سەرهەنگ گیان ئۆغرت بەخێر و سەرهەنگەکانت بە قوربان بن

سەرهەنگ گیان ئۆغرت بەخێر و سەرهەنگەکانت بە قوربان بن

حەمەڕەسووڵ کەریمی

پاییزی ساڵی ١٣٦٤ی هەتاوی لەگەڵ چەند نەخۆش و بریندارێک لە هێزی شەهید مینەشەم را بۆ یەکەم جار چوومە نەخۆشخانەی ٢٥ی گەلاوێژ و دواتر چوومە بنکەی تەقەمەنی و تداروکاتی نیزامی لە گوندی کانی‌مێو لە دۆڵی جافایەتی.

زۆر زوو لەوێ لەگەڵ هەندێک خزم و دۆست و ئاشنا یەکترمان گرتەوە و دواتر لەگەڵ پۆلێک کەسایەتی دیکەش کە پێشمەرگەی ناوچەکانی دیکەی کوردستان بوون، ئاشنا بووم.

بۆ پارێزگاری لە بنکەی دەفتەری سیاسی و تداروکات و نەخۆشخانە هێزی شەهید هەژار کە ناوەکەی ببوو بە هێزی سامڕەند لەوێ نیشتەجێ بوون. ئەو کات کاک عەبدوول نستانی وەک فەرماندە هێز ، کاک عەلی شەم وەک جێگر هێز و کاک یوسف مام ڕەحیمی وەک سەرپەل ئەو هێزەیان لەگەڵ پۆلێک پێشمەرگەی دیکە بەرێوە دەبرد.

لە پەلی یوسف مام ڕەحیمی کەسێکیان بە ناوی سەرهەنگ بانگ دەکرد، ئەو کات تەمەنی وێدەچوو نزیک چل ساڵ و یا شتێک زیاتر دەبوو، جارجار جامانەیەکی لارەولار لە سەری دەبەست و بە ڕاوێژێکی تەواو ناوچەی موکریان لەگەڵ دەوربەری دەدوا.

بۆم پرسیار بوو کە ئەو سەرهەنگە کێیە؟ چۆنە لەوێ، لە ژێر دەستی سەرپەلێک یا سەرلکێک دا وەک پێشمەرگەیەکی سادە خزمەتی پێشمەرگانە دەکا، زۆربەی ئێوارەکان کە والیباڵ و یا تۆپی‌پێمان دەکرد سەرهەنگ و چەند هاوتەمەنی سەرهەنگ دەهاتن بۆ سەیری یاری پێشمەرگەکان.

دوای ماوەیەک مانەوە لەوێ بە هۆی یەکتر دیتنی ڕۆژانە و هەروەها قسەخۆشی و سادەیی و خاکەڕایی و مێهرەبانی‌ سەرهەنگەوە زۆر زوو بووینە هاورێ و دۆستی نزیکی یەکتر.

زۆربەی ڕۆژەکان لەگەڵ زیندەیادان شەهیدان مستەفا حەکیم‌زادە و وەستا عەلی شاتمان و هاورێیانی دیکە حوسێن سەردەشتی، یوسف حەدداد، شاهۆ حەسەن‌پوور، مام ڕەسووڵی پارازیت ، برایمە سوور ، هەباس ، ڕەسووڵ و ئەحمەدی مام ڕەسووڵی و چەند هاورێی دیکە لە دەوری یەک کۆدەبووینەوە و کاک سەرهەنگیش دەگەیشتە لامان.

سەرهەنگ مرۆڤێکی ڕووخۆش و کراوە بوو، هەر پرسیارێکت لێکردبا، بە پێکەنینەوە وەڵامی دەدایەوە، قسەی پێدەگووتین، نەسیحەتی دەکردین و بیرەوەری گەنجییەتی و کار و ژیانی خۆی ” تا کاتی بوون بە پێشمەرگە” بۆ دەگێراینەوە. باسی نەهامەتی ژیانی خۆی و چۆنیەتی بوونی بە پێشمەرگە بۆ باس دەکردین.

لە کاتی پێشمەرگایەتی دا، پۆلێک لە هاورێیانی پێشمەرگە ناوی نەهێنی‌یان بۆ خۆیان دیاری کرد بوو، سەرهەنگ ئەوکات و ئێستاش ڕێکەوتەکەی لەبیر نەبوو، بەڵام بۆ ئێمەی باس دەکرد کە، کاتێک لەگەڵ شەهید کەریم حەسەن (خەنجەر) بە مەئموریەت چەند دیل و ئەسیری شەڕیان، هێناون بۆ زیندانی ناوەندی، لە دیداری لەگەڵ شەهید دوکتور قاسملوو دا، هەم مام کەریم حەسەن و هەم کاک ڕەشید عەزیزی تەشویق دەکرێن، سەرهەنگ باسی دەکرد کە هەر لەوێ شەهید دوکتور قاسملوو پێی گووتوون: کارەکەتان هێندە گرینگ و پڕبایخە کە بۆ سەرهەنگ دەبن، مام کەریم حەسەن گووتویەتی کە ڕەشید پێی خۆشە ببێتە سەرهەنگ.

