حاكمانی “دارالسلام”، سه‌گه‌كانی “نوگره سه‌لمان”! قادر وریا
حاكمانی “دارالسلام”،
سه‌گه‌كانی “نوگره سه‌لمان”!
قادر وریا
چه‌ند رۆژێكه به‌ره‌ژانی نووسینێك له باره‌ی ئه‌نفال ، ئه‌و كامڵترین بیره‌وه‌رییه‌ی گه‌لی كورد له ژیان له عێراق و له بن سێبه‌ری ده‌سه‌ڵاتی رێژیمی به‌عسدا، ده‌مهێنێ و ده‌مبا. چه‌ند رۆژێكه بیرۆكه‌ی جۆراوجۆر له باره‌ی هه‌وێنی نووسینی ئه‌و یاده، له مێشكم دا ململانێیانه، به‌ڵام له سه‌ر هیچیان ساغ نابمه‌وه.
مرۆڤ، ئه‌گه‌ر له به‌زه‌یی و هه‌ست و سۆزی ئینسانی‌و، له ویژدان و ئه‌خلاق و شوعوورێكی ساغ نه‌سڕابێته‌وه، ته‌نیا ئه‌م دیمه‌نه‌ی به‌سه بۆ ئه‌وه‌ی ته‌مه‌نێك هه‌ست و نه‌ست و “شعور”و لاشعور”ی پێیه‌وه خه‌ریك بن، له‌گه‌ڵی‌دا بژین و به ده‌م تاڵی و ئێش و ئازاره قووڵه‌كانی بیستن و بینین و وێناكردنه‌وه‌ی ئه‌م دیمه‌نه‌وه جینگڵ بده‌ن:
“من خۆم سێ‌منداڵم مردن، دوو كوڕ و كچێك. كچه‌كه‌م . . . شه‌ونم، له ترس، تووشی په‌ركه‌م هات، شه‌ش ساڵی بوو، ئه‌بووراوه. هه‌ر داوای به‌فر(مەبەستی سەهۆڵە)ی ده‌كرد، به‌هاریش بوو، به‌فر ده‌ست نه‌ده‌كه‌وت. چوومه لای عه‌سكه‌ره‌كان. هیچ فایده‌ی نه‌بوو. جنێویان پێدام. هه‌ر له سه‌ره‌مه‌رگدا داوای خه‌یاری ده‌كرد. خه‌یاریش نه‌بوو، زانیم نامێنێ. مامی هێندێ جلوبه‌رگی بۆ ناردبوون. هێندێكیانم كرده خێر و هێندێكم له‌به‌ر منداڵه‌كانی خۆم كردبوو. پێلاَوێكی سه‌وزی تێدا بوو. كچه‌كه‌م گیانی نه‌ده‌دا . . . چاره‌م نه‌ما . . . پێڵاوه‌كه‌م دا ده‌ست، قه‌پی لێدا . . . مرد.
كه مردبوو قاچی چه‌مابوو، منیش هۆشم نه‌بوو. ئه‌وان ده‌هاتن و قه‌دیان ده‌گرت. قه‌بری چی . . . تۆزێك زه‌وییان هه‌ڵ ده‌دا و تێ‌یان داویشتن. هیچ نه‌بوو تێ‌یان پێچین . . . ئه‌گه‌ر كه‌سێك شتێكی خاوێنی هه‌با تێی ده‌پێچا . . . له ئه‌ژنۆڕا قه‌دیان گرتبوو، ئامۆژنی له‌گه‌ڵم هاته قه‌بران . . . كه چووینه قه‌بران، كچه‌كه‌م دوو بست زیاد بوو. زۆریان جنێو پێدام. وتم سه‌عات 10ی شه‌و مردوه، ئێستا 10ی به‌یانی‌یه. هۆشم نه‌بووه كه قاچی چاك بكه‌م. . . هه‌روا چه‌پاندیانه ناو قه‌بره‌كه . . . ماوه كچه گه‌وره‌كه‌م. جه‌حێڵ بوو. زۆر جوان بوو . . . بردیان . . . نه‌یانهێناوه . . . ناوی شارۆ بوو…” ( 1)
***
ده‌بێ له پرۆسه‌ی هه‌ڵقه‌ندنی ئه‌و 182 هه‌زار ژن و مناڵ و پیر و لاوه كورده له زێدی باب وباپیرانیاندا و، له ڕه‌وتی راپێچ كردنیان بۆ مۆڵگه و مه‌عه‌سكه‌ره‌كانی ئه‌رته‌شی سه‌ددام حوسێن و هێشتنه‌وه‌یان له قه‌ڵا سه‌ربازی‌یه‌كانی وه‌ك “نۆگره سه‌لمان” و زینده به‌چاڵ كردنیان له بیابانه ئه‌و سه‌ر نادیاره‌كانی ئه‌م وڵاتی مه‌رگ و خوێن و وه‌حشه‌ته‌دا، چه‌ند نموونه‌ی له چه‌شنی ئه‌و دیمه‌نه‌ی “نه‌بات فایه‌ق ڕه‌حمان” ده‌یگێڕێته‌وه، روویان دابێ؟ هه‌زار؟ ده‌هه‌زار؟ سه‌د هه‌زار؟ میلیۆن . . .؟!
