مشتێک لە خۆڵەمێشی بیرەوەری؛ بۆ حاتەمی هاوڕێ
مشتێک لە خۆڵەمێشی بیرەوەری؛ بۆ حاتەمی هاوڕێ
مەجید حەقی
ماڵمان لەگەڵ بنەماڵەی شەهید «حاتەم جەهانگیری» تەنیشت یەک بوو؛ ئەوکاتانەی هێشتا دنیا بە چاوی مناڵییەوە زۆر ڕوون و بێگەرد دەهاتە بەرچاو. یەکەم ئاشناییمان دەگەڕێتەوە بۆ سەردەمی قوتابخانە. حاتەم پێنج ساڵ لە من گەورەتر بوو؛ کاتێک من لە پۆلی دووی سەرەتایی، بە هەنگاوی کورت و سەرگێژەی مناڵییەوە دەچووم بۆ قوتابخانە، ئەو لە پۆلی چوارەم، بە باڵایەکی بەرزتر و ڕوحییەتی قارەمانانەوە دەهات.
بیرمە ڕۆژێک بەهۆی کێشەیەکی مناڵانە، کەوتینە بەر دەستی فەردین ناوی تورکزمانێک؛ شەڕەکە تەشەنەی سەند و براکەی بە ناوی پەرویز هات و لێی دام. حاتەم، ئەو شەپۆلە گەرمەی هاوکاری و بەرگری، لەگەڵ براکانی وەک پۆڵا هاتن و بەرگرییان لێ کردم. هەر ئەوکات بوو بڵێسەی شەڕێکی گەورەی نێوان منداڵانی کورد و تورک بەرز بووەوە، شەڕێک کە ئەوکات بە چاوی مناڵییەوە وەک تۆڵەسەندنەوەیەک لە زوڵم دەهاتە بەرچاو.
ساڵی ١٣٦٤ی هەتاوی بوو، پۆلی دووی دواناوەندی بووم. لە «بووتیکە شینەکە» لەگەڵ حاتەم دانیشتبووین و گەرمی گفتوگۆمان بوو. کاک ڕۆستەمی برای، ئەوکات کادری شارستانی ورمێ و بەرپرسی تەشکیلاتی ئێمە بوو. دڵم پڕ بوو لە ویستی خەبات، بۆیە ڕووم کردە حاتەم و گوتم: «وەرە با پێکەوە ببین بە ئەندامی حیزب». ئەو بێ سێ و دوو، بەو گیانە پڕ لە متمانەیەی هەیبوو، قبووڵی کرد. لەو ڕۆژەوە بووین بە هاوڕێی شەوگەڕی بەندەکان؛ شەوانە لە تاریکایی و بێدەنگیی شاردا، بە دەستێکی لەرزۆک بەڵام بە دڵێکی پڕ لە ئومێد، دروشممان لەسەر دیوارەکان دەنووسی.
خەرمانانی ١٣٦٦ گەردەلوول هەستا. بەشێک لە هاوڕێکانمان گیران، زنجیرەکە درێژ بووەوە و ڕۆژی سێی ڕەزبەر، سێ کچی دیکەش لەو هەڵمەتەدا کەوتنە دەست زیندان. حاتەم و هاوڕێیەکی دیکەی ناچار بوون پەنا بەرنە بەر خۆشاردنەوە.
ڕۆژی ٩ی ڕەزبەر، کاتژمێر ١١ی پێش نیوەڕۆ، لە ناو پۆلی قوتابخانەی «تاڵقانی» و لە کاتی دەرسی شیمی دا بووین، دوو کەس هاتن و بانگیان کردم. پێیان گوتم: «هاوڕێکانت لە زیندان دانیان بە هەموو شتێکدا ناوە، ئەگەر بتگرین هەمووتان لە سێدارە دەدرێن. نیو کاتژمێر مۆڵەتت هەیە، خۆت ڕزگار بکە». چاوێک بە کتێبەکانمدا گێڕا، وەک ئەوەی ماڵئاوایی لە تەمەنی مناڵیم بکەم، ئەوانم لەسەر میزەکە بە جێ هێشت و بە بێدەنگی بەرەو قووڵایی مەرگەوەڕ هەڵاتم و و لەوێ وە بەرەو شاخەکان بووم بە پێشمەرگە.
