بە بۆنەی حەوتی پووشپەر، ساڵڕۆژی كیمیا بارانی شاری سەردەشت. ئەحمەد مەکڵاوەیی
بە بۆنەی حەوتی پووشپەر، ساڵڕۆژی كیمیا بارانی شاری سەردەشت
سی و نۆ ساڵ بەر له‌مڕۆ، له شاری سەردەشت چی رووی دا؟
ئێوارەیە، شەشی پووشپه‌ڕه، ،ورده ورده سێبه‌ری گرده سوور خه‌ریكه به سه‌ر شاردا ده‌كشێ ،نه‌رم نه‌رم كزه‌ی فێنكی شنه شه‌ماڵ دێ ،گه‌رووی مندڵه‌كان پڕ پڕ له‌قاقای پێكەنین ، مەلایكە لە خۆشیان سەیریان دەكەن
ئێواره‌یه شەشی پووشپەڕە ، پۆل پۆل ، لاوانی شار، كوڕ‌و كچ ، له سه‌رچاوێ دێن و ده‌چن ، له ماسیه سه‌ر باڵ سپیه‌كان راماون ، هه‌موویان چاویان له چاوی جوانی یه‌كتر و ماسیه‌كان بڕیوه، راز‌و نیازی دڵیان له گه‌ڵ ده‌كەن
ماسیه‌كانیش ، له شادی ئه‌وان، له‌نگه‌ریان گرتووه، گوێیان بۆ راز و نیازیان راداشتووه ، ده‌یانهه‌وێ به‌قه‌د جوانی كیژ و كورانی ده‌م سه‌رچاوی، گەش و جوان بن
، ئێواره‌ی ، شەشی پووشپەڕە، هێدی هێدی ، داره‌كانی دۆڵی مه‌سێس ، مێوەكانی ره‌زی جۆلا و شیوه برایمه، وردە وردە ده‌لارێن ، بۆ جوانی شار، قاقایانەو زكری ده‌كه‌ن
ئێواره‌یه، شەشی پووشپەڕە ، باڵنده‌كانی دەڤەری شار ، له لانه هاتوونه ده‌ر ، به ده‌یان زمان ده‌خوێنن ، به سه‌ر ئاسمانی سه‌ر شاردا، سووڕ لێدەدەن، دێن و دەچن ، بانگ لێدەدەن
ئێواره‌یه ،شەشی پووشپەڕە ، كابانی ماڵەكان، چاوه‌ڕوانی گه‌ڕانه‌وه‌ی خۆشه‌ویستانن، به‌ره و ماڵ بگه‌ڕێنه‌وه ، تا كۆڕی خۆشه‌ویستی ببه‌ستن
ئێواره‌یه ، شەشی پووشپەڕە، شەقامەكانی شار ، له خه‌ڵك مه‌وج ده‌دەن ، ده‌نگی خه‌ڵك و په‌ڵه‌وه‌ره‌كان ، تێكه‌ڵ به یه‌كتربوون ، خەڵكی شار شادن ، شار دەڵێی بەهەشتە بە
، ئێواره‌یه،شەشی پووشپەڕە،بووكی تازه به‌مرادگه‌یشتوو چاوه‌روانی خۆشه‌ویسته‌كه‌یه‌تی ، چركه ساتان ده‌ژمیرێ ، هه‌ر چاوه چاویه‌تی ، كه‌ی خۆشەویست به‌ره و ماڵ ده‌گه‌ڕێته‌وه،تاكوو تاسه‌ی چه‌ند سات دووریه‌كانی، پێ بڕه‌وێنێ
ئێواره‌یه ، شەشی پووشپەڕە ، كاكی كرێكار ، بە ماندوویی ، بە نێو چاوان و شان و شه‌پیلكی ئاره‌قاوی ، به‌ره‌و ماڵ ومنداڵی ده‌گه‌ڕاوە، تا بێ خه‌م، لای خۆشه‌ویستانی ، ماندووبوون له گیانی ده‌ركات و، تێر وه‌حه‌سێ
