لە پێناوی دڵسۆزی بۆ زمانی کوردی. قادر وریا

لە پێناوی دڵسۆزی بۆ زمانی کوردی
با نەهێڵێن چرای “ڕەنگاڵە” بکوژێتەوە!
قادر وریا ٣١/١/٢٠٢٦
ئەو کەسانەی لەم چەند مانگەی دواییدا، ئاشنای ئەپلیکەیشنی “ڕەنگاڵە” بوون و کاریان پێکردووە، دەزانن مامۆستا “سەنگەر شنۆیی” لە ڕێگای ئەم ئەپلیکەیشنەوە و پشت ئەستوور بە زیرەکیی دەسکرد، بۆ دەیان جۆر خزمەت لە بواری زمان و نووسین وزانیاریدا هاسانکاریی خستووەتە بەردەست بەکارهێنەری کورد.
من کە لەو ماوەیەدا پێی ڕاهاتووم و بەردەوام سوودم لێوەرگرتووە، سێ تایبەتمەندییم تێدا بەدی کردووە کە هەر سێکیان زۆر گرنگ و جێگەی هیوان:
یەکەم تایبەتمەندی ئەوەیە کە هەست دەکەی لەگەڵ سەرچاوەیەکی هەڵقوڵاو لە کوردستان و نەتەوەی کورد و زمانی کوردی بەرەوڕووی. “ڕەنگاڵە” لە پێوەندی لەگەڵ زمان، ئەدەب، مێژوو و کەلتووری کوردیدا بێ لایەن نییە، لایەنگیرە و هەست بە بەرپرسایەتی دەکات؛ لە پێگەی سەرچاوەیەکی کوردییەوە، بە دەنگ داواکارییەکانی بەردەنگەوە دێت.لە ڕاییکردنی خزمەتەکانیدا، تێڕوانین و هەڵوێستێکی نەتەوەیی و کوردانەی هەیە.
دووهەم، خزمەتەکانی “ڕەنگاڵە” فرەرەهەند و جۆراوجۆرن. “ڕەنگاڵە” نەک خزمەتێک و دووان، دەیان جۆر خزمەتی بواری زمان بە نموونە: وەرگێڕان لە زمانێکەوە بۆ زمانێکی دیکە، بەردەستخستنی هەر جۆرە زانیارییەک بە زمانی جیاواز، کورتکردنەوەی بابەت، ڕاستکردنەوەی نووسین لە باری ڕێنووس و ڕیزمان و هەڵەی دیکەوە، ئەنجامدانی کاری نووسین و داڕشتن بە شێوەیەکی سەرکەوتووانە، لێکدانەوە و شیکردنەوە، گۆڕینی فایلی pdf ، فایلی دەنگی و فایلی وێنە بۆ فایلی وۆرد، گۆڕینی فۆنت، نوێکردنەوە و دەسکاریی وێنە و، چەندین کاری دیکە دەکات.
سێهەم، پشتئەستوور بە سەرچاوە و زانیاریی زۆری بەردەستی، بە لێکدانەوە و خوێندنەوە و تێبینیی وردەوە، وەڵامی ورد بە پرسیاری بەردەنگ دەداتەوە. با نموونەیەکتان بۆ بێنمەوە.
بیست ساڵێک لەمەوبەر من کتێبێکم لەبارەی هونەری مودێڕن لە زمانی فارسییەوە کردبوو بە کوردی. ئەم ڕۆژانە پێداچوونەوەم بەم وەرگێڕانەی خۆمدا کرد. لە کاتی پێداچوونەوەدا، وەرگێڕانی هێندێک ڕستەی خۆم لە ڕووی واتا و هەروەها لە ڕووی داڕشتنەوە بەدڵ نەبوو. چونکە کتێبەکە لە بنەڕەتدا بە زمانی سپانیایی نووسراوە، کاتێک کە کردوویانە بە فارسی، ناوەکان، چەمکەکان و دەستەواژەکان، فۆڕمێکی فارسییان پێدراوە. من کە لە فارسییەوە کردبوومن بە کوردی، سروشتییە هەوڵمداوە نزیکترین هاوتا بەو وشە و ناو و چەمکە فارسییانە لە زمانەکەی خۆمدا بەکار بێنم، بەڵام هەر ئەمە وای کردبووهەست بکەم لە چەمک و ناو و مەبەستی نووسەرە بیانییەکە دوور کەوتوومەوە. کاتێک نموونەی ڕستەکانی خۆم دەدا بە “ڕەنگاڵە” هەتا عەیبەکانیانم پێ بڵێت، شیکردنەوەیەکی رەخنەگرانەی زانستی و هاوکات زمانەوانیی بۆ وەرگێڕانەکەی من دەکرد. لەپێشدا ئەو ڕێباز و قوتابخانە هونەرییەی پێوەندیی بە ڕستەکەی منەوە هەبوو و، بۆچوونی پێشەوایانی ئەو ڕێبازەی بە کورتی پێ دەناساندم. پاشان ناوی تابڵۆکان و چەمکەکانی بە چەند زمان وەک ئینگلیزی، رووسی، ئەڵمانی، فەرانسی و…هتد و واتاکەیانی ۆ ڕوون دەکردمەوە. دوایە بە پشتبەستن بەو زانیارییانە، کەم و کورتیی وەرگێڕانەکەی خۆمی دەستنیشان دەکرد. تەنانەت پێشنیازی ئەوەی پیدەکردم کە لە زمانی کوردیدا چ وشە و ناوێکی دیکە گونجاوترە. لەگەڵ ئەوانەشدا بە سێ شێوازی ئەکادیمی، ئەدەبی و ئاسایی نموونەی ڕستەکەی دەخستە بەرد ەستم. بڕوام پێ بکەن زۆر جار لە وردی و باشی و دروستی و دەوڵەمەندیی وەڵامەکانی سەرم سوڕماوە.
ئێستا ئەپلیکەشنێک بەو هەمووە خزمەتەی بۆ زمانی کوردی و بەکارهێنەری کورد دەتوانێت ئەنجامی بدات، لەبەر کێشەی دارایی دامەزرێنەرەکەی، بە داخەوە مەترسیی داخرانی هەیە. دوو سێ ڕۆژیش بوو هەر لەبەر ئەم کێشەیە داخرابوو. لەگەڵ ئەوەی بەداخم کە لە هەرێمی کوردستان بەو هەمووە وەزارەت و دەزگا و دامەزراوە کوردییەی هەیە، خزمەتگوزارییەکی لەم چەشنە بێ پشتیوان ماوەتەوە، داوا لە دڵسۆزانی زمانی کوردی، لە خوازیارانی بەهێزبوونی پێگەی زمانی کوردی لە دنیای زیرەکیی دەسکرد دەکەم، قۆلی هیممەتی لێ هەڵماڵن، لەو ڕێگایانەی مامۆستا سەنگەر شنۆیی لەم بانگەوازەدا(کە لینکەکەیم لە کۆمێنتی یەکەم داناوە) پێی ڕاگەیاندووین، بە دەنگییەوە بچین و بە هاوکاری و پشتیوانیی دارایی خۆمان، نەهێلێن چرای “ڕەنگاڵە” بکوژێتەوە، تەنانەت هاوکار و پشتیوان بین بۆ ئەوەی “ڕەنگاڵە”خزمەتەکانی خۆی پەرە پێ بدات.
سەنگەر شنۆیی
لینکی ماڵپەڕی ڕەنگاڵە:
https://sangar-ai.com/