لەو کاتەوە تا ئەمرۆ کە کۆچی دوایی کرد ٤١ ساڵ بوو لە نزیکەوە کاک ڕەشید عەزیزی ناسراو بە سەرهەنگم دەناسی، هەمیشە بە چاوی ڕێزەوە سەیری هەموو لایەکی دەکرد، زۆرم خۆشدەویست و زۆربەی کاتەکان کە ڕێگام لە بنکەی دەفتەری سیاسی لە بۆڵێی قەندیل و لە قەڵای دیموکرات لە کۆیە دەکەوت دەچووم سەردانم دەکرد، لێی میوان دەبووم و زۆرجاریش کە دواتر لە قەڵا لە سکرتاریا و یا بنکەی لاوان دەمامەوە دەهات سەردانی دەکردم.

سەرهەنگ خۆی بە برای هەموو لایەک دەزانی، لە شایی و زەماوەندەکان دا بۆی گرینگ نەبوو کە ڕێگەی گەیشتنی بۆ شوێنی زەماوەند دوورە یا نزیکە، بێ خۆ شلوێ کردن خۆی دەگەیاندە شوێنی زەماوەند و زۆرجار تا سێ ڕۆژانەش تەواو دەبوو هەر لەوێ لە لای بنکەی پێشمەرگەکان دەمایەوە و ئەگەریش نزیک بایە ئەوە ڕۆژی سێ ڕۆژانە لە خۆشی و شایی ئەو کچ و کوڕانەی کە زەماوەندیان دەکرد حازر دەبوو، ئەو نەک هەر بۆ شایی و زەماوەند بەڵکوو لە کاتی پرسە و سەرەخۆشی و برینداری و نەخۆشییەکانیش دا سەردانی گشت لایەکی دەکرد.

لە زۆربەی هێرشەکانی سەر دەفتەری سیاسی لە دوایین کەسەکان دەبوو کە شوێنی خۆی بەجێ بێڵێ، تەنانەت لە ژێر تووندترین هێرشەکانی مووشەکی چەند ساڵی ڕابردووش دا هەروا خۆڕاگرانە لە شوێنی ژیانی خۆی دەمایەوە.

سەرهەنگ لە کار و ئەرکی حیزبی دا کەسێکی ئەرک وەخۆگر بوو، هەر کارێکیان بۆ دیاری کردبا، بە ڕێک‌وپێکی بە جێی دەگەیاند، مرۆڤێکی بێ دەردەسەر، بێ ئیدیعا و لە هەمانکاتدا مرۆڤێکی شۆڕشگێر، خۆراگر و پێشمەرگە و کادرێکی بە ئیمان و وەفاداری ڕێگای شەهیدانی کوردستان بوو.

ئەوەندەی لە سەری بگوترێ و بنووسرێ، ئێستا قەڵەم و بیر و هۆش لە بەرامبەر گەورەیی و خۆنەویستی و فیداکاری ئەو مرۆڤەی کە نزیک نیوسەدە لە تەمەنی خۆی تەرخانی ئازادی گەلەکەی کرد ، کەمی دێنێ، هەر بۆیە وەک وەفایەک بۆ ئەو مەزنە شۆڕشگێرەی کورد سەری ڕێز لە بەرامبەر خزمەتەکانی، خوو ڕەوشتی بەرزی ئینسانی و شۆڕشگێری سەڕهەنگ رەشید دادەنوێنم.

لە کۆتایی دا سەرەخۆشی لە هاوڕێ و هاوسەنگەرانی و بە تایبەت ئەو کەسانەی کە هەمیشە چاویان بە سەر سەرهەنگ و هەموو بەساڵداچووەکانی نێو ڕیزەکانی شۆڕش دا هەیە، دەکەم. سەرهەنگ کۆچی دوایی کرد، دڵنیام مێژووی خەبات و تێکۆشانی وون نابێ، ئەوانەی بە ویژدانەوە خەبات دەکەن، گەورەیی سەرهەنگ و هەموو ئەوانەی ئێستا لە تەمەنی سەرهەنگ دا هەروا پێشمەرگەن، هەست پێدەکەن و دەزانن کە ڕەوڕەوەی ئەم شۆڕشە لە سەر شان و پیلی سەرهەنگەکان بووە و هەر بۆیە لە بیریان ناکەن.

ڕووح و ڕەوانی سەرهەنگ شاد و ڕێگەی خەبات و تێکۆشانی پڕ ڕێبوار بێ و یاد و ناوی لە دڵان دا هەردەم زیندوو بێ.

حەمەڕەسووڵ کەریمی

ماڵپەڕی گیاڕەنگ

٢٤ – ٠٦ – ٢٠٢٦ی زائینی