دیکتاتۆرەکان دەڕۆن، گەل و مێژوو دەمێننەوە! ڕەحمان حەسەنزادە
دیکتاتۆرەکان دەڕۆن، گەل و مێژوو دەمێننەوە!
(نەمانی خامەنەیی، دەستپێکی ڕێگایەکی نوێیە)
لە سەرەتاوە، پێویستە هەست و دڵنواییی خۆم بۆ گیانی پاکی شەهیدانی شار و شاخ و بۆ زیندانییە سیاسییەکان دەرببڕم. ئەوانەی کە ساڵانێکی دوور و درێژ لە بەرانبەر زوڵم و ستەمی دەسەڵاتێکی ملهوڕ، دیکتاتۆر و تاکڕەو دا ڕاوەستان. ئەوەی ئەمڕۆ بە چاو دەبینرێت، کوژرانی دیکتاتۆرترین و زاڵمترین کەسی خاوەن بڕیار و سەرەڕۆیە کە چەند دەیە چارەنووسی وڵات و خەڵکی بەتەنیا بەدەستەوە گرتبوو. ئەمە تەنیا ڕووداوێکی سیاسی نییە، بەڵکوو هەناسەیەکی نوێیە بۆ ئەوانەی کە بە بێدەنگی ئازاریان چێشتووە.
هەواڵی کوژرانی ڕێبەری کۆماری ئیسلامی، تەنیا کۆتاییی ژیانی کەسێک نییە، بەڵکو خاڵێکی وەرچەرخانە لە یەکێک لە درێژترین و ناکۆکترین ماوەکانی سەرکردایەتیی سیاسی لە مێژووی نوێی ئێراندا. ئەو ماوە کە ئەم دەسەڵاتە لە چوارچێوەی تێئوری و یاسای «ولایەتی فەقیه»دا ڕێکخرابوو، بناخەکەی لە دوای شۆڕشی ١٣٥٧ لە دەستووری بنەڕەتییدا جێگیر کرا و بە ئەسپایی، لە پێداچوونەوەی ساڵی ١٣٦٨دا، بە کۆکردنەوەی هەموو دەسەڵاتەکان لە دەستی ڕێبەریدا، بوو بە ئەرکانی سەرەکیی سیستەمی سیاسی لە ئێراندا. لە وەها چوارچێوەیەکدا، ڕێبەری تەنیا پۆستێکی سیاسی نەبوو، بەڵکو دەسەڵاتی بێ سنوور بوو، کە نەک تەنیا لە دیاریکردنی ئاراستە گشتییەکانی وڵاتدا، بەڵکو لە سیاسەتی ناوخۆ و دەرەوە ڕا بگرە تا هێزە چەکدارەکان و دامەزراوە دروستکراوەکانی «بەیتی ڕێبەری» لە خۆ دەگرت. کۆکردنەوەی دەسەڵات لە دەستی شەخسێکدا و باسکردنی ڕێبەر لە جلوبەرگ و شایی شیندا، سیمای چوار دەیەی ڕابردووی ئێرانی بە شێوەیەکی بنچینەیی، دیاری کرد.
لەو ساڵانەدا، جۆرێکی تایبەت لە حوکمڕانی بڵاو بووەوە کە مەشرووعیەتی خۆی لە ئایین، شۆڕش و گوتاری «بەرەنگاریی/موقاوەمەت» وەردەگرت. لە بوارە ناوخۆییەکاندا، ئەم مۆدێلە بە داخستنی بوارە سیاسییەکان، سنووردارکردنی حیزب و میدیای سەربەخۆ، چاودێری هەڵبژاردنەکان و سەرکوتی خوپیشاندانەکان، گەیشت. کۆمەڵگای مەدەنی، لە چالاکوانانی مافەکانی مرۆڤ و ڕۆژنامەنووسانەوە بگرە تا خوێندکاران و چالاکوانانی بواری ژنان. هاوکات لەگەڵ ئەو فشارە سیاسییانەدا، ئابووریش لەژێر باری سزا نێودەوڵەتییەکان، بەڕێوەبەریی خراپ و گەندەڵیی سیستەماتیکدا، لاوازتر ببوو. ئەم لاوازبوونەش وای لێکرد کە سەرمایەی کۆمەڵایەتی کەم ببێتەوە، جیاوازیی چینایەتی توندتر ببێت و ڕێژەی کۆچی گەورەی خوێندەوار و شارەزایان، بەرز ببێتەوە. دیاردەی «کۆچی سەرمایەی مرۆیی» تەنیا ڕاستییەکی ئاماری نییە، بەڵکو برینێکی کۆمەڵایەتییە بەسەر جەستەی داهاتووی وڵاتەوە.
