خەباتی سیاسی بۆ گەلی کورد و بەرپرسیارێتیی ئەخلاقی

خەباتی سیاسی بۆ گەلی کورد و بەرپرسیارێتیی ئەخلاقی
“بەبۆنەی دەی خاکەلێوەوە”
نووسینی: ئازاد مستۆفی
ڕۆژی شەهیدانی کوردستان ١٠ی خاکەلێوە تەنیا بۆنەیەکی مێژوویی نییە، پێوەرێکی ئەخلاقی و سیاسیشە. ڕۆژێکە ئەوەمان وەبیردەخاتەوە کە خەبات بۆ ڕزگاری گەلی کورد ئەگەر خاڵی بێت لە پرەنسیپی ئەخلاقی، لە کەرەستەیەکی دەسەڵات و قازانجخواز و کاڵایەکی هەرزان لە بازاڕی فێڵبازانەی سیاسەتدا کورت دەبێتەوە. لەم ڕۆژەدا ناوی شەهید پێشەوا قازی محەمەد نەک هەر وەک سەرکۆماری کوردستان و سکرتێری گشتیی حزبی دیموکراتی کوردستان بەڵکو وەک سیمبولی پاکی و بەرپرسیارێتی و دڵسۆزی بۆ ئامانجی گشتیی بەرز دەکرێتەوە.
لای پێشەوا قازی محەممەد سیاسەت خەبات بوو بۆ ڕزگاریی نەتەوەیەک لە هەموو ڕەهەندەکانیەوە و درکی ئەو لە خەبات پابەندبوونێکی ئەخلاقی بوو بۆیە هەرچەند یەکێتیی سۆڤیەت داوای لێکرد مهاباد بەجێ بهێڵێ ئەو مایەوە و گیانی خۆی فیدای ماننەوەی نەتەوەی کرد. پابەندبوونێک کە تێیدا بەرژەوەندی گشتیی نەتەوەی کورد پێش بەرژەوەندی تاکەکەسی بوو ئەگینا سەردەمێ پێشەوا، موفتی و قازی و خاوەن موڵک و ماڵ بوو لە مهاباد کە زۆربەی خەڵک خەونیان بەو سەروەت و سامانە ماددی و مەعنەوەییەوە دەخواست. پێشەوا سەرکردایەتی بزووتنەوەی کوردی لە دۆخێکدا گرتە ئەستۆ کە ئەو بزووتنەوەیە نە سەرچاوەی ئابووری بەرفراوانی هەبوو و نە پشتیوانی زلهێزەکانیشی لەگەڵدا بوو بەڵام ئەوەی شەرعیەتی بە کۆماری کوردستانی دا، ئەو سەرمایە بوو کە لە ئەدەبیاتی کۆمەڵناسیی سیاسیدا وەک سەرمایەی ئەخلاقیی ڕێبەرێک ئاماژەی پێ دەکرێت. سەرمایەیەک کە لە ڕاستگۆیی و شەفافیەت و بەرپرسیارێتیەوە سەرچاوە دەگرێت.
ئەمڕۆ لە دۆخێکدا کە خەباتی سیاسی لە ڕابردوو ئاڵۆزتر بووە، یەکێک لە مەترسییە جدییەکان بۆ لایەنە سیاسییەکان نەک تەنیا فشاری دەرەکی بەڵکو وەرینی نێوخۆیی بەهاکانە. کاتێک گەندەڵی ئیداری، ئەخلاقی، سیاسی یان ئابووری لە هەر ڕێکخراوێکی سیاسیدا بەدی دەکرێت و کەسانی ئاگەدار، سەرەڕای زانینی ئەو حاڵەتانە، بێدەنگ دەبن؛ لە ڕاستیدا جۆرێک لە هاوبەشی ناڕاستەوخۆ لەگەڵ گەندەڵی دەکەن و ناتوانن ناوی خۆیان بنێن درێژەدەری ڕێگەی پێشەوا بەڵکو ئەوانە کەسانێک لە کۆمەڵگەی خۆیان وەدەر نراون و بەهیوان بەچوونە ژێر ناوی ئەندامی حزبەکەی پێشەوا، خواستە ماددییەکانیان وەدی بێنن.
لە تیۆرییە مۆدێرنەکانی دیموکراسیدا، حزبە سیاسییەکان، وەک دامەزراوەی نێوەندگیری نێوان کۆمەڵگە و دەسەڵات، ڕۆڵێکی بنەڕەتی لە پێکهاتنی کولتووری سیاسیدا دەگێڕن. ئەگەر لەناو ئەو دامەزراوانەدا شەفافییەت و لێپرسینەوە و چاودێری نێوخۆیی لاواز بێت، نەک تەنها شەرعییەتی حزب زیانی پێدەگات بەڵکو متمانەی گشتیش کەم دەبێتەوە. متمانەی گشتیی گرنگترین سەرمایەی هەر بزووتنەوەیەکی ڕزگاریخوازانەیە، سەرمایەیەک کە بەئاسانی لەدەست دەچێت و گەڕاندنەوەی قورسە و کاتی زۆری دەوێت.
بێدەنگی لە بەرامبەر گەندەڵیدا تەنیا هەڵبژاردنێکی تاکەکەسی نییە. هەڵبژاردنێکی سیاسییە کە دەرئەنجامی بە کۆمەڵی هەیە. ئەوانەی بەهۆی ڕەچاوکردنی کەسی، بەرژەوەندیی ئابووریی، پێگەی ڕێکخراوەیی یان پەیوەندییە کەسییەکان، ڕەتی دەکەنەوە ڕاستییەکان بڵێن؛ لە ڕاستیدا لە نێوان ئامانج و بەرژەوەندی ماددی بێگومان دووەمەکەیان هەڵبژاردووە.
