بەڕاستی بیستنی بەسەرهاتی “غەزەڵ” ناخی مرۆڤ دەهەژێنێت. د. ئالان فتووحی

بەڕاستی بیستنی بەسەرهاتی “غەزەڵ” ناخی مرۆڤ دەهەژێنێت. ئەوەی بۆ “غەزەڵ” ڕوویدا تەنها مەرگی مرۆڤێک نەبوو، بەڵکو مەرگی ویژدان، ئەخلاقی پزیشکی، مرۆڤایەتی، کوردایەتی و نیشتمانپەروەری بوو. چۆن دەکرێ بڕوا بەو بەسەرهاتە تاڵ و جەرگبڕە بکەی کە کورد بیت و پێکاوی تیری قینی دوژمنی وەحشیت بووبی و لەسەر خاکی خۆت، بە بریندارییەوە، و کاتێک هەر چرکەیەک دەتوانی سنووری نێوان مان و نەمان بگۆڕێ، لە نێوان نەخۆشخانەکان دا ئەم دەست ئەو دەستت پێبکرێت و دە کۆتایی دا لە ترسی دوژمن، مافی ژیانت لێ زەوت بکرێت.
…………………………
لە ڕوانگەی ئەخلاقی پزشکییەوە، لەم کارەساتەی بەسەر “غەزەڵ”دا هات، هەر چوار بنەمای ئەخلاقی پزشکی پێکەوە پێشێل کراون:
١. پێشێلکردنی بنەمای دادپەروەری (Justice) – (گەورەترین پێشێلکاری)
ئەمە یەکەم بنەما بوو کە شکێندرا. کاتێک نەخۆشخانەیەک دەڵێت “ئەمە کەیسێکی سیاسییە و وەری ناگرین”، واتە جیاکاری (Discrimination) دەکات.
بەپێی بنەمای دادپەروەری، دەبێت هەموو مرۆڤێک بە یەکسانی مافی چارەسەری هەبێت. ڕەتکردنەوەی غەزەڵ تەنها لەبەر ئەوەی “برینداری دڕۆنە”، گەورەترین نادادییە؛ چونکە ئەگەر ئەو بریندارە بە ڕووداوی هاتوچۆ بریندار بوایە، وەریان دەگرت. ئەمە واتە پزیشکی خراوەتە خزمەت ئەجێندای سیاسی، ئەویش بەپێچەوانەوە، واتە ئەجێندایەک کە خزمەت بە دوژمنی نەتەوەی کورد دەکا.
٢. پێشێلکردنی بنەمای زیاننەگەیاندن (Non-maleficence)
ئەم بنەمایە دەڵێت ئەگەر سوودیشت بۆ نەخۆش نەبێت، نابێت زیانی پێ بگەینیت.
لە ڕووی پزیشکییەوە، ناردنە دەرەوەی بریندارێکی ناسەقامگیر بەر لە دۆزینەوەی شوێنی جێگرەوە، هەڵەیەکی بکوژە. دەبوو غەزەڵ لە نەخۆشخانەی شۆڕش بمێنێتەوە و لەوێوە بە تەلەفۆن هەماهەنگی بکرێت؛ چونکە گێڕانی بریندار لە ناو ئامبوڵانسدا بەبێ شوێنێکی دیاریکراو، بێبەشکردنی بوو لە چاودێری چڕ و خێراکردنی مەرگی.
لە پزیشکیدا کات ژیانە. کاتێک نەخۆشخانەیەک بە دەمەقاڵە و ڕەتکردنەوە زیاتر لە چەندین خولەک غەزەڵیان لەبەردەم دەرگا مەحتەل کرد، بوونە هۆکاری ڕاستەوخۆی تێکچوونی باری تەندروستی و وەستانی دڵی. ئەم کات کوشتنە گەورەترین زیانی جەستەیی بوو.
پچڕانی فریاگوزاری: بەڵێنی سەرەتا بۆ وەرگرتنی و پاشان پەشیمانبوونەوە، وەک “خەڵەتاندن” وایە کە بووە هۆی ئەوەی هەوڵەکان بۆ دۆزینەوەی شوێنێکی تر دوا بکەوێت.
ڕەتکردنەوەی نەخۆشی ناسەقامگیر: بەپێی ئەخلاقی پزیشکی، ڕەتکردنەوەی نەخۆشێک کە لە لێواری مەرگدایە، وەک پاڵپێوەنانی بەرەو مردن وایە. ئەوان نەک هەر سوودیان پێ نەگەیاند، بەڵکو بە جێهێشتنی لەناو ئامبوڵانس دا زیانی کۆتاییان پێ گەیاند.
