کۆچی دوایی کاک کەریم قادری ناسراو بە کەریم قەساب ئەندامی لە مێژنەی حیزبی دێموکرات
کۆچی دوایی کاک کەریم قادری ناسراو بە کەریم قەساب ئەندامی لە مێژنەی حیزبی دێموکرات
بەداخ و پەژارەوە ئاگادار کراینەوە کە کاک کەریم قادری ناسراو بە کەریم قەساب ڕێکەوتی ١٠ ـ ٠٣ـ ٢٠٢٦ لە بەرەبەری بەهاری ئازادی دا لە شاری سەردەشت کۆچی دوایی کرد.
کاک کەریم قادری وەک پیشەی کاری، کاسبکارێکی خاوەن ویژدان و مرۆڤێکی تەژی لە سەخاوەت و پیاوەتی بوو، ئەوەی کاک کەریمی لە بەشێک لە خەڵک و هاوپیشەکانی جیا کردبۆوە ئەندام بوونی لە حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران دا بوو، ڕێزدار کاک کەریم لە سەرەتای دەیەی شەستی هەتاوی دا وەک ئەندامی حیزب لە شانە تەشکیلاتییەکانی نێو شاری سەردەشت دا دەستی بە کار کرد و تا کاتی ماڵئاوایی لە ژیان زۆر سەربەرزانە و بوێرانە خزمەتی بە گەل و نیشتمان کرد.
کاک کەریم کەسێکی قاڵبوو لە کاری نەهێنی و تەشکیلاتی دابوو، بەردەوام لەگەڵ کادرەکانی حیزب و چەند هاوڕێی دیکە تەشکیلاتی لە پەیوەندی دا بوو، مرۆڤێکی چاونەترس و بوێر و لەخۆبردوو بوو، لە هەموو قۆناخە ئەستەمەکان لە تەنیشت حیزب کاری دەکرد، بە هۆی هەڵسووڕانی بێ وچانی، لە لایەن حکوومەتی ئاخوندییەوە گیرا و لە زیندان دا ئەشکەنجە و ئازار درا، بەڵام گیرانی نەبوو بە هۆکاری پەسیوو بوون و دوور کەوتنەوە لە کار و ئەرکی تەشکیلاتی و بەڵکوو دوای ئازاد بوونی زۆر زیاتر و شێلگیترلە پێشوو، هاوکاری نزیکی کادرەکانی حیزبی دەکرد و بە تایبەت لە کاتی هاتوچۆی کادرەکان بۆ نێو شاری سەردەشت چاوساخ و ڕێنیشاندەری تیمی تەشکیلاتی بوو.
بەداخەوە کاک کەریم کۆچی دوایی کرد و ڕووخانی ئەو ڕژێمە نەگریسە کە ئێستا بۆتە مۆتەکەی جیهانی و لە سەر لێواری ڕووخانە بە چاوی خۆی نەدی، بەڵام لەوە دڵنیایین کە لە بەهاری ئازادی دا لەگەڵ هەموو تێکۆشەرانی کورد لە لایەن دڵسۆزانی بزووتنەوەی ڕزگاریخوازی کورد ناو و یادی بەرز رادەگیرێ.
بە بۆنەی کۆچی دوایی کاک کەریم، هاوڕێ و هاوخەباتیم و ئەندامی حیزبی دێموکرات لە ناخی دڵەوە سەرەخۆشی لە ئەندامانی بنەماڵەی بەرێزیان لە نێوخۆی کوردستان و دەرەوەی وڵات دەکەین و خۆمان بە شەریکی خەمی لە دەستدانی ئەو کۆستە گەوررەیە دەزانین، هیوادارین کە کەس و کاری و ئەندامانی بنەماڵەی ساخ و سەلامەت بن.
یاد و ناوی لە دڵان دا هەردەم زیندوو بێ.
ڕووحی شاد
حەمەڕەسووڵ کەریمی
ماڵپەڕی گیاڕەنگ
١٠ ـ ٠٣ ـ ٢٠٢٦ی زائینی