ئێواره‌یه ، شەشی پووشپەڕە، ده‌رگای مه‌كته‌به‌كان داخراون،مامۆستا و قوتابی ، ماڵاواییان له یه‌كتر خوازتووە ، هه‌ر یه‌كامیان به سه‌دان ئاوات و خۆزگه‌وه ، به‌ره‌و ماڵیان گه‌ڕاونەوە
ئێواره‌یه ، شەشی پووشپەڕە، برای دوكاندار، متره‌كه‌ی داناوە، ده‌رگای دووكانه‌كه‌ی داخستووه ،كاكی فەلاع گێرەی بەرداوە، پاڵه داسەكەی داناوە، هەموویان به‌ره‌و ماڵ خۆیان، خۆیان ساز داوه ، هه‌ر یه‌كه‌یان ، به هه‌زار خایله‌وه ، رێگەی ماڵیان گرتۆته‌به‌ر ، نه‌رم نه‌رم ، هه‌نگاو ده‌نێن ،به‌لێوی پڕ له زه‌رده‌وه، دەڕۆن بۆ نێو كۆڕی بنەماڵە
ئێواره‌یه ، شەشی پووشپەڕە، ئاسمانی شار پاك وجوان دەدرەوشێ ، شەقامەكان وەك گوڵی گەشن ، شار شادی لێ نیشتووە ،په‌ریزاده پێدەكه‌نن ، ئاوی سه‌رچاوێ، وەك مووسیقا ده‌نگ ده‌داته‌وه ،گرده سوور سەرچۆپی گەڕی شایی شادی گرتووە
ئێواره‌یه ، شەشی پووشپەڕە، كیژانی چاوبه‌ڵه‌ك، بۆ جوانی شار پێدەكه‌نین ،له ده‌میان گوڵ ده‌بارێ ، زه‌رده له سه‌ر لێویان هه‌ڵپه‌ڕكه‌ی گرتووه
ئێواره‌یه ، شەشی پووشپەڕە، چاو له ئاستی جوانی شار كز وداماوه ، سه‌رچاوێ هەروا پێده‌كه‌نێ ، له خۆشیانیش گرده سوور قاقایه‌تی
ئێواره‌یه، شەشی پووشپەڕە، شێخ مه‌ولانه له گۆڕ هاتۆته ده‌ر ، له جوانی كوڕ و كچانی شاره‌كه‌ی ده‌ڕوانی ، به پێكه‌نینی منداڵانی نێو لانكه‌ی شاره‌كه‌ی، وەك مەستان ، مه‌ست مه‌ستە
ئێواره‌یه‌شەشی پووشپەڕە ، رووحی مەلا ئاواره، له سەر شاخەكانی كه‌نكان هه‌ستاوه، به سه‌ر ئاسمانی شاردا ده‌گه‌ڕێ ، له‌شادی و خۆشی خه‌ڵك و، ره‌شبه‌ڵه‌كی كیژ و كوڕه به ئاوات گه‌یشتوه‌كانی شاره‌كه‌ی، شاده ، ورده ورده ده‌روانی ، بیری ئازادیخوازی و مرۆڤ دۆستی به سه‌ر شار و لاوانی دا ، دەبارێنێ
به‌ڵام،نه‌ك جارێك، هه‌زار جار، داخه‌كه‌م، له بەیانی حەوتی پووشپەڕ دا ، بیرێكی ره‌ش، بڕیارێكی كۆنه په‌رستانەی دا . دوور له ئه‌خلاقی مرۆڤایه ، چه‌ند فرۆكه‌ی شه‌ركه‌ر و بۆمب هه‌لگرتووی كیمیایی رێژیمی به‌عسی عیراق ، گه‌یشتنه سه‌ر شار ، وه‌ك هه‌ورێكی ره‌ش و چڵكن،گرماندیان ، زۆر بی رووحمانه، ئەو شارە جوان و پڕ لە شادیەیان ، كیمیا باران كرد
