کۆچی دوایی تێکۆشەرێکی خۆش نێوی نێو ڕیزەکانی حیزبی دێموکڕاتی کوردستانی ئێران!
کۆچی دوایی تێکۆشەرێکی خۆش نێوی نێو ڕیزەکانی حیزبی دێموکڕاتی کوردستانی ئێران!
ڕۆژی هەینی ٢٠٢٦/٥/٢٢ی زایینی کادری دێرینی نێو ڕیزەکانی حیزبی دێموکڕاتی کوردستانی ئێران سەید حەسەن هاشمی، ناسراو بە خاڵە سەید حەسەن لە شاری ستۆکهۆڵمی وڵاتی سوئێد کۆچی دوایی کرد.
خاڵە سەید حەسەن لە ساڵی ١٣١٥ هەتاوی لە گوندی قوزلووی چکۆڵە سەر بە شاری مەهاباد لە بنەماڵەیەکی ئایینی بە دونیا هاتووە. بنەماڵەی خالە سەید حەسەن بنەماڵەیەکی گەورەن و لە چوار بنەماڵە پێک دێن؛ هاشمی، سەیدنژادیان، مەدەنی و سەیدی. باوکی خاڵە حەسەن، حاجی سید قادر کەسایەتییەکی خۆش نێو و زۆر خۆشەویست بوو لە شاری مەهاباد و خەڵکی مهاباد بە گشتی خۆشیان دەویست و نەمر پێشەوا قازی محەممەد ڕێزی تایبەتی بۆ دادەنا. خاڵە حەسەن زۆر ئەخلاق، کردار، پاکی و سەداقەتی دەچوونەوە سەر باوکی.
دایکی مەلازادە مریەم عەباسی ئامۆزای کاک مەلا حەسەن رەستگار، مەلا ڕەسول و فاتمە خان پێشنماز، خاتوونێکی زۆر بەڕێز و مودیریکی بە توانا کە بنەماڵەی هەرسێک براکە بەیەکەوە دەژیان ئێدارەی دەکرد.
ماڵی حاجی سید قادر لە ساڵی ١٣٢٠ بەرەو مەهاباد کۆچ دەکەن و سەید حەسەن وەک یەکەم کوڕی بنەماڵە ساڵی ١٣٢٢ لە قوتابخانە دەست بە خوێندن دەکات.
لە پۆلی ٢-٣ ی سەرەتایی دەبێت کە قازی محەممەد کە بۆ سەردانی قوتابخانە دەچێ خالە سەید حەسەن چاوی بە پێشەوا دەکەوێت و پێشەوا چەند پرسیاری لێدەکات کە بە وردی جوابیان دەداتەوە. دەبێ هەر ئەو دیدارە بووبێت کە هەستی نیشتمانپەروەری لە دڵی خاڵە سەید دا وەخەبەر دێنێت. لە دەرس خوێندن دا زۆر زرینگ بوو. لە پۆلی ٦وەک نەفەری یەکەمی قوتابخانە وێنەکەی لە گوڤار دا چاپ دەکرێت.
بەهۆی بیری سیاسی و هەستی نیشتمانپەروەری لە ساڵی ١٣٢٩ واز لە خویندن دینێت و لە گەڵ باوکی و براکانی لە دوکانی بەزاری دەست بە کار دەکات. لە ساڵی ١٣٣٤دەگەڵ عیسمەت خانمی سەیدی کچی حاجی محەممەد سەیدی کە ئامۆزای خۆێ بوو هاوسەرگیری دەکات و دەبنە خاوەنی ٣ کچ و ٢ کۆر.
لە ساڵی ١٣٤١ بە هۆی چالاکی سیاسی و ئەندامەتیی حیزبی دێموکڕاتی کوردستان دەگەڵ ژومارەیەک ڕووناکبیر و نیشتمانپەروەر وەک دکتۆر عەلی مەولەوی، حەسەن ڕستگار، فەتاح کاویان، مەلا سەعید کامەم و سەید کەریم نیکپوور دەگێڕین. هەر لە بەندیخانە لە کلاسی دەرسی دکتۆر مەولەویدا بەشداریی دەکات و فێری کاری دەرزی و دەرمان دەبێت، کە دوایی زۆر بەکەلک دەبێت بۆ بنەمالە و پاشان کارکردن لە دەرمانگای بەندی مەهاباد لە ساڵەکانی ١٣٤٥-١٣٤٦.
دوای ٢ ساڵ لە بەندیخانە ڕزگاری دەبێت، بەڵام بە هۆی چالاکی سیاسی و مەترسی لە گێران مەهاباد بەرەو باشووری کوردستان بەجێ دێلێت و لە شاری قەلادزێ دەگەڵ هاوڕێیانی حیزبی، شەهید ئیسماعیل شەریفزادە و نەمر کاک حەمەدەمین سراجی و کاک سالاری حیدەری یەکدەگرنەوە و دەبنە هاومزڵ.
