دایکێک بکوژی کچەکەی لە دادگا دا دەکوژێ. وەرگێرانی حەمەڕەسووڵ کەریمی
دایکێک بکوژی کچەکەی لە دادگا دا دەکوژێ
وەرگێرانی حەمەڕەسووڵ کەریمی
لە ڕۆژی ٦ی مارسی ١٩٨١ی زائینی دا و لە کاتێک دا سێهەمین ڕۆژی دادگایی تاوانی دۆسیەی کوشتنی منداڵان لە لایەن دادگای ناوچەی لوبک لە ئاڵمانی ڕۆژئاوا، لە سەر تاوانبارێک بەرێوە دەچوو، لەپڕ ژووی دانیشتنی دادگا ئاڵۆزی بەخۆیەوە گرت و ڕەوتی دادگا ڕوو بە گرژی و تێکچوون ڕۆیشت.
لە نێو ئامادەبووانی ژووری دادگا دا، دایکێک بە ناوی ماریان باخمایەر ڕاست بۆوە و لە تاوانباری دۆسیەی کوشتنی منداڵان کە لە شوێنی تاوانبار ڕاوەستا بوو، نزیک بۆوە.
تاوانبارەکە ناوی کلاوس گرابوفسکی، تاوانبارێک بە پێشینەی تاوانکاری دەستدرێژی بۆ سەر منداڵان بوو، ناوبراو لە کوشتنی کچی ماریان، بە ناوی ئانا باخمایەر دەستی هەبوو.
ئەو تاوان و ڕووادوە تراژیدیە کە لە ساڵی ١٩٨٠ی زائینی ڕوویدا بوو ، برینێکی قووڵی لە سەر دڵ و دەروونی دایکی ئەو قوربانییە، ماریان دانا بوو. کاتێک تەرمی بێ گیانی کچی ماریان “ئانا باخمایەر” بە مردوویی دۆزرایەوە، قوربانییەکە تەنیا ٧ ساڵی تەمەن بوو.
ر
ووداوەکە زۆر کوتوپڕ و لەنکاو ڕوویدا، ماریان بە دەمانچەیەکی برێتا، کە بە نەهێنی و شاراوەیی توانیبووی بیهێنێتە ژوور و هۆڵی دادگا، ڕووبەڕووی تاوانبار ڕاوەستا و بە گورجوگۆڵی دەمانچەکەی هەڵکێشاو و زۆر لە نزیکەوە چەند گوللەی بەرەو کلاوس گرابوفسکی تەقاندن. تاوانبار بە گوللەی دەمانچەکە پێکرا و لەپڕ کەوتە سەر زەوی و پێش ئەوەی یارمەتی فریاکەوتن بگاتە سەری، هەر لەوێ کۆتایی بە ژیانی هات.
ئەو ڕووداوە ژووری دادگای بە تەواوی شڵەژاند و هەموو بەشداران و هێزی ئەمنییەتی نێو هۆڵی دادگا بە سڕی و بە سەرلێشێواوی لە ژوورەکە دا بە ترسەوە چاویان لێک دەکرد و لە چەند چرکەیەک دا ژووری دادگا بوو بە شوێنێکی پڕ لە ترس و دڵەاوکێ.
دواتر ئەو ڕووداوە بوو بە یەکێک لە هەواڵە گرینگ و سەرسوڕهێنەرەکانی مێژووی قەزایی وڵاتی ئاڵمانی ڕۆژئاوا، ئەو هەواڵە دەیان پرسیاری جۆراوجۆری لە نێو کۆمەڵگەی ئاڵمان و دەوروبەری دا درووست کرد بوو، کە چۆن و بۆچی دەبێ لە ژووری دادگا کە ئەمینترین شوێن بۆ پاراستنی مرۆڤەکانە، ڕووداوی لەو چەشنە ڕوو دەدا؟
دوای ئەو ڕووداوە، ماریان لە لایەن پۆلیس دەگیرێ و لە چەند دانیشتنێکی دادگا دا، بە تاوانی کوشتن و هەڵگرتنی چەکی نایاسایی وەک تاوانباری ئەو ڕووداوە بە شەش ساڵ زیندانی سزا دەدرێ، دواتر ماریان دوای تێپەڕاندنی سێ ساڵ زیندانی، بە مەرج لە زیندان ئازاد دەکرێ.
ئەم ڕووداو و دۆسیەیە مشتومڕێکی زۆری لە نێوان هاوسۆزی گشتی بۆ مرۆڤێک وەک دایک کە منداڵەکەی بۆتە قوربانی تووندوتیژی و دەستدرێژی کراوەتە سەر و جگەرگۆشەکەی لەدەستداوە، هەروەها ئەو بنچینە یاساییانەی کە بەڕێوەبردنی دادپەروەری تاکەکەسی (ئارەزوومەندانە)یان قەدەغە کردووە، بەدوای خۆیدا هێنا. هەنووکەش چیرۆکی ماریان باخمایەر وەک بەهێزترین دیاردە و نموونەکانی نێوان خەم و هاوسۆزی مرۆڤ و سیستەمی دادوەری فەرمی ماوەتەوە.
ئامادەکردن و وەرگێران: حەمەڕەسووڵ کەریمی
ماڵپەڕی گیاڕەنگ
٠١ـ٠٦ـ٢٠٢٦ی زائینی