له‌و بەیانیە دا ، منداڵه ساواكان له باوه‌شی دایكان فڕیندران، بزه‌ی سه‌رلێوی منڵانی سه‌ر لانكه تاران،
دڵی ماسیه باڵ سپیه‌كانی سه‌ر چاوی هه‌ڵدڕهه‌ڵدر كران ،بزه‌ی پیكه‌نینی سەر كێوی كیژ و كورانی شار كوژران
خه‌ون و خه‌ێالی پێك گه‌یشتنی كچ و كوڕانی لاوی شار نارده ژێر گڵ ، په‌نجه شلك و نه‌رمه‌كان هەڵورین، ئاڵقه‌ی زاوا‌و بووكێنی سووتان ،روومه‌ت و جه‌سته‌ی پاكی كیژ وكوڕان، منداڵ و پیرەكان ، داخ داخ و كون كون كران
جه‌سته‌ی كرێكار و مامۆستا، دووكاندار و پاڵه ،جووتیار و سه‌پان وسێكبه‌ران، سووتێندران، جه‌رگیان كون كون كرا ، ئاگر له گشت شار به‌ردرا ،جه‌سته شلك و ناسكه‌كان كه‌وتنه سه‌ر زه‌وی و سووتان
هه‌زاران، هه‌زار دڵ، خه‌میان رێنیشت،دڵەكان داخورپان ،كه‌س ئاگای له كه‌س نه‌ما، كوچه و كۆلان وگشت شه‌قامه‌كانی شار، پڕ بوون له جه‌نازه‌ی شیواو ،
،بێ گیان كەوتن، هه‌زار گوڵ هه‌ڵوه‌رین ، هه‌زارانی تر برینیان هه‌ڵگرت، ئێستاش زۆر لەئە‌وان برینیان ساریژ نه‌بوونه‌وه ، هەدوا به‌و زامانه‌وه ده‌ناڵێنن
شاری گریا، ره‌شی پۆشی، گرده سوور چه‌می ، سووجده‌ی بۆ ته‌رمی بێ گیانی گشت مندال و پیرو جوانه‌كان شار برد
داره‌كانی دۆڵی مه‌سێس سه‌ریان بۆ كه‌شكه‌شان هه‌ڵبڕی ، شكایه‌تی ئه‌و تاوانه گه‌وره‌یان ، گه‌یانده كۆر و كۆمه‌ڵه به‌شه‌ر دۆسته‌كان ،مه‌زلوومیه‌تی خه‌ڵكی شاریان نیشانی كۆمه‌ڵگای مرۆڤایه‌تی دا
سه‌رچاوێ بانگی گریانی لێدا، بانگی له كچانی رووسوورو، كوڕانی به هیمه‌ت و، پیرانی به ساڵدا چووی گاز گرتوو كرد ، گوتی: هۆ ئازیزانم ، ئێوه نه‌مردوون ونامرن ،تا من زیندوو بم، ناهێلم ناوتان ون بێت ، ناهێڵم ئەم تاوانە له مێژووی شار و نه‌ته‌وه‌ی كورد دا بسڕێته‌وه ، سه‌رئه‌نجام دوژمنانتان به‌و ئاوه‌ی من ، كه ئێوه‌ی پێ شۆردراوه، ده‌خنكێنم ، ناهێلم ئه‌و كوڕ و كچانه‌ی به ته‌ڕی من ، لێویان ته‌ر كردوه و تینوه‌تیان شكاندوه، ئێوه له بیر بكه‌ن
چۆمی كه‌ڵوێ له تاوی شاری له‌نگه‌ری گرت ، تاجه‌ستی گیان ده‌رچوه‌كان بشوات ، ژه‌هری زام هه‌ڵگرتوه‌كان بسڕێ
له‌و كاته دا ، بانگی له مه‌شغه‌ڵ به ده‌ستانی بیری مرۆڤ په‌روه‌ری كرد، بە شەپۆلان گوتی: سه‌یری تاوانی ده‌ستی دوژمنانی كورد بكه‌ن ، چاو لێكەن، لەو شارەدا چی رووی داوە….؟؟؟
