پێشمەرگە دەتوانێ بە هەڵوێست و بوێر وەک شەهید حەمەدەمین بایزیدی بێ. حەمەڕەسووڵ کەریمی

پێشمەرگە دەتوانێ بە هەڵوێست و بوێر وەک شەهید حەمەدەمین بایزیدی بێ

پێشمەرگە بوون شانازییەکی گەورەیە کە بە شان و شەوکەتی هەموو کەس نابڕێ، پێشمەرگە بوون، هەست و بیرو باوەڕی تایبەت بە خۆی هەیە بۆ چۆنیەتی ڕزگاری گەلەکەی، ئەو هەست و بیرو باوەڕە لە هەموو کەس دا نییە، لەگەڵ ئەوەشدا پێشمەرگە بوون تەنیا چەک لە شان کردن نییە، پێشمەرگە تەنیا ئەوە نییە کە لە شاخ و چیای کوردستان بێ.

پێشمەرگە تەنیا ئەوە نییە کە دەبێ تفەنگ بەرەو ڕووی دوژمن بتەقێنێ و هەڵمەت بەرێ و بە تفەنگەوە پێشمەرگە بێ.

پێشمەرگە دەتوانێ بێدەنگ و بوێر بە هەڵوێست وەک شەهید حەمەدەمین بایزیدی بێ، پێشمەرگە دەتوانێ وەک شەهید حەمەدەمین چاوساخ و پشتیوان و ڕێبواری تا سەر بێ.

پێشمەرگە دەتوانێ وەک شەهید حەمەدەمین لە نێو زاری ئەژدیهای حەوت سەری ڕژێمی ئێران دا، هەڵگری ئاڵای شۆڕش و خەبات و هەستانەوە بێ.

پێشمەرگەی نێوخۆی وڵات زۆر گرینگی تایبەت بە خۆی هەیە، لە پێشمەرگەی شاخ ئەگەر پێشمەرگەتر نەبێ کەمتر پێشمەرگە نییە، شەهید حەمەدەمین بایزیدی، پێشمەرگەی بوێری نێو شار، پێشمەرگەی هەموو وەرزەکانی ساڵ، ڕۆڵەی تێکۆشەری خەباتی پێشمەرگانە و پێشمەرگەی وەفادار و بە ئیمانی قۆناخی بوژانەوە و گەشانەوەی شۆڕشە و مایەی شانازی گەل و نیشتمانە.

ڕۆژهەڵاتی کوردستان و ڕێگەی شەهید پێشەوا قازی، هەزاران پێشمەرگەی بوێری وەک شەهید حەمەدەمینی لە نێوخۆی وڵات پەروەردە کردووە.

شەهید بوونی تۆی بوێر و نەهێنی‌کار، لەگەڵ ئەو پۆلە کادر و پێشمەرگەیە، خەسارێکی گەورەیە، بەڵام شەهید بوونت لەم قۆناخە ئەستەمەدا، لەگەڵ ئەو پۆلە ئەستێرەیە، دەرسی فێربوون بە لاوەکانی نیشتمان دەدا، خۆزگەم دەخواست وەک هەموو کار و ئەرکەکانی پێشووت، ئەمجارەش دوای ڕاپەراندنی ئەرکەکانت، بە جەستە لە نێو ئامێزی گەرمی نیشتمان و بنەماڵە و شارەکەت دا پێشمەرگەئاسا هەروا هەنگاوەکانت بۆ ڕزگاری گەلە بەشخوراوەکەت هەڵدێنایەوە، لەوە دڵنیام لاوانی وڵات ڕێگەی خەبات و تێکۆشانت بە دڵەوە درێژە دەدەن و لە بوێریت دەرسی هەڵمەت و بەگژداچوونەوە فێر دەبن.

شایانی باسە کە، گۆڕین و دۆزینەوەی تاکتیکی نوێ بۆ شۆڕش و خەبات و کاری پێشمەرگانە، ئەرکی حیزبی دێموکرات و هێزەکانی دیکەی ڕۆژهەڵاتی کوردستانە و ئێمەمانەنیش ئەرکی نیشتمانی و نەتەوەییمان لە سەر شانە کە بۆ گۆڕین و دۆزینەوەی تاکتیکی نوێی خەبات هاریکار و هاوکاری حیزبی دێموکراتی کوردستان و هێزەکانی دیکەی گۆڕەپانی خەباتی پێشمەرگانەی ڕۆژهەڵاتی کوردستان بین.

لە ناخی دڵەوە هاوخەمی و سەرەخۆشی خۆم لە بنەماڵەی بەرێزی پێشمەرگەی بوێری نێوخۆ شەهید حەمەدەمین بایزیدی و هەر پێنج پێشمەرگە شەهیدەکانی حدکا بە ناوەکانی کارۆ هۆرمزیاری، فەردین چەنگیزی، محەممەد خاکی، عەبدوڵڵا محەممەدپوور، توانا عوسمانی و هەروەها پێشمەرگە شەهیدەکانی پژاک دەکەم و هیوادارم کە ڕێگەی خەباتیان پڕ ڕێبوار بێ و یاد و ناویان ببێتە مەشخەڵی ڕێگەی ئازادی کوردستان.

مەرگ و نەمان بۆ ڕژێمی جینایەتکاری کۆماری پەت و سێدارەی ئێران.

حەمەڕەسووڵ کەریمی

ماڵپەری گیاەنگ

٠٢ – ٠٧ – ٢٠٢٦ی زائینی