ساڵان بەدوای یەکدا تێپەڕین و من لە حاتەم بێ خەبەر بووم. هەر کەسێکم دەبینی، پرسیارم دەکرد، بەڵام بێدەنگی وەڵامیان دەدامەوە. تا ئەوەی پێنج ساڵ دوای شەهیدبوونی، هەواڵی تاڵم پێ گەیشت؛ حاتەم لە سێدارە درابوو. گوێم لێ بوو کە کاتی گیرانی، تەنیا دوو مانگ بوو ژیانی هاوبەشی پێکهێنابوو؛ ئەو بووکەڵەی ژیانەی هێشتا بۆنی گوڵاڵەی لێ نەهاتبوو، تێک شکا.
حاتەم تەنیا مرۆڤێک نەبوو، ئەو کانگای سۆز و عاتیفە بوو. هاوڕێیەکی فیداکار بوو کە ئامادە بوو لە پێناو دۆستایەتیدا، تەنانەت ئەگەر هاوڕێکەی لەخۆی منداڵتر و بچووکتر بێت، گیانی خۆی فیدا بکات. ئێستاش، کاتێک شەقامەکانی ژیان بە تەنیا دەبڕم، دەڵێم خۆزگە چارەنووس بەو ئاراستەیەدا نەچووبایە، یان خۆزگە… خۆزگە جێگەی ئێمە گۆڕدرابایە.
بۆ یادی کاک حاتەم جەهانگیری و هەموو شەهیدانی دۆزی کورد و کوردستان:
«دایە گیان! ئیتر لێرە بەدوامدا مەگەڕێ؛ لە بەردەرگای ئەم ژیانە چاوەڕوانیی من مەکێشە، من ناگەڕێمەوە. سەیری ئاسمان بکە، ئەستێرەکانت تێک شکاون و چاوەڕێی هاتنی من نین.
دایە، ئەوە چەند ڕۆژێکە ڕیشم تاشین نەخواردووە، چاوەکانم لە کزیدا ون بوون و پەنجەکانم بە لەرزەی مەرگەوە دەکەنەوە. چەند سەیرە ئەم مەرگە! خۆزگە ئەو گیانبەختکردنەی من، دەسپێکی ژیانێکی دیکە بووایە لە ئامێزی نیشتماندا.
بیرت دێت؟ کاتێک لە تەمەنی منداڵیدا، لە نێو بۆستانانی پڕ لە گوڵاڵەدا بە پێکەنینمان دەگەشاینەوە؟ ئێمە هیوا و ئاواتی تۆ بووین، ئێمە دەنگ و ڕەنگی نیشتمان و خەونی سەرهەڵدانی تۆ بووین.
دایە گیان! بۆ ئەوەی دڵت ئارام بگرێت و تەم و مژی خەم لە سەر دڵت هەڵبێت، چاو لەو ڕێبوارانە بکە کە لە پێناو ئەم خاکەدا بوون بە چرا؛ یادی پێشەوای نەمر بکەرەوە، یادی عەلی پیرەژن، سەروان حاتەم و هەزاران گوڵەسووری خوێنین کە لە باخچەی نیشتماندا هەڵوەریون. بیر لە مرۆڤایەتی بکەرەوە و با دڵت لە ئاست ئەو هەموو قوربانییە بێدەنگ بێت.
بەڵکوو لەو دڵتەنگییەوە، پەپوولەی بەختەوەریت باڵ بگرێت و لە گوڵ بە گوڵی ئەم نیشتمانەدا بفڕێت و سڵاوی ئاواتەکانی منی بۆ بگەیەنێت.
ئاخ دایە! چەندم حەز دەکرد لە بەیانیی جەژنێکی داهاتوودا، دەستە گوڵێک لە ڕێزی ئاڵای شەکاوەی کوردستان بگرم و بهێنمە سەر مەزارت و پێشکەشت بکەم… بەڵام ئێستا، تەنیا باڵی بەختەوەریی نیشتمان دەتوانێت ئەو سڵاوەم بۆ بگەیەنێت.»
مەجید حەقی
دەی خاکەلێوەی ٢٧٢٦