بیرەوەریەک لەگەڵ کاک خدر محەممەدزادە، ناسراو بە خدر خانەیی
بیرەوەریەک لەگەڵ کاک خدر محەممەدزادە، ناسراو بە خدر خانەیی
بەداخەوە کاک خدر محەممەدزادە، ناسراو بە خدر خانەیی پاش ماوەیەکی زۆری نەخۆشی لە یەکێک لە نەخۆشخانەکانی شاری ساندویکن لە وڵاتی سوئێد لە تەمەنی ٧٥ ساڵیدا کۆچی دوایی کرد.
زیاتر لە ٤٠ ساڵ بوو کاک خدر خانەییم دەناسی، ئەو لە هێزی شەهید موعینی (گیاڕەنگ – سەردەشت) و منیش لە هێزی شەهید مینەشەم (زمزیران- ڕەبەت) پێشمەرگە بووین.
بنکە و مەقەڕەکانمان بۆ ماوەی چەند ساڵێک لە سەر سنوور لە نزیک یەکتر بوو، زۆربەی کادر و پێشمەرگەکانی ئەو دوو هێزە یەکترمان دەناسی.
بە هۆی ئەوە ڕێگەی هاتووچۆی کادرو پێشمەرگەکانی هێزی زمزیران بە ناوچەی سەردەشت دا تێدەپەری، هەمیشە دەستەیەک کادر و پێشمەرگەی هێزی گیاڕەنگ دەبوونە چاوساخ و گیانی خۆیان لە مەترسی دەخست ، بۆ ئەوەی لە سنووری بە تواو میلتاریزە کراوی، نێوان باشوور و ڕۆژهەڵات دەربازمان بکەن و زۆربەی جارەکانیش هاورێیەتییان دەکردین تا دەگەیشتینە سەر چۆمی کەڵوێ.
بەردەوام شەهیدانی نەمر کاک حەمە نارستی، قادر مەمۆ، حەسەنی عەلی چاپەزی، عەلی باساوەیی، مەحموود خاس، و خدر خانەیی و زۆرێکی دیکە لە هاورێیان کە ئێستا بە خۆشیەوە لە ژیاندا ماون پێشەنگایەتیی هێزەکانی زمزیران، شەهید پێشەوا، بەیان، دووی ڕێبەندان و ئاربابا و تەنانەت هێزەکانی باشووری کوردستانیشان دەگرتە ئەستۆی خۆیان.
ڕۆژی ٢١ی جۆزەردانی ١٣٦٨ی هەتاوی بەشێک لە کادر و پێشمەرگەکانی هێز و کۆمیتە شارستانی ڕەبەت (زمزیران) دەبوو بگەرێینەوە ناوچەی ڕەبەت، پێش ئێمە تیمێک لە کادر و پێشمەرگەکانی هێزی زمزیران گەڕابوونەوە ناوچەی ڕەبەت. ئێوارەی ڕۆژی ٢١ی جۆزەردان لە مەقەرەکانی سوونێ را وەرێ کەوتین، لە نزیک مەقەری گۆڕێ کچان کاک خدر خانەیی کە ئەو کات سەرپەل بوو لەگەڵ چەند پێشمەرگەیەک بوونە پێشەنگی هێزەکەمان و بەرەو گوندی سوێسنێ و دواتر بەرەو کەنێرێ وەرێ کەوتین.
ئیوارەی ڕۆژی ٢٢ی جۆزەردان دوای ئەوە کە هەموو شوێنە ئاستەمەکانمان لە ژێر چاوەدێری گرتن و بە هۆی بوونی هێزێکی زۆر لە سەر سنوور، کاک خدر بە هاورێیەتی کاک حوسێن عەبدوولی (کونەمشکێ) و حەسەن غەمبار، کەریم ڕەسووڵی (کەریمە ڕەش) و عەبدوڵڵا بایزیدی (گۆمانی)، بۆ ئەوەی تووشی تێکهەڵچوون لەگەل دوژمن نەبن، شوێنی خۆیان بەرەو پشت ئالیئەمەران گۆڕی، ئێمەش وەک تیمێکی سێ کەسی بە مەودای نزیک سەد میترێک بە دوای ئەوان دا دەرۆیشتین.