چیرۆكی دابڕانی ئه‌و 182 هه‌زار مرۆڤه له ژینگه و نیشتمانی خۆیان، چیرۆكی له‌برسان و له تینووان مردنی هه‌زار هه‌زاری منداڵه مه‌عسوومه‌كانی گه‌رمیان، داستانی ترس و وه‌حشه‌ت و وێرانبوونی رۆحیی ئه‌و مرۆڤانه‌ی به چاوی خۆیان ڕه‌وانه‌كرانی مێرد و برا و كوڕه‌كانیان بۆ توونی مه‌رگیان بینی، به‌سه‌رهاتی ئاسایی بوونی ده‌ستدرێژی بۆ سه‌ر ئافره‌تی دیل و، بینینی گۆشت و ئێسكی جگه‌ر گۆشه‌كان له نێو ده‌می سه‌گه ڕه‌شه‌كانی “نوگره سه‌لمان”دا به میلیۆن دیمه‌ن له مه‌زڵومییه‌تی مرۆڤی كورد و، له دڕنده‌یی گورگه‌كانی په‌روه‌رده بوو له مه‌كته‌بی حاكمانی “دارالسلام” یان تێدایه، با هیچ كامێرایه‌كیش نه‌بووبێ وێنه‌ی ئه‌و دیمه‌نانه‌ی گرتبێ. گوێ له هه‌ر شاهیدعه‌یانێكی ئه‌نفال بگری، به ده‌یان دیمه‌نی له‌و چه‌شنه‌ت بۆ ده‌گێڕێته‌وه.
***
ده‌مه‌ویست جڵه‌وبه‌ده‌ستانی رێژیمی به‌عس به “سه‌گه‌كانی نوگره‌سه‌لمان” بچووێنم. به‌زه‌ییم به‌سه‌گه‌كاندا هاته‌وه. چونكه به پێچه‌وانه‌ی سیما ناسراوه‌كانی رێژیمی به‌عس (سه‌ددام، عه‌لی‌حه‌سه‌ن مه‌جید و . . . ) كه سه‌مبۆلی دڕنده‌یی، خوێنڕێژی و وێرانكارین، سه‌گ، له ئه‌ده‌بیات و کولتووری ئێمه‌ی كورد و نه‌ته‌وه‌كانی ده‌وروبه‌ردا، نموونه‌ی وه‌فا و ئه‌مه‌گناسی‌یه. له لایه‌كی دیكه‌وه، خۆ “سه‌گه‌كانی نوگره سه‌لمان” تاوانێكیان نه‌كردوه ئه‌گه‌ر له برسان، گۆشتی ئه‌و منداڵانه‌یان خواردوه كه سه‌ددام حوسێن و رێژیمه‌كه‌ی هۆكاری كوشتنیان‌و فڕێدانیانن.