گرده‌سوور بانگی له باژاڕ و نۆڕی ، لە هۆمل و ته‌رخان ، لە مه‌یدان چۆغه و گه‌رده‌نه‌ی زمزیران ، لە برایم جه‌ڵاڵ و چوار به‌رده ، لر قوتكی كاكه ره‌شی وخاڵه‌باد ،لە فێره‌گ و سپی ریز ، لە سه‌ری گۆمی و سه‌رچاوه‌ی ره‌سوه شیتی ، لە دووكانان ولانك و گیار ه‌نگ كرد ، هه‌واڵی بریندار بوونی شاری پێدان ، رووداوه تاڵه‌كه‌ی له داردرانی مامۆستا مه‌لا ئاواره‌ی نه‌مر و ، هاورێیاكانی و ، كۆچی سووری شەهید رێبوار و ، هەشت شەهیدەكەی قوچی مارەغان و ، گشت شه‌هیده‌كانی سه‌رده‌شتی بیر هێنانه‌وه
دڵ سووتان، فرمێسك رژان، گۆشتی مرۆڤه‌كان برژا ، گریان و ناڵه‌ی خه‌ڵكی شار، گه‌یشته ئاسمان و، دوژمنی خوێڕی پیكه‌نی
رووناكی لەشار نه‌ما، گوڵۆپه‌كان كوژانه‌وه ، شار تاریكی به سه‌رداهات ، لە بەر تاریكی، چاو چاوی نه‌دەدی
چه‌ند ناخۆش بوو؟!!!!! دایك ده‌گریا بۆمنالی ، منداڵ ده‌گریا بۆ دایكی، دایك ده‌گریا بۆ كوڕ، گه‌نجی و لاوان ده‌گریان بۆ دایكیان ، هه‌ر كاكه رۆ و، بابه‌رۆ بوو
له‌وكاته دا، فرمێسك لە چاوان به لێشاو ده‌هاتن، چاوه‌كان سوور هه‌ڵگه‌ڕا بوون ، دڵه‌كان سست و ئەژنۆكان سستر بوون ، نازداره‌كان نازیان لێشیوا بوو، خۆشه‌ویستان لێك هه‌ڵبڕابوون ،هیچ ده‌نگێك، جگه له گریان و رۆرۆ، نه‌ده‌هات ، شار زۆر غه‌ریب بوو ، كه‌س نه‌بوو ته‌رمه‌كان كۆ بكەنه‌وه ، منداڵ و گه‌نج و پیر، له جۆگه و كۆڵان و شه‌قامه‌كانی شاردا كه‌وتبوون ، ناڵه‌ی زام هه‌ڵگرتوه‌كان ده‌چوه عه‌رشی عه‌زیم
شار هینده غه‌ماوی بوو، مه‌گه‌ر خوا بزانێ چەند ناخۆش بوو، ئه‌م بەیانیە بوو ، سه‌رده‌شت بۆگریاوه‌كانی ،گریا ، گریا، گریا
هۆدوژمن، ره‌بی كوێربیت ، چۆن دڵت هات ، ئه‌و هه‌موو چاو ره‌ش وچاوكاڵانه كوێر كه‌یت؟ هۆ دوژمن، تۆ كویر بووی ، كوێرانه ده‌ستت وه‌شاند ، چۆنت دڵ هات ، ئەو هه‌موو برینه قووڵانه بخه‌یه جه‌سته‌ی ئه‌و منداڵه شلك و ناسكانه‌ی سه‌ر لانكه و، تازه پیگرتوه‌كان؟
هۆ دوژمن، چۆنت دڵ هات ؟؟ ئه‌و هه‌موو خۆشه‌ویستانه لێك هه‌ڵبڕی ، نازداره‌كان بی ناز بكه‌یت ، ڵێقه‌وماوان لیقه‌وماوتر بكه‌یت؟
