پەیڤێک سەبارەت بە هاواری ” رەشەشەو و سەربازانی ون”

پەیڤێک سەبارەت بە هاواری ” رەشەشەو و سەربازانی ون”

نووسینی: سەید ئەحمەد حوسێنی
کتیبی “رەشەشەو و سەربازانی ون”ی ماموستا حسن شیوەسەڵی ماوەیەک پێش ئێستا چاپ و بڵاو بۆوە و لەناو شەپۆلەکانی خەبەری رۆژانەی شەری ئێستای ناوچە، بەوردی و بەکاوەخۆ خوێندمەوە.
کورد بەهۆی سروشتی ژیان و بواری کۆمەڵایەتی و بارودۆخی تایبەتی، نەیتوانیوە خاوەنی ئارشیو و مێژووی نوسراوی کامڵی خۆی بێت، بۆیە بۆ نووسینەوە و ساغکردنەوەی مێژووی ڕاستەقینە، پیویستە مێژووی زارەکی و گێرانەوەکان کۆبکرێنەوە، شەنوکەو بکرێن و ئاڵقە و گۆشەنیگاکان بەیەکەوە بلکێندرێن تا لەناو گریمانە و شیمانە و خوێندنەوەکاندا، بە دەرئەنجامێکی درووست و تێگەیشتنێکی باش لەسەر ڕابردوو و رووداوەکان بگەین.
بۆ ئەم مەبەستە کتێبیەکە سەرچاوەیەکی باش و پڕ لەزانیارییە بۆ دارشتن و رزگارکردنی سەربردەی قۆناغەکانی خەباتی رزگاریخوازی نەتەوەکەمان لە فەوتان و فەرامۆشی.
ماموستا شیوەسەڵی لەو کتێبەدا، رووداو و ژیانی پێشمەرگە لە ناو جوڵانەوەیەکی شۆرشگێرانەدا، دەگێرێتەوە. ئەو گێرانەوەش هەڵقوڵاوی وردبینی، زەین و بیری تیژ و لەسەنگەردابوونی چالاکانەی خاوەنەکەیەتی کە پاش دەیان ساڵ چرکەساتەکانی ژیانی پێشمەرگایەتی کردوونە پەرتووکێک و وستایانە خستوونیە بەر دیدی خوێنەر. ئەم کتیبە دەنگێکی جیاوازە، پڕە لە تابڵوی جوانی وەسف و شرۆڤە، پڕە لە فکر و هەڵوێست و بریاری بویرانە کە بە زمانێکی پاراو و پەتی، ژینگە و کات و شوێنی رووداوەکانی پێ‌دەنەخشێنێت. جگە لەوەش لایەنی ئەدەبی و شیکارانە و تەنانەت کۆمەل و دەروونناسانەی کتێبەکە توانیویە دیمەنەکان، هێرش و پاشەکشە و لێکڕاکێشانەکان، وەک فیلم پیشان بدات.
کتێبەکە خوێنەر ڕادەکێشێ تا لە حەقیقەتی خەبات و تێکۆشانی پێشمەرگانە نزیک بێتەوە و بەبەشێکی بچووکی مێژووی پڕ کارەساتی بزووتنەوەی بەرگریی نیوسەدەی رابردوومان ئاشنا بێت.
لەم کتێبەدا، ترس و خۆف، تەزووی سارد و برسیەتی، هاوکاریی و فیداکاری، دۆست و دوژمن، قەڵاچۆ و کۆمەلکوژی گوندەکانی کوردستان دێنێتە سەر رێی خوێنەر و بەشێک لە ژینگەی کۆمەڵگایەک نیشان دەدرێت کە ئیمکان و هێزی مرۆڤی و مادیی لەوپەری کەمی دایە بەڵام دەستەیەک پێشمەرگە و فەرماندەیەکی بەئەزموون و لێزان شاربەشار، ناوچە بە ناوچە دەڕۆن و بانگی بەرگری و ئازادی دەلێن و تۆوی باوەر و کوردبوون و ڕابوون دەچێنن.
ئەم کتیبە وشە و رستە و زمان و جوغرافیا لە چوارچێوەی گێرانەوەی سەفەرەکانی سیاسی- نیزامی پێشمەرگانە و ئەرک و چالاکی پارتیزانیدا دەخاتە خزمەت رۆژمێری مێژووی قۆناغێکی سەختی نەتەوەیەک کە لەبێدەنگی جیهان و بایکۆتی سامناکی دوژمندا کەوتۆتە بەر پەلامار و سەرکوت دەکرێت.
