مشتومڕ: بانگهێشت کردنی ڕەزا پەهلەوی؛ خۆڵ فڕێدانە بۆ چاوی کورد یان نادیدەگرتنی مێژوو؟، سەید عەلی هاشمی
مشتومڕ: بانگهێشت کردنی ڕەزا پەهلەوی؛ خۆڵ فڕێدانە بۆ چاوی کورد یان نادیدەگرتنی مێژوو؟، سەید عەلی هاشمی
کوردۆ باکسی (چاودێری سیاسی و شارەزای کاروباری ئێران)لە ڕۆژنامەی ” ئێکسپرێسێن” بە زمانی سوئێدی.بابەتێکی نیشتمانی لەسەر کوردی ڕۆژهەڵات لەو ڕۆژنامە بڵاو کردۆتەوە.
ڕۆژی دووشەممە، ( ١٣/٤/٢٠٢٦) ڕەزا پەهلەوی لەسەر بانگهێشتی هەردوو پارتی ”مەسیحی دیموکراتەکان” و ”سوید دیموکراتەکان” لە پەرلەمانی سوید (ڕیکسداگ) وتارێکی پێشکەش کرد. ئەو هەنگاوە تەنها چالاکییەکی دیپلۆماسی سادە نییە، بەڵکو وەک ئەوە وایە بە ئاشکرا خۆڵ فڕێ بدەیتە چاوی نەتەوەی کورد و هەموو ئەو تێکۆشەرانەی ساڵانێکە لەپێناو دیموکراسیدا قوربانی دەدەن.
گەڕانەوە بۆ دواوە: لە دیکتاتۆرییەتەوە بۆ دیکتاتۆرییەت؟
جێگەی داخی قووڵە کە پارتە سیاسییەکانی سوید، پلاتفۆرمی فەرمی وڵاتەکەیان دەدەنە دەست کوڕی دیکتاتۆرێک کە مێژووی بنەماڵەکەی پڕە لە سەرکوتکاری. پێویستە سیاسەتمەدارانی سوید پرسیار لە خۆیان بکەن: ئایا ئامانج گۆڕینی دیکتاتۆری ئایەتوڵڵاکانە بۆ دیکتاتۆرییەتی پادشایەتی؟
ئەرکی ئەخلاقی و سیاسی حکومەت و پارتەکانی سوید ئەوەیە کە پشتیوانی لە هێزە عەلمانی، دیموکراتەکان بکەن، نەک ڕێ خۆشکەر بن بۆ گەڕانەوەی سیستەمێک کە تاقیکردنەوەیەکی تاڵ بوو بۆ گەلانی ئێران.
ترسی ۱۲ ملیۆن کورد لە ئێران
ئێستا زیاتر لە ١٢ ملیۆن کورد لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان و ئێراندا، بە نیگەرانییەکی زۆرەوە دەڕواننە ئەو پشتیوانییەی ڕۆژئاوا کە لە ”پەهلەوی” دەیکات. هۆکاری ئەم نیگەرانییەش ڕوونە:
ڕەتکردنەوەی مافە بنەڕەتییەکان: پەهلەوی تا ئێستاش ئامادە نییە دان بە مافە سەرەتایی و نەتەوەییەکانی کورددا بنێ.
تۆمەتی جوداخواز: ئەو بەردەوام کورد بە ”جوداخواز” ناو دەبات، لەکاتێکدا داواکاری کورد ڕوونە: سیستەمێکی دیموکرات و فیدراڵ کە تێیدا زمانی کوردی ببێتە زمانی فەرمی و ناوچەکان مافی خۆبەڕێوەبەرییان هەبێ.
برینە سارێژ نەبووەکانی سەردەمی ”شا”
بۆ کورد، بنەماڵەی پەهلەوی تەنها ناوێکی سیاسی نییە، بەڵکو یادەوەرییەکی پڕ لە ئازارە. لەو سەردەمەدا:
کوردستان ڕووبەڕووی چەوسانەوەیەکی سیستماتیک بووەوە.
هەزاران تێکۆشەری کورد لە زیندانەکاندا لەژێر ئەشکەنجەی ”ساواک”دا گیانیان سپارد.
ئەمڕۆش، زۆرێک لەو بنەماڵە کوردانەی لە سوید دەژین، شوێنەواری برینی ئەشکەنجەی زیندانەکانی شایان بەسەر جەستەوە ماوە.
دەرەنجام: دووبەرەکی لەبری یەکگرتوویی
کاتێک پارتە سویدییەکان دەرفەتی قسەکردن بە کەسێکی وەک پەهلەوی دەدەن، نەک تەنها خزمەت بە دیموکراسی ناکەن، بەڵکو دەبنە هۆی دروستکردنی دووبەرەکی لە نێوان نەتەوەکانی ئێران و ئێرانییانی تاراوگەش.
ئێمە داوا دەکەین سوید ببێتە دەنگی گەلانی ستەملێکراو، نەک ببێتە سەکۆیەک بۆ زیندووکردنەوەی پاشماوەکانی دیکتاتۆرییەت.
سەید عەلی هاشمی سوئێد.
بابەتی کوردۆ باکسی لە رۆژنامەی ئێکسپرێسی سوید
https://www.expressen.se/debatt/debatt-som-att-kasta-sand-i-kurdernas-ogon/