هۆ سه‌رده‌شتی سه‌ر سه‌وز ، شه‌هیدانت نه‌مردوون ، زیندوون، مێژووی تۆیان كرده مێژووی جیهان
هۆ سه‌رده‌شتی له گیران نه‌هاتوو ، به‌و بەیانیە خه‌ماویه‌ته‌وه، له دونیا ده‌نگت دایه‌وه، جیهان تۆی ناسی ، ناوت كه‌وته ناو ناوان ، له ریزی هیرؤشیما و ، كازاكی و ، هه‌له‌بجه و ، سەبراو شەكیلا دای
هۆ سه‌رده‌شت ، تۆ له دونیا دا رۆژێكت بۆ خۆت تۆمار كردوه ، تا دونیا مابێت ، شه‌هیدانت هه‌موو ساڵێ جارێك زیندوو ده‌بنه‌وه ، له سه‌رچاوی و گرده سوور، ئاگری یاد كردنه‌وه‌ی خۆیان ده‌كه‌نه‌وه ، عاله‌می (دونیا)به گشتی لیت ده‌روانن ،له خیالیاندا ده‌تبینن
هۆ لاوانی كوردستان ، له سه‌روویانەوە لاوانی سه‌رده‌شتی سه‌ر سه‌وز، مه‌هێڵن ئه‌و بەیانیە تاریكه‌ی شاری سه‌رده‌شت له مێژووی نه‌ته‌وه‌كه‌ماندا بسڕێته‌وه، ناو‌و یادی ئازیزانی له ده‌ست چوومان رێز بگرن ، تۆمارگه‌یه‌ك له‌و شاره دا دابنێنن ، ناوی هه‌موو شه‌هیدانی ئه‌و كاره‌ساته دڵ ته‌زێنه و، برینداره‌كانی تێدا بێننه نووسین ، بیكه‌نه بازده و شوێنی بیانیه‌كان ، تا له سه‌ر ئه‌م تاوانه‌ی شاره جوانه‌كه‌ی سه‌رده‌شت، شت بنووسن ، تا زیاتر مه‌زلوومیه‌تی نه‌ته‌وه‌ی كورد به دونیا بناسێندرێت و ، زام هه‌ڵگرتوه‌كانیش له به‌ر چاوان ون نه‌بن
به‌ڵێ ، ئه‌مرؤ، پاش سی و نۆ (39) ساڵ، گوڵه هه‌ڵپڕووكاوه‌كان له شێخ مه‌ولانه سه‌ریان وه‌ده‌ر ناوه ، ده‌ڕوانه هیمه‌تی كچ و كوڕه لاوه‌كانی شاره‌كه‌یان ، ده‌یانهه‌وێت نوێنه‌ر بۆ ڵێپرسینه‌وه له دۆسیه‌كه‌یان دیاری بكه‌ن و، بینێرنه كۆری رێكخراوی ماڤی مرۆڤ
من لێره‌وه، له كۆتایی وتاره‌كەمدا ، سڵاو بۆ شه‌هیدانی كاره‌ساتی كیمیا بارانی سه‌رده‌شت ده‌نێرم ، هیوای چاك بوونه‌وه بۆ برینداره‌كان ده‌خوازم ،هیوا دارم سێبووری به دڵی كه‌س و كاری شه‌هیده‌كاندا بێت ، داواشم له تێكۆشه‌ر و، رووناكبیر و ،كوره به تواناكانی شاری سه‌رده‌شته ، كه هه‌تا بۆیان ده‌كرێت، واز له‌م په‌روه‌نده نه‌هێنن ، تا سه‌ركه‌تنی یه‌كجاری ، وه‌دوای كه‌ون كه بی شك بە ئاكام ده‌گات
بمرن دوژمنانی كورد و كوردستان و ، هه‌ر ئاوه‌دان بیت سه‌رده‌شت.
ئه‌حمه‌د مه‌كڵاوه‌یی، رێكه‌وتی 7/4/1405