لەناو سەنگەرێکی چۆلدا”! قادر وریا

لەناو سەنگەرێکی چۆلدا”!
قادر وریا ٢٠٢٤/٣/١١
بەهارە، چ بەهارێک!! ئەم چیایانەی سەرووی ئاوایی، وەک دەڵێن خۆیان لە گوڵێ داوە. گیا و زەمەند سەریان پێکەوەناوە، گیا دەگاتە چۆکان. هەر گوڵەی لە چەشنێک و لە ڕەنگێک، لە دوورەوە دەبریسکێنەوە و بۆن و بەرامەیان بۆ لای خۆیان پەلکێشمان دەکەن…
لەگەڵ پۆلێک هاوڕێی پێشمەرگەی لەمێژینە و دەستەیەک مامۆستا و خوێندکاری دۆست و ناسیاوی زانکۆ، لە سەر جادەی شنۆ-نەغەدە، لە نێوان چەشمەگۆل و گوندەوێڵە دادەبەزین. بە حەز و تاسەیەکی بێ سنوورەوە، وەقەدی شاخی هەڵدەگەڕێین. هەتا پتر سەردەکەوین، زیاتر سەرسوڕماوی شاکاری سروشت دەبین. چاوساغ و شارەزاکەیان منم . یەک بە یەک شوێنەکانیان پێ دەناسێنم، هۆو بەرزاییە، کە ترۆپکی ئەم زنجیرە چیایەیە، “بەردی گەورە”ی ناوە؛ لەلای چەپمان ئەو تاشەبەردە گەورەیە”بەردە زەرد”ە؛ ئەو سێ قوتەی لە ڕیزی یەک، پێیاندەگوترێت”سێ کۆیان”؛ هۆو شیوەش بە “خڕی پاداران” بەناو بانگە. لە نزیک وێ، شیوێکی دیکە هەیه پێیدەگوترێت “خڕێ تاڵانان”. ئەم بەردەش لە شانی ڕاستمان کە دەڵێی وشترە ئیخ بووە، پێی دەگوترێت” بەردەوشتر”. هۆو گردەی شانی ڕاستمان، “قەڵاتگە”یه، پڕە لە شوێنەواری دێرین، لە داوێنەکەی کانییەک هەیە پێی دەگوترێت “ڕکاوێ”، سێ گوند (چەشمەگۆل و حەسەننووران و گوندەوێڵە) لە ئاوەکەی دەخۆنەوە. لە ڕۆژهەڵاتمان چەندین کانیاو و جێ هەوار هەن، بڵووداوێ، دەروێشاوێ،کۆلەبی و…. هتد.
ئەگەر هەر ئاوا ڕاست بڕۆین و ئاودیو بین، دەچینە دۆڵی دەرەسۆر”. لەدوای ئەم زنجیرە چیایەی بەرەوڕوومان، بە مەودایەکی زۆر، زنجیرەچیایەکی دیکە هەیە، ئەوەندە دوورە ئێمە لێرەوە تەنیا قوتەکانی، ئەویش بە ڕەنگێکی خۆڵەمێشی، دەبینین. بەداخەوە، من هەر دووراوروور دیومن و هیچکات لێیان سەرنەکەوتووم، بەناشکوری نەبێت تەنانەت ئەم شاخ و کێوانەی نزیک گوندەکەشمان کەم گەڕاوم، بە منداڵی و بە پێشمەرگایەتی، چەند جارێک دیتوومن و ئیدی هەتا ئەمڕۆ نەمدیتوونەوە…
هەر دەڕۆین و هەڵدەکشێین و ماندوو نابین؛ کە دەگەینە سەر ترۆپکێک ڕادەوەستین؛ ئاوڕ لە چوار دەورمان دەدەینەوە، دەشتی شنۆ و سندووسمان بە جوانی لێدیارە. ئای لەو هەموو ئاوەدانی و سەرسەوزییە! وای لەم هەتاوە خۆشە! گادەر بەسەر سینگی ئەم دەشتەدا شۆڕ بووەتەوە، لەبەر تیشکی هەتاو، بووە بە لافاوێک زێڕی قاڵبۆوە و سەربەرەوژێر دەخزێ…