واتە وەرنەگرتنی غەزەڵ تەنها “خزمەتنەکردن” نەبوو، بەڵکو “کوشتنی دەرفەتی ڕزگاربوون” بوو، کە ئەمە گەورەترین زیانە.
٣. پێشێلکردنی بنەمای چاکەکاری (Beneficence)
ئەرکی پزیشک و نەخۆشخانەیە هەموو هەوڵێک بدەن بۆ ڕزگارکردنی ژیان (نەک تەنها چارەسەری ئاسایی).
نەخۆشخانەکان ئەرکی سەرشانیان بوو کە “باشترین” بکەن بۆ ڕزگارکردنی. ڕەوانەکردنی نەخۆشێک کە زەرەبانی دڵی دابەزیوە بۆ شوێنێکی تر، لە کاتێکدا دەزانیت کات نییە، پێشێلکردنی ئەم بنەمایەیە. ئەوان لە جیاتی بەرژەوەندی “نەخۆش”، بەرژەوەندی “ئاسایشی خۆیان”یان پاراست.
٤. پێشێلکردنی بنەمای سەربەخۆیی (Autonomy)
ئەم بنەمایە ڕێزگرتنە لە کەرامەتی مرۆڤ و مافی وەرگرتنی زانیاری ڕاست.
کاتێک نەخۆشخانەکان بە “بیانووی” نەبوونی ئامێر ڕەتی دەکەنەوە (لە کاتێک دا هۆکارە ڕاستەقینەکە سیاسییە)، ئەوان درۆیان لەگەڵ کەسوکاری نەخۆشەکە کردووە. ئەمە بێڕێزییە بە کەرامەتی بریندارەکە و بێبەشکردنیەتی لەوەی وەک مرۆڤێکی خاوەن ماف مامەڵەی لەگەڵ بکرێت.
………………………….
خوێندنەوەی پزیشکی بۆ ساتە کۆتاییەکان:
کاتێک دکتۆرەکە دەڵێت “زەرەبانی زۆر دابەزیوە” و نەخۆشەکە لەژێر ئامێری هەناسەداندایە، واتە نەخۆشەکە لە قۆناغی (Shock) یان فەشەلی ئەندامەکاندایە. لەم دۆخەدا هەر چرکەیەک بایەخێکی زۆری هەیە. دواکەوتنی دەیان خولەک لە نێوان گەڕان بەدوای نەخۆشخانەکاندا، دەبێتە هۆی ئەوەی مێشک و دڵ ئۆکسجینیان پێ نەگات و خانەکانیان بە خێرایی بمرن.
وەستانی دڵ (Cardiac Arrest): ئەوەی لە نەخۆشخانەی فارۆق ڕوویدا، دەرئەنجامی ئەو کاتە کوژراوە بوو کە لە بەردەم نەخۆشخانەکانی دیکە بەفیڕۆ چوو. ئەگەر لە یەکەم وێستگە دا ICU و تیمی فریاگوزاری وەریانبگرتایە، ئەگەری ڕزگاربوونی زۆر زیاتر دەبوو.
……………………………..
ئەگەر بیسەلمێنرێت غەزەڵ تەنها بەهۆی “ترس لە کۆماری ئیسلامی” وەرنەگیراوە، ئەمە دەچێتە خانەی “خیانەتی نیشتمانی”، جگە لەوەی تاوانێکی مرۆییە.
……………………………….
وتەیەک بۆ ویژدان
چەند پڕ بە ئێشە کە “ترس” یا “کەمتەرخەمی” یا “بێویجدانی” یا “کۆیلەتی و جاشایەتی” لە ناو دامەزراوە تەندروستییەکان دا هێندە جێگیر بێت، کە لە “سوێندی پزیشکی” و “خوێنی هاونیشتمانییەک” گەورەتر بێت. غەزەڵ تەنها بە هاژەکی دوژمن شەهید نەبوو، بەڵکو بە “ساردوسڕی و بێوەفایی” سیستەمێک شەهید بوو کە دەبوو پەناگەی بێت.
کۆچی دوایی غەزەڵ مەولان، پەڵەیەکی ڕەشی هەتاهەتاییە بە نێوچەوانی ئەو دەستە و تاقمانەی کە مرۆڤایەتی و کوردایەتییان کردە قوربانی بەرژەوەندی و کۆیلایەتی و ترسی سیاسی.
ڕۆحی شاد، و سەبووری بۆ هاوڕێیان و بنەماڵەکەی و هەموو کوردستان.

سەرچاوە: لاپەرەی فەیسبووکی د. ئالان فتووحی