ھەڵسەنگاندنێکی ڕۆمانی شەپۆلەکانی شار. نووسین ڕەزا ئەمینی
نووسین ڕەزا ئەمینی
ڕۆمانی’شەپۆلەکانی شار’لە نێو ئاتمسفۆڕی خەیاڵی سەرھەڵگرتووی ڕزگاریخوازی نیشتمانی و خەون و خولیای قووڵی نەتەوەیی لەدایک بووە.
چێرۆکنووس لە سنوورە دەسکردەکانی شانتاژ و دروشم تێدەپەڕێ و تان و پۆی ئاواتە نیشتمانییەکانیی ڕئالیستیانە پێکەوە دەلکێنێتەوە.تابڵۆ ڕەنگاڵە فرەڕەھەندەکانی ئەو چیرۆکە بەرگرییە،ناسنامەی خەباتی مۆدێڕنی گەلی کورد و پێناسەی حیزبی نەسرەوتووی دێموکرات وەک خۆی دەقا و دەق وەڕوو دەخا.
ڕەشید حەیدری لە نێو ڕەستە و سیکلەکانی ئەو ڕۆمانەدا،شاکاری خەباتی بەرگری ڕزگاریخوازی نیشتمانی بە خۆێن و خەبات و ڕەنج و تێکۆشانی پێشمەرگە و تێکۆشەرانی شەقام جیاوازتر وێنا دەکاتەوە.ئەو چەمکی خەباتی شار و شاخ بە کردەوە و مکانیسمی زانستی ئاوێتەی یەکتر دەکاتەوە.شاڕەزایانە کتێب و قەڵەم دەکاتە چەک و ناڕنجۆک،وەدەست تێکۆشەرانی ڕزگاریدەری وڵاتی کوردستانی دەدا تا کەڕەسەی کاریگەری ڕێکخراو ئامادەتر کەن و بەوەش چەکی شاخ باشتر دەخاتەوە سەرپێ و ڕزگاری کوردستان بە خوێن و تێکۆشان باشتر شیدەکاتەوە.
یەکەم کلیل واژەکانی ئەو ڕۆمانە نەخشینە وەرزی بەھار و نەورۆزە.نەورۆز بە تەنیا وەک ترادسیۆن و بابەتێکی سوڕیاڵ نا بەڵکوو وەک چەمک و ڕەمزی ڕزگاری نەتەوەیی و شۆڕش گەڵاڵەیی دەکات.وەک جێژنی نەتەوایەتی پێداگریی لە سەر دەکاتەوە و ڕازی سروشت لەگەڵ ڕەمزی ژیان و خەبات پێک دەگرێتەوە.لەو ململانێی سروشتەدا میداڵی سەرکەوتن لە بەرۆکی نەورۆز دەدا.بە کوردی سوپای کڕێوەی ڕژیمی خەڵووزبیری ئیسلامی ئێران،تەسلیمی تەلیسمی شەپۆلەکانی شۆڕش و بەرگریی شاڕ و خرۆشی شاخ دەکا.
لە داڕشتنەوەی ھێڵەکانی بەرگریی شار دا کتێب و خوێندنەوە،پەرەپێدانی زانست و تەیارکردنی بیری شۆڕشگێر بە چەکی ڕاسیۆنال و ئەندیشەی مۆدێڕنی سەردەم جارێکیدی وەبیر ئەکتەرە تەشکیلاتییەکان دێنێتەوە.لە وێناکردنی دیمەنی داگیرکاریی نیشتمان شارەزایانە سایکۆلۆژی بەدیلگیراوی مرۆی کورد بە خوێنەر دەناسێنێتەوە.
بۆ ساڕێژبوونەوەی ڕوحی سەرھەڵگرتووی تاک و کۆمەڵگای داھێنەری کوردستان بانگەشەی نەترسان و بەگژداچوونەوەی داگیرکەر دەکاتەوە.لە دنیای خەیاڵی ڕەشید دا تەنیا ڕوانین لە ئاسۆ و ڕاونانی داگیرکەر میلاکە بۆیە حاڵەتی لاڵانەوە و کڕوزانەوە ئازایانە وەلا دەنێ و یان کوردستان یان نەمان دەکاتە پارادێمی ڕۆمانەکەیی و ئەرک وەخۆگری بۆ خەبات مۆتوربە دەکاتەوە.
