بە بێدەنگی کۆچ و کۆچبارت کرد. حەمەڕەسووڵ کەریمی
بە بێدەنگی کۆچ و کۆچبارت کرد. حەمەڕەسووڵ کەریمی
بەداخەوە شەوی هەینی ڕێکەوتی ٢٩ـ٠٥ـ٢٠٢٦ی زائینی کاک ئەبووبەکر دیماسی ناسراو بە مەسعوود، دوای چەند ساڵ بەربەرەکانی لەگەڵ نەخۆشی بێ ئامانی شێرپەنجە لە یەکێک لە نەخۆشخانەکانی شاری ڤێسترۆس لە نێو ئامێزی بنەماڵەکەی دا کۆچی دوایی کرد.
ساڵی ١٣٦٠ی هەتاوی کاک ئەبووبەکر دێماسی بە هۆی کاری سیاسی پەڕیوەی شاری سەردەشت ببوو، لەگەڵ نەمر کاک کامران سالمی بە یەکەوە هاورێ بوون و لە لای ئەو دەژیا، بە هۆی ئەوە منیش هاورێی کاک کامران سالمی بووم، کاک ئەبووبەکرم ناسی و لەو ڕۆژە را وەک کەسێکی ئاشنا سەیری کاک ئەبووبەکرم دەکرد.
لەبیرم نییە کەی سەردەشتی بەجێ هێشت ، لە بیر و هزرم دا هەر ناو و قەڵافەتی مابوو، ساڵانێک تێپەڕ بوو و دوای نزیک بە ٢٠ ساڵ دووری لە ساڵی ١٣٧٨ی هەتاوی لە وڵاتی سوئێد چاوم بە کاک ئەبووبەکر دیماسی کەوتەوە، سەرەتا تەنیا لە یەکترمان ڕوانی، لە هاورێیەکی خۆمم پرسی کە ئەو کوڕە ناوی چییە و دەیناسی؟ لە وەڵام دا گووتی خەڵکی سابڵاخە و ناوی مەسعوود دیماسییە، پاشناوەکەی هەمان ناو بوو کە من لە سەردەشت دیبووم، هەر بۆیە چوومە پێش و سڵاوم لێکرد و خۆم پێ ناساند و گووتم جەنابت کاک ئەبووبەکر دیماسی دەناسی؟ بە زەردەخەنە و پێکەنین، گووتی بۆ خۆم ئەبووبەکرم و یەکترمان لە ئامێز گرت، ماوەی چارەگە سەعاتێک بە یەکەوە ڕاوەستاین و هەندێک وەردی ژیان و بیرەوەرییەکانی نەمر کاک کامران سالمیمان دایەوە.
کاک ئەبووبەکر ماوەی چەند ساڵ وەک ئەندامی کۆمەڵەی یەکسانی کوردستان خەباتی سیاسی کردبوو، پێشینەی کاری سیاسی هەبوو، دوای هاتن بۆ تاراوگە و سوئێد ئەندامی هیچ ڕێکخراوەیەک نەمابوو، هەر بۆیە دوای چەند مانگ لە ساڵی ٢٠٠٠ی زائینی دا، داوام لێکرد ببێتە ئەندامی حیزبی دێموکرات، بە خۆشیەوە و خۆی گووتەنی بە شانازییەوە قەبووڵی کرد و لەو کاتەوە کاک مەسعوود وەک ئەندامی حیزب دەستی بەکار کرد و زۆر زوو بە هۆی ئاشنایەتی بە سەر سیاسەت و کاری سیاسی دا خۆی لە نێو دڵی هاورێیان دا جێکردەوە و وەک کەسێکی شارەزا دەستی بە کار لە کۆمیتەی شاری ڤێسترۆس دا کرد.
کاک مەسعوود مرۆڤێکی خوێن گەرم، دڵساف و مێهرەبان بوو، مرۆڤێکی قسەخۆش و شەرم بەخۆ بوو، لە کاری ڕێکخراوەیی دا زۆر شارەزا و لێهاتوو بوو، زۆر زوو لە کۆمەڵەی کولتوری یەکیەتیی کوردان دا وەک دەستەی بەرێوەبەری دەستی بەکار کرد و لە کۆمیتەی حیزبیش دا وەک ئەندامی دەستەی بەڕێوەبەری لە کۆمیتە دا، ئەرکی وەئەستۆی خۆی گرت و بە دڵەوە کار و ئەرکی حیزبی و ڕێکخراوەیی بە جێ دەگەیاند و هەمیشە لە هەموو کاتێک دا وەڵامی تەلەفوونی هەموو لایەکی دەدایەوە، لە ماوەی نزیک بە ٢٦ ساڵ ئەندامەتی لە حیزب دا بەردەوام لە هەموو کار و چالاکییەکانی وڵاتی سوئێد و بە تایبەت شاری ڤێسترۆش دا بەشداری چالاکانەی دەکرد و بۆ خۆی بەشێک بوو لە بەرێوەبەرانی هەموو کار و چالاکییەکان.
