە چۆلکراوەکانی کوردانی نەغەدە، کۆمەڵکوژیی خەڵکی قاڕنێ و…هتد، زانیارییەکانمی نوێ کردەوە و دەوڵەمەندی کردن.
(٢)
کاتی خۆی (نزیکەی ٣٠ ساڵ لەمەوبەر) کتێبی بیرەوەرییەکانی کاک سەعید کوێستانی(ئاوڕێک)م خوێندبووەوە، بەڵام بۆچی ئەوەم لەبیرچووبووەوە کە “حاجی عەزیم مەعبوودی”، ڕۆژی ٣١ی خاکەلێوەی ١٣٥٨، لەگەڵ چەندین کەسایەتیی تورکی دیکەی نەغەدە لە متینگەکەدا بەشدار بووە، نازانم. زانین و لەبیربوونی ئەو زانیارییە بۆیە بەلامەوە گرنگە کە لە هێندێک لەو وتار و نووسینانەی پێوەندییان بە شەڕی نەغەدەوە هەیە، “مەعبوودی” وەک یەکێک لە پیلانگێڕان و هەڵایسێنەرانی ئەو شەڕە ناوی براوە. بەڵام بەپێی هەڵبژاردەیەک لە کتێبی بیرەوەرییەکانی زیندەیاد سەعید کوێستانی کە لەم کتێبەدا هاتووە:” تەنانەت یەکێکی وەک مەعبوودییش بانگ کرابوو و لەوێ لە نێوەڕاستی خەڵک لە ڕیزی پێشەوە دانیشتبوو. ناوبراو لە کاتی تەقەکەدا سەری لێ شێوابوو و نەیدەزانی چ بکات و ئەگەر دەستی لە کێشەی نەغەدەدا هەبایە، لەسەداسەد نەدەهاتە ئەو کۆبوونەوەیە و خۆی دەبوارد…”(لاپەڕی ١٩٠). ئەم شایەدیدانە ئەگەرچی لە پێوەندی لەگەڵ تەقەی دەسپێک و شێواندنی متینگەکە لە بەرژەوەندی مەعبوودییە، بەڵام ڕۆڵی نەرێنیی ناوبراو لە هاندانی تورکەکان بۆ شەڕ لەگەڵ کورد و کوشتن و تاڵانی کوردان لە ڕۆژانی دواتری شەڕی نەغەدەدا، هەروەها پیلانگێڕی و کۆمەڵکوژییەکانی دواتر دژی کوردان (بۆ نموونە قەلاچۆی دانیشتووانی قاڕنێ، قەڵاتان، سۆفیان و سەروکانی) ناشارێتەوە.
(٣)
بەو جۆرەی لە بیرەوەرییەکانی زیندەیاد کاک کەریم حیسامیدا هاتووە، مامۆستا مەلا سالح لە هەوڵەکانیدا بۆ ئاشتکردنەوەی مام جەلال و کاک مەسعوود بارزانی(یەکێتیی نیشتمانی و قیادەی مووەققەت)، شەریک(هاوبەش)ێکی هەبووە کە د.محەمەد رەحیمی هیچ ئاماژەیەکی پێ نەکردووە، ئەویش کۆمیتەی ناوەندیی حیزبی دیموکراتی کوردستانی ئێرانە. کاک کەریم نووسیویە: ” کۆمیتەی ناوەندی ح.د.ک.