لەم ڕووکارە ئاودیو دەبین. تووشی مێرگێکی بژوێن دێین، گیا وەها باڵای کردووە بەژنی ئێمەی تێدا ون دەبێت. لەشوێنێکی باگر تاقە ماڵێک دەبینین، بە کەرستەی ئامادە (پیش ساخت) دانراوە، لەو ماڵانەی سەربانەکانیان نە گڵە، نە دار، نە چیمەنتۆ، ناشزانم چییان پێدەڵێن. دەپرسم ئەو ماڵە تاقانەیەی دوورە ئاواییی نێو ئەم سروشتە یاخییە، ماڵی کێیە؟ دەنگێک دێتە جواب، دەڵێت ماڵی کاک سۆران نوورییە. دەچینە نێو ماڵەکە و تاوێک دادەنیشین. سەیرم پێدێت، پەنجەرەی ماڵ بەم گەورەییە و هەمووی شیشە، لە دەرەوە گڤە گڤی بایەکی بەهێز دێت کەچی لە ژوورەوە هیچ هەستی پێناکەیت. لەبەرخۆمەوە دەڵێم دەبێ ژیان لەنێو ماڵێکی نێو باوەشی ئەم سروشتە چەندە خۆش بێت؟!
دەگەڕێینەوە، لە شوێنێک، لە ملەی یاڵێک ڕادەوەستین، کەوتووینە سەر تیرەگێک، لایەکمان “بەردەزەرد” و لایەکەی ترمان بەردەڵانێکی سەرگردێکە. بەنێو مێلاقە و خاشخاش و شلێری زەرد و سووری چڕوپڕدا، بەزەحمەت هەنگاو داوێین. دەچینە نێو بەردەڵانەکە، دەوراندەوری گۆڕایی سەرگردەکە ڕیزە بەردێکی کەڵەگەت، دەڵێی شوورەن بە دەوری سەری ئەم گردەوە. ڕادەوەستم و بە هاوگەشتەکانم دەڵێم: دەزانن ئەو گوڵە جوانە ناوی چییە؟ دەڵێن بەڵێ ئەمە گوڵە مێلاقەیە. دەڵێم ئەدی دەزانن ئەم گردەی ئێستا دەچینەسەری و بەیانی بەداوێنیدا سەرکەوتین، چ ناوێکی هەیە؟ دەڵێن ناوەڵا ناوی نازانین. بە لەخۆبایی بوونێکەوە کە سەرچاوەکەی جوان و شیاوبوونی ئەو ناوەیە، دەڵێم “گردی مێلاقان”!! سەرێکم بە نیشانەی سەلماندن بۆ دەلەقێنن. لە بەردەڵان نزیک دەبینەوە، شوێنەواری سەنگەرێک بەدی دەکەین، قاپۆرە فیشەک، کۆنە قوتووی تۆنی ماسی و کۆنسێرڤی باقلە، تیتۆڵی جلوبەرگی پێشمەرگانە، لەژێر تەنکە بەردێکیش گوێچکەی کۆنە ئەلبۆمێکی وێنە، کە بەفر و باران و تێپەڕینی ڕۆژگار هەڵیپرواندووە، بەدیی دەکەین؛ بە پارێزەوە گوێچکەی ئەلبۆمەکە دەگرم و دەیکێشمە دەرێ، وێنەکان شوێنەواری وێکەوتنی چەند فیشەکیان پێوەدیارە، لە وێنەکان خورد دەبمەوە، بۆم پرسیارە ئەم سەنگەرە، هی پێشمەرگان بووە یان هی شەڕڤانان ( گریلا)؟ وێنەی چەند کەسێک دەناسمەوە، جلوبەرگیان لە هی پێشمەرگەی ئەم چەند دەیەی دوایی ناچن، لەو جلانەن کاتی خۆی پێشمەرگەکانی ساڵانی ١٣٥٨-١٣٥٩، بە دیاریکراوی سەید عەلی سەرسپی (مەهدەوی)، محەمەد پیرۆت، ساڵەح خان و … لەبەریان دەکردن. کەمێک زیاتر لە وێنەکان ورد دەبمەوە، خۆ دەیانناسمەوە، ئەمە سەید عەلی سەرسپی خۆیەتی، ئەمە عەوڵا سێزدەیە، ئەمە حەسەنە، حەسەن پەرنیانی گوندەکەی خۆمان… هەمووشیان لە شەهیدانی ساڵانی زوون.
