هیممەتێک و بوێرییەک پێویستە. حەمەڕەسووڵ کەریمی
هیممەتێک و بوێرییەک پێویستە.
ساڵانێکی زۆرە ڕژێمی پەت و سێدارەی ئێران ، حیزبەکانی ڕۆژهەڵات بە دار دەستی ئیسرائیل ، ئەمریکا ، عەرەبستانی سعوودی ، عێراق و تەنانەت ڕۆژئاواش دەناسێنێ و ئێرانی ئاخوندی و پەهلەوی بە دونیای دەرەوە و هەروەها نێوخۆیان دەڵێن، ئەوانە جیایی خوازن، کاربەدەستانی ئێران بە گووتنی ئەو قسانە توانیوویانە بەشێک لە داردەستەکانی خۆیان و هەروەها بەرەی مقاومە و هەندێک ساویلکەش هەڵخەڵەتێنێ.
ساڵانێکە وەک حیزبەکانی ڕۆژهەڵات سوێند و قورئان دەخۆیین دەڵێین نە تەجزیە تەلەبین و نە پیاوی بێگانە، هەتا ئێرە و ئێستاش هەر سوورین کە جیاوازیخواز و سەر بە هیچ شوێنێک نین (هەرواش بووە).
بەڵام با بۆ یەکەم جاریش بێ ، لە ئێستاوە ئەو قەوانە کۆنە با بگۆڕین و بە دونیا بڵێین، کێ یارمەتیدەری ڕزگاری کورد لە ڕۆژهەڵات دەبێ ، پێشوازی لێدەکەین، بە بێ ئەوە سەربەخۆیی فیکری خۆشمان لە دەست بدەین، دەتوانین گەلێک کاری گەورە بکەین.
ساڵانێکە بە هەموو زمانێک هەر هاوار دەکەین کە ئێمە بێ پشتیوانین، ئەوە ئێستا پشتیوانێکی بەهێزیش پەیدا بووە و پێم وایە بەسە، هیممەت و بوێری نیشان بدەین و جارجار تووند وەڵامی هەندێک فاشیستی ناوەندگەرا بدەینەوە.
گەلی کورد بە گشتی و لە ڕۆژهەڵات بە تایبەتی قوربانی زۆری داوە، تێچووی وا گەورەمان داوە کە بە سەد ساڵی دیکەش بۆمان قەرەبوو ناکرێتەوە، با ئێمەش وەک زۆر دەوڵەتی دیکە کە ئێستا دەوڵەتن و بە پشتیوانی ئامریکا و هاوپەیمانەکانی دەوڵەتداری دەکەن ، ئێمەش با بیکەین، دواتر وەک هەرێمی کوردستان ، ئەفغانستان ، سووریە ، لیبی و چەندین وڵاتی دیکە بۆ خۆمان حکوومەتێکی نێوەش بێ هەر بەڕێوەی بەرین.
گەلی ڕۆژهەڵات ئامادەی ئامادەن، واش ئامادەن کە پێشتر لە شۆڕشی ژینا و شۆڕشی مانگی بەفرانبای ئەمساڵ دا هێندە بوێرانە لە مەیدان دابوون کە شانازییەکەی بۆ هەموو کورد ماوەتەوە و تەنانەت گەلانی دیکەی ئێرانیش ئەو شانازیانە دەبینن و ناتوانن حاشای لێبکەن و دونیای دەرەوەش بوێری کورد و شارستانییەت و مرۆڤدۆستی و ئاشتیخوازی کوردیان بە تەواوی بۆ ڕوون بۆتەوە.
بەخۆشیەوە لەوەش دڵنیام کە بەشێکی بەرچاو لە کوردانی دڵسۆزی باشووری کوردستانیش ئامادەی گەلێک هاوکای گەورەن. ئەوانیش وەک ئێمە بە پەرۆشی ئازادی خەڵکی ڕۆژهەڵات و ئەو دەڤەرەن، ئەوان دەزانن کە ئێمە ڕزگار ببین پشتیوانێکی بەهێزی ئەو هەرێمەش دەبین.
کۆتا قسە ئەوەیە سەری مارەکە خامەنەیی دەجاڵ و کاربەدەستان و جەلادانی ئێران وا پان کراوەتەوە جیا لە هاش و هوش و فشەفش و خۆ هەڵنانەوە نەبێ، هیچی دیکەیان پێ نەماوە، ئەوەش دوایین پەلەقاژەی دەسەڵاتداری ڕەشی ئەو حکوومەتە نگریسەیە.
هەر سازانێکی ئامریکا و ئیسرائیل لە گەڵ ئێران جێگەی مەترسییە بۆ داهاتووی ئێران و بە تایبەت گەلی کورد، هەستان و راپەرین و جووڵان گەورەترین دەسکەوتی مێژوویی بۆ گەلی کوردی لێدەکەوێتەوە، کە وایە چەخماخەی ڕاپەڕین ڕابگەیێنین و ئەرکی نیشتمانی و نەتەوەیی هاوپەیمانیی هێزە سیاسییەکانی کوردستانی ئێران بەجێ بگەیێنن.
چەند خۆشتر و یەکڕەنگتر و یەکگرتووتر دەبێ ئەگەر هاوڕێیانی کۆمەڵە لەم هەل و مەرجە دا تێکەڵ بە هاوپێمانیی بایەن، بێشک هاوپەیمانیی هێزە سیاسییەکانی کوردستانی ئێران بە هێزتر و یەکگرتووتر دەبوو.
کات درەنگە و دەرفەت لە دەست نەدەین، چوونکە ئەو دەرفەتە زۆر گرینگ و مێژووییە.
نەورۆزی سەرکەوتن بەڕێوەیە و لە ئێستاوە پیرۆزمان بێ.
حەمەڕەسووڵ کەریمی
٠٣-٠٣-٢٠٢٦ی زائینی