لە ساڵی ١٣٤٥ بە هۆی فشاری بنەماڵەکەی مەجبور بە گەڕانەوە بۆ مەهاباد دەبێت. کاک سەید حەسەن قەت وازی لە کار و چالاکی سیاسی نەهێنا و بە پێی ئیمکاناتی ئەوکات درێژەی بە کاری نهێنی دەدا. کۆکردنەوەی یارمەتی ماڵی بۆ حدکا و بلاوکردنەوەی ڕۆژنامەی کوردستان بەشێک بوو لە چالاکییەکانی.
لە ساڵانی پێش ڕوخانی ڕژیمی شا لە دەفتەری زندە یاد میرزا ڕەحیم خەرازی کەسایەتیی خۆشناوی مەهاباد کاری حیسابداری دەکرد .
ماڵی سەید حەسەن هەمیشە وەک بنکەیەکی سیاسی وا بوو و سەدان کۆبوونەوە و بیروڕا گوڕینەوە لە ماڵی ئەو بەڕێوە چوون.
لە یەکێک لەو کۆبوونەوانەدا بڕیاری یەکەم خۆپیشاندان بە نێوی حدکا لە شاری مەهاباد دەدرێت.
ماڵی خالە حەسەن ببوو بە بنکەی سیاسی و حیزبی و کەمتر وەک ماڵی شەخسی دەچوو. تەنانەت لە سەرەتای شۆڕشی گەلانی ئێران کوردانی باکوور دەهاتنە سەردانی ئەو نەمرە چونکی نێوبانگی نیشتمانپەروەری و پاکیی خاڵە سنووری ڕوژهەڵاتی کوردستانی تێپەڕ کردبوو و پارچەکانی دیکەی کوردستانیش گرتبۆوە.
ڕژیمی شا هەر مابوو. زؤربەی دیدارە نهێنیەکانی شەهید دکتۆر قاسملوو و مامۆستا عەبدوڵڵا حەسەنزادە دەگەڵ تێکۆشەرانی ئەو سەردەمە لە ماڵی خاڵە سەید حەسەن بەرێوە دەچوون. دوای ڕووخانی ڕێژیمی پاشایەتی خۆشی و شادیەکی یەگجار زۆر لە دڵیدا کڵپە دەستێنێ، بەو هیوایە کە خەونەکەی وەدی بێت و گەلی کوردیش بە مافی خۆی بگات. خاڵە سەید حەسەن ئەوجار بە ئاشکرا دیسان لە ڕیزی حدکا دا دەست دەکات بە چالاکی بی وچان. بۆ ماوەی چەندین ساڵ وەک بەرپرسی بەشی ماڵی حیزب و ئەمینداری زۆر باوەڕپێکراو کار دەکات .پاشان بۆ ماوەی ٢ ساڵ وەک بەرپرسی نەخۆشخانەی حیزب درێژە بە خەبات دەدات. خاڵە سەید لە نێوان کۆنگرەکانی پێنجەم و شەشەمی حیزبدا وەک ڕاوێژکاری کومیتەی ناوەندی حیزب هەڵدەبژێردرێت.
لە ساڵی ١٩٨٧ زاینیی لە بەغدا پێوەندیی بە سەفارەتی سوئێد دەکات و پاش ماوەیەکی کورت مافی پەنابەری وەردەگرێت و کوردستان بەرەو سوئێد بەجێ دێلێت. پاشان خێزان و منداڵەکانی لە ساڵی ١٩٨٨ دەگەنە سوئێد و بنەمالەکەیان یەکتر دەگرنەوە. خالە سەید حەسەن هەتا دواکاتی ژیانی پێوەندیی دەگەل حیزبی دیموکڕات و سەرکردایەتیی حیزب و هەروەها حیزبەکان و تێکۆشەرانی ڕزگاریخوازی کورد بۆ یەک پارچەی کورد قەت نەپسا و لە هیچ هاوکاریەکیش درێغی نەکرد. وێردی سەر زمانی ئەوە بوو “هەرچی دەبی ببە بەڵام کورد بە”.
بەداخەوە خاڵە سەید حەسەن وەک زۆرێک لە تێکۆشەرانی دێرینی حیزب و گەڵ لە ئاوارەییدا بۆ هەتاهەتایێ چاوەکانی لەسەر یەک نان و دڕێژەی ڕێگای بە هاوڕێبازانی سپارد.
بە بۆنەی کۆچی دوایی ئەو تێکۆشەرە نەمرەی ڕێگای ئازادی و بەختەوەری لە لایان هەموو ئەندامان، لایەنگران و دۆستانی حیزب لە وڵاتی سوئێد پرسە و سەرەخۆشی خۆمان ئاراستەی بنەماڵەی بەڕێزی خاڵ سەید و کەسوکاری خۆشەویستی دەکەین.
ڕوحی شاد و کەسوکاری سەلامەت بن.
حیزبی دێموکڕاتی کوردستانی ئێران- کومیتەی گشتیی سوئێد