ا سەرەڕای سەرقاڵ بوون بە کێشە و هەرای کوردستان و دم بە دمە لەگەڵ حکومەت و گیر و گرفتی زۆر، هەوڵیشی دەدا کە لە نێوان هێزە کوردستانییەکانی عێراقیش دا ئاشتی پێک بێنێ و لەو کاتە ناسکەدا قیادە موەقەتی ئەو کات و یەکێتی نیشتمانی ئاشت کاتەوە، چونکە پڕیشکی ئەو دووبەرەکییە وەکوردستانی ئێرانیش کەوتبوو. مام جەلال لە ڕێگای کۆمەڵە و مامۆستا شێخ عیزالدینەوە تۆوی ناکۆکی چاندبوو…کۆمیتەی ناوەندی بە پێچەوانەی کۆمەڵە و مامۆستا دەیویست مام جەلال و کاک مەسعوود ئاشت کاتەوە. بۆ ئەو مەبەستە بڕیار درابوو لە نەغەدە لە ماڵە مەلا ساڵحی ڕەحمەتی دکتور قاسملوو، مامۆستا شێخ عزالدین، کاک مەسعود بارزانی و کاک سامی عبدالرحمن کۆ ببنەوە و باسی ئەو مەسەلەیە بکەن. دکتور قاسملوو بە منی گوت کە بچمە شاری شنۆ و کاک مەسعوود و کاک سامی بێنم بۆ نەغەدە.” (لە بیرەوەرییەکانم، بەرگی ٦، چاپی یەکەم، لاپەڕی ٤٣)
(٤)
شەڕی نەغەدە، ڕووداوی هەرە گرنگ وهەرە باڵکێشی نێو ئەم کتێبەیە، ئەمەش بۆ دوو ڕاستی دەگەڕێتەوە: یەکەم ڕۆڵی مامۆستا مەلا ساڵەح لە داکۆکی لە خەڵکی کوردی شارەکە چ لە کاتی شەڕەکە و چ دوای ئەو شەڕە. هۆی دووهەمیش کاریگەریی ئەو شەڕە لە سەر پێوەندیی کورد و تورک و ڕەوتی ڕووداوە سیاسییەکانی کوردستان، بە تایبەتی پشتبەستنی ڕێژیمی تازەدامەزراوی کۆماری ئیسلامی بە تورکەکان بۆ سەرکوتی خەڵکی کوردستان. ئەمەش گومانی تێدانییە کە هەڵەی ڕێبەریی حیزبی دیموکرات لە هەڵبژاردنی شوێنی متینگەکە (گۆڕەپانی وەرزشیی لە بەشی تورکنشینی شارەکە)، بیانووی دایە دەست شەڕخوازان و فیتنەگێڕانی دەمارگرژی تورک. بەڵام بە پێی قسەی زۆربەی ئەو کەسانەی د.محەمەد ڕەحیمی نووسەر و ئامادەکاری ئەم کتێبە لێدوانی لێ وەرگرتوون، گرووپگەلی توندئاژۆ و شەڕخوازی تورک کە گوێڕایەڵ و دارودەستەی ئاخوند حەسەنی، نوێنەری ڕەسمی خومەینی بوون، لە پێش پێکهاتنی ئەو متینگە، خۆیان بۆ شەڕ لەگەڵ لایەنی کوردی ئامادە کردبوو و ئەم شەڕە درەنگ یان زوو هەر بە سەر کورددا دەسەپێندرا.من لەگەڵ ئەوەی ڕەخنەگرتن لەم هەڵە گەورەیەی حیزبی دیموکرات بە ڕەوا و بە دروست و بە پێویست دەزانم و ئەوەشم قبووڵە کە شەڕی نەغەدە زیانی گەورەی هەم بە پێگەی کوردەکان لەم شارە گەیاند، هەم ڕەوتی ڕووداوەکانی دواتری لە زیانی کورد و لە بەرژەوەندەی تورکەکان لە پارێزگەی ورمێ گۆڕی، سەرەڕای ئەمانەش، ئەو جۆرە ئاکامگیرییەی بە قەلەمی “نوید دانش پویان” لە پێوەندی لەگەڵ شەڕی نەغەدە و ڕۆڵی د.قاسملوو لەم کتێبەدا هاتووە، بە شیاوی ڕەخنەلێگرتن دەزانم.
