بازدانی بە سەر تەرمی سووری پەنجاهەزار شەهید و، هەزاران بریندار و، گیرانی سەدان هەزار كەس و …. ئەحمەد مەكلاوەیی
بازدانی بە سەر تەرمی سووری پەنجاهەزار شەهید و، هەزاران بریندار و، گیرانی سەدان هەزار كەس و ، كوێر كردنی زیاتر لە دەهەزار كەس، لە نێو شەقامەكانی ئێران دا، خیانەت بە نەتەوەكانی ئێرانە
خەڵكی وەزاڵەهاتووی گەلانی ئێران دەمێك ساڵ بوو لە ژێر باری قورسی نەداری و كوشت و بڕی دەسەڵاتی رەشی كۆماری ئیسلامیدا دەیان ناڵاند.
لەماوەی چل و حەوت ساڵی دەسەڵاتی دیكتاتۆریاندا ، لە سەرتا سەری ئێران دا ، بە ملێۆن كەسیان لە كچ و كوڕ و ژن و پیاوانی ئێرانی، بێ ئەوەی تۆسقاڵێك تاوانیان كردبێت، لە كوچەو شەقامی شارو گوند و بەندیخانەكانی و رێگەی كاسبی دا كوشتووە كە گەر ئەو خوێنانە كۆكرابانەوە زەیایەكیان درووست دەكرد.
لە ئاكامی ئەو هەموو تاوانانەی كۆماری ئیسلامی دا، خەڵكی ئیران بە گشتی ئازاری كێردی دەستی پیاوكوژەكانی خامنەیی لە هەموو بوارەكانی ژیان و نەپاراستنی مافی مرۆڤایەتی گەیشتە ئیسكیان و، سەرئەنجام وەك هەزاران جاری تر ، بەڵام گشتگیرتر و بەربڵاوتر لە جاران بە دژی دەسەڵاتی رەشی ئاخوندی راپەڕین و ، عەرزی شەقامەكانی شار و شارۆچكەكانی ئیرانیان لە بن پێی پیاوكووژ و فەرماندەكان و خودی خامنەیی دیكتاتۆردا لەرزاند.
دەنگدانەوەی ئەو راپەڕینە بێ وێنەی جەماوەریەیی گەلانی ئیران ، زۆر زوو لە گشت دونیا دا دەنگی دایەوەو بە گشتی دڵی هەموو ئازادیخوازانی دونیاو ئێرانیان لە ئەندەران خۆش كرد و ئەستێرەی هیوای سەركەوتنی یەكجاری گەلانی ئێران شەوقی دایەوەو، چاوی تاریكی تاریك پەرستانی تاریكتر كردو مەرگی خۆیان هاتە بەر چاو.
خامنەیی دیكتاتۆر و قاتڵ، كە ئاوای دیت، دەستەو دامێنی گرووپە نیابەتیەكانی لە دەرەوەی ئیران بوو و ، هێزێكی زۆریان واریدی شارە گەورەكانی ئیران كردو ،لە رێگای دەستگایی قەزاییە بەدناوی خۆیەوە ، دەستووری كوشتنی گشت خەڵكیان داو ، لە رۆژ و شەوەكانی 17و18و19و20ی مانگی بەفرانبار دا ، لە گشت وڵاتی ئیران دا ، دەستیان بە كوشتنی خەڵك كردو ، شەلم كوێرم ناپارێزم ، كۆڵان و شەقامەكان و نێو نەخۆشخانەو بەندخانەكانیان بە خوێنی خەڵكی ئێران سووركرد
پیاوكوژەكانی كۆماری ئیسلامی بە فەرمان و دەستووری خامنەیی ، كارێكیان بە خەڵكی ئێران كرد ، كە نازیەكانی ئاڵمان بە خەڵكیان نەكرد بوو، بۆنی خوێن و برژانی گۆشتی پیرو جوانەكانی ئێران، گشت شەقامەكانی داگرت بوو ، كە باڵندەكانیش گریانیان بۆ دەهاتن و ، لە ترس و تاوان لە لانەو حەشارگەكانیان نەدەهاتنە دەر ئەو تاوانە، وەك پەڵە هەورێكی رەش، بە نێو چاوانی خامنەیی و گشت فەرماندە جینایەتكارەكانی كۆماری ئیسلامیەوە دیارە و ، بۆ هەمیشە مێژووی دەسەڵاتی ئیسلامی لە ئیراندا نەویستراوە
لەو كاتەدا كە گەلانی ئێران ئاوا لە رێژیم راسان، ترامپ سەرۆكی ئەمریكا ، لە پەیامێكدا بە خەڵكی راپەڕیوی ئێران گوت: بڕۆن كاری رووخانی كۆماری ئیسلامی تەواو بكەن و ، ئەمریكا لە پشتانە، بەڵام كە ئێنترنێتیان لە سەر خەڵك قەتح كرد و ، دەستیان لە جینایەت دا، هەموو دونیا لە دژی كۆماری ئیسلامی هەڵوێستی مرۆڤانەیان گرت و، یەكیەتی ئوروپاش سپای پاسدارانی كە دەستی سەرەكیان لە كوشتنی خەڵك دا بوو ، بە تیرۆریست ناساند، بەڵام لەو كات و ساتانەدا، كە ئەمریكا هێزی هێنایە رۆژهەڵاتی نێوەراست بۆ روو بەروو بوونەوەی رێژیمی دیكتاتۆری خامنەیی و، خەڵكانی ئێران چاوەڕوانی گورزی سەربازی بوون لە رێژیمی ئێرانی بدات و كۆتایی بە رێژیمی قاتڵی ئازیزانیان بێ ، ، بە داخەوە ترامپ بە مەبەستی خۆی ، كە خوا و خۆی دەزانی چیە، پەیامی وتووێژی بە ئێران دا و ، قەرارە رۆژی هەینی ، پێكەوە لە وڵاتی توركییە، بە ناوەندگیری چەند وڵات ، پێكەوە دابنیشن
هەر دانیشتنێك و رێككەوتنێك ،كە بە ئاكامی خۆیان بگات و، باسی خەڵكی ئیران و مەسەلەی كوشت و بڕ و قەتڵ و عامی خەڵكی گەلانی ئێرانی تێدانەبێ، لای گەشت گەلانی ئیران مەڕدوودە و، دەبێتە خیانەت بە خەڵكی ئێران و ، بە زاندنی سنووری ئەخلاقی و مرۆڤایەتیە و ،لە مێژوو دا دەبێتە خاڵێكی رەش
ئەحمەد مەكلاوەیی
16/11/1404