ڕاگەیاندنی کۆمەڵە سەبارەت بە دوایین مووشەکبارانی بنکە و بارەگاکانی

کۆمەڵانی خەڵکی تێکۆشەری کوردستان ئاگادار دەکەینەوە کە سەرلەبەیانی ئەمڕۆ ٢٦ی پووشپەڕی ١٤٠٥ی هەتاوی بەرانبەر بە ١٧ی جولای ٢٠٢٦ی زایینی، کۆماری ئیسلامی جارێکی دیکە هێرشی کردە سەر بارەگا و مەقەڕەکانی کۆمەڵەی شۆڕشگێری زەحمەتکێشانی کوردستانی ئێران.

لە دەرئەنجامی هێرشێکی قورس و چڕی مووشەکی بۆ سەر چەندین بارەگا و ئوردوگای دەوروبەری زەڕگوێزەڵە لە کاتژمێر ٦ی بەرەبەیانی ئەمڕۆ، بەداخەوە ٩ پێشمەرگەی کۆمەڵە بە ناوەکانی فەرهاد قەمەری خەڵکی دیواندەرە، سروش نەسری خەڵکی مەریوان، سینا سەفەری خەڵکی شاباد، یاسین کیانپور خەڵکی شازەند، ئەحمەد مەحموودی خەڵکی بانە، ڕەزا سادقی خەڵکی بۆکان، کەسرا رەحماننەژاد خەڵکی بۆکان، سیاوان نیکی خا خەڵکی بۆکان، زەکەریا فەقێ حەسەن ئاقا خەڵکی بۆکان، گیانی ئازیزی خۆیان بەخت کرد.

ئەمە یەکەم جار نییە کە کۆماری ئیسلامی بە هێرشی تیرۆریستی و ترسنۆکانەی لەو جۆرە هێرش دەکات و هەر لە دەستپێکی شەری ٣٩ رۆژەوە تا ئێستا نزیکەی ٤٠ جار و بە زیاتر لە سەدان درۆن و مووشەک هێرشی کردووەتە سەر بارەگاکانی کۆمەڵە و لەو ڕێگەوە ویستوویەتی ورەی گەلمان بڕووخێنێ و هەنگاومان سست بکات بەڵام ئەوەی سەرشۆڕ و داڕماو و دۆڕاوە هەر کۆماری ئیسلامییە و بە دڵنیایەوە ئەو ڕژیمە تاوانبارە دوا پەلەقاژەکانی مەرگیەتی و دوور نییە ئەو ڕۆژەی تۆڵەی هەموو تاوانەکانی لێدەسێندرێتەوە.

کومیتەی ناوەندیی کۆمەڵە وێڕای دەربڕینی هاوخەمی لە گەڵ هەموو هاوڕێ و هاوسەنگەرانیان، هەروەها بنەماڵەی سەربەرزی نوێترین گیانبەختکردووانی ڕێگەی ڕزگاری و ئازادی و سەرجەم خەڵکی کوردستان کە دڵیان لەگەڵ دڵی پێشمەرگە لێدەدات و بە تایبەت خەڵکی قارەمانی شارەکانی دیواندەرە، شاباد، مەریوان، شازەند، بانە و بەتایبەتیتر شاری بۆکان کە چوار ئەستێرەی گەشی پێشکەشی کاروانی سەربەرزی شەهیدان کرد دەکەین. هەروەها ڕایدەگەیەنین کە خوێنی گەشی ئەو هاوڕێیانە، ئەو نوێترین شەهیدانی ڕێگای ئازادی و ڕزگاری کە ئاواتیان بینینی کوردستانی ئازاد و ئاوەدان بوو بەفیڕۆ ناچێ، بەڵکوو دەبێتە هەوێنی شۆڕشی گەرم و گوڕتری گەلەکەمان و سوورترمان دەکات لە درێژەی خەباتمان بە دژی ئەو ڕژیمە دیکتاتۆر و تیرۆریستە.

سەرکەوێت بزووتنەوەی ئازادیخوازانەی گەلی کورد

بڕووخێت کۆماری ئیسلامی ئێران

سکرتاریەتی کۆمیتەی ناوەندیی کۆمەڵە

٢٦ی پووشپەری ١٤٠٥

١٧ی جولای ٢٠٢٦