کێشەی بنەڕەتی ئەوەیە کە لایەنە سیاسییەکان ناتوانن لە یەک کاتدا بانگەشەی خەبات بۆ ئازادی و دادپەروەری بکەن و لە هەمان کاتدا بێباکانە لە نادادپەروەریی نێوخۆییدا بمێننەوە. ئەم دژایەتییە وردە وردە دەبێتە هۆی بێمتمانەیی بە نەوەی گەنج و شەرعیەتی گوتاری سیاسی ئەو حزب و لایەن و ڕەوتەش تێک دەدات. دڵسۆزیی بۆ میراتی پێشەوا قازی محەمەد تەنها یادکردنەوەیەکی ڕەمزیی نییە بەڵکو پابەندبوونی پراکتیکی بەو بنەمایانەیە کە نوێنەرایەتی دەکرد وەکو سەروەریدانی بەرژەوەندیی بەکۆمەڵ بەسەر بەرژەوەندیی تاکەکەسیدا، بەرپرسیارێتی بەرامبەر کۆمەڵگەی ژێردەستەی کوردستان و بوێری لە وتنی ڕاستیەکان بەرامبەر هەرجۆرە ستەمێک و هەروەها هەڵوێستوەرگرتن بەرامبەر خراپ بەکارهێنانی دەسەڵات و داکۆکی کردن لە کەرامەتی خەباتی سیاسی.
لە ئەدەبیاتی زانستی سیاسیدا یەکێک لە نیشانەکانی پێگەیشتنی دامەزراوە دیموکراسیەکان توانای ڕەخنەی نێوخۆییە. ڕێکخراوێک کە ئەگەری ڕەخنەی نێوخۆیی سنووردار کرد، وردە وردە لە چاکسازیی دوور دەکەوێتەوە و لە بەرهەمهێنانی پێکهاتەی ناوەڵامدەر و سەرەڕۆ نێزیک دەبێتەوە.
مێژوو دەریخستووە کە لاوازیی زۆرێک لە بزووتنەوە سیاسییەکان نەک بەهۆی فشاری دوژمنان بەڵکو بەهۆی بێتوانایی لە بەڕێوەبردنی ململانێ نێوخۆییەکان و ڕووبەڕووبوونەوەی هەمووجۆرەکانی گەندەڵی بووە. گەندەڵی تەنیا سەرپێچییەکی تاکەکەسی نییە، دیاردەیەکی ستراکتورییە کە ئەگەر لە کاتی خۆیدا سنووردار نەکرێت، دەتوانێت لە نێوەوە بۆشایی بۆ ئامانجەکانی بزووتنەوەیەک بێنێتەئاراوە. پرسیاری بنەڕەتی ئەوەیە: ئایا مرۆڤ دەتوانێت خۆی بە درێژەدەری پێشەوا بزانێت بەڵام لە بەرامبەر لادان لە بنەماکان بێدەنگ بێت؟ وەڵامەکە، لە ڕوانگەی ئەخلاقی سیاسی و پابەندبوون بە ئازادی و دیموکراسی بۆ گەلی کورد، بێگومان تەواو نەرێنی-یە. دڵسۆزی بۆ پرەنسیپێکی خەبات واتە پاراستنی ڕۆحی ئەو پرەنسیپانەیە نەک تەنها دووبارەکردنەوەی ناو و هێماکان. ئەگەر ئەمڕۆ پێشەوا قازی محەمەد لە نێو ئێمەدا بوایە بێگومان چاوەڕێی ئەوەی دەکرد کە پرەنسیپەکانی خەبات لە نێو تەنانەت دژی نەیارانیش ڕەچاو بکرێن. خەباتی سیاسی بۆ گەلی کورد کاتێک مانادار دەبێت کە بەرپرسیارێتی ئەخلاقی لەگەڵدا بێت. بەبێ ڕەچاوکردنی ئەخلاقی شۆڕشگێڕانە، خەباتی ڕزگاریخوازی واتە کێبڕکێیەک بۆ وەدەسخستنی دەسەڵاتی تاکڕەوانە.
لە ڕۆژی شەهیدانی کوردستاندا گرنگە لەبیرمان بێت کە گەورەترین ڕێزلێنان بۆ پێشەوا درێژەدان بە ڕێبازیی بەرگریکردن لە خواستی نەتەوەیی، هەقیقەت، دادپەروەری و سەربەخۆیی لە بڕیاردانە. بێگومان بۆ درێژەدەرانی ئەم ڕێبازە گرنگە پێداگر بن لەوەی کە بێدەنگی لە بەرامبەر گەندەڵیدا بێلایەنی نییە بەڵکو دوورکەوتنەوەیە لەو ئامانجە بەرزەی کە باجێکی قورسی بۆ دراوە و خیانەتکردنە لە خوێنی شەهیدانی کوردستان و خەباتی زیندانیانی سیاسی و چەرمەسەریی ئاوارەکان.
ئەگەر ئامانج بنیاتنانی ئایندەیەکی دیموکراسی بێت، دەبێت ئەم ئایندەیە لە چوارچێوەی دامەزراوە سیاسییەکان دەست پێبکات. دڵسۆزی ڕاستەقینە بۆ ڕێبازیی پێشەوا بە واتای قبوڵکردنی بەرپرسیارێتی چاکسازییە؛ تەنانەت کاتێک ئەم چاکسازییە سەخت و تێچووی زۆری دەوێت و بێگومان شەرعییەتی هەر خەباتێک لە سەرووی هەمووشیانەوە، لە ڕاستگۆیی شۆڕشگێڕانی ئەو خەباتەوە سەرچاوە دەگرێت.