دەڵم پڕ بووە و ئەوکم گیراوە، ڕوو دەکەمە هاوگەشتەکانم، نیگام لە نیگای کاک تەیموور مستەفایی دەئاڵقێ.کاک تەیموور لەو جلوبەرگەی پێشمەرگایەتی و لەو هەیبەتەدا دەبینم کە دوێنێ وێنەکەی بە بۆنەی ڕۆژی جلی کوردییەوە لە فەیسبووک دانابوو. بە چاوی گریانەوە ئەم شێعرەی پەشێویان بۆ دەخوێنمەوە:
“مناڵەکان
سەنگەر سەنگەر چیا گەڕام
گوێم لێبوو کۆمەڵێک قەوان
لەناو سەنگەرێکی چۆڵدا
لە پێشمەرگەی شەهید دەدوان..”
دیمەنی ئەم سەنگەرە چۆلە و یادگارییەکانی کاری کردووەتە سەر هەموومان، بە بێدەنگی و ئارامی دادەگەڕێین بۆ ئەو شوێنەی بەیانی لێ دابەزیبووین. تووشی کومەڵێک پیاوی دەڤەرەکە دەبین، نازانم بە ڕێکەوت هاتوونە سەرڕێمان، یان بە بوونمان لەو دەوروبەرەیان زانیوە. هەموو کەواوپاتۆڵ مرادخانی، پێچ وکڵاو لەسەر، قەد قەد پشتێنیان بەستووە، بە هێمنی بەڵام بە گەرمی و ڕووخۆشی بەخێرهاتنمان دەکەن…
فرمێسکەکانم کە نازانم لە خۆشی دیتنەوەی زێد و وڵاتی خۆمن، یان هی بەداخبوونم بۆ چارەنووسی پێشمەرگەکانی نێو سەنگەرەکەی سەر گردی میلاقان، ڕێچکەیان بەستووە، لاڕوومەت و پەڕەی گویچکەمیان تەڕ کردووە، تەنانەت سەرینەکەشم بەو فرمێسکانە تەڕ بووە، ئەو لا ڕوومەتەی لەسەری خەوتووم، هەست بە ساردییەک دەکا. لە خەو ڕادەبم…نوقمی گومانم، ئەوە خەون بوو دەمدیت؟خۆزگە خەون نەبوایە! خەونەکە هێشتا بەری نەداوم. دڵم نایە لێی داببڕێم، هەوڵ دەدەم یەک بە یەک دیمەنەکان، ناوەکان، ئاخاوتنەکان وەبیرخۆم بێنمەوە، پێم حەیفە تەنانەت یەکێکیشیانم لەبیر بچێتەوە…دووبارە شێعرەکەی پەشێو لەبەرخۆمەوە دووپات دەکەمەوەو بەخۆم دەڵێم:
ئەی نیشتمان! ئەتۆ چ حیکمەتێکی کە لەهەر تەمەنێکدا بم، هەر بار و دۆخێکم هەبێ و لەهەر شوێنێکی ئەم دنیایە بژیم، خەون بە غەیری تۆوە نابینم؟!