کۆچی دوایی کەسایەتییەکی ئایینی و نیشتیمانپەروەر لە ناوچەی سەردەشت!
کۆچی دوایی کەسایەتییەکی ئایینی و نیشتیمانپەروەر لە ناوچەی سەردەشت!
رۆژی هەینی ڕێکەوتی ٣١-٠٧-٢٠٢٦ی زایینی، مەلا قادر مەحموودی ناسراو بە مەلا قادری زووران لە تەمەنی ٨٤ ساڵیدا لە یەکێک لە نەخۆشخانەکانی تاران کۆچی دوایی کرد.
حاجی مەلا قادرجگە لەوەکە مامۆستایەکی ئایینی بوو، کەسایەتییەکی خۆشناو، نیشتیمانپەروەر و کۆمەڵایەتیش بوو!
ناوبراو لە سەردەمی بزوتنەوەی شؤڕشگێڕانەی ساڵەکانی چل و شەش و چل حەوتەوە پێوەندی بە تەشکیلاتی حیزبی دێموکڕاتەوە هەبووە و لەگەڵ بەشێکی بەرچاو لە کادرەکانی ئەو سەردەم دۆستایەتی و هاوڕییتەتی نزیکی هەبووە.
لە دەیەی شەستی هەتاویدا بۆ ماوەی چەند ساڵ کادری بەشی کۆمەڵایەتی کۆمیتە شارستانی سەردەشت بوو. دواتر بە هۆی گیرو گرفتی بنەماڵەیی لە سەر ئیزنی حیزب چۆوە نێوخۆی وڵات. لەگەڵ ئەوەشدا تا دوا ساتەکاینی ژیانی بە حیزب و ڕێبازی ڕزگاری خوازنەی گەلەکەی وەفادار بوو و لە هەموو دەرفەتێکدا لەم پێناوەدا درێغی نەدەکرد.
مەلا قادر مەحموودی یەکێک لەو مامۆستا بە هەڵوێستانەی ناوچەی سەردەشت بوو کە کاتی شۆڕشی ژینا دا وێڕای بەشداری کردن لە ئیمزاکردنی بەیاننامەی مامۆستایانی ئایینی بۆ پشتیوانی لە شۆڕشی ژینا، لە هەر دەرفەتێکدا کە بۆی ڕەخسا بایە، لە دەربڕینی هەستی نیشتمانپەروەری درێغی نەدەکرد.
حاجی مامۆوستا ئارەزووی ئەوە بوو کە روخانی کۆماری ئیسلامی بە چاو ببینیێ و لە کوردستانی ڕزگارکراو دا هەناسەی ئازادی هەڵمژێ، بەڵام مخابن تەمەن مەودای نەدا کە ئەم ئارەزوویەی بە چاوی خۆی ببینێ.
جێگەی ئاماژەیە کە ناوبراو وەسیەتی کردبوو کە لە کاتی بە خاکسپاردندا بە پەرچەمی کوردستان دایپۆشن و هەواڵی کۆچی دواییشی لە کوردکاناڵ بخوێندرێتەوە.
بە ناوی ماڵپەڕی گیاڕەنگ لە ناخی دڵەوە سەرەخۆشی لە بنەماڵەی بەڕێزی حاجی مامۆستا مەلا قادر مەحموودی، لە خەڵکی گوندی زووران و ناوچەی سەردەشت و هەموو خەڵکی کوردستان و خۆشەویستانی بنەماڵەی بەڕێز حاجی مامۆستا و تێکرای مامۆستایانی ئایینی بە دەرەوەست لە چەشنی بوێری و شۆڕشگێری حاجی مامۆستا دەکەین و خۆمان بە شەریکی خەمی لە دەستدانی ئەو کۆستە گەورەیە دەزانین، بە هیوای ئەوە کە ئەندامانی بنەماڵەی کۆچکردوو و ئێمەش بتوانن لە سەر ڕێچکە و هێژموونی نەمر حاجی مامۆستا هەنگاو بنێین و بە گشتی ببینە نموونەیەک لە شێوەی نەمر حاجی مامۆستا مەلا قادری زووران.
ڕووحی شاد و جێگەی بەهەشتی بەرین بێ.
حەمەڕەسووڵ کەریمی