لە بواری سیاسەتی دەرەکیدا، کۆماری ئیسلامی بە پشتبەستن بە چەمکی «مێحوەری موقاومە»، هەوڵی دا هەندێک لە هاوپەیمانان و هێزە هاوڕێکەوتووەکان لە ناوچەکەدا درووست بکات. ئەم ستراتیژییە، هەرچەندە لە ڕوانگەی حوکمڕانیدا وەک ئامرازێک بۆ ڕاگرتن و فراوانکردنی نفووز دەبینرا، بەڵام دەرئەنجامی ژئوپۆلیتیکیی پڕ هەزینەی هەبوو: توندبوونی گرژی لەگەڵ هەندێک لە هاوسێکان، شەڕە نیابەتییەکان، و قووڵبوونەوەی جیاوازی لەگەڵ هێزە ڕۆژئاواییەکان، فشاری ئابووری و تەنیایییەکی ڕێژەیی لە سیستەمی نێودەوڵەتیدا بوو کە کاریگەرییە ڕاستەوخۆکانی لەسەر ژیانی ڕۆژانەی هاوڵاتیان، گەیاندە ئاستی تەقینەوەیەکی بەهێزیی ناوخۆیی.
لە ڕوانگەی بەراوردکاریدا، هەندێک لە توێژەرانی زانستی سیاسەت، سیستەمە سەرکوتکارەکان بە پێی پێوانەی وەک کۆکردنەوەی دەسەڵات، لاوازکردنی دامەزراوە سەربەخۆکان، ئایدولۆژیای فەرمی و لابردنی دژبەران، هەڵدەسەنگێنن. بۆ نموونە، ئەو ڕژێمەی کە لەژێر سەرکردایەتیی ئادۆلف هیتلەر، لە ئەڵمانی نازی پێکهات، نموونەیەکی کلاسیکی دەوڵەتێکی ئایدیۆلۆژیک بوو کە توانی نەفرەتێکی سازماندراو بکاتە سیاسەتی فەرمی و هەموو پێکهاتەکانی دەسەڵات لەژێر ناوەندێکی یەکگرتوودا کۆ بکاتەوە. بێگومان بارودۆخی مێژوویی، کۆمەڵایەتی و کولتووری ئێرانی هاوچەرخ لەگەڵ ئەڵمانی دەیەی ١٩٣٠ جیاوازیی بنچینەیی هەیە و هەر بەراوردێک دەبێت بە وریایی و وردی ئەنجام بدرێت. بەڵام هاوشێوەییەکەیان لە شێوازی کۆکردنەوەی دەسەڵات، سنووردارکردنی فرەدەنگی سیاسی و بەکارهێنانی ئایدولۆژی بۆ ڕەواییدان بە سەرکوت، بووە بە بابەتی گفتوگۆ و لێکۆڵینەوە. ئەم بەراوردانە نە بۆ یەکسانکردنی مێژووەکان، بەڵکو بۆ تێگەیشتن لە میکانیزمەکانی دەسەڵات و دوورکەوتنەوە لە دووبارەکردنەوەی هەڵەکانی ڕابردوو، گرنگن.
ئەزموونی سەدەی بیستەم نیشانیداوە کە ڕووخان یان لابردنی سەرکردە سەرکوتکارەکان بەتەنیا گەرەنتی گواستنەوە بۆ دیموکراسی نییە، بەڵام دەتوانێت دەرگایەک بێت بۆ پێداچوونەوەی هاوبەش. دوای شەڕی دووەمی جیهانی، بەشێکی زۆر لە ئەورووپا بە قەبووڵکردنی بەرپرسیاریەتییەکی مێژوویی، دەستیانکرد بە نوێکردنەوەی دامەزراوە سیاسی و ئابوورییەکان و دامەزراندنی سیستەمی مافی مرۆڤ. ئەم گواستنەوە بەرهەمی ئیرادەی سیاسی و فشاری کۆمەڵایەتی و پشتگیریی نێودەوڵەتی بوو، نەک تەنیا دەرئەنجامی ڕووخانی کەسێک یان ڕژێمێک.
