کۆچی دوایی کەسایەتی خۆشناوی ئاسیناوێ، مام برایم عوسمانی
کۆچی دوایی کەسایەتی خۆشناوی ئاسیناوێ، مام برایم عوسمانی
شەوی ٠١ـ٠٣ـ٢٠٢٦ی زائینی کەسایەتی خۆشناو و جێگەی متمانەی خەڵکی ناوچەی باسکی کۆڵەسە و شاری سەردەشت، مام برایم عوسمانی بە هۆی نەخۆشی و بە ساڵاچوویی لە ئامێزی بنەماڵەکەی دا لە گوندی ئاسیناوێ کۆچی دوایی کرد.
مام برایم کەسایەتییەکی دیاری ناوچەکە بوو، مرۆڤێکی دڵپاک، پێشمەرگە خۆشەویست و شۆڕشگێر و نەترس و بوێر بوو، لە ساڵانی ١٣٤٦ی هەتاوی دا مووچە و مەزرا و ماڵەکەی جێگەی حاوانەوە و حەسانەوەی کادرەکانی وەک شەهید مەلا ئاوارە و هاوڕێیەکانی بوو، مام برایم لە دەورانی ڕژێمی کۆماری ئیسلامی دا، وەک ئەندامێکی چالاک و هەڵسووڕی حیزبی دێموکرات خزمەتی بەرچاوی بە گەلەکەی و حیزبی دیموکرات کرد.
بە هۆی ئەوە یەکێک لە کورەکانی مام برایم بە ناوی بەکرە ئاسیناوەیی کادر و پێشمەرگەی حیزبی دێموکرات بوو، بە دەیان جار لە لایەن ڕژێمەوە گیراو و هاوکاتیش ئەشکەنجە کرا، بەڵام هیچ کات لە سەر بیرو باوەڕی خۆی و حیزبی دێموکرات لای نەدا و بەڵکوو بەردەوام هانی خەڵک و خزمانی دەدا کە یارمەتی کادر و پێشمەرگەکان بدەن و چەندین جاریش بە تەنیا بەگژ جاش و سوپا و بەسیجییەکان دا چوو بووە، مام برایم وەک کەسایەتییەکی دیاری ناوچەکە لە کاری خێرخوازی و مەسڵەت دا دەستێکی باڵای هەبوو، خۆشەویستی خەڵکی ناوچە و خزمان و گوندی ئاسیناوێ بوو، مرۆڤێکی قسە خۆش و چاونەترس و بوێر بوو.
مام برایم کەسێکی دەستگرەوە و هاریکاری دەوربەری بوو، لە هەمان کاتدا، یارمەتیدەری هەموو کادر و پێشمەرگەکان بوو، زۆرجار ڕێگای دووری دەبڕی بۆ ئەوەی هەواڵێک بگەیێنێتە لای کادر و پێشمەرگەکان بۆ ئەوە توانیبێتی خزمەتێک بە حیزب بکات.
مام برایم ژیانێکی سەربەرزانەی تێپەر کرد، ژیانێک کە بۆ لێ فێربوون دەبێ، چوونکە مرۆڤێکی دیندار و خاوەن بیرو باوەڕی کوردانە بوو. لە ڕێگەی ئەو نووسینەوە بە بۆنەی کۆچی دوایی مام برایم لە ناخی دڵەوە سەرەخۆشی لە بنەماڵەی بەرێزی لە کوڕ و کچ و برا و خوشک و گشت خزمانیان لە نێوخۆی کوردستان و دەرەوەی وڵات و هەروەها لە هاوڕێ و هاوسەنگەرم کاک ئەبووبەکر ئاسیناوێ و خەڵکی ناوچەی سەردەشت و باسکی کۆڵەسە و ئاسیناوێ دەکەم.
ڕووحی شاد
ماڵپەڕی گیاڕەنگ
حەمەڕەسووڵ کەریمی
٠١-٠٣-٢٠٢٦ی زائینی