مێژووی یەکەم دەرکەوتنی مرۆڤ لە تەلەفزیۆن. حەمەڕەسووڵ کەریمی

مێژووی یەکەم دەرکەوتنی مرۆڤ لە تەلەفزیۆن

ئامادەکردنی: حەمەڕەسووڵ کەریمی

تەلەفزیۆن لە سەردەمی ئەمرۆ دا بۆتە بەشێک لە ژیانی ڕۆژانەی خەڵک، تەلەفزیۆنەکانی ئەمڕۆیی زۆر تەنک و سووک (٤ک یا 4K) یا تەلەفزیۆنی زیرەک لە بنەماڵە و لە شوێنە گشتی‌یەکان دا، بۆتە کەرەسەیەک کە زۆرینەی خەڵک هەیانە، بەڵام یەکەم تەلەفزیۆنەکان لە جیهان دا هیچ وێکچوونێکیان لەگەڵ تەلەفزیۆنەکانی ئەمرۆیی نەبووە و نییە.

لە ڕاستی دا کاتێک خەڵک بۆ یەکەم جار وێنەی جووڵاویان لە نێو قوتو و یا سندوقێک دا دیت، هەموویان بیر و هزریان بۆ لای سێحر و جادوو دەچوو.

لە دەیەی ١٩٢٠ی زائینی دا، دونیا ڕادیۆی وەک تیکنۆلۆژیایەکی گرینگ و تایبەت سەیر دەکرد، خەڵک تەنیا گوێبیستی دەنگ بوون و هیچ کات باوەڕیان بەوە نەدەکرد کە ڕۆژێک وێنە و ڕەسمی جووڵاو لەو سەری دونیا را بگەیێندرێتە ماڵەکان، بەڵام زانایانی بواری تیکنۆلۆژی لە ئاست ئەم نوێکاریە گرینگەدا بێ هیوا و دەستەوەستان نەبوون.

یەکێک لە بەناوبانگترین کەسەکان بۆ درووست کردنی یەکەم تەلەفزیۆن، داهێنەری ئیسکاتلەندی بە ناوی جان بێرد( John Logie Baird ) بوو، ناوبراو لە ساڵی ١٩٢٦ی زائینی دا توانی کە وێنە و ڕەسمی جووڵاو لە نێو سندوقێک بە ناوی تەلەفزیۆن لە بەردەم بەشێک لە خەڵک نیشان بدا، کاتێک وێنە جووڵاوەکان لە نێو تەلەفزیۆنەکە دا لە پێش چاوی خەڵک دەستیان بە جووڵە کرد، خەڵک سەریان سوڕمابوو، چوونکە یەکەم جار بوو لە مێژوو دا، کە لە ڕێگەی شەپۆلەکانەوە گرتەی جووڵاو ڕاستەوەخۆ بڵاو دەبۆوە.  

بە گشتی تەلەفزیۆن لە یەکەم وەشانییەوە تاکوو ئەمڕۆ گۆڕانکاری زۆر و بەرچاوی بە سەر داهاتوو و ئەگەر چاو لە قۆناخەکانی پێشکەوتنی بکەین، بۆمان دەر دەکەوێ کە ئێستا تەلەفزیۆن بەشێکی گرینگە لە ژیانی زۆرینەی مرۆڤەکانی سەر گۆی زەوی.

  • یەکەم تەلەفزیۆن جیهان، شاشەیەکی زۆر بچووکی هەبوو.
  • وێنە و ڕەسمە جووڵاوەکان ڕەش و سپی و لێڵ و لەرزۆک بوون.
  • کەیفیەت و چۆنیەتی دەرکەوتنەکان زۆر خەراپ و ناڕوون بوون.
  • دەزگای نیشاندەری تەلەفزیۆن قەوارەیەکی زۆر گەورە و قورسی هەبوو کە پڕ لە سیم و چەرخ بوو.
  • هەندێک لە مودێلەکان پڕ بوون لە کەرەسەی دووچەرخە و چرای بە هێزی موتور.

جێگەی باوەڕ نەبوو، بەڵام زانای ئەو بوارە “جان بێرد” بێ هیوا نەبوو، هەوڵی دا و زۆرینەی کەرەسە و کەل و پەلەکانی سەرەتایی تەلەفزیۆنەکەی لە کۆنە فرۆشی‌یەکانی پایسکل و دەستی دوو و هەرزان قیمەت کڕیبوون، چۆن ئەو کات جان بیرد داهات و پوولی بە دەستەوە نەبوو، تەنانەت بە هۆی نەبوونی جێگەی تایبەت بۆ درووست کردن و تاقیکردنەوە ناچار بوو لە ژووری زۆر بچووک و سارد و تەڕ و نماوی دا کارەکانی تەواو بکا.