لە بارودۆخێکدا کە کۆمەڵگا لە ژێر فشاری سیاسی، ئابووری و کولتووریدا ژیاوە، گرنگترین پرسیار نە لەسەر کۆتایی ژیانی کەسێک، بەڵکو لەسەر دەستپێکی ڕێگایەکی نوێیە. داهاتووی ئێران، ئەگەر لە دلی ئەم ئەزموونە تاڵە بڕواتە دەرەوە، پێویستی بە کۆمەڵە هەنگاوێکی هاوکات و ورد هەیە: گفتوگۆیەکی نەتەوەیی گشتگیر کە هەموو دەنگەکان ببیسترێن، دادپەروەریی، هەوڵدان بۆ چارەسەری پێشێلکرانی مافەکانی مرۆڤ، وەلانانی تۆڵە، نۆژەنکردنەوەی دامەزراوە سەربەخۆ و بەرپرسیارەکان، دڵنیابوون لە ئازادییە مەدەنی و سیاسییەکان و ژیاندنەوەی کەرامەتی مرۆڤ وەک بنەمای هەر ڕێکخستنێکی پایدار.
ئاستەنگیی سەرەکی، دابڕان لە چەرخەی نەفرەت و توندوتیژی، چەرخەیەک کە لەناویدا هەر دەسەڵاتێکی نوێ بتوانێت بە هەمان مۆدێلی پێشوو دووبارە ببێتەوە. گواستنەوەی سەرکەوتوو نە لە دووبارەکردنەوەی تۆڵەدا، بەڵکو لە گۆڕینی ئازاری مێژوویی بۆ هۆشیاریی هاوبەش و لە گۆڕینی تووڕەیی بۆ ئیرادەی درووستکردنی سیستەمێکی دادپەروەر. ئەگەر ئەم شەختەیە کۆتایی بێت دوای ماوەیەک دەتوانێت ببێتە دەستپێکی قۆناغێک کە لەوێدا ئێران نەک بە بنەمای سڕینەوە و وەلانان، بەڵکو بە بنەمای بەشداری، یاساپارێزیی و ڕێزگرتن لە مرۆڤ بناسرێت.
هاوکات پێویستە بە چاوی ڕوون و گەشبینانە سەیری داهاتوو بکەین. داهاتووی خەبات و تێکۆشانی حیزبە کوردستانییەکان، دەکرێت بە هاوپەیمانییەکی بە کردەیی و یەکگرتووانە بگۆڕدرێت نەتەنیا بۆ هێزێکی کاریگەر، بەڵکو ببێبت بە هێزی یەکلاکەرەوەی ئاستگەنگییەکان لە ڕۆژهەڵات. ئەگەر هاوپەیمانی حیزبە کوردستانییەکان لەسەر بنەمای بەرژەوەندی نەتەوەیی و بەرپرسیارییەتی مێژوویی بێت، ئەوە دەتوانێت هەلومەرجی داهاتوو بە بارتەقای خەبات و تێکۆشان، بە قوربانی و خوێنی پێشمەرگە و بە خۆڕاگریی خەڵکی ئازادیخواز، ئاڕاستە بکات. ئەم ڕێگایە ڕێگایەکی ئاسان نییە، بەڵام بە یەکگرتوویی و متمانەی نێوان هێزەکان دەکرێت بگاتە ئەنجامی باشتر.
گرینگە ئێمە خۆمان بە بەشێک لەو بەرپرسیارییە بزانین. با ئەو قۆناغە ببێتە دەرفەتێک بۆ لێکنزیکبوونەوە، بۆ یەکخستنی هێز و بۆ نوێکردنەوەی پەیمان لەگەڵ شەهیدان و زیندانییە سیاسییەکان. هیوام ئەوەیە حیزبەکان بە بیرکردنەوەی قووڵ و بە هەستی بەرپرسیاریی، ڕێگای هاوکاری و هاوپەیمانییەکی راستەقینە بگرنەبەر، تا داهاتوویەکی باشتر بۆ گەلەکەمان بنیات بنرێت.
ئەمە کۆتایی وتارەکەم نییە، بەڵکوو باسی دەستپێکی قۆناغێکی نوێیە. قۆناغێک کە دەبێت لەسەر هیوایەکی ڕاستەقینە و کارکردنی هاوبەش دابمەزرێت.