کاتێک وشەکان کەم دێنن و،ئازارەکان بێ‌سنوورن… د.کامران ئەمین ئاوە

کاتێک وشەکان کەم دێنن و،ئازارەکان بێ‌سنوورن…

د.کامران ئەمین ئاوە

بریا شاعیرێک بام هەتا هەست و سۆزی دڵم بۆ گیانبەختکردن و ناشتنی بە بێ نازیی کچە کوردە ڕۆژهەڵاتییەکەم- نا وا مەڵێ: کچە کوردستانییەکەم- لە سەر پارچەیەک لە خاکی نیشتمانەکەم به جوانی دەربڕیبا.

 بریا بمتوانیبا ئێش و سۆزی قووڵی خۆم بۆ کچە نازداره بێ نازەکەم، بۆ خەزال لەسەر کاغەزێک لەسەر بەردێک یان لەسەر خاکی پیرۆزی نیشتمانەکەم بنووسم! دڵم پڕە لە ئێش، بە ئەندازەی تەواوی جیهان، دڵم پڕە لە ئازارە و دەرد، فرمێسکیش مەودا و سوکناییم پێ نادا.

کاتێک سەیری چاوەکانت دەکەم، ئەو چاوە پڕ لە هیوایەی نێو وێنەکانت، کاتێک سەیری جەستەی بێ‌گیانت دەکەم، کاتێک بیر لە دواهەناسەی ژیانت دەکەم، ئەو کاتەی کە چاوەڕێی فریاکەوتنی پزیشکانی نیشتمانی بەناو ئازادکراوت دەکرد، دڵم دێشێ و دەشکێت بە بێدەنگی …

من وەک پزیشکێک شەرم دەکەم، وەک مرۆڤێک ناتوانم سەر هەڵێنم … نازدارەکەی کوردستان، کچە کیژۆڵەکەی ڕۆژهەڵات،

سوێند به نیشتمان خۆشم دەوێیت بێ سنوور …خۆشم دەوێیت ‌و هاوکات بێزارم لەوانەی ئاوا بە ساردی و سڕی پشتیان تێکردی و نەهاتنە هانات…

بەڵام، سەر دادەنوێنم بۆ ئازاییت ئەی کچە پێشمەرگەکەی کوردستان، سەر دادەنوێنم بۆ گەورەیی ئەو دڵانەی وەک سەردار عەبدوڵڵا، کە بە فرمێسکەوە ماڵەکەی نەکرد بە مزگەوتێک بو شوشتنی جەستەی خوێناویت، بەڵکوو کردی بە هەرێمێکی پیرۆز بۆ تۆ، بۆ ئەوەی تۆ بکات به کچی خۆی و خاوەنی ماڵەکەی ..

 سەر دادەنوێنم بۆ ئەو دەنگانەی کە کەم بوون، بەڵام بەهێز … بۆ ئەو دەنگانەی لە “پێتەختی ڕۆشنبیری”یەوە هاواری تووڕەیی لە چارەنووسی تۆیان دەربڕێ، سەر دادەنوێنم بۆ گەورەیی شار و زێدەکەت، بۆ دایک و باوکت کە کچێکی جوان و بوێر و ئازایان بە ناوی “خەزال” پەروەردە و پێشکەشی نیشتمان کرد.

ئاخ…
نازانم ئەم ئێشەی دڵم چۆن دەرببڕم،

کاتێک وشەکان کەم دێنن،

و ئازارەکان بێ‌سنوورن…