دەڵێن کاتێک یەکەم جار کە گرتە جووڵاوەکان لە سەر شاشەکە دەرکەوتن، بەشێک لە خەڵک لە ترسان چەند هەنگاوێک بەرەو پشتەوە کشابوونەوە ، چوونکە تا ئەو کات هیچ کەس نەیتوانیبوو، شتێکی لەو چەشنە لە سندووقێک دا ببینێ.

یەکێک لە یەکەم کەسەکان کە وێنەکەی لە تەلەفزیۆن نیشان درا، پیاوێک بە ناوی ویلیام تێنتۆن بوو. دەم و چاو و ڕووخساری بە هۆی شۆقی زۆری لامپەکان بە جوانی دەرنەدەکەوت، ناوبراو دەبوو چەندین کاتژمێر بێ هەست لە شوێنی خۆی دانیشت بایە تا وێنەکەی لێ تۆمار بکەن.

ئاڵوگۆڕی تایبەت لە جیهان دا بە هۆی دووست بوونی ئەو ئامێرە سەرسوڕهێنەرە کە وەک داهێنانی نوێ لە دەیەی ١٩٢٠ی زائینی دا درووست بوو.

دوای ئەو داهێنانە نوێیە، جیهانی بنەماڵە و شوێنە گشتی‌یەکان وەک پێشوو نەما.

  • چەند ساڵ دواتر، بەرنامە و پرۆگرامی تەلەفزیۆنەکان دەستی بە کار کرد.
  • هەواڵەکان بە زیندوویی دەگەیشتە نێو بنەماڵە و شوێنە گشتی‌یەکان.
  • یارییەکانی وەرزشی ڕاستەوخۆ بڵاو دەکرانەوە.
  • فیلم و دراما و شانۆکان لە نێو ماڵەکان دا بە ئاسانی بڵاو دەبوونەوە.

دەبێ ئاماژە بەوە بکەین کە، یەکەم تەلەفزیۆنەکان نرخیان زۆر گران بوو، هەموو کەس توانایی ماددی نەبوو و بۆی نەدەکردرا و زۆرتر دەوڵەمەند و دەست رۆیشتووەکان دەیان توانی بیکڕن.

سەرەتاکانی دەست بەکاربوونی تەلەفزیۆن، لە هەندێک لە شارەکان خەڵک لە بەردەم دووکان و فرۆشگاکان کۆ دەبوونەوە بۆ ئەوەی تەنیا چەند خولەکێک چاو لە تەلەفزیۆن بکەن.

چەند ڕاستییەک لە سەر یەکەم تەلەفزیۆنەکان لە جیهان دا:

  • هەندێک لە تەلەفزیۆنە سەرەتاییەکان تەنها وێنەیەکی ٣٠ دێریان هەبوو.
  • شاشەی تەلەفزیۆنەکان لە هەندێکیان دا بچووکتر بوون لە موبایلێکی ئەمڕۆیی.
  • ئامێرەکان زوو گەرم دا دەهاتن و هەندێک جار بە هۆی گەرم بوونیان دووکەڵیان لێ هەڵدەستا.

سەرەتا زۆرێک لە خەڵک و تەنانەت بەشێک لە زانایانیش پێیان وابوو کە تەلەفزیۆن هەرگیز سەرکەوتوو نابێ.

کەس بیری نەدەکردەوە کە ڕۆژێک بە میلیاردان مرۆڤ ڕۆژانە چەندین کاتژمێر بەرامبەر بەو ئامێرە دابنیشن و سەیری تەلەفزیۆن بکەن.

ئەمڕۆ تەلەفزیۆن بۆتە بەشێک لە ژیانی ڕۆژانەمان.

ئێستا جیا لە تەلەفزیۆن، بەشێک لە موبایل و شاشەی ئایپاد و پرۆژۆکتۆر و کامپیوتێرەکانیش وەک تەلەفزیۆن سەیریان دەکرێ ، بەڵام هیچیان چێژی سەیر کردنی تەلەفزیۆنی ڕاستەقینەیان نییە، تەلەفزیۆنەکانی ئەمڕۆیی لە زۆربەی شەقام و شوێنە گشتی‌یەکان و هەروەها ناوەندە گەورەکانی بازەرگانی و گۆڕەپان و مەیدانە وەرزشییەکان و تەنانەت لە نێو ئوتوبوس و قەتار و فرۆکەش دا دەبنیدرێن و بە شێوەیەک لە شێوەکان ئێستاش تەلەفزیۆن لە بەناوبانگترین ئامێرەکانی درووستکراوی دەستی مرۆڤە و هیچ کات کۆن نابێ و بەردەوامیش نوێکاری لە سەر دەکرێ.

بە گشتی هەموو ئەم پێشکەوتنە گەورەیە لە سندوقێکی سەرسوڕهێنەرەوە دەستی پێکرد کە وێنەیەکی کاڵ و لێڵ  و لەرزۆک و ڕەش و سپی هەبوو…

ئامادەکردنی: حەمەڕەسووڵ کەریمی

ماڵپەڕی گیاڕەنگ

١٣ – ٠٦- ٢٠٢٦ی زائینی