“دانش پویان” لە نووسینێکدا لە ژێر ناوی “دکتر قاسملو در فراسوی اسطورە!” کە د.محەمەد رەحیمی ١٢ لاپەڕە لە کتێبەکەی خۆی بۆ دووبارە بڵاوکردنەوەی تەرخان کردووە، متینگی حیزبی دیموکرات لە نەغەدەی ناو ناوە “مانۆڕی ترساندن و دەرپەڕاندنی تورکەکان لە ناوچەی دوو نەتەوەیی”. هەروەها د.قاسملوو، وێڕای تاوانبارێکی کۆنەپەرستی وەک غولامڕەزا حەسەنی و پانتورکەکانی خستووەتە تای یەک تەرازو؛ د.قاسملووش بە “براوەی شەڕی نەغەدە” و پەرەپێدەری ڕق و قین لە نێوان کورد و تورک و تەواوکەری یەکتر دەناسێنێ، چونکە بە تێگەیشتنی ناوبراو: ” د.قاسملوو لە دوای ئەو ڕووداوە گەیشتە مەقامی ویلایەتی موتڵەقەی حیزبەکەی و هەتا کۆتایی تەمەنی خۆی بە ماوەی ١٠ ساڵ لە پێگەی ڕێبەری پارێزراو لە ڕەخنە، پارێزراو لە وەلانان، پارێزراو لە گومان و ڕکەبەر مایەوە. ناوبراو ٣٥ ساڵ لە دوای مردنی هەروا مەرجەعی تەقلیدی زۆر لە موقەللیدانی کوردایەتیی نیئوفیئودالییە.” (لاپەرەی ٢٤١) سەیر ئەوەیە ئەو جەنابە ( نوید دانش پویان) کە قاڵبۆوەی ئایدۆلۆژیای ئاپۆئیسمە و بە سەنگ و تەرازووی پێ.کا.کا، هەموو ڕەوت و ڕووداو و کەسایەتی و هەڵوێستەکانی کوردستان هەڵدەسەنگێنێ، هیچ ڕەخنەیەکی لە “پێگەی سەرۆکی پارێزراو لە ڕەخنە، پارێزراو لە وەلانان، پارێزراو لە گومان و ڕکەبەر”ی پێ.کا.کا نییە و، بوونی بە “مەرجەع تەقلید” و بڕیاردەری سەرەکیی موقەللیدانی -هەر بە پێناسە و وتەی ناوبراو- “چەپی مودێڕن” و “کامڵبوو”، ئەویش دوای ٢٨ ساڵ دەستبەسەری و دابڕان لە پارتەکەی، بە ئاسایی دەزانێت!
(٥)
خۆزگە د.محەمەد رەحیمی هەڵبژاردەیەک لە بیرەوەرییەکانی زیندەیاد نەمر کەریم حیسامییشی لە پێوەندی لەگەڵ شەڕی نەغەدەدا لەم کتێبەیدا جێ کردباوە، چونکە جگە لەوەی کاک کەریم و مامۆستا مەلا ساڵح رەحیمی- بە شایەدیی ئەو نامانەی بۆ یەکتریان ناردووە-دۆستایەتی و پێوەندییەکی باشیان هەبووە، کاک کەریمیش وێرای مامۆستا و چەند لە کوڕەکانی و چەند کەسێکی دیکە، هەتا دوایین ڕۆژەکانی شەڕەکە هەر لە نێو نەغەدە و تەنانەت لە ماڵی مامۆستا مەلا ساڵح ماوەتەوە. لەمانەش گرنگتر لە زۆربەی ئەو کۆبوونەوانەی لە گەرمەی شەڕی نەغەدە و بە دوای شەڕی نەغەدە لە نێوان نوێنەرانی کورد و تورک و کاربەدەستانی دەوڵەتی لە نەغەدە و ورمێ و پیرانشار بەڕێوەچوون، وەک نوێنەری حیزبی دیموکراتی کوردستانی ئێران بەشدار بووە. بە دڵنیاییەوە بیرەوەرییەکانی کاک کەریم حیسامی، بەرچاوی خوێنەرانی لە دیتنی چەند و چۆنی ڕووداوەکانی ئاماژەپێکراو لەو کتێبەدا، ڕوونتر دەکردەوە.
*
جارێکی دیکە دەستخۆشی لە د.محەمەد رەحیمی و سەرجەم ئەو کەسانە دەکەم کە بە گێڕانەوەکانیان بوون بە هۆی باشتر ناساندنی کەسایەتیی مامۆستا مەلا ساڵح رەحیمی و ڕووداوەکانی بڕگەیەکی هەستیار لە بزووتنەوەی کوردستان بە خوێنەران. هیوادارم ناوەرۆک و پەیامی ئەم کتێبە هاندەری هەموو لایەکمان بێت بۆ ئەزموون وەرگرتن لە ڕابردوو، بۆ باشتر تێگەیشتن لە هەستیاریی پێوەندیی کورد و تورک، بۆ پێشگرتن بە دووپاتبوونەوەی کارەساتەکانی ڕابردوو.