بە هۆی شارەزایی لە یاساکانی کاری ڕێکخراوەیی لە وڵاتی سوئێد دا، زۆر زوو وەک بەرپرسی یەکەمی ڕێکخراوەی مەدەنی ناوەندی سوئێدی کوردی هەڵبژێردرا و تا کاتی ماڵئاوایی یەکجاری هەر وەک بەرپرسی یەکەم خزمەتی بە هەموو ئەو کەسانە کرد کە لە ڕێکخراوەکە دا ئەندام بوون، جیا لە کاری ڕێکخراوەی مەدەنی، چەند ساڵ بەرپرسی یەکەمی کۆمیتەی حیزبی دێموکراتی کوردستان لە شاری ڤێسترۆس بوو، سەرەرای نەخۆشی درێژخایەن و هاتووچۆی زۆری بۆ نەخۆشخانە بەڵام هیچ کات لە کار و ئەرکی ڕێکخراوەیی و حیزبی دوورەپەرێزی نەکرد و بە دڵەوە کاری بۆ حیزبی دێموکرات و دۆزی ڕەوای گەلەکەی دەکرد.
کاک مەسعوود مرۆڤێکی قەڵەم بەدەست و نووسەرێکی بە توانا بوو، وتار و نووسینی تایبەتی بۆ ماڵپەرە کوردییەکان و یەک لەوان ماڵپەری گیارەنگ دەنووسی، کتێبێکی بە ناوی ” نازانم بۆ کێ بگریم” بە چاپ گەیاند بوو، سەرەرای وەزعیەتی نالەباری دارایی، کاتێک کتێبەکەی لە ژێر چاپ هاتەدەر، نزیک بە تەواوی کتێبەکانی هەروا وەک دیاری پێشکەش بە هاورێ و ناسیاوانی خۆی کرد، ڕۆمانێک کە هەر کات بیخوێنیەوە تازەیە و هیچ کات کۆن نابێ.
کاک مەسعوود تێکۆشەر و خەباتکارێکی ڕاستەقینەی گەلەکەی و حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران بوو، بۆ سەرکەوتنی حیزبەکەی ئامادەیی هەموو کار و ئەرکێک بوو، لەگەڵ حیزبەکانی دیکەی کوردستانی بە شارەزایی و بە لێزانی کۆدەبۆوە و بە دڵەوە یارمەتی هەموو لایەکی دەدا، کەسێکی شارەزا لە بواری سیاسی، کۆمەڵایەتی و کاری ڕێکخراوەیی بوو، بەردەوام خەمی لە هەموو کارەکانی گشت ڕێکخراوە مەدەنییەکان دەخوارد، لە ڕۆژە خۆش و ناخۆشەکانی گەلەکەی دا، لە خۆپێشاندان و کۆبوونەوە و سمینارەکاندا هەمیشە پێشەنگ و کار ڕاپەرێنەری سەرەکی بوو و هاورێیانی هان دەدا کە بەشداری لە هەموو کۆڕ و کۆبوونەوەکان دا بکەن، بە هۆی کارلێهاتوویی و شارەزایی لە کارەکان دا، چەندین جار لە لایەن ڕێکخراوەکانی یەکیەتیی ژنان، یەکیەتیی لاوان، یەکیەتیی کوردان، ناوەندی سوئێدی کوردی و هەروەها حیزبی دێموکراتەوە ڕێزی لێگیراوە و گوڵ و لەوحەی ڕێزلێنان و دیاری پێشکەش کراوە.
بەداخەوە کاک مەسعوود ماوەی چەند ساڵ بوو، تووشی نەخۆشی شێرپەنجە ببوو، زۆربەی ڕۆژەکانی حەوتوو لە ژێر چاوەدێری چڕی نەخۆشخانە و دوکتورەکان دابوو، هەر کات تەلەفوونم بۆ دەکرد، بە دڵێکی پڕ لە هیواوە وەڵامی دەدامەوە و هەمیشە بە ئومێدەوە قسەی دەکرد و زۆرجار دەیگووت مرۆڤ ڕۆژێک هەر دەمرێ و نابێ ئەوەندەی لە ژیاندا هەی، نائومێد ببی.
کۆچی دوایی کاک مەسعوود دیماسی خەسارێکی گەورەیە بۆ حیزبی دێموکرات و هەروەها هەموو ئەو ڕێکخراوانەی کە کاری تێدا دەکردن، خەسارێکی گەورەیە بۆ بنەماڵەی بەرێزی کاک مەسعوود و هەموو ئەو کەسانەی لە نزیکەوە دەیانناسی.
لە کۆتایی دا لە ناخی دڵەوە سەرەخۆشی لە هاوسەری ژیانی خاتوو زێنەب و کوڕ و کچەکانی و هەموو ئەندامانی دیکەی بنەماڵەی لە نێوخۆی کوردستان و دەرەوەی وڵات دەکەم و خۆم بە شەریکی خەمیان دەزانم.
ڕووح و ڕەوانی کاک مەسعوودی تێکۆشەر شاد و یاد و ناوی لە دڵان دا هەردەم زیندوو بێ.
حەمەڕەسووڵ کەریمی
ماڵپەڕی گیاڕەنگ
٣١ـ٠٥ـ٢٠٢٦ی زائینی