گێرانەوەکە داهێنەرانە و لێزانانە رەهەندەکانی جیاوازی دوانەی ” مەرگ و ژیان، کۆیلەبوون و ئازادی، ڕابوون و ملکەچ بوون” دەخاتە روو و گێڕەڕەوە وەک هونەرمەند، کۆمەڵناس، بیرتیژ و پێشمەرگەیەکی فەرماندە توانیویە رووداوەکان تەفسیر و شرۆڤە دەکات.
ئەم کتێبە ڕامانە، ڕۆمانە، تابڵۆیەکی هەمەرەنگی کۆمەڵگایە، دەقێکی ئەدەبیە، شانۆیەکی ناخ‌هەژێنی ژیانی نەتەوەیەکە، شەرحی حالی سەربازانی ونی پێشمەرگەیە لە رەشە شەوێکی ئەنگوستەچاودا، کەشکۆلی پڕ زریان و شەختەی ناو تونێلی کەمین و رەشەبای ژێر ڕێژنەی گوللە و تۆپبارانی خەستی دوژمنە.
ئەم کتێبە بڕگەیەکی بچووکی ئازاری کوردبوونە.
ماموستا لەو گێرانەوەدا، بە ناخی کاریگەری رووداوەکان بەسەر مرۆڤ و سروشتدا ڕۆدەچێت و دە بێبەزیی و دڵڕەقی دوژمن و ئاستەنگەکانی سەر ڕێگای خەبات، رادەمێنێ بۆێە لە پاڕاگرافێکی کتێبەکەیدا داوا دەکات:
” وەرە رێنوێنیم کە تا لەوە تێبگەم، روحە شەمزاوەکەی چ شیوەنێک دەگێرێ و چۆن ئاخرین هەناسەکانی ژیانی، لە گێژاوی لێقەومان و بێ‌ئاسۆیی و بێ‌پەناییدا دەخنکێن؟! پێم بلێ گریان چۆن دەخنکێ و دەمرێ؟ چۆن گەرووی چاوان بە هێشوو، فرمێسکەکان دەجوون و قووتیان دەدەنەوە؟ چۆن مردن ژیان دەتوێنێتەوە؟”
کتێبی رەشەشەو سەربازانی ون وەخوێنە، تا بە بەشێکی بچووکی ئەو حەقیقەتە بگەی کە؛ بە رەخت و تفەنگ و پۆزەوانەی پێشمەرگانەوە، لە رەشەشەوێکی پڕ لە شڵێوە و بارانی پایزدا خوسابی، برسیەتی تەنگی پێهەڵچنیبی و بەناو قوڕ و رژد و هەڵدێر و گەرووی هەژدیهای کەمینی تەیاری دوژمندا تێپەرین، یانی چی!
تۆ دەبێ دەوچرکەساتەدا ژیابی کە تێدا، نیوانی مەرگ و ژیان، تاڵەموویەکە بەلام بوێرانە و داهێنەرانە پشت بەخۆ دەبەستی و بریار دەدەی لە ” قەڵاتی هەمزەی” تەنگەی گرژاڵ، دەگژ ستوونێکی پۆشتە و پەرداخ و لەخۆبایی ڕابچیەوە و سینگت بە سینگی تانگەوە نێی و گوللە ئارپیجییەکەت چرووک کات و تۆ نەسڵەمییەوە و دواجار زەبری خۆت بوەشێنی. زەبرێکی وەها کە ” لێکڕاکێشانەکە” لە کەشێکی شەشدانگ ناهومێدیدا، ببێتە چەخماخەی هەڵگیرسانەوەی بەرگری و بەگژداچوونەوەی دوژمن و گەشانەوەی هیوا و دووبارە خۆرێکخستنەوە.
تۆ دەبێ لە مەیدانی شەردا پێشمەرگە یان پشتیوانی پێشمەرگە بووبی تا مانای ئەسپ وەستان، دەورگیران، هاوسەنگەر شەهیدبوون، ڕاگواستنی هاورێی بریندار، برسیەتی، ئاوی قوراوی گۆمیلکەی باران خواردنەوە، بەتەواوی هەست پێبکەی!
هوشیاری سیاسی و کامڵبوونی هەستی شوناسخوازی ئێمرۆ بەرهەمی ئەو زنجیرە تێکۆشانانەیە کە بەشێکیان لە کتێبی ماموستادا هاتوون.
دەستیان خۆش بێت و ئومێددەکەم لە بەرگەکانی داهاتوودا ئەو گێرانەوانە زۆرتر بپرژێنە سەر هۆکار و فاکتەرەکانی ناوخۆیی رووداو و دیاردەکان و دەرئەنجام و لێکەوتەکانی، تا مێژووی ئەم قۆناغە کە بە دڵنیایەوە بەوردەکارییەکانەوە لە حافزەی تیژ و بەتوانای ماموستا شیوەسەڵیدا تۆمارکراون، تووشی فەرامۆشی و لەیادچوون و تێداچوون نەبن.