ئارام،ھەڵاڵە،ھەتاو،ھێرش و ناوی کوردیتر کە بۆ ئەکتەرەکان دیاری کراون سرنجڕاکێشە،نووسەر لێرەدا ژیرانە گەرکێتی ترادسیۆن و سەھۆڵبەندانی نەریتیێکی باوی ھەڵەمان بۆ بتوێنێتەوە،چونکە بەداخەوە ناوی زۆرینەی مناڵانی کوردستان کوردی نیە بۆیە بە ڕوونی بانگەشەی گرینگیی ناوی کوردی دەکات.
ڕۆمانەکە بۆ توێژەری ئاکادێمی دەتوانێ ڕێفرنسێک بێ چونکە لە سەرەتاوە خاڵێکی زۆر ھەستیار و گرینگ واتا بەرخۆدانی ئازایانەی ژنانی کوردستان دەخاتەڕوو،بۆشایی و پەراوێزخستنی مێژووی لەخۆبووردوویی خەبات و ھەڵسووڕانی ژنانی کوردستان بە جوانی شیدەکاتەوە.کە دەڵێم دەبێتە سەرچاوە بۆ نموونە شرۆڤەکاری مێژووزان،بە خوێندنەوەی ڕۆمانەکە خەباتی نەتەوایەتیی کورد بە شێوەی زانستی دەتوانێ تاووتوێ بکات و دینامیزمە کۆمەڵایەتییەکانی بزاڤی ڕزگاریخوازیی نیشتمانی کوردستان باشتر بسەلمێنێ کە کورد لە پێناو ڕزگاری نیشتمانەکەی چۆن یەکێک لە پاڵنەڕ و پۆتانسیلە سەرەکییەکانی شۆڕش(ژنان )لە گۆڕەپانی خەبات وەگەر دەخات.
خاڵێکی زۆر بە ھێزی ڕۆمانەکە پێگەی ئیستراتێژیک و نەتەوەیی کرماشان و ئیلامە کە تا ڕادەیەک و بە ھۆکاری جوراوجۆر پەراوێز خراوە.کاک ڕەشید وشیارانە ئەو پلانەی داگیرکەر بۆ لێکھەڵبڕانی ناوچە جوغڕافیاییەکانی ڕۆژھەڵاتی کوردستان پووچەڵ دەکاتەوە.
بەربەرەکانی لەگەڵ ماددە ھۆشبەرەکان و لەقاودانی پیلانەکانی ڕژیم لەو بوارەوە یەکێکیتر لە خاڵە لووتکەییەکانی چیرۆکەکەیە.
لە سووچێکی ڕۆمانەکەدا،بابەتی ڕۆمانسی ھاوڕێیانی خەباتگێر بە ھەست و خامەیەکی پاراو نەخشاوە کە دەگەیە ئەو بەشە ڕەخنە لە نووسەر دەگری کە بۆچی سەرەڕای ئەو ھەستە ناسکە،ئەو ڕەھەندەی چڕتر نەکردووەتەوە؟لەوانەشە بیھەوێ لە بەشی دووھەمی ڕۆمانەکە ئەو بابەتە خەستتر بکاتەوە.
نووسەر لە زۆربەی بڕگەکانی نێوئاخنی ڕۆمانەکە ئاوڕ لە دەنگی کوردستانی ئێران دەداتەوە کە چۆن توانیوێتی پێوەندیی سیاسی و ڕووحی لەگەڵ بەردەنگەکانی درووست بکات.
پرسی سێدارە و کۆمەڵکووژیی لاوان کە شەھید ئارام نموونەیەکێتی زۆر بە وریای ئەنگووستی خراوەتە سەر،ھاوکات بانگەشەی نەسرەوتن و نەترسان بووەتە تئۆریی ئەو بڕگە یە.
ھەڵسەنگاندنی ڕۆمانەکە زیاتری بە بەرەوەیە،ئەمن چێژی تایبەتم لێ وەرگرت ھیوادارم نووسەری بەڕێز درێژەی ڕۆمانەکە بە خەیاڵی جوانی خۆی بنووسێتەوە و خەرمانی ئەدەبیاتی بەرگریی نەتەوەیی پێ ساماندارتر بکات.