له سه‌گه‌كانی نوگره سه‌لمان دڕنده‌تر و، ته‌نانه‌ت له گورگه‌كانی هه‌موو وڵاتێك وه‌حشیتر، زیندووخۆرتر، خوێنڕیژتر، حاكمانی به‌غدای دوێنێ بوون. ئه‌و حاكمانه‌ی ناوی “دارالسلام”یان له‌سه‌ر به‌غدایه‌ك دانابوو كه له سێبه‌ری حوكمڕانیی ئه‌واندا، ساتێك “سلام” (ئاشتی)ی به خۆوه نه‌دی و بێجگه له ئازار و ئه‌شكه‌نجه و ئیعدامی رۆڵه‌كانی نه‌ته‌وه و ئایینه جۆراوجۆره‌كانی عێراق و، راگوێزان و ماڵوێرانی و به كوشت چوونی به خۆڕایی له شه‌ڕه یه‌ك له دوای یه‌كه‌كان دا، هیچ بیره‌وه‌ری‌یه‌كی دیكه‌ی له “پاڵه‌وانی ئاشتی‌و سه‌ركه‌وتن”(2) نیه. ئه‌وه‌ی ئه‌وان ده‌یانكرد، له حكوومه‌ت كردن به‌ولاوه‌تر بوو… ئه‌گه‌ر له ده‌قه ئایینی‌یه‌كان دا ده‌خوێنینه‌وه كه “خواوه‌ند هه‌رچی مه‌یلی لـێ‌بێ ده‌بێ”و هه‌ر ئه‌وه‌نده به‌سه بڵێ: “ببه، ده‌بێ”، سه‌ددام‌و كوڕه‌كانی‌و عه‌لی حه‌سه مه‌جیدی ئامۆزاشی، له‌سه‌ر خاكی عێراق چیان پێ‌خۆش با‌و هه‌رچی‌یه‌كی ویستبایان، ده‌بوو جێ‌به‌جێ ببێ! ژیانی ئه‌فسانه‌یی سه‌ددام له نێو كۆشكه بێ‌ئه‌ژماره‌كانی‌دا، ره‌فتاری كوڕه‌كانی له‌گه‌ڵ سامانی وڵاتی عێراق‌و چۆنیه‌تیی جێبه‌جێكردنی حه‌ز‌و ئاره‌زووه جینسی‌و ماڵی‌یه‌كانیان، فه‌رمانه‌كانی عه‌لی حه‌سه‌ن مه‌جید كه ئه‌مری ده‌كرد گیانی 5 هه‌زار كه‌س له هه‌ڵه‌بجه به چه‌ند ده‌قیقه‌یه‌ك بستێنرێ خه‌ڵكی هه‌زاران گوندی كوردستان ئه‌نفال بكرێن، خۆ له‌جێی خودای خه‌ڵك دانان بوو، نه‌ك حكوومه‌ت كردن.
“ئه‌نفال”، برینێكی قووڵه له هه‌ناوی نه‌ته‌وه‌یه‌ك دا، زۆر له‌وه گه‌وره‌تره به یادكردنه‌وه‌یه‌كی ساڵانه وازی لێ بهێنرێ. خوێندنه‌وه‌ی ئه‌نفال و ره‌هه‌ند و شوێنه‌واره جۆراوجۆره‌كانی و، چۆنیه‌تیی كاركردن له لایه‌كه‌وه بۆ سڕینه‌وه‌ی شوێنه‌واره جۆراوجۆره‌كانی له رۆح و گیانی پاشماوه‌كانی ئه‌و كاره‌ساته و، له‌ولاشه‌وه بۆ زیندوو راگرتنی ئه‌و به‌ڵگه گه‌وره‌یه‌ی مه‌زلومییه‌تی كورد و دڕنده‌یی دوژمنانی له ویژدانی مرۆڤایه‌تیدا، هه‌نگاونان له ئاستی نه‌ته‌وه‌یی دا پێویسته.
(1) ژنێك له ئه‌نفال ده‌دوێ (كورتكراوه‌ی وتووێژێكی یه‌كسه‌عاته‌ی ڤیدیۆیی له‌لایه‌ن شه‌هلا ده‌باغی له‌گه‌ڵ به‌ڕێز نه‌بات فایه‌ق، یه‌كێك له به‌شدارانی كونفرانسی نێونه‌ته‌وه‌یی ژنانی كورد له ستۆكهۆڵم) ماڵپه‌ڕی دیمانه، 16/4/2005
(2 ) “بطل النصر والسلام” ناوێك كه سه‌ددام له‌سه‌ر خۆی دانابوو!
(لە مێژە نووسیومە و لە ژمارە ٤١١ی ڕۆژنامەی کوردستان دا بڵاو بووەتەوە)