دوو دانه‌ دوو ده‌کاته‌. یه‌ک شێعر نادر قازی

دوو دانه‌ دوو ده‌کاته‌ یه‌ک
شێعر نادر قازی

له‌ مه‌کته‌ب بووم

ده‌یان پرسی دوو دونه‌ دوو ده‌کاته‌ چه‌ند؟

هه‌موو پێکڕا ده‌یان نووسی ده‌کاته‌ چوار.

هه‌ر چه‌ند ئه‌من له‌ حیسابا

نمره‌ی که‌مم ده‌هێناو ده‌هاتمه‌ خوار

به‌ڵام لای من وا بوو دوو دانه‌ دوو ؛

نابێ به‌ چوار؛ ده‌بێ به‌ یه‌ک ‘

ددان و دوو لێو و زمان ؛ نابێ به‌ چوار

ده‌بن به‌ زار

به‌ پێکڕای ده‌که‌ن هاوار..

دوو لاق و دووده‌ستی مرۆڤ؛ نابێ به‌ چوار

له‌ له‌شێکدا وا دێنه‌ کار..

گه‌ڕه‌ک ؛ کۆڵان ؛ خانو و شه‌قام؛ نابن به‌ چوار

ده‌بن به‌ شار؛

تێدا ده‌ژین ده‌وڵه‌مه‌ند و خه‌ڵکی هه‌ژار..

لای من وا بوو کۆرکه‌ و ڕێشه لق و گه‌ڵا

نابن به‌ چوار ده‌بن به‌ دار؛

هێندێ کورت و هێندێک درێژ وه‌کوو چنار..

ئه‌وین و دڵ؛ جوانی و پاکی؛ نابێ به‌ چوار

ده‌بن به‌ یار؛ به‌لای دڵدار..

ئه‌م هه‌موو دوو به‌ دووانه‌

ده‌بن به‌ یه‌ک ؛ نابن به‌ چوار

یه‌کجار زۆرن؛

به‌ڵام له‌ کوێ وا دێنه‌ ژمار؟

ته‌نها ئه‌وه‌نده‌ ده‌زانم

ئه‌گه‌ر له‌شم سه‌د پارچه‌ که‌ن؛

بمده‌نه‌ به‌ر گولله‌و ره‌گبار؛

بچمه‌ سه‌ر دار

قسه‌ی دڵمه‌ دێته‌ سه‌ر زار:

کوردستانم وڵاتێکه‌و

نابێ به‌ چوار‌