کۆچی دوایی بە ئەمەگترین پێشمەرگەی دێموکرات کاک محەممەد بابووتە
کۆچی دوایی بە ئەمەگترین پێشمەرگەی دێموکرات کاک محەممەد بابووتە
بەداخ و پەژارەیەکی زۆرەوە ئەمرۆ دووشەممە ڕێکەوتی ٢١ی بانەمەڕی ١٤٠٥ی هەتاوی بەرامبەر بە ١١ی مای ٢٠٢٦ی زائینی کاک محەممەد بابووتە کادری بەوەجی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران بە هۆی نەخۆشی کۆچی دوایی کرد.
کاک محەممەد بابووتە یەکێک لەو پێشمەرگە وەفادار و نەهێنیپارێزانەی حیزبی دێموکرات بوو، کە هەموو ژیان و کاتی خۆی تەرخانی خزمەت بە حیزبی دێموکرات و نەتەوەی کورد کردبوو، مرۆڤێکی هێمن و لەسەرخۆ، پێشمەرگەیەکی بە نەزم و دیسیپلین، کادرێکی خەمخۆر و بە وەفای ڕێگای ڕزگاری کوردستان لە ڕیزەکانی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران دا بوو، کاک محەممەد ژیانی لێوڕێژ لە ئەمەگ و وەفا و مێهرەبانی بوو، ژیانی خۆی تەرخانی شۆڕش و خەبات کردبوو و بێ ماندووبوون و بێ پشوودان ئەرکەکانی حیزبی بەرێوە دەبردن، وەک پێسمەرگە لە مەڵبەندی سپیسەنگ خزمەتی کردبوو، دواتر بۆ خزمەتی زیاتر لە نەخۆشخانەی حیزب و بەشی خەدەمات و تداروکات بە دڵسۆزییەوە ئەرکەکانی خۆی بەرێوەبرد.
بە هۆی دڵسۆزی و وەفاداری و هەروەها بە هۆی نەهێنی پارێزی و دەستپاکی و خۆشەویستی بە حیزب لە بنکەی سکرتاریای حیزب دەستی بە کاری حیزبی کرد و وەک پێشمەرگە و کادری دەرجە چواری حیزب لەو ئۆرگانە هەستیارەدا خزمەتی دەکرد.
زۆربەی سکرتێر و سەرکردە و ڕێبەرایەتی حیزب لە تەنیشت کاک محەممەد بابووتە درێژەیان بە ئەرک و کاری حیزبی داوە و بە هۆی دڵنیا بوون لە خەمخۆرییەکانی بابووتە بێ ئەوەی هەست بە ماندووبوون و نائەمنی بکەن بە ئەرخەیانییەوە کارەکانی خۆیان ڕاپەراندوون.
کاک محەممەد مرۆڤێکی تەژی لە پاکی و سەداقەت بوو، لێوبەخەندە و مێهرەبان بوو، هەر هاورێێەکی پێویستی بە کار و هاوکاری هەبایە، بێ یەک و دوو لێکردن دەچوو بۆ یارمەتیدانی و هەمیشەش بە هەستی هاریکارییەوە هەنگاوی هەڵدێنایەوە.
نزیک بە چل ساڵ بوو کاک محەممەدم دەناسی، وەک خۆم شانازی بە ئەرک و کار و خزمەتەکانی کاک محەممەد بابووتەوە دەکەم و لە ڕابردووشدا بەردەوام جیا لە سەردانەکانم بۆ کوردستان لە دەرەوەش را بە تەلەفوونی بە یەکەوە پەیوەندیمان هەبوو.
ماوەی نزیک بە سێ دەورە کە ئەندامی کۆمیتەی ناوەندی بووم لە سکرتاریا وەک کۆڵەکەیەکی پتەوەی ئەو ئۆرگانە سایەی بە سەر سەرمانەوە هەبوو، بەیانی و نیوەرۆ و زۆرجاریش ئێواران بە سەری دەکردینەوە و سەردانی دەکردین، لەو ماوە دوور و درێژەدا هیچ کات بە ماندوویی نەمان دیت، بەڵکوو هەمیشە هەڵسوور و چالاک لە نێو سکرتاریا و ئۆرگانەکانی دیکە لە هاتووچۆ دابوو، ژیانێکی سادە و ساکار، بەڵام پڕ لە شانازی بەرێ کرد.
زۆرجار کە کاری سکرتاریا تەواو دەبوو، کاک محەممەد لە لای ئێمە کە ژووری خۆمان لە تەنیشت سکرتاریا هەبوو، دەمایەوە و لەگەڵ ئەوەدا کە کەم قسەی دەکرد بەڵام زۆرجار بە قسەخۆش و بە هەستەکانی مەجلیسەکەی ئێمەی خۆشتر دەکرد. بابووتە مرۆڤێکی بێ ئیدیعا، شۆڕشگێر و خەباتکارێکی ڕاستەقینەی ڕێگای پڕ لە شانازی شەهیدان بوو، خەمی لە هەموو هاورێیان دەخوارد، کاتێک ١٧ی خەرمانان واتە ٩ی سپتامبری ٢٠٠٨ی زائینی لە لایەن سوپای پاسدارانی سەر بە رژێمی پەت و سێدارەی ئێران بە مووشەکی بالستیکی لە پلنۆمی کۆمیتەی ناوەندی حیزبی دێموکرات درا و پۆلێک شەهیدمان دان، کاک محەممەدیش زامی سووکی هەڵگرت بوون، چەند مانگ دوای ئەو کارەساتەش لە شوێنی کارەکەی هەروا بە بێدەنگی بۆ هاورێ شەهیدەکانی دەگریا و زۆرجار دەیگووت دوای شەهید محەممەد حەسەنپوور و شەهید عوسمان عوسمانی کە بە یەکەوە لە سکرتاریا کاریان دەکرد، ژیان بۆ من زۆر سەخت بووە، ئەو شەهیدانە بۆ من پشت و پەنا و قەڵای نێو قەڵای دێموکراتم بوون.
زۆربەی هەرە زۆری کادر و پێشمەرگەکان بە ڕێبەری و سکرتێرەوە قەرزداری خزمەتەکانی کاک محەممەد بابووتە و هاورێیانی لە چەشنی ئەو شۆڕشگێرەن، وەک خۆم شانازی دەکەم کە وەک هاورێ و هاوسەنگەرێک لە خزمەتی دابووم، مردن و ماڵئاوایی کاک محەممەد لە هەلومەرجی ئێستا دا کە کۆماری ئیسلامی لە سەر لێواری خلۆر بوونەوەیە خەسارێکی گەورەیە، بەڵام سرووشتی ژیان هەمیشە بۆ مرۆڤایەتی مەرگ و ژیانی تێدایە و ئەو سووشتەش بە مرۆڤ ناگۆردرێ، کاک محەممەد زۆر سەربەرزانە ژیا و هیوادارم کە ئاوات و ئامانجەکانی کاک محەممەد بە خەبات و تێکۆشانی گەلی کورد وەدی بێ.
لە کۆتایی دا سەرەخۆشی لە هاوسەری ژیانی ئەمیرەخان و منداڵەکانی ئاسۆ و ئالان و هاورێ و هاسەنگەرانی لە نێو ریزەکانی حیزبی دێموکرات و هەموو خزم و ئاشنایان و خەڵکی کوردستان دەکەم.
یاد و ناوی هەر دەم لە دڵان دا زیندوو بێ.
حەمەڕەسووڵ کەریمی
ماڵپەڕی گیاڕەنگ
١١ – ٠٥- ٢٠٢٦ی زائینی