وەک هەمیشە کاک خدر و کاک حوسێن کونەمشکەیی لە پێشەوە دەرۆیشتن و زۆر لە سنوور دوور نەکەوتبوونەوە کە بەداخەوە کاک خدر خانەیی و کاک حوسێن عەبدووڵی بە سەر مینی تەڵەیی دوژمن داکەوتن. دەنگی تەقینەوە و چڕ و دووکەڵ و تەقەی مۆڵگەی ڕژێم بۆ ماوەی چەند ساتێک نەیهێشت کە بزانین کام یەک لە هاورێیان بریندار بوون، تیمی یەکەم بە سەرپەرەستی حەسەن غەمبار لە نزیک ئەوان بوون، تیمەکە هەوڵیان دا کە بریندارەکان بەجێ نەهێڵن و هەر دوو هاوڕێیان کاک خدر و کاک حوسێنیان بە برینداری لەگەڵ خۆیان هێنایەوە، تا گەیشتنی ئەوان تیمی ئێمە وەک پشتیوان چاوەدێری چەند شوێنێکمان دەکرد و بە دوورە تەقە نەماندەهێشت کە لە شوێنی خۆیان بێنە پێشتر.
دوای هەوڵ و ماندووبوونێکی زۆر بریندارەکان گەیشتن، برینەکانی حوسێن کونەمشکەیی زۆر سەخت بوون، لاق و ڕانی کاک خدریش زۆر بە تووندی بریندار ببوون، گورج تیمێک پێشمەرگە ساز کران کە بریندارەکان بگەیێنە کۆمیتە شارستانی سەردەشت، بەداخەوە کاک حوسێن عەبدووڵی ناسراو بە حوسێن کونەمشکەیی بە هۆی کاریگەر بوونی برینەکانی لە ڕێگادا شەهید بوو و تێکەل بە کاروانی سوورخەڵاتانی گەل و نیشتمان بوو و دواتر کاک خدر بەرێ کرا بوو بۆ نەخۆشخانە.
ئەم بیرەوەرییە قەتریەکە لە دەریای گیانفیدایی و خۆنەویستی کاک خدر خانەیی کە بەداخەوە ڕۆژی ١٤-٠٥-٢٠٢٦ی زائینی لە سوئێد کۆچی دوایی کرد، بە دڵنیایەوە چەندین بیرەوری دیکەش هەن کە لە داهاتوو دا ئەگەر کات و مەجال هەبێ نەک تەنیا لە سەر کاک خدر خانەیی بەڵکوو لە سەر بەشێک لە هاورێیان کە بە یەکەوە بووین بیان نووسم.
بێشک هەموو ئەوانەی کاک خدر خانەی دەناسن شاهیدی بۆ بوێری و ئازایەتی و لە خۆبردوویی ناوبراو دەدەن، کاک خدر فەرماندەیەکی چوست و چالاک و هەڵسووری حیزبی دێموکرات و نەتەوەی کورد بوو کە بۆ ئازادی گەلەکەی خزمەتی دەکرد، کاک خدر یەکێک لەو دەگمەنە پێشمەرگانە بوو کە، وێرای ئەوە خاوخێزان و چەند منداڵی ورد و درشتی هەبوون، بەڵام هیچ کات لە چوونەوە بۆ نێوخۆی وڵات و ئەرکی پێشمەرگانە خۆی نەپاراست، بە لێوەشاوەی خۆی و بە تواناوە ئەوەندەی لە توانای دابوو خزمەتی پێشمەرگانەی کرد.
بەداخەوە مەرگ مەجالی زیاتری نەدا کە کاک خدر زیاتر بژی تا ڕووخانی ئەو ڕژێمە نگریسە بە چاوی خۆی ببینێ و لە ئازادی کوردستان دا وەک هەموو ئازادیخوازێک لە گۆشەیەک لە خاکی کوردستان دا دوا ساتەکانی ژیانی بەرێ بکا.
لە کۆتایی دا بە بۆنەی کۆچ و ماڵئاوایی کاک خدر سەرەخۆشی لە هاوسەری ژیانی و لە کورەکانی و لە گشت ئەندامانی بنەماڵەکەی لە نێوخۆی کوردستان و دەرەوەی وڵات دەکەم و خۆم بە شەریکی خەمیان دەزانم.
ڕووحی شاد و ڕێگەی خەبات و تێکۆشانی پڕ ڕێبوار بێ.
حەمەڕەسووڵ کەریمی
ماڵپەڕی گیاڕەنگ
١٥ – ٠٥- ٢٠٢٦ی زائینی